کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ده‌بێت هه‌ر هه‌موومان شانازی به‌ مێژووی هه‌ولێره‌وه‌ بکه‌ین،وه‌ڵامێکی کورت بۆ زۆر به‌ڕێز کاک بورهان هه‌ژار

Sunday, 14/06/2009, 12:00


به‌ڕێز کاک بورهان کاتێک که‌ بابه‌تێکتم خوێنده‌وه،که‌ ده‌ڵێیت ئه‌ز سولێمانیچیم وئه‌ولا تریش.له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ردێڕێکیدا له‌ ناخه‌وه‌ ئازارت دام،هه‌ستم کرد غه‌درێکی زۆر گه‌وره‌ت له‌ مێژووی گه‌وره‌و پڕشنگداری شاری قه‌ڵاومناره‌ کرد.ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ به‌ به‌ڕێزت بڵێم که‌ من خه‌ڵکی شاری هه‌ولێر نیم،ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ چه‌نده‌ها پشتیش هه‌ر سلێمانیم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیچ که‌سێک ناتوانێت بڵێت ئه‌سڵ سلێمانیم،چونکه‌ ئه‌وکه‌سانه‌ی که‌سلێمانیشییان درووست کردووه‌ له‌ناوچه‌کانی تری کوردستانه‌وه‌ هاتوون سلێمانییان درووست کردووه.‌ هه‌رچه‌ند من نامه‌وێت لێره‌دا بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ مێژوو.هۆکاری ئه‌م وه‌ڵامه‌ کورته‌شم بۆ تۆی به‌ڕێز ئه‌وه‌بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ من خۆشه‌ویستیم بۆ کوردستان وایلێکردووم لادێیه‌کی دووره‌ ده‌ستی پارچه‌کانی تری کوردستانیش به‌ ماڵی خۆمی بزانم.ئه‌و نوسینه‌ی به‌ڕێزیشت ووروژاندمی نه‌متوانی وه‌ڵامم نه‌بێت.من پێموایه‌ ئه‌وه‌ خواستی ڕژێمی به‌عس و به‌رنامه‌ی ئه‌وان بووه‌ له‌ کۆندا که‌ ڕق و کینه‌ نه‌ک له‌ نێوان شاره‌کاندا به‌ڵکو له‌ نێوان گه‌ڕه‌که‌کانیشدا درووست بکه‌ن،شه‌ڕه‌ به‌ردی نێوان گه‌ڕه‌که‌کان به‌ڵگه‌ن بۆ قسه‌کانم.هه‌روه‌ها هاوڕام له‌گه‌ڵ به‌ڕێزت که‌ شاری سلێمانی پێشه‌نگ بووه‌ له‌چاو شاره‌کانی تر،به‌ڵام ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت ئێمه‌ به‌بۆنه‌ی هه‌ندێک که‌سه‌وه‌ به‌ سوکی له‌شاره‌کانی تری کوردستان بڕوانین،پێموایه‌ شاری سلێمانیش له‌وجۆره‌ که‌سانه‌ بێبه‌ری نییه‌ که‌ به‌ڕیزت ئاماژه‌ت پێداون چه‌م بێ چه‌قه‌ڵ نابێت.هه‌روه‌ها شاری هه‌ولێر یه‌کێک بووه‌ له‌و شارانه‌ی که‌چه‌نده‌ها قوربانییان داوه‌ له‌پێناوی ئازادکردنی کوردستاندا،که‌ جێگه‌ی خۆیه‌تی سه‌ری ڕێزونه‌وازش بۆ ئه‌وشاره‌ دابنه‌وێنین که‌ ئه‌وکه‌ڵه‌ شۆڕشگێڕو هونه‌ر دۆست و هونه‌رمه‌ندانه‌ی تێدا چاوییان هه‌ڵهێناوه‌و په‌روه‌رده‌ی ئه‌و شاره‌ بوون، نه‌ک مێژووی پڕشکۆداری ئه‌و شاره‌ له‌بیر بکه‌ین. زۆر به‌داخم به‌بۆنه‌ی چه‌ند که‌سێکه‌وه‌ بڵێین کاڵفام و کوێره‌ خوێنه‌واری هه‌ولێری ئه‌مه‌ ئه‌وپه‌ڕی سوکایه‌تی پێکردنه‌ به‌خه‌ڵکی ئه‌وشاره.‌ هه‌روه‌ها هه‌موومان ئه‌وه‌ ده‌زانین که‌ شاری سلێمانی له‌ڕووی خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ به‌ره‌و دواوه‌ ڕۆشتووه،هه‌روه‌ها بینیمان له‌ڕیزی شاره‌ برسییه‌کاندایه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ناگه‌نێت ئێمه‌ داخی خۆمان به‌شارێکی تر بڕێژین و له‌سه‌ر حسابی ئه‌وان باسی خه‌مه‌کانی خۆمان بکه‌ین.تۆ ده‌توانیت ڕه‌خنه‌ی خۆت بگریت له‌وکه‌سانه‌ بێ ئه‌وه‌ی ناوی ئه‌وشاره‌ دێرینه‌ بهێنیت.له‌دواجاردا ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ به‌خوێنه‌ران بڵێم پشتگیری کردنی که‌سێکی سلێمانی له‌م ڕوونکردنه‌وه‌یدا ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت که‌ ئێمه‌ خه‌ڵکێکی ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ست نین وه‌ک و ئه‌وه‌ی پێمان ده‌ڵێن.دووباره‌ ڕێزم قبوڵ بفه‌رموو هیوادارم ڕه‌خنه‌کانم دڵگرانی نه‌کردبیت‌‌ ‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە