کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کۆدەکان یاخود داتاکانی بەدبەختی

Thursday, 19/01/2017, 18:59


کۆدەکان یاخود داتاکانی بەدبەختی خوێندنەوەیەکی جیاوازە لە دیدەیەکی ترەوە بۆ تێڕوانین لەم جیهانەدا بەدەستپێکردنی ساڵەکانی ١٩٦٤ /٢٠١٦ تاکو ئەو کاتەی هزر بریکردبێت‌و هەستەکانم دەرکیان پێکردبێت من شتێکم دەبێت بۆ ووتن کەوەستام سەرسام لە بەردەما ڕامەوەستە دەستەکانتم بۆ درێژکەو بمخەرە ژێرباڵەکانتەوەو توند بمنوسێنە بەخۆتەوەو هەڵمسێنەو هەوڵمەدە کەئیتر ئەوە کۆتایی من بێت بەڵکو کۆتایی من سەرەتایەک بۆ ووتن هەروەک چۆن کوشتنی کاوەکان‌و سەردەشتەکان کۆتایی نییە بەڵکو سەرەتایەک بۆ سەردەمیکی تازەتر ئاوایش هزری من بارگرراوی دەبێت بە هەنگاوەکانی تۆ تاکو ئەو شوێنەی کە پێدەڵێن شوێنی مەبەست دەشێت ئێمە لێرەدا کۆتایی بەشتێک بهێنین کەسەرەتای منە بۆ دەستپێکردن‌.
داتاکانی بەدبەختی تێکەڵەیەکە بە ئاوێتەبوونی لە شیعرو پەخشانو مێژوو و سیاسەت‌و سروشت و خۆشویستن بە ژن بە ژیان تاکو ئەو بستە خاکەی ناومانناوە نیشتیمان. کە من زیاد لە بیست ساڵەی تەمەنی نوسینم دەقم پێوەکردووە کردوومە بە شیوازی نوسینی خۆم و هەوڵمداوە تازەگەرییەک لەخۆمدا بخوڵقێنم کە ئەویش شێوازی چۆنێتی نوسینی من لە دنیای نووسیندا. ، گرنگ ئەوەیە من و تۆ لەیەکبگەین ئیتر بە هەر زمانێک بێت گرنگ تێگەیشتنە تاکو خاڵی بەیەک گەیشتنمان، دەشێت من لەهەندێک شوێندا پێویستیم بە تۆ بێت. براکەم کەمن لێرە نەبووم وامەزانە کە ئیتر دنیا کۆتاییە بەڵکو سەرەتایەک بۆ جیهانێکی تر بۆ دیدەیەکی تر کە تۆیت.
براکەم کە من لێرە نەبووم هەرگیز شەقامەکانی شار فەرامۆش نەکەیت، کە من لێرە نەبوو بیرتنەچێت کۆڵانەکانی مناڵیمان بێدەنگ نەکەیت، ئەو کۆڵانەی کە هەرگیز خەون نەدەچوونە چاوەکانیانەوە، براکەم شەقامەکانی شار بێ ژوان نەکەیت، کچە جوانەکانی نیشتیمان بێ ئەوین نەکەیت براکەم کە من لێرە نەبووم ئیتر تۆ کوری گەورەی ماڵیت بیرت نەچێت دەرگای نیشتیمان توند داخەیت تاکو دز خەونتان نەکات بە کابوس تاکو دزەکان ئارامی نیشتیمان نەدزن، براکەم وابزانە کە ئیتر جارێکی تر من نابینیتەوە مردوویەکم و ڕەشەبا و شەقامەکانی مەنفا گۆری منیان هەڵگرتووە، زیندانییەکم لە زیندانی فاشستەکاندام، بەکر عەلییەکم‌و بەدەستی پیاوانی ئاسایشی وڵات تیرۆرکراوم، کۆچ‌و دەریا منیان بردۆتەوە بۆ قوڵاییەکانی تەنیایی ولەگەڵ ڕۆحی ماسێکان و شەپۆلەکاندا دەگەرێمەوە لاتان، سۆرانی مامە حەمەم‌و ئاسایشی وڵات منیان لەسەر شەڕەفی چاڵە نەوتەکانی بابەگورگوردا خەڵتانی خوێنکردووە بەڵام براکەم تۆ لەوێت ماسولکەکانت نیشانەی هێزن‌ بۆ بەرگریکردن هەوڵبدە هزرت شێواو نەبێت و تەندروستبە براکەم تەندرست! چونکە تۆ تاقە کوری ماڵیت، چونکێکە تۆ ئێستاکە شۆرشگێرەکەی نیشتیمانیت براکەم هەوڵبدە لێمتێبگەیت و منت خۆشبوێت براکەم من لەوێنیم تاکو ئازارەکانت لەگەڵتان بەشکەم بەڵام براکەم من ڕۆحم هەمیشە لەوێیە هەمیشە دڵم لاتانە، براکەم بیرت نەچێ من ئەو پیاوە ترافییەم کە نیشتیمانەکەم داوە بە کۆڵداوە بۆ هەرکوێ بڕۆم باران چەتری سەرمەو لێمنابێتەوە، بۆ هەر کوێیەک بڕوانم ئاسمانی نیشتیمان چاوە شینەکانی کە بەکلی کچانی چاو ڕەشی شار ڕشتووە لێم ووننابن. 
براکەم من لە میراتی دەرکەو کە هاتمەوە وەک میوانێک یاخود گەریدەیەک خێرهاتنمکە، گەردنت ئازادبێت براکەم نیشتیمان هەمووی بۆ خۆت بەڵام براکەم نیشتیمان بێ هیوامەکە ئەو ئیستاکە لە تۆیی بچکۆلانە نەبێت کەسیتر شکنابات تاکو لەم دوزەغی دووپێیەو دەلاڵەکانی فرۆشتنی خاکدا، لەم مەزادخانەی پیاوە سیاسێکانی وڵاتدا کەسی تر شکنابات لە تۆی بچکۆلانە نەبێت براکەم مرۆڤ کە باوری بە خۆی هەبوو ئیتر هیچ هێزێک نییە ڕووبەرووی بۆستێتەوە، براکەم نیشتیمان مەدە بەدەم کەڵبەی پیاوەکانی ئاسایشی نەتەوەوە! براکەم لێم زویر مەبە کە دەڵێم نیشتیمان درۆیەکی گەورە بوو و پیاوە سیاسێکانی وڵات بە خوێنی ئیمەیان گۆرییەوە براکەم تۆ لەوێت لە بەردەرگای نیشتیمان کە هاتمەوە دەتوانیت لێمتوورە بیت، دەتوانیت دەرگام لێنەکەیتەوە بەلام براکەم تۆ لەوێت دەزانم من لێرەکانەوە دەشێت پیاوەکانی دەسەڵات منیان لای تۆ ناشرینکردبێت یاخود پیاوەکانی سکرینی تەلەڤیزۆنەکانی حیزب گاڵتەیەکیان بە منکردبێت من لێرەوە گەردنیان ئازاددەکەم، براکەم گەردنتان ئازادبێت بەس تەنها جارێك خەندە و پێکەنینتان لەسەر لێوە خەمبارەکانتاندا ببینمەوە و خۆشێکان بگەرێتەوە دڵە گوشراوەکانتان قەیدیچیە براکەم با من ببم بە گاڵتەچی ئێوە خودا دەکات ئێوە خۆشبەخت دەژین ئیتر من باکم چییە لێرەکانەوە منیش هەوڵئەدەم قەراخ و ڕۆخی روبارەکان، شەقامە تەنیاکانی مەنفا بکەم بە نیشتیمانی خۆم، تامنیش لەو گێژەڵووکەی دوورییە ڕزگارم دەبێت کەوا خەریکە قەلەقی‌و دوو دڵی دەمکوژێت وەک قەرەج سەماو ڕۆژەکانم وونکردووە براکەم من چیمدەوێت لە ئێوە براکەم تەنها خۆشبەخت بژین تاکو منیشی لەم گێژەنی تاراوگەیەوە ئارام دەبمەوە. 
براکەم پێیانبڵێت ڕۆژێک دهێت وەک سەگ لەسەر شەقامەکانی مەنفادا دەمرم و کەسێک نییە خۆیی بکات بەخاوەنم و دڵە تەزیوەکەم بۆ دواجار وەک شەختە لەکار دەکەوێت و چاوەکانم زەق‌و کەسێک شکنابەم پێڵوە خەمبارەکانم لێکبنێ دەمرم براکەم بەس ئێوە خۆشبەخت بژین بەس ئێوە براکەم، من چیترم دەوێت لەم دنیا جەنجالەو مەزادخانە دووپێیانەدا تەنها خۆشبەختیتان، براکەم پێیانبڵێ من بە پارەی قاپ شۆرینی ئەوروپا کرێ خانو دەدەم و هەوڵئەدەم لەو پارەیە دیارییەکتان بۆ بکرم ئێوەیش بە پارەی نەوتی نیشتیمان دەتوانن بۆ هەوەسە چڵێسەکانتان سەماکەرێکی باش میواداریکەن تاکو شەهوەتە نەگلیسەکەتان دادەمرکێتەوە، گەردنیان ئازاد بێت بابمانکەن بە فلیمی کۆمیدی تاکو خەندە دەگەڕێتەوە سەر لێوە خەمبارەکانتان بەڵام براکەم بە پیاوە سیاسێکانی وڵات ڕاگەیەنە کە نیشتیمان موڵکی نەوەی داهاتوومانە نەک پیاوە دووپێکانی سیاسەت، براکەم من ئەگەر لێرەکانەوە قسەی زلیشکەم بەڵام هەرگیز ناپاکی لە نیشتیمان ناکەم ئەوە بە هیمەتبگرە براکەم من تاکو ئێستاکەیش سیغارێکم لە ئاسمانی وڵات نەکێشاوە تاکو ژینگەی نیشتیمان پیس نەبێت، ئێستاکە شەقم لەتەنەکی خۆڵی هیچ ماڵێک نەداوە تفێکم ڕۆنەکردووەتە سەر خاکی نیشتیمان بەڵام پیاوە دووپێکانی سیاسەت میز دەکەم بە دیواری نیشتیماندا و شەوانیش لەسەر مێزیی قومارو سۆزانێکان زۆر هەرزان دەیفرۆشن، براکەم من لەوێ نیم تاکو قسەی زلتان بۆ بکەم بەڵام تۆ لەوێت هەرگیز ڕێگەمەدە پیاوەکانی ئاسایشی وڵات سەروەریت زەوتکەن، هەرگیز ڕێگەمەدە پیاوە بودەڵەکانی وڵات بەناوی شەرەفی نیشتیمانەوە بێشەرەفتکەن، براکەم من لەوێنیم بەڵام تۆ لەوێت؟ فەرامۆشی نەکەیت تۆ لەوێت. 
بەڵام براکەم تۆ خۆشبەخت بژی، براکەم بە قەراغی شۆستەکانی ئەوروپاوە سەیری ئەو جامخانە جواناننەم دەکرد و حەزمدەکرد هەموویتان بۆ بکرم بەدیاری بۆتان بهێنمەوە دەڵێن: کەچوویت بۆ شوێنێک مەچۆ بێ دیاری ، دیاری پێویستە بۆ یادگاری بەڵام براکەم نیشتیمان هەموو بستێک خاک هەموو گەزێک ئاسمانێکی بۆ من یادگارییە کەچی هەر داوای دیاری و خوێن کۆچمان لێدەکات ئەمە چ نیشتیمانێکە براکەم کە ئێمە هەمانە؟ ئەمە چ دیوزمەیەک کەناومانناوە نیشتیمان؟ خانویەکمان هەبوو لە عەشق پێیەکمان تێنەکرد، هەناسەیەکمان تێدانەدا و ڕەدووی سەرکردەیەک کەوتین، چەمۆڵەمان لە عەشقناو شوێن سەرابی گەریدەیەک کەوتین ، کچە جوانەکانی نیشتیمان یەخەی کراسەکەیان ترازاند مەمکە جوانە و ناسکەکەیان نیشیانداین ئێمە چەمۆڵەمان لە عەشقناو شوێنپێی نابەڵەدێک کەوتین ووتمان تاکو خەونی بوونمان سەوز نەبێت نادهێنەوە، تاکو کێڵگەی خەونمان سەوز نەبێت ناگەڕێینەوە. ئاخ براکەم چ گەمژانە ڕەدووی ئەمانە کەوتین چ گەمژانە نیشتیمانمان بۆ ئەمانە چۆڵکرد! براکەم ئەوان شارەکانیان سپارد بە ئێمەی کەم ئەزموون و کورو کچی هەرزەکار ئێمەیەنا بەسەر ئابرووی شارەوە جێهێشت، خۆیشیان بەخۆیانو ڕادیۆیەکی شکاوەوە دێ بە دێ دەگەڕان‌و کوێرە گوندێکیان ناونا سەنگەری شەڕەف!. 
براکەم ئەمانە نەیانتوانی بە دڕێژایی ژیانی شاخیان ئەو هەموو ساڵە کوێرە دێیەک ئاوادانکەنەوە یاخود لە قوتابخانەیەک دروستبکەن یاخود هیچ نەبێت لەرووی کۆمەڵایەتییەوە هەوڵبدەن ژیان پێشخەن براکەم ئەمانە لە شاخ‌و لە گوند تاکو ئەمڕۆکەی شارە گەورەکان هەر بە یاسای جەنگەڵ و بە دەستووری خێڵەکی کێشەکانیان چارەسەرکردووە براکەم ئێستاکە دەڵێت سەردەمی گۆرینەوەی کەلوپەلەکانە وەکو ماست و پەنیرو مریشک بە قوماش‌و پێڵاو کەباب هەمان یاسایی گۆرینەوە ئێستاکەیش وایە پۆستی ناحیەی قەرقۆز بۆ تۆ پۆستی قایمقامی قازاوە بۆ من هەتاکو دواهەمین پۆست ئەمانە دەستیانکرد بەئاڵوگۆری پۆستەکان چونکە براکەم ئەمانە هەمیشە سەوداو معامەلەیان بە ئێمەوە کردوە نەوەک مرۆڤ ئاسا هەڵسوکەوتمان لەگەڵکەن دەشێت براکەم خەتای ئەوانیش نەبێت چونکە ئەمانە هۆشو هزریان هەر ئەوەندە بردەکات ئەگینا ئەو هەموو ماڵوێرانییە چیبوو کە ئێمەی چێشتمان ئەگینا ئەو هەموو سەرگەردانی‌و کۆچە چیبوو ئێمە بینیمان براکەم دەزانیت ئەوان لە بە خۆیان‌و ڕادیۆیەکی شکاوەوە کە ناویاننابوو ئیزاعەی شۆرش لە کونی ئەشکەوتەکانەوە کۆدی مردنی ئێمەی دەگەیاندە دەست بەعسێکان ئێمەی لاو و گەنج لەسەر شەقامی شارەکاندا کە چۆڵیانکرد بۆ ئێمەی مناڵ مەرگی خۆمانمان تێدا دەبینی ڕۆژانە دەکوژراین‌و شەوانە دەفرێنراین‌و دوایش لە زیندانی فاشستەکاندا خۆمان دەبینیەوە براکەم ئێمە زۆر منداڵ بووم کە زیندان بووە ماڵی دووەممان. 
براکەم من گوڵێک لەسەر شەقامەکانی نیشتیمان نابینم و گوڵفرۆشێک شکنابەم کەچی ئەو هەموو دڵدارە درۆزنە دەستیان خستۆتە نێو دەستی یەکترییەوە بەشەقامەکانی نیشتیماندا لووت بەرزانەو لەلاماندا تێدەپەرن، براکەم من دڵدارم بینیوە هەمیشە خۆشبەخش بێت نەک لووت بەرزبێت، هەموو شانزەی فێبروەرییەکیش کچان خۆیان سورپۆشدەکەن‌و کورانیش بەخۆیانو کراسە سورکەیانەوە سەر ڕێگا وەک ڕێبەندان لە کچان دەگرن‌ یاعنی ها ئێمە عاشقین کەچی نیشتیمان خوێنی لێدەچۆرێت‌و بەم ڕۆژگارە سوکایەتی پێدەکرێت باکیان نییە وەک ئەوەی نیشتیمان عاشقکەی ئەوان نەبێت. براکەم گەورە کچێک چووبوو بۆ لای قاوەچییەک تاکو فنجانێک بۆ بەختی بگرێتەوە، قاوەچی پێیگوتبوو: شاسواری تۆ بەڕێگەوەیە بەمزووانە بەخۆیی‌و چەپکێ گوڵی سورەوە دەگاتە لات و دەتخوازێ، لە وەڵامدا گەورە کچ گوتبوی: کە دابەزی دوو تف دەکەم نێو چەوانی و پێیدەڵێم: هەموو شار دوو کۆڵان نابێت بۆ درەنگهات!. 
براکەم بیرمدهێت مێرد منداڵبووم تازە و جوان و لاو بووم دوای کچێک کەوتووم تاکو پێبڵێم خۆشمدەویت! کەچی ئەو کچە ئەوەندە خێرا دەڕۆیشت دەتگوت پێشبرکێم لەگەڵدا دەکات بڕوابکە ئەگەر بەشداری لە پیشبرکێ سەد مەتریدا بکردایە هەموو ساڵێک یەکەم دەبوو، کەچی لە خێراییدا هەر نەمزانی خۆیکرد بەکام کۆڵان‌و ماڵدا وازم لەو هێناو گوتم ئەم ساحەو مەیدانە بەمن ناکرێت، براکەم ناچار کەسێکی ترم دۆزییەوە کە دوایکەوتووم وەک سوێسکە بەڕێگادا دەڕۆشت هەنگاوەکانی چەند جوانبووم براکەم لە دڵی خۆمدا گوتم بەمەیان هەردەگەم هەردەبێت ئەمڕۆ عاشقبم دڵم لەسەر هەزارو پێنجسەد لێیدەدا هەزارو یەک نزاو دوعامکردووە یا شیخی پیرمەسوور دڵم نەکەوێت و زمانم لاڵنەبێت کە چوومە پێشەو و گوتم ببوورە دەتوانم پرسیارێک بکەم ئیتر زمان لە جێیخۆیکەوت‌و پڵتە پڵتەی دەکردو بە ڵالە پەتەیەک گوتم بێزەحمەت ماڵی فڵان کەس لە کوێیە؟ لەوەڵمدا گوتی گەمژە ئەوا ماڵی باوکتە لەو شوێنەوە دەستپێدەکات کە شوێنم کەوتیت وەختبوو ببم بەئاو من هەر بەڕاستی خۆمم لێوونببوو یان بۆ ماڵی باوکی خۆمدەگەڕام. 
باسی حاڵی خۆمو دڵدارێکانم بۆ برادەرەکانم گێرایەوە ووتیان گەمژە وانابێت دەبێت لە پێشدا ئەو شەڕواڵو کراسە بگۆریت بە پانتۆڵو کراسو قات و پێڵاوەکانیشت دەبیت بریقەی بێت گوتیان دەبێت عاشق ئاوابێت کچانی ئەمڕۆکە ئێستاکە مۆدێرن‌و تازەگەرییان هەیەو خۆیان بە ڕۆشنبیر دەزانن‌و دەخوێنەوە، ووتم ئەی کەواتە خۆگۆرینی بۆ چییە کەئەوان ئەوەندە ڕۆشنبیربن! ووتیان ئیتر تۆ زۆر گەمژەیت کچان حەزیان لە بۆن و گلاموور پاکوخاوێنییە، بەڵام براکەم من بەلاڕێی کچدا ڕۆشتووم بۆنی ڕیخەکەی لێوەهاتووە، پرچەکانی ئاڵۆزکاو دەموچاو ڕیقاوی پێمووتووە ئەو بۆنە خۆشەت لەکوی کریوە؟ ئەوە تۆ بۆ ئەوەندە جوانیت ئەو هەموو جوانییەت لە کوێ هێناوە! براکەم هەرچۆنێک بێت پانتۆڵو کراسی ئوتوکراو پێلاوی تازەم قەرزکرد لە هاورێیەکم گوتم دەبێت ئەمەیان هەر ببێت بە دڵدارم ئەگینا شێت دەبم، براکەم دوای کچێکیتر کەوتم جوان وەک مانگ نازانم خۆم بەو هەموو جڵ‌و کرێمی قژەوە کەدەگوت ڕۆنی حلەیە هاتۆتە خوارەوە بە لاجانمدا چۆن قسەم لەگەڵکرد، یەکسەر کچە ووتی: ئەرێ تۆ خوشکو دایکت نییە بێئابروو وا دوام دەکەویت؟ زۆرم بۆهاتوو وەڵامدایەوە و گوتم: هەمە خوشکم هەیە دایکم هەیە کچی پوور و خاڵم هەیە بەڵام بەخوا ئەوەندە ناشیرینن ئەڵێ سەگن. 
براکەم دواجار کە کچەکەی حاجیشم خۆشویست پێمگوت: شاعیرم! گوتی ووی بەزیای خێرمنەکرد! دەفتەرێک شیعرمدا لە پرچی و گەڵای شیعرم لەبەرپێدا سەردەبری! کە چوویشمە خوازبێنی حاجی باوکی گوتی: بە ئەفەندی نادەم، براکەم حاجی بە کەشی‌و کەواو سەڵتەوە مەرجی هەبوو بۆ کچەکەی کەچی ئێمە نیو سەدەیە خوێنمان لێدەچۆرێت، بە کۆمەڵ وەک مێگەل بەرەوو گێڵگەکانی کوشتارمان دەبەن بەناوی شەڕەفی نیشتیمانەوە لە سەنگەرەکانی شەڕەفدا بە تەنها جێماندێڵێن کەچی کەسێکمان مەرجی نەبوو کەچی کەسێکمان نەیگوت لەدوایی مەرگی کورەکانمان ئایا ئێمە سەردەکەوین؟ کەمن کورەکانم ، خۆشەویستانم یەک لەدووی یەک لەبەرەکانی جەنگ و تیرۆ و کوشتن‌و تۆقاندن‌و ئەنفالدا دەبەدەرو کوژران ئیتر ئازادی بەپایی من چی؟ ئیتر جەنگ بێت یاخود ئاشتی ماڵی چۆڵم بەمن چی؟
 براکەم لەم ڕۆژانەدا خوا بەخێری بگێرێت خەونێکی زۆر سەیرم بینی لە خەونمدا پیاوێک بەدەم گۆرانی گوتنەوە پێڵاوی بە خۆڕایی بێبەرامبەر بۆیاغ دەکرد، دەنگی ئەوەندە ناخۆشبوو دەتگوت بۆڕەی دێوە ترسێنەر مێشکی کووندەکرد هەر کەسێکیش کە بۆیاغیدەکرد تفێکو جنێوێکی باشی تێدەگرت و هەندێکجار دوای پێڵاو بۆیاغکردنەکە شەقیشی دەخوارد کەچی کابرا هەر لە گۆرانی گوتن نەدەکەوت هەر خەریکی حەیرانی خۆی بوو وەک ئەوەی نەبای دیبێت نەباران بەلامەوە زۆر سەری بوو خۆم پێنەگیراو چووم بۆ لای کابرا گوتی: پێڵاوکانتدانێ وایدەزانی پێڵاوەکانم بۆیاغدەکەم، ناخاڵە گیان بۆیاغناکەم بەڵام تۆ کەس پێنەگوتویت کە دەنگت زۆر ناخۆشەو پێموایە ئەو هەموو شەق‌و زلە‌و تفەی کەدەیخۆیت هی دەنگ ناخۆشێکەتە ئایا خۆت هەستت پێنەکردووە؟ تکاتلێدەکەم ئیتر گۆرانی مەڵێ هەم مێشکی ئێمە پشوویەک دەدات هەم تۆیش ئیتر تفو شەق ناخۆیت! باشە براکەم من باشم پێگوت هەستمدەکرد ئەوە منم کە ئەو هەموو شەقو تفە دەخۆم سکم بۆی سووتا هەم بۆ خۆیی هەم بۆ خۆم تاکو منیش مێشکم پشوویک بدات و ئیتر هێمن بێت و گوێم لە کابرای دەنگ ناخۆش نەبێت، بەڵام براکەم هەریەکوو دوو هەڵسایە سەرپێکانی خۆیی‌و تووند دەستەکانی خستە قورگمەوە دەیویست بە دەستە زلو ڕەش‌و چڵکنەکانی بمخنکێنێت براکەم چۆنت بۆ دەگێرمەوە ئاوا بڕوابکە ئەگەر خەبەرم نەبووایەتەوە ئەوا ئێستاکە خنکاوبووم من ئیتر ئەم خەونەم ژێر بەژێر دەبوو کەس نەبوو بۆتان بگێرێتەوە باشە براکەم.
براکەم من قسەی زلتان بۆ ناکەم ئەگەر قسەی زلیشتان بۆ بکەم من هەرگیز ناپاکیتان لێناکەم ئەوە بە هەیبەتبگرە براکەم بە هەیبەت من دۆستانم دەتان گرێنم پێتان پێناکەنم هەمیشە سەربەرزم پێتان براکەم وابزانە قسەکانم بۆ خێرە هەر وەک چۆن لای ئێوە ئاو هەیە بۆ خێر لای ئێمەیش قسەی باش هەیە بۆ خێر، براکەم بیرم دهێت منداڵ بووم چواردە ساڵان ئاخر لای ئێمە چواردە ساڵان کۆڵەکەی ماڵەو خەمی خێزانێکی هەڵگرتووە لای ئێمە مناڵ بە گەورەیی لە دایک دەبێت‌و خەمی میللەتێکیان بە ناوکەوە دەبرن براکەم دەزانیت ئەو ڕۆژە باوکم پارەیدامێ کە جووتێ پێڵاو بۆخۆم بکرم کەهاتمەوە پارەکانم دابوو بە کتێب بیرم دهێت ئەو دیو چیای یاخود کارێتای یەشارکەمال بوو ئاخر براکەم من زۆر دەمێک بوو دایکی مەکسیک گۆرگیم خوێندبۆوە ئێستاکەیش شەیدای لینام ئەو کچە روسە ناسکو جوان‌و شۆخەی کە قارەمانی لەمنی پیاودا چاند! باشە براکەم من دەمێکە لە حەمەدۆکەوە فێری ئەوەبووم کە مرۆڤ لەسەر حەقی خۆی نابێت سڵ لەهیچبکاتەوە، تاراوگەیش بۆ خۆی قوتابخانەیەک بوو باسی خۆشەویستی نیشتیمانی بۆ دەکردم کەچی براکەم من ئەو هەموو باڵەخانانەی ناوەوەی خۆم دروستکرد کەسێک نەیبینی هەر پێیان دەگوتم ئۆتۆمبیلەکەت مۆدێلی چەندە؟ لە نۆهەمی چەندیت؟ ئاخ براکەم کەسێکم شک نەبرد باڵەخانە‌و ئۆتۆمبیلە مۆدێربەرزەکانی ناخی من ببینێت هەردەیانگوت تۆ لەو دوورە قسەی زلمان بۆ مەکە ئێمە لێرەوە بە کۆمەڵی فایلی ڕەش‌و ناپاکییەوە دەتنوسینێن بە عێراقی شەڕو نیفاق‌و عرووبەوە ئاخ براکەم کەسێک نەبوو باڵەخانەکانی ناخی من ببینێت.
براکەم کە گەڕامەوە ماڵەوە کاتی خوانی ئێوارە باوکم پرسی ها کورم پێڵاوت کڕی؟ نەمزانی چۆنی وەڵامدەمەوە نەیشمدەتوانی درۆ بکەم لە کۆتاییدا گوتم باوکە گیان پارەکانمدا بە کتێب! سەیر بوو براکەم ئەو باوکە ماندووەی من کەخەمی خێزانێکی لەکۆڵگرتبوو هیچ تورە نەبوو سەیرم لێهات براکەم گوتم دەبێت لەبەر نانخواردنەکەت بێت ئەگیان حەسرمەیانێکی باشمدەکات وگوێچکەکانم ڕادەکێشێت ئیتر تاماومو حەیامبێت کتێب ناکڕم‌و توخنی کتێب ناکەوم بەڵام براکەم هەموو ئەو خەیاڵو بیرکرنەوەیەم چەند چرکەیەکی نەخایاند باوکم بزەیەکی گرت‌ و پێگوتم : هەتاکو ماویت ئاسودە نابیت کورم! ئیتر هیچ قسەی تری نەکرد. براکەم من ئەوساکە زۆر بچوک بووم لەنێوان بزە و ئاسودەییدا هیچم نەدەزانی بەڵام ئێستاکە گەورەم کەچی حەزدەکەم باوکم بەدەستە ماندۆکانی دەستێک بنێت بەسەری پڕ لەئێش‌و پرچی ماش‌و برنیجیمان پێبڵێم باوکە کتێب خوێندنەوە توشی سەر ئێشەیکردم ماندووبووم لەوشەو ڕستەکانی ماندووبووم لەم ژیانە پڕ لە درۆ و جەنجاڵەدا، ماندووبووم وەک وەک ئازارەکانی ناخی تۆ وەک خەمەکانی ناخی تۆ براکەم. 
من لەو ڕۆژەوە ئاوارەی ناخی خۆمم هەمیشە لە نێوەند دوو بەرداشدا دەجەنگم ئیتر ئاسودەیی دەستارێک بوو هەموو جەستەمی هاریبوو هەروا ئاسان نەبوو براکەم ئەو هەموو پارچەیە هەڵگریتەوە دیسانەوە خۆت دروستکەیتەوە دەزانی براکەم تەمەن تەنها یەکجار بوارد دەدات بۆ خۆشبەختی کە لەدەستتچوو ئیتر تاماویت دەبێت بە دوویدا ڕاکەیت و قەرەج ئاسا بەدووی ڕۆحی خۆتا ئاوارە بیت، دەزانی براکەم منیش ئیتر لەو ڕۆژەوە ئەگەر باوکێکی تورەم هەبوایە دەگونجا ئێستاکە چاڕەنوسم بەختێکیتری هەبوایە بۆ ژیان یاخود هیچ نەبوایە وەک گەمژەکان تۆزێک ئاسودە دەبووم دەشێت ئەوە کۆدی ژیانی منی پێوە گرێدرابێت، ئێمە هەر یەکەمان کۆدێکمان هەیە بۆ ژیان بەڵام براکەم کۆدەکانی ئێمە کۆدی مردنن، مردن! 
 براکەم بۆ ئەوەی بگەیت بە کۆدی بەختەوەری دەبێت لە خۆتەوە دەستپێبکەیت، کۆدی ژیان دەبێت هەمیشە لەهەوڵ و خەباتتدا بیت تادەگەیت ئەو شوێنەی کە پێدەڵێن بەختەوەری! براکەم بێ هیوا مەبە، جا براکەم بێ خەبات مەبە تۆ شایستەی ژیانێکی باشتریت کە دووپێکانی نیشتیمان بۆیان خوڵقاندوویت تۆ شایستەی بەختێکی تریت تاکو لەم مەزادخانەی دووپێیانەدا ڕزگارت بێت جا براکەم بێ هیوا مەبە ژیان کۆدێکە دەبێت بیدۆزیتەوە کە دۆزیتەوە هەوڵبدە لەبیرنەچێتەوە چونکە کە کۆدی ژیانت گوومکرد دۆزینەوەی سەخت دەبێت کاتێکی زۆر دەوێت بۆ دۆزینەوەی، جا براکەم دەشێت تۆ کۆدی ژیانت گوومکردبێت یاخود کۆدی ژیانی تۆ لا دووپێکانی دەسەڵات بێت بەلام بیری نەکەی براکەم کۆدی دەسەڵات کۆدی مردنە، مردن! جابراکەم بێ هیوامەبە ژیان ئاسۆیەکە دەبێت بەپێخاوسی هەنگاو بەسەر بزماررێژی تەمەندا بنێت دەبێت بەسەر ئاگردا هەنگاو بنێت تاکو دەگەیتە بە ئاو جابراکەم بێهیوامەبە لە ژیان، ژیان جەنکێکە خۆشبەختیت دەدادێت نەکا نائومێدتکات براکەم تەندروستبە تەندروست! هەوڵبدە خاوەنخوێبە لە نیشتیمان نەک کڕێچی براکەم ئەوانەی کڕێچین بێ نیشتیمانن براکەم کەست بینیوە لە نیشتیمانەکەی خۆیدا کڕێچی بێت جگە لە کورد؟ براکەم ئێمە لە نیشتیمانەکەی خۆماندا بووینەتە کڕێچی! کڕێچی دەسەڵات‌و دووژمنان‌و زلهێزەکانی جیهان براکەم دەزانی چەند زامی کەمپ گرانە ئەوەندەیش زامی کڕێچی گرانە، براکەم دەبینیت نیشتیمان خەریکی ڕەنگ‌و بۆی ئۆردوگا دەگرێت وەک لەوەی بستێک خاک بێت بۆ ئاسودەیی دەزانی براکەم مەگەر زامەکان باسی ئۆردوگامان بۆ بکەن ئەگینا ئەم ژیانەی ئێمە بۆنی گۆرەیی گرتووە براکەم مەگەر شمشێرەکان باسی گێرانەوە سوتماکی خاکمان بۆ بکەن و شتێکمان بۆ بگێرنەوە. 
براکەم ڕۆژێک چووم بۆ لای فاڵچییەک تاکو ئەو خەونە نەعلەتیمەی بۆ بگێرمەوە، براکەم تۆ خەونەکەی منت لەبیرماوە؟ براکەم کە خەونەکەم بۆ فاڵچی گێرایەوە سەیرێکیکردموو هیچ قسەی نەکرد تەنها دوو کتێبی دایەدەستم من ئەوە یەکەمجارمبوو فاڵچی ببینم خوێندەواربێت لێرە فاڵچی دەبێت دە ساڵ بۆی بخوێنیت تاکو دەبیت بە فاڵچی قانونی فاڵچی لێرەکانە وایە براکەم لێرەکانە دەبێت بۆ هەموو شتێک بخوێنێت تاکو ئیشەکەت بە تەندروست بەڕێبکەیت براکەم دەزانیت تەنها دوو کتێب من باوکم هاتەوە یاد براکەم ئەو باوکە ماندووەم کە بزەگرتی و هیچیتر نەگوت براکەم دەزانیت تەمنێک لە نیوان دوو کتێبدا دوو جوگرافیایی جووداتا چیان لەمنکرد ئاخ مەگەر براکەم دەتزانی ئەوە ڕۆژە چیمبەسەرهات دەتگوت لەسەر ئاگرم هەزار تفم لەوەی کابرای خەونەکەم لەخۆمکردووە و سەرمدەدا بە دیوارەکاندا لەبەر خۆمەوە دەمگوت من کەی بڕوام بە جادوو فنجا‌و قاوگر هەبووە تاکو من خۆمیان بخەمە دەستە جادۆکەیانەوە بەڵام براکەم ئەو جادوگێر نەبوو بەڵکو ئەوە دیسانەوە لەنێوان خۆم و خەونە نەعلەتێکمدا یەکتریمان بۆ سەدانجاریتر دەبینییەوە ئەوە کۆدی ژیانی من بوو کە باوکم پێگوتم‌و منی بچکۆلانە هیچم نەدەزانی بەڵام ئەمڕۆکە زۆر شتدەزانم کەچی ناتوانم خۆمیانی لیدەربازکەم براکەم دوو جوگرافیاو دوو کتێب‌ و دوو جادووگەر منیان بەیەک گەیاند منیان بەخۆم ناساند ئەمە کۆدی ژیانی تۆیە ئەی گەمژە! تێگەیشتیم ئیتر ئەوە کۆدی ژیانی منە بەڵام نەمدەزانی لەکام بەرگ‌و لەکام پەڕاو لەکام تاقو ڕەفەدایە براکەم دەتگوت جارێکەدیکە خەون دەبینمەوە لەبەرخۆمەوە دەمووت: دەبێت ئەمجارە بچم بۆ لای کێ تاکو ئەم خەونە نەعلەتیەمی بۆ بگێرمەوە. براکەم خەونەکانی مندا جودا من ئەو کاتە مناڵبووم لە کووێ بزانم لەجیاتی جووتێ پێڵاو خەون بە پێڵاوەوە دەبینم یاخود لەجیاتی پێڵاو بکرم دەچم کتێب دەکرم و ئێستاکەیش فاڵچییەکەی بەختم لەباتی خەونم بۆ شەرحوسەوداکات دوو کتێب دەداتە دەستم ئاخ براکەم ئەم مەتەڵە بەمن هەڵنایەت من چۆنبتوانم بەم هەموو سوتماکی جەستەیەوە لە خەونی جادوگەران بگەم ها براکەم تۆ پێمبڵێ ئاخر چۆنبتوانم لەم تونێلی خەونەدا بەئاگابێمەوە؟ هەر بۆیە براکەم دەستمبگرەوە بەئاگام بهێنەوە براکەم من لێرە نیم بەڵام تۆ لەوێت ڕێگە مەدە جادووگەران بەختت بۆ دیاریکەن و چارەنوست بۆ بنوسنەوە هەوڵبدە خۆتبە براکەم تەنها خۆتبە براکەم. 
ئادەمیزاد ئەو بوونەوەرەی هەر لەسەرەتای بوونییەوە تاکو ئەمڕۆکە خەریکی نوسینەوەی مێژووەکەی خۆیەتی ئەو مێژووەی لەسەدەیەک زیاتر خوێنی لێدەچۆرێت، ئادەمیزاد ئەو کائینە خشۆکە بوو کە توانی بە هێزی ماسولکەکانی ڕاستبێتەوە و لەسەر پێکانی خۆی ڕاوەستێت، توانی بە تاقی تەنها بەگژ ئەم گێتیەو سروشتە سەرسەختەدا بۆستێتەوە هەمیشە لە خەباتدا بێت بێسڵکردنەوە لە کوشتنی ملیۆنەها مرۆڤ سەر ئەم ڕووی گێتیە ئێستاکەیشی بخەیتەسەر خودی مرۆڤ لە گەورەترین تاقیکردنەوەدا بە جیهانکردن‌و سەردەمیکی تر. ئادەمیزاد ئەو کائینەی خشۆکەی کە توانی بە هێزی ماسولکەکانی‌ هەڵستێتە سەرپێکانی خۆیی ئیتر بڵند بڕوانێت‌و چاوەکانی لە دوورترین ئەستێرە بڕوانێت نەکو بۆ بینیی بەڵکو بۆ داگیرکردنی ئەمڕۆکە مارش موڵکی مرۆڤەکانە ئیتر ئەو ئەستێرەیەک نییە بۆ ڕوانینین بەڵکو پلانێتێکە بۆ گەشتکردن! ئادەمیزاد کە توانی ڕووبەرووی سروشت بۆستێتەوە لە هێزی نینۆکەکانییەوە تاکو ماشینە ئاسنینەکانی بە قوڵایی زەویدا ڕووبچێتە خوارێ‌و کە سەریشێ هەڵبڕی ئیتر چاوی لە باڵندە ئاسنینەکانی بێت کە بەناوی بۆشای ئاسماندا بە خێرای ڕوانین هەمیشە لە ئێشکدا بۆ دڵنیایی و ئارامی و ئاسایشی نەتەوەیی! ئادەمیزاد لە پێنوسی نینۆکەکانییەوە تاکو هەڵکۆڵینی ئەشکەوتەکانەو کۆنترۆڵکردنی کۆدە زیرەکەکانی ئەم گلوباڵە توانی ئەم سەروشتە سەرسەختە خۆشەبکات بیخاتە ژێر ئارامی خۆییەوەو بگاتە بە کۆدەکانی تەکنەلۆجیایی زیرەک. ئادەمیزاد هەر لەسەرەتای بوونیەوە هەوڵیداوە خەبات‌و قۆناغەکانی مێژووی شارساتنی بە نینۆکەکانی لەسەر دیواری ئەشکەوتەکاندا هێمان ئاسا بکێشێت تاکو کۆدی کۆنترۆڵکردنی ئەم جیهانە. توانی خەون بە فڕینەوە ببینێت و لە ئەشکەوتەکاندا وێنەی باڵداری بەشێوەیەکی سەیر کێشاوە ئەو وایتێڕوانینکردوە بەڵام ئەمڕۆکە ئەو خەونەی لەسەر دنیای واقیعدا هاتۆتە دی ئەمڕۆکە خودی مڕۆڤەکان بۆ ئاسانکاری ژیانی ڕۆژانەیان بەو ئامێرە زەبەلاحانە گەشتدەکەن کە دنیایی ئەمڕۆماندا پێاندەڵێن دەفری فڕین، گالاکسی ژیانێک پڕ لە دڕەوشانەوەی مرۆڤایەتی. 
دۆناڵد ترامپ ئەو پیاوەی کە ئەم جیهانەی بەخۆییەوە سەرقاڵکردووە هێندە نابات کۆدی وێرانکردن و ئاوەدانکردنەوەی ئەم جیهانەی لەلایەن ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکاوە پێدەدرێت! کێن ئەوانەی بەناوی ئاسایشی نەتەوەییەوە کۆدی تەکنەلۆجیا زەبەلاحەکەی ئەمەریکا دەدات بە ترامپ؟ بێگومان ئەوە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکایە کە ئێمەی واڕاهاتووین و لە زمانی گفتوگۆی ڕۆژانەماندا پێیاندەڵێین سی ئای ئەی و ئێف بی ئای ئەمەریکی و دیوانی پیران. ترامپ ئەو پیاوەی کە هیچ پەیوەندییەکی بە باسەکەی منەوە نییە بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو پیاوە سورفلە شێتە یەکێک دەبێت لە کۆدە تاکەکانی ئەم بابەتەی من وە لەهەمانکاتدا ئەو دەبێت چلوپێنجەمین سەرۆککۆماری ئەمەریکا کە ژمارەی تاکە وە لە ٢٠١٧دا دەست بەکار دەبێت و ئیتر دەخرێتەگەڕ نابێت من فەرامۆشیکەم، دیسانەوە دەکەوێتە ساڵە تاکەکانی مرۆڤایەتییەوە لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەودا وەک پۆستی سەرۆککۆمار کەدەکەوێتە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کچەکەی حاجییەوە هەردەبێت من باسێکیبکەم داتاکانی بەدبەختی کۆدێک بۆ وێرانکردن‌و کۆدێک بۆ ژیانەوە. کێ بوو کۆدەکانی شەڕی هەکاری دا بە پارتی دیموکراتی کوردستان تاکو حەوت سەد پیشمەرگەی پێ لەناوبەرێت؟ كێ بوون ئەوانەی لە پیشت ئاسایشی نەتەوەوەی کوردەوە بوون تاکو کۆدی کوشتن‌و قرکردنی حەوتسەد پێشمەرگە بدات بە پارتی؟ 
ماوێتی
تێبینی ئەم نوسینە خوێندنەوەیەک بۆ تێگەیشتن تاکو ئەوکاتەی کە هزرمان تێکەڵ بەئاسایشی نەتەوە دەبێت نەکو ڕێکەوتن لەگەڵ پیاوەکانی دەسەڵاتدا، خوێندنەوەیەک بۆ گەڕانەوەی سەروەری نیشتیمان نەک بۆ کورسی بۆ گەورەکان. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە