سیاسەتى خەڵەتاندن!
Tuesday, 25/05/2010, 12:00
بەڵێن عوسمان
"بەجنۆكەكردنى پەرییەكان و بەپەرییكردنى جنۆكەكان"
لەواقیعى ئەمڕۆى كوردستاندا (سیاسەت) ناكەوێتە بەر ئەو پێوەر و بنەما و پێناسە زانستیانەى كە لە ناوەند و مەڵبەندە سیاسییەكانى هەموو دوونیادا باون و كاریان پێدەكرێت، بەڵكوو بەدوورە لە میسداقییەت وئەخلاقى بوون و ئیتیكى كاركردن، سیاسەت لە مەملەكەتى ئێمەدا ترس و شەڕ و تۆقاندن و چەكە، سیاسەت لەم هەرێمە بچووكەى ئێمە ناو زڕاندنن و یەكتر تۆمەتباركردن و شەڕى سارد دەگرێتەوە، سیاسەت لەم كوردستانەدا خاوەنى سیمایەكى شێوێنراوە بەجۆرێك خەڵك لێى ڕادەكات و لێى هەڵدێت، نموونەشمان كەمى بەشدارى سیاسى هاوڵاتیانە لە پرسە سیاسییەكاندا، بۆیە بەئەركى سیاسییە پاكەكانى دەزانم كە دووبارە ڕوئیایەكى نوێ دەربارەى سیاسەت بنیات بنێنەوە.
ئەم دۆخە پەیدابووە كە سیاسەت تیایدا تێكدراوە مەترسیدارترین و ترسناكترین دۆخى سیاسییە چوونكە هەر پڕۆسەیەك چوارچێوەیەكى ئەخلاقى نەبوو هەروەها خاڵى بوویەوە لە (شتە جوانەكان) ئەوا دەبێت بە (پڕۆسەى بەدێوكردنى ئینسانەكان) بە قەولى عاریفان (هەموو شتێك بەبێ (ئەخلاق) كەم و كورتییەكى تیادایە). دواجاریش سیاسەت دەبێت بە كایەیەكى قێزەون و دۆزەخاوى!
لەمڕۆى كوردستاندا ڕاستییەكى گرنگ و هەستیار لە هەمان كاتیشدا (لەبیركراو) هەیە ئەویش ئەوەیە كە (سیاسەت ئەو تەختى شانۆییەیە كە پەرییە سپیپۆشەكان وەكو جنۆكە نیشاندراون و جنۆكە شاخدارەكانیش وەكو پەرى وێنا كراون! خەڵكیش سەیركەر و تەماشاچى ئەم دیمەنانەن) ئەم ڕۆڵبینینانەش تەنیا ناڕاستگۆیى كاراكتەرە سیاسییەكان دەرناخات بەڵكوو مەغرورى و چەوساوەیى و بێ مافى پاك و بێ خەوشەكانیشمان نیشان دەدات، لەم نێوەندەشداوە ئەوەى زیانمەندە بەپلەى یەكەم تاكى كوردستانییە كە تووشى جۆرێك لەسەر لێتێكچوون و خەڵەتاوى و باوەڕ نەبوون بە حەقیقەت و قەناعەتهێنان بە درۆ بووە! سپى وەك ڕەش دەبینێ و ڕەشیش وەك سپى!
سیاسەت، هوونەرى مامەڵكردن و بەڕێوەبردنى كۆمەڵگایە ئەویش بە (باشترین جۆر و فۆڕم) وەلێ ئەوەى هەنووكە لە بارودۆخى سیاسى كوردستان دەخوێنرێتەوە بریتییە لە گرتنەبەرى ڕێگاى خەڵەتاندن و فریودانى خەڵك لەلایەن زلحیزبەكانەوە هەروەها چەواشەكردنى ڕووداوەكان و (پێچكردنەوەى سووكانەكە) بەلاى خۆیاندا ئەمەش بەهۆى سەرقاڵكردنى گەل بەشتە لاوەكییەكان و بێ ئاگاكردنیان لە ڕووداوە گرنگ و سەرەكییەكان، لێرە، لەم كوردستانە گەندەڵكاران و دزانى سامانى نیشتیمانى و نەتەوەیى وەك پیاو چاك و شەریف و بێ گوناهــ خۆیان دەدرەخەن! بەڵام لەملاوە میدیاى حیزبى ئێمەى ڕۆژنامەنووسانى سەربەخۆ و میدیاى ئەهلى بە (خائین) لە قەڵەم دەدەن، ئایا ئێمە مەترسین بۆ سەر ئاسایشى نەتەوەیى یان ئێوە؟! ئێمە دەست و ئەجێنداى دەرەكیمان لەپشتە یان ئێوە؟! بفەرموون كەمێك كاتى خۆتان ببەخشن و هەندێك ئەزیەت بكێشن و ئەم بەراوردە (بە ویژدانەوە) بكەن، هەرچەندە لاى هەموو كەسێكیش ئاشكرا و ڕوونە.
ئەوەى ئەوان (مەبەستم دەسەڵاتە) دەیكەن هیچ نییە جگە لە فریودانى ڕاى گشتى لە پێناو مسۆگەركردنى بەرژەوەندییە تایبەتییەكانى خۆیان، بە دڵنیاییەوە ئەم بابەتەش بە بێ پلان و بەرنامە نییە ئەوەتا ئەوان پێڕەوكەرى یەكێكن لە تێز و تیۆریا سیاسییەكان كە بریتییە لە (دیماگۆجى (DEMAGOGE ئەمە ئەو ڕێبازەیە كە حیزب و پارتە سیاسییەكان پێڕەوى دەكەن بەمەبەستى وەدیهێنانى خواستە ئایدۆلۆژى و سیاسییە تایبەتییەكانى خۆیان، ئەو پارتانە بە ڕووكەش هەڵگرى درووشمى دیموكراسى و ئازادین، ئەمان لە ڕێگەى فۆڕمولەكردنى ئەم جۆرە لە سیاسەت خەڵكى فریو دەدەن بە تایبەتى بە بەكارهێنانى ئامڕاز و كەناڵەكانى ڕاگەیاندن بە هەموو جۆرەكانییەوە (بینراو، بیستراو، نووسراو و ئەلیكترۆنى).
ئەوەى لەم نێوەندەدا سەرنجم ڕادەكێشێ ئەوەیە كە خەڵك خۆشباوەڕن بەرامبەر بە قسە و گووتەى ئەم سیاسەتڤانانە و بە ئاسانى فریو دەدرێن بە جۆرێك كە خەڵكى تووشى بێ هەڵوێستى كردووە، هیوادارم خەڵكى بە ووردى كار لەسەر ئەم خاڵە بكەن.
لە دواجاریشدا دەمەوێـت بڵێم ئەمەى ئەوان دەیكەن تەنیا سیاسەتى ڕۆژە و بەرامبەر بە بینینى ئایندەدا نابینایە و بەمشێوەیەش كوورت دەخایەنێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست