کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌سپه‌که‌ی لیستی کوردستانی!

Sunday, 10/05/2009, 12:00


به‌هه‌شتی سه‌ر زه‌مین به‌سه‌ر پشتی ئه‌سپه‌وه‌یه‌ (مارتین فریدریخ)

ئه‌سپ به‌ دوو خه‌سڵه‌ت له‌ گیانه‌وه‌رانی تر جودایه (خێرایی و به‌رده‌وامی) . له‌ته‌ک گۆڕانکاری به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی له‌ گیانه‌وه‌رێکی کێویه‌وه‌ کرا به‌ ماڵی. ئه‌وڕۆ بۆ زۆر ئامانج له‌نێویاندا بۆڕایکردنی هه‌ندێ خواست وکاروباری مرۆڤ به‌کاردێنرێ. هێشتا حه‌وت جۆری جودای له‌ژیان ماون‌‌ وله‌ که‌لتوری نه‌ته‌وه‌دێرینه‌کان ده‌لالات وڕه‌مزی تایبه‌تی هه‌یه‌.
هه‌وڵی به‌نده‌ له‌نێو ئه‌م نووسینه‌ شیکاریه‌کی کورته‌ له‌سه‌ر ئه‌سپی سپی لیستی کوردستانی که‌ ‌له‌ ئێستێوه‌ که‌وتۆته‌ غاردان و 25/07/2009 ده‌گاته‌ مه‌نزڵێک،به‌ڵام هه‌نووکه‌ نادیار.
ئه‌مه‌ یه‌که‌مجاره‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان هێنده‌ بایه‌خ به‌ هه‌ڵبژاردن بدرێ. ئه‌مه‌ یه‌که‌مجاره‌ یه‌کێتی وپارتی دوور له‌ هاوپه‌یمانێتی لایه‌نی دی‌ له‌خۆبایی و بێمنه‌تانه‌ هه‌ڵسوکه‌وت ئه‌که‌ن و به‌ یه‌ک لیستی هاوبه‌ش دائه‌به‌زن. ئه‌مه‌ یه‌که‌مجاره‌ قه‌واره‌ی سیاسی ولایه‌نی سه‌ربه‌خۆی دی و ژماره‌یه‌کی زۆر هاوپه‌یمانێتی ئیسلامی،چه‌پ،عه‌لمانی،نه‌ته‌وه‌ی ودیموکراسی له‌ده‌وری چاره‌نووسی هه‌رێمێکی چاره‌نووس نادیار کۆببنه‌وه‌.
له‌ لۆگۆکه‌ی لیستی کوردستانی به‌دیارئه‌که‌وێ‌ ئه‌و ئه‌سپه‌ سپیه‌ی له‌ حاڵه‌تی غاردانی به‌رده‌وامه‌ سنووری ڕه‌نگی زه‌رد‌ وه‌ک مۆڵگای سه‌ره‌کی خۆی بڕیوه‌. له‌وێوه‌ هه‌ڵگری چه‌ندین په‌یامی ئاشکرا ونهێنیه‌ وهه‌ر چوار په‌لی له‌ڕه‌نگی سه‌وز گیرئه‌کا و هێشتاش ناسره‌وێ.
که‌وابێ پێویست ناکا زۆر بۆی بگه‌ڕێین،خاوه‌نی سه‌ره‌کی ‌ئه‌م ئه‌سپه‌ سپیه‌ مه‌لا مسته‌فای بارزانی (پارتیه‌) و به‌ میراتگه‌رایی چنگی مه‌سعودی کوڕی ئه‌و وسه‌رۆکی هه‌رێمه‌که‌ی ئێمه‌ ئه‌که‌وێت. خوالێخۆشبوو سه‌رکرده‌یه‌کی سوارچاک بوو هه‌رچه‌نده‌ له‌سیاسه‌تدا به‌سواری ئه‌سپه‌وه‌ گلا وئاشبه‌تاڵی کرد، به‌ڵام تاکو له‌ ژیاندا بوو هه‌ر ئه‌سپی خۆش ‌ویست و ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم ئێژن تا‌کو په‌ڕینه‌وه‌ی له‌ ڕووباری ئاراس له‌ته‌کیا بووه‌ و دوای ناچار ناچار به‌ پیاده‌یی قاچه‌ ماندووه‌کانی خستۆته‌ خاکی سۆڤێته‌وه‌.
لێره‌وه‌ دڵنیام پارتی وه‌ک حیزبی بنه‌ماڵه‌ و ڕاوێژکارانی وه‌ک دارێژه‌ری سیاسه‌ت وستراتیژی هه‌رێم ده‌ستیان له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌م لۆگۆیه‌ و ئه‌سپه‌که‌ی‌ هه‌یه‌. یه‌کێتیش بێ موناقه‌شه‌ ملکه‌چ ملکه‌چ پێی ڕازیبووه‌. مه‌به‌ستی پارتی وادیاره‌ پێکانی هه‌ندێک له‌م ئامانجانه‌ی خواره‌وه‌ وتێگه‌یاندنی یه‌کێتی ئینجا لیسته‌کانی به‌رامبه‌ریش بن:
+ هیچ هێزێک نیه‌ له‌به‌رده‌م توانا وخێرایی ئه‌سپی لیستی کوردستانیدا خۆی بۆڕابگیرێت. کێبڕکێکاران ته‌نها یه‌ک ئه‌نجام کۆیان ئه‌کاته‌وه‌، شه‌که‌ت وماندوو بکه‌‌ونه‌ دواوه‌ و دان به‌ دۆڕاندنی خۆیان وبرانه‌وه‌ی لیستی ئه‌سپه‌که‌دا‌ بنێن.
+ ئه‌سپه‌که‌ له‌هێرش وهه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا ڕوونتر قۆناغی په‌نجا به‌ په‌نجای تێپه‌ڕاندووه‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی حوکمی ڕه‌ها به‌سه‌ر لاوازی ی. ن. ک دا ئه‌سه‌پێنن و جگه‌ له‌ قایلبوون هیچ ئالته‌رناتیڤێک بۆ ئه‌سپه‌ سمکۆڵ به‌رزه‌که‌ی 1976 نامێنێته‌وه‌.
+ جڵه‌وی ئه‌سپیش هه‌رچه‌نده‌ له‌ لۆگۆکه‌دا به‌دیارناکه‌وێ ده‌کاته‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و ئه‌که‌وێته‌ ژێر ڕه‌حم وکۆنترۆلی بارزانیه‌وه‌ نه‌ک تاڵه‌بانی. ده‌کاته‌ دابه‌شکردنی کورسی وپۆسته‌کان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی سه‌رۆک. بێ ئه‌ملاوئه‌ولا پۆستی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم،سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌ت و دارایی مسۆگه‌ره‌.
+ ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی به‌ حوکمی جه‌نگه‌ڵستانیشه‌وه‌ هه‌بێ،له‌گه‌ڵ ڕێزدا ئه‌وا ئه‌سپه‌سپی به‌ دوو چه‌کی کاریگه‌ر وه‌ڵامی ڕێوی وگورگ وچه‌قه‌ڵ وکه‌متیار وسه‌گی کێوی (لیسته‌کانی تر) ئه‌داته‌وه‌ که‌ بارزانی وتاڵه‌بانی‌ به‌ دوژمنی لیستی کوردستانی ناویان ده‌به‌ن. ئه‌سپه‌شێ غارئه‌کات و پاش ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌رانی‌ شه‌که‌ت، دووراو دوور به‌ جێیان ئه‌‌هێڵێ،،یان ئه‌گه‌ر درکیانکرد هه‌ڕه‌شه‌ وگه‌له‌کۆمه‌کێی به‌رامبه‌ر مه‌ترسیداره‌،ئه‌سپه‌سپی‌ ئاماده‌باشه‌ به‌ دانه‌تیژه‌کانی قه‌پاڵی خوێناوی بگرێت.
+ له‌وانه‌شه‌ ئه‌سپه‌ سپیه‌که‌ی شه‌تره‌نج بێ، پشت به‌ یاسا ئازاده‌ خۆی یه‌که‌م باز بدا. بازدان و نه‌سره‌وتن مه‌عنای چوونه‌ نێو مه‌یدانی شه‌ڕ‌. به‌ غاردانی به‌رده‌وام و حیله‌حیل هه‌ر له‌شوێنگه‌ی سه‌ربازه‌ به‌دبه‌خته‌کانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ سه‌نگه‌ره‌کانی دواوه‌ی پادشا و وه‌زیری به‌رامبه‌ر هه‌ر هه‌موویان کۆمپلێت غه‌رقی شڵه‌ژان ئه‌کا و پاشان ته‌سلیم بوون.
+ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ئه‌سپه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ ووته‌ی مارتین فریدریخ ی گه‌وره‌ نووسه‌ری ئه‌ڵمانیه‌وه‌ هه‌بێ که‌ لای ئه‌و به‌هه‌شتی سه‌رزه‌مین به‌سه‌ر پشتی ئه‌سپه‌وه‌یه‌ مه‌عنای پشتڕاستکردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵێنه‌ گه‌ورانه‌ی لیستی کوردستانیه‌ که‌ 18 ساڵی ڕه‌به‌ق هه‌ر زیاتر قسه‌یه‌ وکه‌متر کردار. 18 ساڵ حکومڕانی هێشتا به‌ڵێنه‌گوره‌کان له‌ بازنه‌ی درووشمی بریقه‌داردا خول ئه‌خۆن.
+ له‌وانه‌شه‌ ئه‌سپی لیستی کوردستانی ئه‌سپی ئه‌ستێره‌ی به‌خته‌کان Horoscope ی چینیه‌کان بێ و بۆ ئه‌مساڵ وپاشه‌رۆژ به‌ڵێنی داوه‌ ئاوڕ له‌‌ نێوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی بداته‌وه‌ (به‌خته‌وه‌ری ڕوو له‌ چین وتوێژه‌کان ئه‌کا) وله‌گه‌ڵ خۆیدا خۆش گوزه‌رانی (ئاسایش به‌رقه‌رار ئه‌کا‌) و پاره‌داری (پرۆژه‌ی زۆروزه‌وه‌ند دروست ئه‌بێ) . ئه‌سپه‌که‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ ئه‌کاته‌ چه‌کی فریودان بۆ شانسی ده‌نگپێدان،چونکێ ئه‌زانێ دوو قسه‌ی سه‌وز وزه‌رد بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ بکه‌ بڕوا ئه‌که‌ن!!!!
+ گریمانه‌یه‌کی گه‌وره‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌سپی لیستی کوردستانی ئه‌سپی عه‌ره‌بی یان به‌ریتانی گۆڕه‌پانی پێشبڕکێ بێ که‌ خاوه‌نی (یه‌که‌م پارتی دووه‌م یه‌کێتی) سه‌رمایه‌یه‌کی خه‌یاڵی سه‌رف ئه‌که‌ن و به‌نیازی ئه‌وه‌ی بمێننه‌وه‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندتر بن، یان له‌‌ نێوان ته‌ماشاکارانی زه‌نگیندا (سه‌رمایه‌داره ‌سیاسیه‌کانی حیزب وکۆمپانیاکان) به‌ بڕی ملیۆنه‌ها دۆلار گره‌و له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ ئه‌که‌ن. ئه‌وه‌شی پاره‌ی نیه‌ و وه‌ک هه‌میشه‌ هیچی پێنابڕێ خه‌ڵکه‌ بێ ده‌راتانه‌که‌یه‌ و‌ دوای ده‌نگدان وه‌ک هه‌مووجار ته‌نها زه‌قکردنه‌وه‌ی چاوی بۆ ئه‌مێنێته‌وه‌.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە