گەنجانى بازیان: بەرپرسیارێتى سیاسى سەرۆكى هەرێمى كوردستان لەژێر نیشانەى پرسیاردایە
Thursday, 30/12/2010, 12:00
گەنجانى بازیان ڕایدەگەیەنن بە پەسەندكردنى پڕۆژە یاساى ڕێكخستنى خۆپیشاندانەكان، سەرۆكى هەرێمى كوردستان (مەسعود بارزانى) بەرپرسیارێتى سیاسى خۆى دەخاتە ژێر نیشانەى پرسیارەوە.
لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكى بۆ كوردستانپۆست نێردراوە، گەنجانى بازیان ناڕەزایەتى دەردەبڕن بەرانبەر ئیمزاكردنى یاساى خۆپیشاندان لەلایەن سەرۆكى هەرێم-ەوە هاوكات بە هەڵەیەكى سیاسیشى دادەنێن.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە: "پەسەندكردنى (پڕۆژە یاساى ڕێكخستنى خۆپیشاندانەكان لە هەرێمى كوردستان) لەلایەن سەرۆكى هەرێمى كوردستان (مەسعود بارزانى)ــیەوە، یەكێك بوو لەو هەڵە سیاسیانەى كە پێمانوابوو سەرۆك خۆى لەقەرە نادات، بەڵام دواجار سەرۆك یاساكەى ئیمزاكرد".
لە كۆتاییى بەیاننامەكەشدا داوادەكەن سەرۆك ئیمزاكەى بكشێنێتەوە و دەڵێن: " داواكارین سەرۆك ئیمزاكەى بكشێنێتەوە و پڕۆژە یاساكە بنێرێتەوە بۆ پەڕلەمانى كوردستان بۆ دووبارە هەمواركردنەوەى".
ئەمەش دەقى بەیاننامەكەیە:
پەسەندكردنى (پڕۆژە یاساى ڕێكخستنى خۆپیشاندانەكان لە هەرێمى كوردستان) لەلایەن سەرۆكى هەرێمى كوردستان (مەسعود بارزانى)ــیەوە، یەكێك بوو لەو هەڵە سیاسیانەى كە پێمانوابوو سەرۆك خۆى لەقەرە نادات، بەڵام دواجار سەرۆك یاساكەى ئیمزاكرد.
دیدگاى ئێمە وەك (گەنجانى بازیان) بەرانبەر ئیمزاكەى سەرۆك بەمشێوەیە دەخەینەڕوو:
1. سەرۆك پێچەوانەى بنەماكانى پڕۆسەى دیموكراسى و ئازادیەگشتییەكان و مافەكانى مرۆڤ ڕەفتارى كرد، چونكە ئەم یاسایە لە بوارى جێبەجێكردنیدا دژى دیموكراسییەت و ئازادى و مافە مەدەنى و یاسایى و سیاسى و كۆمەڵایەتییەكانى مرۆڤە و ناكۆكیشە لەگەڵ مافى هاوڵاتیبوون و هاونیشتیمانیبوون، بەمەش سەرۆك بەرپرسیارێتى سیاسى خۆى دەخاتە ژێر نیشانەى پرسیارەوە، ئایا بۆچوونى بارزانى تەبایە لەگەڵ بنەماكانى دیموكراسى و ئازادییە گشتییەكان و مافەكانى مرۆڤ؟ ئەگەر: بەڵى. ئەدى بۆ ئیمزاى لەسەر یاسایەك كرد كە مافێكى سەرەتایى هاوڵاتى كە مافى خۆپیشاندانە قەدەغە دەكات؟!.
2. سەرۆك گوێى لە ناڕەزایەتییەكانى هاوڵاتیان و خەڵكى سڤیل و ڕاى شەقام لەلایەك، و ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگاى مەدەنى و گرووپەكانى فشار و میدیاى ئەهلى و ئۆپۆزسیۆن و ڕۆشنبیران و ئازادیخوازان لەلایەكى تر نەگرت، ئەمەش ئەوەى دەرخەرى ئەوەیە كە ویست و داخوازى و ئیرادەى كۆمەڵانى خەڵكى هەرێمى كوردستان لاى سەرۆكى هەرێم جێگەى گرنگیپێدان نییە، ئەمەش دەسەڵات و حكومڕانى زیاتر بەرەو تاكڕەوى و دیكتاتۆرى و غرورى سیاسى دەبات، لێرەشدا دەبێت سەرۆك وەڵامى ئەم پرسیارانە بداتەوە كە: ئایا بەڕاست سەرۆك لەبۆ بەرژەوەندییەكانى ئەو خەڵكە كاردەكات؟! ئایا سەرۆك ڕێز و ئەهمیەت بۆ ئیرادەى گەل دادەنێـت؟! ئایا سەرۆك كە هەڵبژێردراوى زیاتر لە حەفتا لەسەدى خەڵكە، لە ئاست ئەو چاوەڕوانییەى ئەواندایە؟!. هەروەها سەرۆك بەرانبەر هەوڵە مەدەنییەكانیش وەستایە و ڕێزى نەگرت لە كەمپین و گردبوونەوە و هەڵمەتەكانى ئیمزا كۆكردنەوە و تەحەدداى هەموو هەوڵە مەدەنى و شارستانییەكانى كرد، بەمەش نیشانیدا كە كە نەك هەر لەخەمى ئەوەدا نییە كۆمەڵگە كۆمەڵگایەكى مەدەنى بێت بەڵكو دژی هەموو دەركەوتەكانى مەدەنییەتیش دەوەستێتەوە، دیسان سەرۆك لە درووشم و خیتابى سیاسى خۆى كە دیموكراسییەتە لایدا چونكە دیموكراسییەت بەبێ هەوڵى مەدەنى و شارستانى تەنها مانایەكى كارتۆنییە و هیچى تر!.
بۆیە ئێمە داواكارین سەرۆك ئیمزاكەى بكشێنێتەوە و پڕۆژە یاساكە بنێرێتەوە بۆ پەڕلەمانى كوردستان بۆ دووبارە هەمواركردنەوەى.
گەنجانى بازیان
30/12/2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست