کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خودایە

Monday, 11/05/2009, 12:00










خودایە..
لە حزورى چاوەڕوانى روحى ئێمەدا
چەندین سەدەیە
شەوو رۆژ لەیەك دەكەى
كاتێ ئەم دێ.. ئەو بەڕێ دەكەى
ئەو هەڵدێ.. ئەم ئاوادەكەى
كاتەكانت بە سروشت بەسەر دەبەى
وەرزێك دەبەیتە ئارایشتگا
گوڵى رەنگاو رەنگ لە پرچى دەدەى
وەرزێك گەرم دەكەیت و..
وەرزێك بۆ نمایشى شانۆیەكى زەرد
گەڵا گەڵا دەیهێنیتە سەما
بە ژەنینى كەمانچەى وەرزێكى ساردیش
قیژە دەخەیتە ئاسمان و هەورەكان دەگریێنى
بەڵام لە حزروى غوربەتدا
یار یەكجار بێتاقەتە
ئەو بەرگەى غەریبى ناگرێ
هەندێ لە خۆراگرى خۆتى پێ ببەخشە
تەنیایى گشت گیانى تەنیوە
تۆ فێرى كە بەرگەى تەنیایى چۆن بگرێت
پەنجەرەكە دەكاتەوە لە برى خۆر
نامۆیى دەڕژێتە ژورەكەى
لە برى من
تەنیایى باوەشى پیا دەكات
لە برى ژیان
مردن بانگى لێ دەكا
لە برى شیعر
سەفەر دەنوسێتەوەو..
لەبرى ئەمەل
بێزارى لە دەرگاى دەدات
خودایە
منیش بێ ئەو زەمەنێكە
ژیان لەبەردەم ماڵەكەمدا تێپەڕ نابێت
ئەگەریش بوو سەڵاو ناكات و دەڕوا
دەنگى دەرگا لێدان دێت و..
دەیكەمەوە كەس نابینم
تەماشایەكى كوچەكە دەكەم
دەبینم تەنها "با" پیاسەى تیا دەكات
لە چاوەڕوانى زەنگى تەلەفونەكانى ئەودا
وەكو شەم دەتوێمەوەو..
وا هەست نایبینمەوە
هێندەى دەنكە گێلاسێك عیشق مزرە
بەبێ ئەو
هێندەى باخى فیردەوس
خەریكم ئازار دەچنەوە لە دورى ئەو
هێندەى قەدەر نامۆییم لێ دەچۆڕێ
جانتاكەم پڕە لە فرمێسك و..
باوەشم پڕە لە تەنیایى
ماڵم پڕ لە هەناسەى سارد
خەونەكانم پڕە لەو
هۆش مەستە بە بیركردنەوە لەو
خودایە
ئەم نامەیەم لێوەرگرەو بیخوێنەرەوە
یان بمگەیەنە بە یار
یانیش ئەوم بۆ بێنەرەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە