مەكتەبى سیاسى حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان پەلامارەكانى سەر رۆژ تیڤیو KNK مەحكوم دەكات .
Saturday, 06/03/2010, 12:00
لە پێشهاتێكى چاوەروان نەكراودا و بەبێ هیچ ئاگاداركردنەوەیەكى پێش وەخت وە لە وڵاتێكدا كە هەمیشە ئیدیعاى دیموكراسى و پاراستنى مافەكانى مرۆڤ دەكات ، لە بەرەبەیانى رۆژى پێنج شەمە 4/3/2010 هێزێكى گەورەى پۆلیسى بەلجیكا هەڵى كوتایە سەر ئۆفیسى سەرەكى كەناڵى (رۆژ تیڤى) لە برۆكسلى پایتەخت و دەستى گرت بەسەر ستۆدیۆیى كەناڵەكە و زیاتر لە (10) كارمەند و میوانى كەناڵەكەیان دەستگیر كرد ، هەروەها لە هەمان رۆژدا هێزێكى ترى پۆلیس هەڵى كوتایە سەر (25) دامەزراوە و كۆمەڵەى كوردى وە لە ناویاندا ئۆفیسى كۆنگرەى نەتەوەیى كوردستان (KNK) و چەندین سیاسیەت ڤان و خەباتكارى ئەم كۆمەڵانەیان دەستگیركرد كە بەرێزان (رەمزى كارتاڵ) سەرۆكى كۆنگرەى گەلى كوردستان و (زوبێر ئایداڵ) ئەندامى كۆنسەى بەرێوەبەرى كۆماجڤاكین كوردستان و (ئادەم ئۆزۆن و ئەیوب دۆر و ئەندامانى كۆنگرەیى نەتەوەیى كوردستان لە دەستگیركراوەكانن .
مەكتەبى سیاسى حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان لە كاتێكدا ئەم پێشێلكاریەى مافەكانى مرۆڤ و ئازادى رادەربرین مەحكوم دەكات ، داوا لە حكومەتى بەلجیكا دەكات كە لە پێناو هەندێ بەرژەوەندى ئابوورى لەگەڵ توركیادا پرەنسیپەكانى خۆیان نەبەزێنن و دەست لەم پێشێلكاریە هەڵبگرن و هەموو دەسگیركراوەكان ئازاد بكەن .
وە بە پێویستیشى دەزانین جەخت لەسەر ئەوە بكەینەوە كە رێگرتن لە خەباتى مەدەنى و ئاشتیانەى خەڵكى خۆراگرى كوردستان بە گشتى و باكورى كوردستان بە تایبەتى و , هێزە سیاسیەكانى كوردستان ناچار دەكات بیر لە شێوازى ترى خەبات و تێكۆشان بكەنەوە ، كە ئەمە
نەك تەنها لە بەرژەوەندى ئەو وڵاتە و ئەوروپادا نیە ، بەڵكو هەرەشەیە بۆ ئاشتى نێوخۆى توركیا و هەموو رۆژهەڵاتى ناڤین .
لێرەدا داوا لە هەموو وڵاتانى ئەوروپا و رێكخراوەكانى مافى مرۆڤ و رێكخراوەكانى رۆژنامەنوسان و هەموو خەڵكى ئازادى خوازى جیهان دەكەین هەڵوێستى دیار بنوێنن لە ئاست ئەم پێشێلكاریانە و كار بۆ نەهێشتنیان بكەن .
سەركەوێ خەباتى رەوایى گەلى كوردستان
لە پێناو ئازادى و سەرفرازیدا
5/3/2010 مەكتەبى سیاسى
سلێمانى حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست