یاسا وەكو نوێترین فیشەك
Friday, 22/04/2011, 12:00
لەو كاتەوەی قەڵمەكانی ئێمە تیژ بوە و بە دەنوك بەربوەتە فیشەكەكانی ئەوان، وردە وردە باروتی فیشەكەكانیان ئەرژێت و ناتوانن بە فیشەك لەگەڵ قەڵەمەكانمان بجەنگن. بە قەڵمەكانمان باروتی فیشەكی گەندەڵیمان رشت و فیشەكی سیاسەتی ئەوانمان بۆ هەموان پوچ كردوە كە توندیان كردبو لە مێشكی خەڵكی ئەم وڵاتە. هەمو ئەو فیشەكە ژەنگاویانەی ئەوان لە بەرامبەر قەڵەمە تیژەكانی ئێمە خۆیان پێنەگیرا.
ئێستاش نوێترین باروتیان كە فیشەكەكانیانی پێ گرئەدەن یاسایە. چەكی هەر چەكدارێكی خۆیان پركردوە لە چەند بەند و بنەمایەكی یاسای و ئەیتەقێنن بە سنگی گەنجی ئەم وڵاتەدا. فیشەكی تێر لە یاسا ئەتەقێنن بە مێشكی خوێندكار و مامۆستای زانكۆدا و رۆشنبیری پی فەلاقە ئەكەن. ئێستا یاسا دانەرەكان بریتین لە خولە ژەنگاوی و جەعفەر كیمیایی و حاكە قاتر. ئەوان دەسەڵاتی تەواویان هەیە بۆ ئاخاندنی یاسا بۆ نێو لولەی تفەنگەكان و گواستنەوەی دادگا بۆ قەراغ شار و ئەنفال كردنی خەڵك.
ئەوە مادەیەكی یاسایی بو كە بەر سەری شەهید رێژوان كەوت و بەندێكی تریش سنگی گەرمیانی كون كرد. ئەوە یاسایی خۆپیشاندان بو كە شەهید شیرزادی لە خۆشەویستەكەی جیاكردوە. تف لەو یاسایەی كە ئێمە هەمانە تف لەو پیشەیەی كە من هەمە(پارێزەر).
بەڵام با سەرۆك دەستە و مافیاكان دڵیان بەم فیشەكە تازەیە خۆش نەبێت چونكە ئەوان داهێنەر نین لەم بوارەدا، پێم وایە لە بیریان چوە كە سەدام هەمو هەنگاوەكانی بەپێی یاسا دەنا بەلام چی یاسایەك؟ ئەوەی كە وەكو یاساكانی ئەمان بە ئارەزوی خۆیان دایاننابو. زۆر دڵنیا بن لەوەی كە ئەم فیشەكانەی ئەم جارەتان هەمو لە كۆگاكان و لە سەر لاپەرەكان و لە ناو دادگاكانی خۆتان جێ ئەهێڵن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست