کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


به‌ پێی پیته‌کان نوسه‌رو ڕۆژنامه‌نووسه‌کانی کوردستانپۆست تیرۆر ده‌که‌ن

Saturday, 08/05/2010, 12:00


له‌ هه‌نسک و پێکه‌نینی به‌هارێکدا ڕاچڵه‌کام،که‌ ڕه‌نگی سه‌وزیان لێسه‌ندبوو،به‌رگێکی پایزییان پێ به‌خشی بوو،په‌ڕه‌ی گوڵه‌کانیان به‌ده‌ستی دڕنده‌ قێزه‌ونده‌کان هه‌ڵوه‌ریبوو،کانیاوه‌کانیان ووشک کردبوو هه‌تا دارو ده‌رخته‌کانیان ماندوو هیلاک و تینوو بکه‌ن و پاشان هه‌ربه‌زه‌بری گوله‌ گه‌ڵاکانیان هه‌نچن به‌هه‌نچن کردبوو پاشان زینده‌به‌چاڵیان کردبوو.
جوانترین سیفه‌تی ئه‌و به‌هاره‌ که‌ منی تووشی سه‌رسوڕمان کردبوو له‌گه‌ڵ هه‌نسکدا پێکه‌نینی تێکه‌ڵ به‌یه‌کتر کردبوون،حه‌په‌سا ئاسا لێم ده‌ڕوانی تا بزانم جوانی هه‌نسک و پێکه‌نین له‌ چیدایه؟له‌ دواجاردا که‌ تێگه‌یشتم ئه‌م به‌هاره‌ پێده‌که‌نێت به‌و عه‌قڵه‌ بچوکه‌ی بکوژانی، باش ده‌یزانی ئه‌گه‌رچی به‌هاری ئه‌ویان ئاوا کرد به‌ڵام هه‌زاران به‌هار به‌دوایدا دێت، که‌ عه‌قڵی ئه‌وان تێک ده‌شکێنن و ده‌رگاو قفڵ و زنجیره‌ ژه‌نگ گرتووه‌کان و داخراوه‌کانی ئه‌و دوو ده‌زگا به‌د ناوه‌ی ووڵاتی قه‌زاو قه‌ده‌ر تێک ده‌شکێنن.
ئه‌و به‌هاره‌ ده‌م به‌خه‌نده‌ بوو چونکه‌ زۆر بێ باک بوو.ئه‌و له‌ زه‌نگی یه‌که‌می کوشتنیدا په‌یامی خۆی بۆ‌ سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌ نارد هه‌تا به‌ عه‌بدولستاره‌کانیش بڵێ خۆیان ئاماده‌ بکه‌ن ئه‌وا قه‌ڵه‌مێکی بوێری تریش به‌ڕێوه‌یه‌ بۆ لاتان دێت.ئه‌و هه‌ر له‌دوای په‌یامه‌که‌ی هێنده‌ی پێنه‌چوو گه‌یشته‌ لای هاوڕێکانی،سه‌ری سوڕما کاتێک که‌ قافڵه‌ی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ی بینی هه‌موویان به‌ ده‌فته‌رێک و قه‌ڵه‌مێکه‌وه‌ پێشوازییان لێکرد،ته‌نیا سۆران نه‌بێت لیستێکی گه‌وره‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو له‌گه‌ڵ جافێکی سوردا،چۆیه‌ پێشه‌وه‌ له‌به‌هاره‌که‌و لێی پرسی تۆ سه‌رده‌شتیت؟ ووتی بڵێ من ئه‌وم،به‌هێمنی سه‌حێکیدا له‌ لیسته‌که،ئاخۆ ده‌بێت نهێنی ئه‌و لیسته‌ له‌چیدا بێت؟کێ ناڵێت ئا ئه‌و لیسته‌ له‌ دوو ده‌زگا زه‌به‌لاحه‌که‌ی ووڵاتی قه‌زاو قه‌ده‌ردا دزه‌ی نه‌کردبێته‌ لای سۆران و ناوی نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسه‌کانی کوردستانپۆستی له‌ خۆ نه‌کردبێت؟واپێده‌چێت ئا ئه‌و لیسته‌ به‌پیتی سین ده‌ستی پێکردبێت، له‌ دوای سۆران وویستیان سه‌باحیش وون بکه‌ن به‌ڵام نه‌یانتوانی له‌ دوای ئه‌وه‌ ئه‌وا سه‌رده‌شتیشیان کوژانده‌وه‌ له‌ لیسته‌که.ده‌بێت له‌ دوای سینه‌کان که‌ی سه‌ره‌ی شینه‌کان و میمه‌کان و نونه‌کان و پیته‌کانی تریش بێن؟ده‌با پێش ئه‌وه‌ی سه‌ح له‌لیسته‌که‌ی ده‌ستی سۆران هه‌مووی بدرێت،با به‌ڵێن دووپات ‌بکه‌ینه‌وه‌ که‌ قه‌ڵه‌مه‌کانمان نه‌فرۆشین و ڕێگیری بکه‌ین له‌ کوشتنی به‌هاره‌کان و تیرۆرکردنی پیته‌کان. ‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە