سەد ئاینو یەک خوا
Saturday, 04/03/2017, 2:01
گەیشتن بەخوا بەدەستی خوێناوی و شمشێرەوە خۆی لەخۆیدا بەڵگەیەکە کە ئەم مرۆڤە چەند دڕندەیە!
---------------------
مرۆڤ هەمیشە لەبەردەم هەڵبژاردەیەکدایە!
خۆبەدەستەوەدان یاخود خەباتکردن..؟
دەشێت ئێمە نەتوانین ئەمڕۆکە سەد ئاین ژماردەکەین بەڵام لەوەتەی مرۆڤ پێکانی لەسەر ئەم گۆی زەمینە توندکردووە بێگومان زیاد لە سەدان ئاینو خوا پەیدابوون و گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە. ئەوەی ئەمڕۆکە هەژمارد دەکرێت کە پێنج ئاینی سەرەکییە کە ڕۆح و هۆشی دانیشتوانی ئەم جیهانەی بەخۆییەوە سەرقاڵکردووەو زۆربەی کاتو تەمەنی زێرینی مڕۆڤەکانی ئەم جیهانەیش لە مزگەوت، کەنیسەکان، پەرستگەکاندا دەبەنەسەر، لەجیاتی ئەو هەموو کاتە جوانە لە پێناوی مرۆڤایەتیو زانستدا بخەنەگەر، کەچی ئەمانە دهێن گوێ لە قەشەیەکی درۆزنو مەلایەکی دەستبڕو موریدێکی ساختەچی دەگرن تاکو دەروێشەکانی بەر قاپی ماڵی خوا، هەرئەوەندەیش لەو نزاو پاڕانەوەیەبوونەوە لەدەرەوەی بەر دەرگاکانی ماڵی خوا جارێکیتر دەستدەکەنەوە بەهەمان ژیان کە نزا و دەستییان بۆ ئاسمانەکان بەرزکردبۆوە کە ئاسودەیانکات بە نیگەرانییەوە دەگەڕێنەوە ماڵی پڕ لە پەژارەیان چونکێکە ڕۆحییان ڕۆحێکی شێواوە و دەروونیان پڕە لە چاوەڕوانی.
کوشتنی مڕۆڤەکان هەمیشە بە فەتواکانی ئەمانە بوون کاتێک لە هەولێردا عبدولخالق مەعروف تیرۆر دەکرێت بەدەستی ئیسلامە کوردەکان! لە سلێمانیشدا تەقە لە کەریم زەند دەکرێت و برینداریدەکەن هەر لەبەر ئەوەی ئینجیلی کردووە بە کوردی!. دەبینین کە مڕۆڤەکان چۆن بەرەوڕووی مردن بوونەتەوە! تائەو کاتەی بڵندگۆی مزگەوتەکان دەنگیان لێوەدهێت دەبێت ئێمە بڵێن: هێشتاکە ژیان ماوێت، هێشتاکە شەقامەکانی بەختەوەری بۆنی خوێنیان لێدهێت، هێشتاکە فەلسەفەو تێگەیشتنو زانست نەیانتوانیوە هۆشی مڕۆڤەکان یەکالابکەنەوە! مردنی تاکە جوانەکانی مرۆڤایەتی پێماندەڵێن: لەژێر پاساوی خوادا بزانن ئاین چۆن دەستی چۆتە گۆشتو خوێنمانەوەو چۆن تاک بە تاکمان دەکوژرێتو لە کۆڵخۆیماندەکاتەوە!
هێشتاکە هۆشو هزری مرۆڤی ئەم سەدەیەی دووهەزارە هەر بەلای بەهەشتو ئەودنیادا کێشی قورسکردووە! هەرچی ئاینپەڕوەرو لە خوا ترسی سەر ڕووی ئەم گێتییە هەیە خەڵکێکی خۆپەرستن و خۆیان لە هەموو کەس زیاتر خۆشدەوێت چونکێکە هەر هەموویان دەیانەوێت زووتربگەن بە میوانی بەرقاپێکانی خوا و بەهەشتان بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە! ئەمە جۆرێکە لە خۆپەرستی تاکەکانی ئاینپەڕوەران کە هەمیشە هەوڵیداوە شتە باشەکان بەرن بۆ خۆیان، ئیتاعەتکردنی ئەمانە بۆ خوا لە مزگەوتو کەنیسەکاندا تەنها بۆ ئەوەیە کە خوا لەو دنیا جێگایەکی شایستەیان پێببەخشێو لەو چاو نووقانەی کە بەرامبەری ئەم هەموو ناعەدالیەتیە ئەم دنیایەدا هەیە کە نووقاندوویانە لێیانخۆشبێت بە بەهەشتی بەرینیان پێببەخشێت.
سەددام حوسێن بەو هەموو دڕەندەیی خۆیەوە عبدولخالق مەعروف ناکوژێت کەچی کوردە ئسلامەکان دڵڕەقەکانە دەیکوژن!. بەدڕێژایی مێژووی شۆرشی کوردیش جڵەوی کوردایەتی هەر بەدەست مەلاکانو شێخەکانەوە بووەو ئاینی ئسلامیش چەقی بیرکردنەوەی ئەوانبووە ئەنجامەکەیش بەناوی ئاینەوە هەڵخەڵەتاون. ئێستاکەیش بەناوی ئاڵای کوردستانەوە ئەردۆغان دەیەوێت کڵاومان بکاتە سەر.
هەرچی ئاینی دنیایە هەیە ئێمەیان لە خودایەکدا کۆکردۆتەوە فەرمانمان پێدەکەن کە تەنها و تەنها یەک خوا هەیە، وەک ئەوەی نهێنێکی ئەوەندە گەورەو زانستێکی هێندە قوڵ کەمڕۆڤایتەی نەیزانیبێت! هەر هەموویشیان لەسەر بیرۆکە یەک خوا کۆکن باوڕیان بەبوونی یەک تاکە خوا هەیە، بەڵام ئاینەکانیان بەدرێژایی مێژوو خوێن لە شمشێرو گیانیان دەچۆڕێت. زەردەشت پێش حەوتسەد ساڵ بەرلە مەسیح بڕوای بە تاکە خوا هەبوو! لەگەڵ ئەم هاوبڕواو بیرۆکەی تاکە خوا پەریستییەدا، کەچی پیاوانی ئاینەکانی سەر ئەم گۆی زەمینە هەمیشە ناکۆکن لەگەڵ یەکتریدا، هەریەکەیان بەپێی ڕێگەو شوێنی ئاینەکەی خۆی بەرەو دەرگاکانی خواماندەبەن! هەریەکەیشیان جۆرە ڕێساو یاساو ترادسیۆنو مەراسیمی جەژنیان هەیە، نوێژو ڕۆژووەکانیان لەیەک جودان بەڵام بەهەر هەموویان یەک تاقە خوا کۆیاندەکاتەوە!. لەبەردەم دەرگاکانی ماڵی خوادا ئێمەیان کۆکردۆتەوەو کردویانین بەپاسەوانی کەنیسەو مزگەوتەکانو پەرستگاکان ئێمەیانکردوو بەموریدی مزگەوتەکان، میری ئاتەشتگەکان، ڕاهیبو نوونەی کەنیسەکان. ئەوان خواکانیان لە مزگەوتو کەنیسەو پەرستگاکاندا زیندانیکردووە بەئێمەیش دەڵێن ببنە پاسەوانی بەردەرگاکانی ماڵی خوا وەک ئەوە وایە کەخوا زیندانی بێت و ئیتر توانای ڕاکردنی نەبێت ئەگینا...؟
ئاین فرمانە نەک خواست، ڕێگەیەک نییە گەیشتن بەخوا بەڵکو ڕێگەیەکە گەیشتن بە دەسەڵاتو بەودنیا ئەگەر هەبێت؟. ئەمە بۆچونی منە بەرامبەر ئاینەکان دەشێت لای تۆ هەڵەبم بەڵام..؟ هەمیشەیش ئەوانەی کە باوڕیان بە ئاین هەیەو ژیانیان لە مزگەوتەکاندا دەبەنەسەر بەهەشتیان بۆ خۆیان مسۆگەرکردووەو لە خوای گەورەیان دەپاڕێنەوە کەبە بەهەشتیان شادکات.
زەردەشت دەڵێت: لێگەڕێن باژیان کۆتایی بێت! چونکێکە نەکەسە باشەکانی ئەم جهیانە شایەنی ئەم دۆزەغەن! نەکەسە خراپەکانیشی شایستەی ئەم ژیانەن.
تورکە موسڵمانەکان، ئەردۆغانەکان لەهەڵبژاردنەکاندا بۆ خۆڵکردنە چاوی کوردانی باکور قورعانەکەی بەرزدەکاتەوە نیشانیان دەدات و دەڵێت: لە پێناوی ئێوەدا قورعانم بۆ کردوون بە کوردی بەڵام لەژێر سێبەری ئەو قورعانو ئاینەدا زیندانیان دەکات گوندەکەکیان لەگەڵ زەویدا تەختدەکات وەک مرۆڤی قەت سەیریان ناکات! ئیسپانێکان لەسەدەکانی کۆتایی ١٤٠٠دا کەچوونە ئەمەریکای لاتینەوە تابۆیانکرا زێرو ئاڵتوونەکانیان دزی بۆخۆیان، ئەو ناوچەنەیان تاڵانکرد و ئینجیلێکی زلیان بەرزکردووە بۆ هیندە سوورەکان پێیانگوتن: ئەها ئینجیلمان بۆ هێناون چەند بە بەزییو میهرەبانین! لە کاتێکدا هیندە سورەکانی لاتین ڕۆحیان تێکەڵ سروشت ببوون خوا هەمیشە فریشتەئاسا بەسەریانەوە بوون ئەوەندە دەروونو ڕۆح پاکبوون دەیانزانی کەی دەمرن بەڵام کاتێک ئینجل جێگەی سروشتی ئەوانیگرتەوە ئیتر چەوساندەوە دەستیپێکرد کوشتنو برین لەسەر گوتەکانی خوا کوشتاگەریەکی خوڵقاند ئیتر کەس بۆی نەبوو باسی خواو ئینجیلو دنیا بکات، هەژاری میوانی هەمیشەی ماڵیان بوو. ئاینەکان مێژوویەک لە خوێنو برسێتی.
بۆ ئەوەی ئێمە پێناسەیەکمان هەبێت بۆ ئاین دەبێت هەمیشە لەوە دەستپێکەین کە ئاین بڕوایەکی هەرەوەزییەو کە تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە هەر هەموویان لە باوڕ و متمانەکردن بە خودایەک، بە کەسێک یاخود ئاینێکدا کۆیاندەکاتەوە کەهەر هەموویان بڕواو بەڵێنەکانی خۆیان بەپێی بەرژەوەندیو تایبەتمەندیە گشتێکانیان جێبەجێدەکەن. ئاین یارمەتی مڕۆڤەکان دەدات تاکو لەم ژیانو جیهانە تێبگات نەوەک هانیاندات بۆ بەرەکانی کوشتن! ئێمە چی لە ئاینی ئسلام تێگەیشتین کە دەڵێم ئاینی ئسلام خۆ بە ناشوکری نەبێت زۆربەمان ئیسلامین و هەرهەموویشمان لەسەردەستی برا ئسلامەکان ئەنفالدەکرێین، ڕاودەنڕێین، خوێنمان حەڵالدەکەن. تێگەیشتنی ئێمە بەئاین بەدرێژایی مێژووەکەی لەو جوگرافیایەدا دەبێت چیبێت؟ دەستکاری مەکە ئەوە ئیشی خوایە؟ وریابە ئەگیان خوا دەتگرێ؟ دەست لەکاری خوا مەدە ئەگیان گەڕوگول دەبیت؟ خوا کاری نابەجێ ناکات؟ بێگومان خوا کاری نابەجێ ناکات بەڵکو ئەوە عەبدەکانی خوان کە لە مزگەوتوو کەنیسەو پەرستگگەدا کاری نابەجێدەکەن مرۆڤەکان بەناوی خواو ئاینەوە لە خۆێنی خۆیان هەڵدەکێشنو مێشکیان دەشۆنەوەو هانیاندەدەن بۆ بەرەکانی جیهاد تاکو مردن.
تورکیا تورکبوونیان لە پێش ئسلام و هەموو مرۆڤایەتییەوەیە، هەمیشە شانازی بە تورکبوونی خۆیانەوە دەکەن. کەچی ئسلامە کوردەکان ڕێز لە ئاڵای خۆیشیان ناگرن کە کوردستانەو ئاینەکەیان پێش کوردبوونیان کەوتووە! عەرەب قورعانەکەی لێدەرهێنە نازانێت بە ڕێگادا بڕوات، دواکەوتوترین بوونەوەری سەر ئەم گۆی زەمینەن لەگەڵ ئەوەیشدا شانازی بەوەوە دەکەن کە شمشێرەکانی ئسلام تاکو دوورگەکانی ئیسپانیا حوکمیانکردووە. قورعانو ئاینی ئسلام توانی زیاد لە بیست وڵاتی عەرەبی ئسلامیان بۆ دامەزرنێرێت بیانکات بە دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهان لەسەروەتو سامانی نەوتدا کەچی ئەو ئاینە نەیتوانی بەدڕێژایی مێژوو لەو دوورگەی عەرەبییە تەباییو برایەتیو پێکەوە ژیان بنیاتنێت لە نێوان خودی عەرەبەکاندا کە وەک مرۆڤێکی ئاسایی موسڵمان ئیتر بیر لە کوشتنی یەکتری نەکەنەوە دەمێک بەناوی مەزەبەوە دەمێک بەناوی ڕەنگی پێستیانەوە.
لە سعودیە مرۆڤە ڕەنگ پێستە ڕەشەکان ئێستاکەیش وەک کۆیلە حسابیان بۆدەکەن لە لیبیای تازە، لیبیای دوای قەزافی عەرەبە پێست ڕەشەکانیان کە تۆزێک ڕەشترن لەوانیتریان زۆر بە ئاسانی ڕووبەرووی جیاخوازی دەبنەوە ئەی نابینین ئەو کۆچەریانەی کە لە لیبیاوە هەڵدێن و خۆیان دەدەن دەست قەدەری دەریاکانو بەلە ڕزیوە کونەکانەوە زۆربەیان ڕەش پێستەکانیان کە ڕووبەڕووی دژواری ڕەنگی پێست بوونەتەوە! ئەو عەرەب موسڵمانانەی لە وڵاتی سۆدانەوە لەسەر دەمی سەددام حوسێندا کەدەهاتنە عێراق وەک کۆیلە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدەکراو ئیشی ئەوانە تەنها پاکردنەوەی شەقامەکانو بۆیاخچێتیو پیساییو زێرابو مەنۆڵەکان بوون هەر لەبەرەئەوەی ڕەش پێست بوونو جودابوون لە عەرەبەکانیتر.
کورد لەنێوان عەرەب و تورکی موسڵماندا ئەنفال دەکرێت، مافەکانی پێشلدەکرێت هەرگیزیش وەک موسڵمانێکیش حسابی بۆناکەن، کوشتنی کوردیان حەڵاڵکردووە بە کورد دەڵێن ئسلامبوون و بەس ئیتر دەوڵەتان بۆچییە؟ ئاڵاتان بۆچییە؟ بەڵام خۆیان بیست دەوڵەتو سەدان ئاڵایان بۆخۆیان دروستکردووە! لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە کە موسڵمانە ئیخوانەکانی کورد لەگەڵ ئیخوانەکانی میسرو تورک یەکدەگرن وبانگی یەکبوونی موسڵمانانی جیهان دەکەن کەچی لەگەڵ حیزبە ئسلامێکانیتری کورد ناکۆکن لە ئاین و دیانەتو حوکمرانیدا تەنانەت هەچ حسابێک بۆ ئالای کوردستانیش ناکەن کەچی دەسەڵاتی کورد هیچ باکی نییە، بەڵام بۆ کچێک ئازان چونکێکە لای ئەوان هێشتاکە ئافرەت وەک ئسلامەکان ناقیس عەقڵە.!
دووژمنانی کورد هەر هەموویان موسڵمانن بەخودی کوردیشەوە کە دووژمنێکی سەرسەختی خۆیەتی کە ئەویش هەر موسڵمانە، بەڵام دووژمنانی کورد زیرەکترانە توانییویانە خوێندنەوەیەکی باشو جەهەنمیانە بۆ ئەو جوگرافیایە بچوکە بکەن. دووژمنانی کورد هاتوون لەو بەشەی کە ئاین زاڵە بەسەریانداو خەڵکەکەی ئیتاعەتی خواو ئسلام دەکەنو ژیانێکی سادەیان هەیەو خەریکی کشتوکاڵ وبژێوی خۆیانن وەک ناوچەکانی تەوێڵەو بیارەو هەڵبجەو هەورامانو هەتاکو دوایی دهێن ئسلامی توندرەویان بۆ دەنێرن تاکو زیاتر سەرگەردانبن چونکە ئەو کەسانە زیاتر دەتوانن لە مزگەوتەکاندا مێشکیان بشۆنەوە. لەو ناوچانەیشی کە خەڵکەکەی خەریکی ژیانێکی مەدەنینو گوێ لە موزیکو گۆرانی و خەریکی خواردنەوەن وەک شارە گەورەکانی هەولێرو سلێمانیو دهۆک دهێن ئافرەتو قومارخانەو قاحبەخانەو مەشروبیان بۆ دەنێرن تاکو خەریکی سەرگەردانی خۆیانبن ئەنجامەکەیش کۆمەڵێک نەخۆشی و خواردنی ئیسکپایەرو هەتاکو دوای..هتد. لەو شوێنانەیشی کە خەڵکەکەی بێئومێدن لە ژیانو گەنجان بێکارو بێپارەو بێدواڕۆژو سەرگەردانیو خەم بەرۆکیان بەرنادات، گازینۆو چایخانەکانی نێرگەلە هەمەیشە هاورێ یەکەمیانە، ژیان هەبێت نەبێت هیچ واتایەک نابەخێشێ بە بوونیان، خەمۆکی هەمیشە میوانی ماڵیانە دهێن مادە بێهۆشێکانیان بۆ دەنێرن وەک تلیکاو حەشیشەو نێرگەلەو جگەرەو تازیاتر سەرگەردانبن، ئێستاکێ گەنجانو لاوانی نیشتیمان ئالودەی مادە بێهۆشەکان بوونو خەمۆکیو بێئیشی کەئابەیی زیاتر بێهیواکردوون لە ژیان. لەو بەشەیشدا کە خەڵکانیێکی نەفس نزمو هەردەمێک لەسەر تاسو ئاوی حەمامێکدا خۆیان دەشۆن پارەو جاشایەتیو سیخوریان بڵاوکردۆتەوە! لە کۆتایدا ئەو بەشە بچوکەی کەدەمێنێتەوە یاخود ئەو خەڵکە کەمەی کە هۆشیارن دهێن هەر بە حیزبە کوردێکانیان تیرۆر دەکەن یاخود دەربەدەریاندەکەن. دووژمنانی کورد ئەوەندە زیرەکن دەزانن چیدەکەن چونکێکە خوێندنەوەیان هەیە بۆ کورد بەڵام خودی کورد چیی هەیە بۆ دووژمنەکانی جگە لە فرۆشتنی سەروەتو سامانی ئەم نیشتیمان؟
گەڕانەوە بۆ سەدەکانی جەهالیەت بەم بەرگی دوو هەزارو سەدەی تەکنەلۆجیاو دیجتالەوە شێتییە! شێتی! بەڵام ڕۆحمان هەمیشە گڕێدراوی خوابووە. خوا ڕێگایەکە بۆ ئاوادانکردنەوەی ڕۆح، ئاوێکی سازگارە دەڕوونەکان فێنکدەکاتەوە، ڕێگایەکە بەرەو بەختەوەریت دەبات، خوا باڵەخانەیەکی جوانو پڕ ڕووناکی و چراخانە ڕۆحی پاکی لەنێو دڵی مرۆڤەکاندا چاندووە، پەرستگەیەکی لەناخا دروستکردووە بۆ ئارامبوونەوە بۆ لێبوردن بۆ بەخشندەیی. خوا ڕۆحی مرۆڤەکان پاکدەکاتەوە لە ڕقو کینەو تەفڕەدان بەدووریان دەخات لە تاوانباران، هەمیشە دەستی بەزەیی و یارمەتی ئەو فریشتەئاسا بەسەر ڕۆحو گیانماندا دەفڕێو دەمانپارێزێت لە بەدکاران، خوا هێزی ئاشتیو سەرفرازییە ئاین هێزی شەڕو سەرگەردانییە! بۆ هەر شوێنێک بڕۆین، بۆ هەر شوێنێک کۆچکەین خوا لەگەڵماندایەو دەستە غەریبو بچکۆلانەکەمان دەگڕێت تاکو ڕێگە هەڵەنەکەین، ڕۆحی فریشتەی ئەو بەسەرمانەوە دەفرێتو لێمانجودا نابێتەوە بەڵام مزگەوتوو کەنیسەکان نادهێن لەگەڵماندا ئەوانە بێکۆتانین، ناتوانبفڕن، ناتوان هەنگاوێک بنێن لەگەڵماندا، لەجێخۆیاندا دەمێنەوە جارێکیتر دەبنەوە بە خۆڵو خاک هەمدیسان دەبێت دروستیانکەینەوە بەڵام مرۆڤ کە مرد کەبوویش بەخۆڵو خاکو خاشاک هەرگیز ناتوانین دروستیانکەیتەوە! کەچی پەرستگەکانی ڕۆحی مرۆڤەکان کەخوای بەئارامی تێدا ڕاکشاوە هەرگیزاو هەرگیز ناڕزێن نابن بە خۆل هەمیشە تازەو تازە دەبنەوە. خوا کۆتایی نییەو هەرگیز نامرێت بەڵکو ئەوە مرۆڤەکان دەمرنو ناویشیان لەکولەکەی تەڕیشدا نابیسترێت. تەکنەلۆجیا توانی گەشتمان پێبکات بە گالاگسیدا بمانگەیەنێتە سەر مانگو مارشو ئەستێرەکان ژیانمان بۆ ئاسانترکات بەڵام هێشتاکە ئێمە پێویستیمان بە گفتوگۆ هەیە دەبێت ئێمە زیاتر لەسەر ڕۆحی مرۆڤەکان قسەبکەین تاکو جۆگەی هزرو بیرمان تێکەڵ بەیەکدەبێت تاکو جارێکیتر میوەی ژیان بۆنی سروشتو ئارامیو خۆشەویستی بگرێت.
مادەم ئێمە هەر هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە ئەم جیهانە بە مرۆڤەکانیشیەوە خولقێنەری خوان ئەوا دەیشبێت ڕێز لەوە بگرین کە هەرکامێکمان سەر بەکام ئاینو ئایدۆلۆژی بین چونكێکە هەر هەموومان لەو دنیا دەچینەوە بەر دەرگاکانی خوا. ئەوە تەنها خوایە کە دەتوانێت دادگایمانکات لێمانپرسیتەوە نەک خوڵقێنەرەو عەبدەکانی خوا. داعشە ئسلامەکان قەسابخانەو بازارێکی کۆیلەیان دامەزراندبوون بۆ کوشتنو فرۆشتنی مرۆڤەکان ئەگەر بۆیان بچووایەسەر پێیاندەگوتن ئسلامی ڕاستەقینەو موسڵمانە کوردەکانیش بەڕاکردن خۆیاندەکرد بە دەوڵەتەکەی ئەواندا بەڵام چونکێکە بۆیان نەچووەسەر پەیشیمانبوونەوە دەیانگوت ئەمانە ئسلامنین! ئسلام کەس ناکوژێت! ئسلام مزگەوت ناسوتێنێت.................هتد.
ئەوەی ئیسلامیش بەدڕێژای مێژووەکەی مزگەوتو ماڵی خوای سوتاندوە هیچ ئاینو لەخوا ترسێکیتری ئەم دنیایە نەیبینیوە بەخۆیەوە. خوا گەیشتنە بە ئارامیو ئاسودەی دەخاتە دڵی مڕۆڤەکانەوە بەپێچەوانەکەیەوە ئاین گەیشتنە بە دەسەڵاتو فەرمانکردنو ئیتاعەتکردن و حوکمی جیهان. هەر خودی ئاینی ئسلام فرمانە نەک خواست.. هیچ کەس بە خواستی خۆی نەبووە بە ئسلام، ئەگەر لە دایکو وباوکێکی ئسلام نەهاتبێتە ئەم دنیایەوە.. مێژووی بوونی ئاینەکان هەڕوا هاتووە بۆ نمونە: دایکو باوک سەر بەهەر ئاینیك بێت ئەوا ئۆتۆماتیکیش نەوەکانیان، مناڵی نەوەکانیان دەچنەوە سەر هەمان ئاین. شمشێرەکانی اسلام لەسەدەی فتووحاتی ئسلامدا کوردستانیان داگیرکردووە و خەڵکەکەی کەپێشتر سەر بە ئاینی زەردەشتی بوون بەزۆری شمشێر بوونەتە ئسلام نەک بە خواستی خۆیان، لە هەر شوێنێک شمشێر هەبوو کوشتن لەوێیە! ئایا ڕێگەیەکیتر نییە گەیشتن بەخوا جگە لە کوشتن نەبێت؟ ئاین ڕێگەیەکە بۆ فڕیودانی خەڵک تاکو لە ژێر قوربانێکانیدا بۆ خوایەک کۆمەڵێک خەڵک بەناوی ئەمیرو خەلیفەو مەلاو دەروێشئاسا بە تێریو قەڵەوی بژین.. لەهەر شوێنێک ئاین هەبوو ژیان دژوارتر دەبێت وەک لەوەی خۆشبەختر بێت.. لەژێر پاساوی خوادا دەبێت شمشێرەکان تاکو ڕؤژی حەشر بکوژن تادەچنە بەرقاپی خوا. گەیشتن بەخوا بەدەستی خوێناوییەوە خۆی بەخۆی بەڵگەیە کەئەو مرۆڤە چەند دڕەندەیە! چەند کوشتنی لای مەبەستبووە بۆ ئەوەی ژیانی خۆی مسۆگەرکات لای خوا.. پرسیارکەم ئەمەیە؟ خوا ئەم پیاو کوژانەی بۆچییە؟ ئایا مرۆڤ ناتوانێت بیر لە ڕێگەیەکیتر بکاتەوە گەیشتن بەخوا کەدوور بێت لە کوشتنی مرۆڤەکان؟ خودی خوا ئارامییە نەک سستەمکاری!
ئەگەر داعش کوردستانی داگیرکردایە چی ڕوویدەدات؟
بێگومان ژیان دەگەڕایەوە بۆ سەدەکانی پێش لە دایکبوون... هەمووشتێکیان لە تۆ قەدەغەدەکرد و بە دیداشەیەکی سپیەوە و کۆمەڵیک ڕێشەوە بەڕەڵایاندەکردیتە سەر شەقامەو کۆڵانەکانی شار بۆ ئەوەی هەمیشە بزانن لە ژێر ئەو کراسە سپییە تەنکەوە چیت شاردۆتەوە تاکو دڵنایبن کە تۆ هیچ مەترسییەکت نیە بۆیان.. ڕیشەکەیشت بۆ ئەوەدەبێت هەمیشە خۆت بە چڵکنی ببینیت و بیر لە کڕینی کەلوپەلە پێویستێکانی ژیان نەکەیتەوە و دەست بە کڵاوی هەژاری خۆتەوە بگریت.. مناڵەکانت دەبێت هەمیشە لە مزگەوتەکاندا لە ژێر سرینەوەی هۆشی ئەواندا بێت.. چەکت لێقەدەغەدەکەن بەڵام چاوەڕوانی گوڵێک نەبیت تاکو بیدەن لە یەخەت...بەڵکو مناڵەکانت فێری خۆ تەقینەوە و کوشتن و جیهاد و کوشتن دەکەن... ئێمە نمونەیەکی باشمان لەبەردەستیایە ئەمڕۆکە کە داعش موسڵو ڕەقەی سوریای داگیرکردووە دەبیین ژیان لەوێ چۆن دەگوزەرێت... ئەگەر ئسلامی شیعە مەزەب موسڵی داگیرکردایە؟ چیدەگوزەرا؟ هەڵوێستی دەسەڵاتی حوکمەتی عێراقی چیدەبوو؟ ئێران بەتەمای چیدەبوو؟ بەڵام بەهەردووبارەکەدا داعشی ئسلام ئەگەر کوردستانی داگیرکردایە چیدەگوزەرا؟ بێگومان چونکێکە کوردستان خاکی عەرەب نییە ئەوا چۆن ژنانو کچانی یەزیدیان ئەنفالکرد ئەوایش کوردی سۆرانی و بادینانی موسڵمانیان بەتاڵاندەکردو ئەنفالو کۆیلەکردن دەبرد...شاریان وا دەشێواند کەسیمای بیوگرافی خۆیی بەیەکجاری گوومدەکرد هەرگیز پاش ماوەیەک نەتدەناسیەوە کە ئەم جوگرافیایە کوردستان بوووە یاخود خاکی کوردبوایە...بەڵام خۆشبەختانە ئسلام دوایی دوو هەزارو چوارسەد ساڵ لە کوردستاندا تێکشکێنرا و لووتی دایی لە ئازایەتیو نەبەردی کورد... ئەی ئەگەر هێرشی فتووحاتی ئسلام لە دوو هەزارو چواردە ساڵ لەمەوبەر تێکبشکێنرایە ئێستاکە ئێمە خاوەنی چیدەبووین؟ ژیانی ئێستاکەمان چۆنچۆنی بوو؟ لە کۆتاییدا ئاینەکان بەو هەموو توندوتیژیانەوە یەک خوا کۆیاندەکاتەوە، خۆشحاڵم کە ئاینی زەردەشت تاکو ئێستاکە مێژوونوسان دڵۆپی خوێنیان لەسەر نەنوسسیوە، دەبا ئێمەی کوردیش یەک نیشتیمان، یەک ئاین، یەک خوا کۆمانکاتەوە کە کوردستان بێت تاکو جارێکیتر مێژووی شمشێرەکانو ئەنفالو هەزارو چوارسەد ساڵمان بۆ دووبارەنەبێتەوە.
ئەگەر ئاینی زەردەشت هی فارس بێت ئەوا ئاینی ئسلامیش هی عەرەبە!
مردنی تۆیش ئاخری دنیایەی تۆیە نەک ئەم گەردوونو ژیانە! ئەوەی دەمێنێتەوە کردارو گوتە جوانەکانە کەهەرگیز نامرن! ئەم ژیانە دوای تۆیش هەر بەردەوام دەبێت! خوا لەبەر خاتری چوار ڕیش پانو چوار دڕندە کۆتای بەم دنیایە ناهێنێت! ئەگەر داعشە ئسلامەکان چاوەڕوانی ئەودنیای بەهەشتبن ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەمڕۆکە دۆزەغێکیان لەسەر ئەم گۆی زەمینە بۆ خوڵقاندووین. گەیشتن بە خوا بەدەستی خوێناوی و شمشێرەوە خۆی لەخۆیدا بەڵگەیەکە کە ئەم مڕۆڤە چەند دڕندەیە.
ئەم ژیانەیش بەزیندویەتی ئاوێنەی گەمژەکانە بە مردوویش ئەلبوومێکی نەمرانە!
ئێمە نیشتیمانێکمان هەیە بۆ مردن
ئازادییەک بۆ هیجرەت
ئێمە لەگەڵ مردودا
دەفتەرێک بیرەوەریو
چەپکێ ئارایشی درۆو
گۆزەیەک خۆڵمان هەیە بۆ گوتن
ئەگەر کورد ببێت بە دەوڵەت بڕواموایە دەبێتە جوانترین وڵات لە خۆڕهەڵاتی ناویدا چونکێکە ئەم نیشتیمانەی کورد پڕ لە مۆدەی کراسی ژنانەی کوردی، بە کراسی ژنانەی کوردیدا دەزانیت کە ئەم گەلە چەند حەزو زەوقی جوانە، چەند حەزیان لە خۆیانو ژیانە، چەند دڵیان پڕە لە ڕەنگو ئاڵوواڵی ژیان، ئەو کراسە پولەکە جوانانە کە هەریەکەیان ڕەنگی دڕوانێت، کە هەر کراسێکی پڕە لە دڵنیاییو ڕەنگو پارچەی جوان، چاوەکان نازانن سەیری کامەیانکەن، ئەو ژنو کچە شۆخانەی کورد بەکراسیە کوردی جوانەوە وەک تاوسی نێو باخو شەقامەکانی شاردا لە نێو باخچەکانی ماڵی پاشادا دهێنو دەچن بە لەنجەولار پڕە لە سەمای جۆراوجۆر کە خۆشی دەدەن بە ڕۆحو گیان دڵمان پڕ دەکەن لە خۆشی، ئەم نیشتیمانە پڕ لە دیالۆگی ڕەسەنی کورد، فڕە زمان فڕە دیالۆگ، پڕ لە فۆلکلۆری گۆرانیو موسیکی باوباپیرانمان، پڕ لە جوداخوازی ڕەنگو هزرو بیرو باوڕ، پڕ لە فرە کەلتوری جوان، پڕ لە جودای ئاینەکان، مێزۆپتامیا مێژوویەک پڕ لە شارستانی، پڕ لە شۆرەسواری بەردەم قەڵای کوردایەتی و ئازایەتی، دەشتەکانی پڕ بە پیت بۆ ژیان بۆ جوتیاران بۆ کشتوکاڵ، چاڵە نەوتەکانی بابەگورگور کە ڕۆشنای دەدەن پێمان و بەرژەوەندە گیشتیکانمان لەگەڵ یەکا کۆدەکاتەوە و برایەتیمان تێدا دەچێنێت بەڵام! بەڵام ئاخ سەدان ئاخ! ئەگەر کەسێکی جوانی وەک غاندی،خوسیا مۆخیکا یاخود ماندێلا ڕابەریکات نەوەک کەسە مافیاکانی ئەمڕۆکەی دەسەڵات. لەهەمووی نەگبەترو ترسناکترینیان ئەوەیە کە ئەم دەسەڵاتە لادێیە هیچ نەدیدە سەرسواڵکەرەی ئێستاکەی باشور کە پێدەڵێت دیکتاۆرو بە سستەمکار بانگیدەکەیت زیاتر لە خۆی بایدەبێت وەک ئەوەی وایە فووی زیاتر تێکەیت وەختە بفڕێت بە ئاسماندا ئەوەندە ئەم دەسەڵات حەزی لە دەسەڵاتە،حەزی لە فشەفشە، دیکتاتۆرە ئەسلەکان وانین! چونکێکە ئێمە خەڵکی وڵاتی پیاوین پیاوەتیو ئازایەتیمان لە پیاوە دەبینین، پیاوەتیمان لە سستمەکاری هێزو سوپاو کاربەدەستو پاسەواندا دەبینین وەک لە میناڕوەیدا بیبینین! لامان وایە هەرکەسێک توندوتیژ نەبێت ئیتر ئەو پیاو نییە وناتوانێت جڵەوی ئەم خەڵکە بکات! باشور نیشتیمانی پیاوە ناشیرینەکانی دەسەڵات.
دوای هەزارو چوارد سەد ساڵ، جارێکیتر شمشێرەکانی ئسلام، شمشێرەکانی جەهلو تەورەکانی تاڵانی، جرجەکانی بیابانو، شەمشەمەکوێرەکانی تاریکی لە نێوەند کەمەری قرمزی خاکدا، خاکی نەوەکانی ئاهوراو ئادەم، خاکی پیرۆزی بەر ڕوناکێکانی ئاتەشتگە تێکشکێنرا، ئەو شمشیرانەی لەسەر تەختی ئاسنینی جیهادا نوسراوبوو: کوشتن تاکو گەیشتن بەخوا! کوشتن تاکو تاڵانی! کوشتن تاکو کۆیلەکردنی ژنو مناڵ خاکو ئاو تاکو فرۆشتنی کۆیلەکان لەبازارەکانی کۆیلەیاتیدا.
ئەی خودای ئاهوراو خودای تەنیای من
بمگەیەنە بەر کەمەری خاک
خاکی پیرۆزی گاتاکانی زیندوبونەوە
سێجار گڕێمبدە بە فەقیانەو
ڕۆحی پیڕۆزی کەمەرتەوە
یەکەم: بە بیری چاک
دووەم: بە ئاخافتنی باش
سێیەم: بە کرداری باش
گڕێمبدە ئەی ئاهورارمەزا
ئەی پیرۆزی مەولانەو
ڕۆحی پاکی ئاهورا
خاکی ئاو ئاگڕو هەوای پاک گڕیمبدە!
بمنوسێنە بە سنگی پەرستگەکەتەوە ئەی خاکی پیرۆزی نەوەکانی خۆڕو ئاگڕ
ئەی سێبەری شاخو شیناییەکانی بەر ئاتەشگەو خاکی پیرۆزی ئاهورا
ئەو شیمشێرانەی کە خەونەکانمانی سەردەبری
ئەو تاریکییە کە ماناڵەکانمانیان دەفڕاند
ئەو دەستە پیسانەی بە دەستێک شمشێرو
بەدەستەکەی تریان لەسەر فەتواکانی حەبەشو
ئەبو تەورو حەجاجو جەلادەکانی قورەیش
بەخۆیانو سورەتەکانی ئەنفالەوە...
بەخۆیانو حەدیسەکانی مەولایانەو..
کولەئاسا لەپێش سوپاکەی ئەبوو سۆفیانەوە
بە فەتوایەک تاڵانیانکردین
بە فەتوایەک کچو مناڵی ئێمەیان بە کۆیلە گرت
بە فەتوایەک خوێنی ئـێمەی کوردیان حەڵاڵکرد
ئەی ئاهورا..!
ئەی زمان پاکی ئاوێستا
ئەی کردارو ئاخافتنو بیری چاک
ئەی یاسنا سرودی مەزن!
ئەی ئەڤیندیدای وتەی مەزن!
پێمانبڵێن لە بیابان چی فێربووین؟
لە سوتماکی لمو شمشێرەکانی نەوەکانی سەربرین چی فێربووین؟
ئەو شمشێرانەی لەدەشتەیایەکانی ئەسحابەسپیدا تێکشکێنران
ئەو تەوڕانەی لە پشتی عەبابەیلێوە لە کلکەوە قرتان
ئەو کەڵبە ئاسنیانەی لە کۆبانیدا هەڵوەران
ئەو شەمشەمە کوێرانەی لە کۆڵانەکانی شەنگالدا
بەر تیشکی پیرۆزی لالش کەوتن
ئەو ڕیش چڵکنانەی لە کەرکوکدا
بەر گڕو تۆڵەی کورانی بابەگورگور کەوتن چی فێربووین؟
دەگەڕێمەوە ئەی خاکی پیرۆزی وڵات
ئەی خاکی نەوەکانی ئادەمو و ئاهورا دێمەوە لات
دهێمەوە بەردەرگاکەی تۆ هەتاکو ماوم دەبمە سەگی پاسەوانی ئاتەشتگەکەت
ئەی خاکی پیرۆزی نەوەکانی نەورۆز و خۆڕو ئاگڕ، خاکی کۆڵانەکانی ئەبەدییەت
خاکی پیرۆزی پیرەمێردو خانیو فەقێ تەیران
خاکی قادرێکەی کۆیەو خاکی پیرۆزی بەر پیرەکانی پیری مەردان دهێمەوەلاتان.
ئەی ئاهورا! ئاهورای مەزن
ئەی تیشکی پیرۆز لە نەوەکانی ئادەم
وەک چۆن خوا ژینی پێبەخشیم
تۆیش هێزم بەرێ، هێزم بەرێ
وەک چۆن خوا هۆشی پێبەخشیم
تۆیش بڕوام بەرێ، بڕوام بەڕێ
ئەی بیرو ئاخافتنو کرداری چاک
ئەی یاسنا سرودی مەزن
گڕێمبدەو کۆمکەرەوە
تاکو دەبمەوە بە مڕۆڤێکی باش
بە دەستێک گوڵو
بە دەستەکەیتریان
خۆشەویستی ببەخشمەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست