هەدەپە بزمارەکانی تاپووتی دەوڵەتی کوردی شلکردەوە
Tuesday, 16/06/2015, 18:35
لەساڵی ١٩٩١ وە عەرەبی عێراقی بە لێشاو خۆیاندەکەن بەو باشورەدا، سەدام ژەهری پیاکردینو ژەهر پژێنیکردین، عێراقی تازە عەرەبی پێداکردین لە ژەهرەکە خراپترو کاریگەریتر بوو کەس قسەی نەکرد. ئەم چ ئەنفالێکە سپیە ؟ ڕەشە ؟ یەکێک تێمانگەیەنێت؟ کوردی باشوور تاکەی لەواتای ئەنفال ناگەن؟
هەدەپە لەسەدا دوانزەو نیوی دەنگەکانی کوردی باکور هێناو بەنیازە لەگەڵ خۆیدا بیانبات بۆ ناو پەرلەمانی تورکەکان. لە سەدا دوانزەی دەنگەکان تەنها ئەوە ناگەیەنێت کە پارتێکی کوردی بتوانێت قەیرانەکانی بەردەم بەربەستی هەڵبژاردن بشکێنێت بەڵکو گرنگی ئەو دەنگانە لەوەدایە کە لە تورکیادا زیاد لە پانزە ملیۆن کورد هەیە ئەگەر لەسەربنەمانی دەنگدان سەرژمێت بکەیت ئەوا ئەم جیهانە درۆزنە ئەو بەڵگە نەویستانەی دەچێتە بەردەم هەریەک دەسەڵاتدارانی ئەوروپاو ئەمەریکا کە بەڵگەوە زیاد لە پانزە ملیۆن کورد هەیە لەو تورکیایەدا کە تورکەکان بەدرێژای سەدان ساڵ نکوڵیان لە تاکی کورد کردووە. کاریزمەی کورد کە ئۆجەلانە توانی ژیان بخاتەوە تاک بەتاکی کورد لەو باکورەدا کە تورکەکان بە درێژای دەسەڵاتیان تاکی کوردیان سەرکوتکردووەو لە ڕۆحی کوردایەتیان کردووەو زمانو فەرهەنگو کلتوریان شیواندووەو ئاخافتنیان لێقەدەغەکراو ، بەسەدان ساڵ لەو جوگرافیایەدا تورکەکان کە بە بزنە ڕەشەکانو موسوڵمانە درۆزنەکان ناوبانگیانکردووە ئێستاکە لەبەردەم قەیرانێکی گەورەدان جارێکی دیکە هەوڵئەدەن بچنەوە نێوەند بازارەکانی ئەوروپاوە، ئێمە دەتوانین لە ڕێژەی دەنگدانی هەدەپەوە ئەوەمان دەستکەوێت کە سەرژمێری کورد لەو باکورەدا بکەین کە بە زۆرەملێ ناویانناوە تورکیا. ئەگەر زۆرم نەوتبێت ئێمە دەتوانین هەر لەسەر ئەم سەرژمێرەی تاکی کورد لە باکوردا بتوانین تورکەکان بە دادگای نێوەدەوڵەتی بدەین کە بۆ سەدەیەک دەچێت نکوڵی لە بوونی کورد دەکەن لەو جوگرافیایەدا. تورکەکان نە ساڵی ١٩٩١دا و نەلەساڵی ٢٠٠٣ پشتگیریان به هیچ شێوەیەک نەکرد لە ڕوخانو لێدانی سەدام و سوپای عێراقدا بوونە بەربەستێک لە بەردەم سوپاو هێزی سەربازی ئەمەریکاداهەرجارە بە بیانوویەک خۆیان لە کێشەکان دەدزییەوە لەهەماکتیشدا دەیوویست خواستی کورد و بزووتنەوە ژیانەوەی تاکی کورد لە باکوردا بنبڕکات. وتە جوانەکەی تورکەکان کە بە کورد دەڵێن: ئەگەر کورد لە ئەرجەنتینیش دەوڵەت دروستبکات ئێمە دژی دەوەستینەوە، کەچی کورد نەک ئەم ووتەیەی لە بیرنەچۆتەوە بەڵکو هات بەسەدان کۆمپانیای تورکی لەباشوردا قوتکردەوە بۆمان، بەوەیشەوە نەوەستایەوە هات بە دروستکردنی قوتابخانەی تورکی و رێکخراوی تورکی لەباشوردا. کورد لەجیاتی بەدووی کۆمپانیای تورکیەوە بێت دەبوایە بۆ ڕێگایەک بگەرایە لەو جوگرافیایەدا کە ئێمە ببەستایەوە بە ژیانی دەرەوە نەک بە دووژمنێکی ترەوە. باشور لە ساڵی ١٩٩١ وە تاکوە ئێستاکە نەیتوانی بەردێک بخاتە سەر سیاسەتی دەرەوە و پرۆژەیەک بۆخۆی دروستبکات تا لە قەیرانەکاندا فریایی کەوێت ، دەسەڵاتداران لەو باشورەدا لەتاو چاوچنۆکی پارەو پیترۆل دۆلار کە چاوی و مێشکی هەموویانی کوێرو پووتکردبوو بەدووی هیچی ترەوە نەبوون جگە لە شەهوەتی پیاوانەیان، ئەوان بەخەونیش بیریان لەوە نەدەکردەوە کە ئەم باشورە جوگرافیایەکەی جوگرافیایەکی ئیسلامی تووندرەوەو پڕە لە دووژمنی سەرسەخت، ئەوان چونکە لە هیچەوە هاتبوونەوە سەر دەسەڵات لەهەمان کاتیشدا هیچیان پێنەبوو بۆ داهاتوو. سەرکردەکان هەر هەموویان لە ساڵی ١٩٩١دا لە دوای ڕاپەرینی گەلی کورد لە باشوردا بێشەرمانە دەیان قیراند کە ئەوان هاتوونەتەوە سەر وڵاتێکی وێرانە! بەڵام خۆیشیان لە بیریان چوو کە بە جووتێک پێڵاوی لاسیکو شڕەوە گەرانەوە سەر ئەم کەلاوەیە، کە ئێستاکە نەک گیرفانەکانو بانکەکان بەڵکو ژێر زەمینەکانیشیان پڕە لە پارەی دزراوی ئەم کەلاوەیە کەهاتنەوە سەری
منەتی حیزبەکان لەو باشورەدا: سەدام خەونی بە هەموو عەرەبەوە دەبینی! بەڵام سەرکردەکانی ئێمە بە خەونیش دەوڵەتیان پێڕەوا نەبینین! سەدام لە ساڵەکانی هەشتاکاندا ووتی: عەرەبی عێراقی پێڵاوی لە پێدا نەبوو من ئۆتۆمبیلی سۆپەرم خستنە ژێریان! ئەمە سەدام! پارتی دەڵێت: کورد باوکی نەبوو هەتیوو لەکۆڵانەکانی سواڵکردندا کەوتووبوو ئێمە باوکێکی ڕۆحانیمان بۆ هەموو کورد دروستکرد کە بارزانییە! ئەمە پارتی! گۆران دەڵێت: خەڵک نەیدەزانی بوجە چییە! ئێمە فێری بوجەمانکردن! ئەمە گۆران! بارزانی دەڵێت: هەر کەسێک ئەم وڵاتەی بەدڵ نییە ئەوا دەرگا لەسەر پشتە! ئەمە بارزانی! ئیسلامێکان دەڵێن: تامزگەوت مابێت ئێمە دین لە سیاسەت جودا ناکەینەوە! ئەمە ئیسلام! یەکێتی دەڵێت: یاکەرکوکو خانەقین یان تاموین دەجەنگین! ئەمە یەکێتی! هیوادارم وابێت و لەسەر قسەی خۆیان بەردەوامبن هەروەک چۆن بەردەوامن!
لە دوای ٢٠١٥ وە تاکی کورد جارێکی تر لەژێر چەتری کچە ئازاکانی کۆبانیدا توانی بە ڕۆحی شێواو گیانی شکاوەوە جارێکی تر هەڵسێتەوە. کێ دەیزانی لەو جوگرافیا بچووکەدا ئەو هەموو گیڤارەیە سنگیان بە گولەوە دەنێن! کێ دەیزانی ڕۆژێک دێت کچە چاو ڕەشەکانی وڵات بەخۆیانو گیرفانێک پێکەنینەوە پیاوەتیمان کۆدەکەنەوە کە لە مێژ بوو لەو باشوورەدا لەژێر دەسەڵاتی کوردا ڕیسواکرابوو! لەخەونی کێدا بوو کچانی وڵات ئابروومان بکرنەوە! کێ دەیزانی کە جەستەیەک هەیە بچکۆلانە، ڕۆح سووک، لێوەکانی پڕە لە پێکەنینی بەرایی پێمان دەڵێت: بە ڕیش نییە! بە ئیشە! کێ دەیزانی ئەم دەستە بچکۆلانەیە بەم هەنگاوە ووردانەوە شتێکمان پێدەڵێن کە لە مێژە نەمان ووتوە کەویش ئابرووە! ئابروو ئەم نیشتیمانە! كێ دەیزانی ئەم دەستە بچکۆلانە ڕۆژئاواییە بۆنی گوڵو خاکیان گرتووە! کێ دەیزانی ئەم کچە چاو ڕەشە خۆرئاواییە دەستەکانی پڕە لە خەنەی خۆشەویستیو خۆرێ لەگەڵ خۆیدا هێناوە بۆمان کێ دەیزانی! کێ دەیزانی کێ!
کەچی ئێمە لەو باشورەدا هەر خەریکی دزینی جوانێکانی ئینسان بووین! کەچی ئێمە لەو باشورەدا هەر خەریکی خەندەق لێدان بووین! کەچی ئێمە لەو جوگرافیایەدا هەر خەریکی موزیکی تورکو تاتڵسەکان بووین! کەچی ئێمە هەر خەریکی ئاڵتوونو دۆلارو تاڵانکردنی خاک بووین! کەچی ئێمە هەرخەریکی دەهۆڵی دراوبووین! کەچی ئێمە هەرخەریکی درۆ و گەندەڵیو فرۆشتنی ئابرووی نیشتیمان بووین! کەچی ئێمە هەر خەریکی سەروەرێکانی سەرۆک بووین! ئای لە ئێمە خەریکی زۆر شت بووین، زۆر سەرمان قاڵبوو بە تاڵنکردنی خاک و نیشتیمان، لەسەر هەموو شتێک ئەدواین تەنها ئابروو نەبێت ئەویش لەبەر ئەوەی دەمێک بوو دۆراندبوومان، دەمێک بوو ئابروومان تکابوو هەربۆیە هیچ کەس لە ئێمە نەیدەزانی ئەنفال واتای چیە!
گۆران ئەو زلەیەبوو کە تاک بەتاکمانی لەو خەونە قوڵە بێدارکردووە کە پێووتین ئیتر شتێک نییە بۆ ووتن هەر هەموومان، هەر هەمووتان هەمان چەقۆو هەمان زامو هەمان قوربانی ڕۆژەکانین! گۆران کەلەسەر قوربانێکانی شارێک دەنگی بەدەست هێنا کەچی ئەم شارە داماوە هەمیشە قوربانی ڕۆژەکانە! گۆران لە حەڤدەی شوباتدا خەڵکی شاری کرد بە دووبەرەوەو خەڵکە ڕەسەنەکەی شاری لە میدیاکانی خۆیدا بەکارهێناو ڕۆشنبیرو نوسەرە جوانەکانی شاری کرد بە قەڵغانێک بۆ خۆی لە دواییشدا کە ئیشی بە هیچیان نەما پولێکی قەڵپی پێوەنانو لە خۆی بێبەریکردن لە هەموویشی کارەساتتر ئەوەبوو هەندێکیانی لەبەر چاوی خەڵکی شاردا سووککردو بەوەیشەوە نەوەستایە لەپێش هەموویشیانەوە دەستکرد بەدەرکردنی خەڵکی شار! هەرچی خەڵکی شار هەبوو تا ئیشیان پێبوو ئیشیان پێکرد بەڵام هەر کە ئیشەکەیان تەواوو بوو هەر هەموویانی بەدەرکردندا دا! لە پێش هەموویانەوە دەستکردنی بەدەرکردنی سەرکردەکانی شار و هەرکەسێکیش ڕەخنەیەکی بچوکی لە گۆران بگردایە لە پێش هەموویانە بلۆکدەکراو و بەدەرکردان دەدرا! دوایی قوتابخانەکانی شاری لەگەڵ خۆدا بردوو بە باخچەی ساوایانی سپاردنو فێری ئەوەی کردن : نەوت، بۆرێکانی نەوت، هێڵەکانی سکەی دراو هەر هەموویان بڤەیە ودەست دەسووتێنێت، فێریکردن کە چۆن دارا دوو داری بینی! مێووژی مام زۆراب کە چەند نایابە! لەم دەڤەرەدا شتێک نییە ناوی داهاتوو بێت
یەکێتی بەو هەموو کوتلەو باڵو جیاوازیو دووبەرێکیەوەی کە هەیەتی توانی بەرگری لە بەرەکانی جەنگ بکات هەرێم تا رادەیەک ئارام بێت، ئەو توانی لەسەر پێکانی خۆی بۆستێتەوە کە ناحەزەکانی چاوەروانی ئەوەیان لە یەکێتی دەکرد ئیتر وەک تیپی فوتبۆڵی کۆڵانەکان هەڵوەشیتەوە بەڵام پێچەوانەکەی دەرچوو بەڵکو لە جارانیش بەهێزتر بوو! ئەگەر ئەو هەموو کوتەلبازییە لەنێوەند گۆراندا ببوایە ئەوا گۆران دەمێک بوو هەڵوەشابۆوە بەڵام گۆران دەیزانی بەرگری کوتلەبازی ناکات هات زیرەکانە هەر هەموویانی بەدەرکردندا! ئەگەر ئەو هەموو باڵە لەنێوەند پارتیدا ببوایە ئێستاکە پارتی دەبوو بە چەند بەشەوە بەڵام یەکێتی توانی هەر یەکێتی بێت و لە جارانیش بەهێزتر بێت! ئێستاکە ئەو پرسیارە هاتوو کەلە گۆرانی بکەین! ئایا گۆران چی گۆری؟؟؟؟ گۆرانکارێکانی گۆران لە چیدایە! کە ناحەزەکەی توانی لە خۆی زیاترو لە جاران بەهێزتر بێت! گۆرانیش تابێت کزترو لاوازترو بێ بڕوا دەمێنێتەوە لای خەڵکی شار! هەر وەک چۆن باورناکەم جارێکی تر یەزیدێکان دەنگ بدەن بە پارتیش ئاوایش باورناکەم کە خەڵکی شار جارێکی تر بە دەهۆڵەکەی گۆران چەواشەبکرێتەوە! دەسەڵاتێک، حوکمەتێک نەتوانێت لەکاتی قەیرانەکاندا بەهانای خەڵکەکەی خۆیەوە بێت و بیانپارێزێت! ئەی پێمناڵین ئەم دەسەڵاتە کارتۆنییە بۆ چی باشە! یەکێتی توانی زیرەکانە قوبادی تاڵەبانی بنێڕیت بۆ نێوەن گۆرەپانی ململانێ سیاسەتەوە، بەڵام گۆران نەیتوانی کەسێک لە نەیاراکانی خۆی رازیکات! قوباد بوو بە جێگیری دەسەڵاتدارانی پارتی و هەموو دەسەلاتەکەیشی لێسەنرایەوە چونکە زانیان کە مەترسی دەبێت بۆ دەسەڵاتی سەرۆکی حوکمەت! بەڵام قوباد زیرەکانە بە بێدەنگی هەموو شتێکی قبووڵکرد هەر لە پێناوی ئەوەدا کە ئارامی بپارێزێت! دەبێت گۆران ئەوەیش بزانێت کە ئەوە یەکێتییە کە گۆران دەیپارێزێت! ئەگەر گۆران لە ژێر ناوچەی زەردا ببوایە ئەوا دەمیک بوو وەک بارەگاکانی ئیسلامێکان سوتابوون تەفرووتوونا کرابوون! ئەگەر هێزێکی وەک یەکێتیش نەبوایە ئەوا پارتی دەمێک بوو سەری هەموومانی پانکردبۆوە! ئێستاکە پرسیار ئەوەیە چی و کێ پێویستە بۆ ئەم فەوزایە؟
ئێساتاکەیش کاتی ئەو هاتووە کە پرسیار لە پەرلەمانی هەرێم بکرێت پێیان بڵێن: سوودو زیانەکانی خەندەق لێدان چیبوو! پێیان بڵێن ئەو چاڵانە لە پشت چی سەرێکەوە بوو! پێیان بڵێن: چاڵەکان کەنگی پڕدەکرێنەوە بە لاشەی ڕۆلەکانمان! ئێوە بۆ هەڵوێستان نەبوو کاتێک حیزبیک دەستیکرد بە چاڵهەکەندن هەر بە تۆپزلی و حسابی بۆ کەستان نەکرد! ئێوە بۆ بێدەنگیتان هەڵبژارد! ئەگەر سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانی هەرێمدا هەڵبژێرێتەوە ئەوا بە دڵنیاییەوە جارێکی ترو بۆ سەدانجاریتر هەر بارزانی دەبێتەوە بە سەرۆکی هەرێم! گومانی تێدا نییە خودی ئەندام پەرلەمانەکانی گۆرانیش دەنگ بە بارزانی دەدەنەوە
لەساڵی ١٩٩١ وە عەرەب بە لێشاو خۆی دەکات بەو باشورە بچوکەدا کەچی باشور دەڵێت باهەر بێت! لە ساڵی ١٩٩١ باشور لە سێ پارێزگا ئیتر هیچیتر نەبوو ئەوان نەیانتوانی لەو ماوە دوورەدا تەنها سکەیەک لێبدەن ئێستاکە چۆن دەتوانن دڵی ئێمە سارێژکەن! ئەوان بۆ بیستو پێنج ساڵ دەچێت عەرەب دەکەن بە قورگماندا ئیتر ئێمە کە لە واتای ئەنفال دەگەین! ئەوان دەستوورێکیان بۆ دروستکردوون مافی هەموو دووژمنانی کوردی تێدا پارێزراوە بەڵام بە خاڵێکیش باسی کوردی جوگرافێکانی تر ناکەن! لە دەستووری عێراقیدا هەیە کە کوردو عەرەب لەم نیشتیمانەدا دەژین! بەڵام ئەمرۆکە کورد دەیەوێت جودا ببێتەوە! لەدەستووری کوردی باشوردا خاڵێک هەیە دەڵێت: ئەم نیشتیمانی کوردو تورکمانو کلدانو ئاشوریو کاکەیی و یەزیدی و ئەرمەنییە بەڵام ئەی کێ ناڵێت تورکمانەکانیش کەدەیانەوێت ببن بە نەتەوەی دووەم لە باشوردا لە پاشەڕۆژدا داوای جودابوونەوە ناکەن! دەستوورێک لە باخچەی ساوایانی ئەم هەرێمەوە نوسرابێتەوە دەبێت چاوەروانی چی لێبکەیت! من هەرگیز نەمبینیوە کە پاسارێکان پەلاماری داڵەکان بدەن.
هەدەپە سەرکەووتنی هەڵبژاردنی مسۆگەرکرد بۆمان. یەپەگە و شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل توانیان ئازایانە کۆبانی بپارێزێن لەو ئاگرببارانەدا هێمنیو دڵنیای بخنە دڵی هەریەکەمانەوە و پێمان بڵێن کە خاک چەند پیرۆزە، پێمان بڵێن ئێمە نەوەی نێوی ئەم گەلەین مەحاڵە وەک پیاوە سیاسێکانی ئێوە هەمیشە هەڵبێن! میدیاکانی ئەم جیهانە ڕۆڵێکی باشیان بینی لە ڕۆماڵکردنی کچە ئازاکانی کۆبانیدا و بوونە سەرنجی خەڵکی ئەوروپاو ئەمەریکا ئێمە توانیمان گیانێک بە خۆمانەو بهێنینەوە کە دەمێک بوو لە سایەی سێبەری دەسەڵاتی هەرێمدا ڕۆحی کوردایەتیمان بەرەو لە ناچوون دەچوو! بەڵام سوپاس بۆ خودا کە کچە ئازاکانی ولات ئابرووی ئێمەیان کرێیەوە! ئێستاکە دەتوانین بڵێن کە سێ پارچەی کوردستان دەتوانێت ئارام بێت! ئێستاکە گۆرانیکاری لەو جوگرافیایەدا لە ئارادایە ئەگەر کورد زیرەک بێت دەتوانێت بزمارەکانی تاپوتی دەوڵەتی کوردی کە باشور دایکووتیوە شلببنەوە و لە بنەوە هەڵکێشرێتەوە و جارێکی دیکە پلان دارێژێن بۆ پرۆسەی زیندووکردنەوەی دەوڵەوتی کوردی! من پێموایە ئەگەر باکورو ڕۆژئاوا ئارامبن ئەوا ئێمە لەو باشورەدا شانسی زیاترمان هەیە بۆ دەوڵەت! بە پێچەوانەکەیشێوە نائارامی پارچەکانی نیشتیمان دەبنە نائارامی باشور! هەر بۆیە دەبوایە باشور بە درێژایی ٢٥ ساڵ خەریکی پردی پەیوەندێکانی تاک بە تاکی برایەتی کورد بووایە لەو جوگرافیایەدا نەک دژی ببوایە! ئێمەی باکورو ڕۆژئاوا پشتمانو کوردن و برامانن بەردەمیشمان عەرەب ئەو عەرەبەی کە بەدریژایی مێژوو تینووی خوێنمانە! دەبوایە ئەو پردە لەلایەن خودی هەرێمەوە دروسکرایە نەک خەندەقی لێدایە! ئەگەر بێتوو باشور تیرۆلیستانی داعش ببێتە درواوسێ هەرێم ئەوا دەبێت باشور تاماوە خەون بە ئارامییەوە ببینێت چونکە ئەو عەرەبە تووندرەوە ئیسلامییە دەبێتە کابوسی باشور و خەون لە چاوەکانی دەفرێنێت! ئێستاکە لە باکورو ڕۆژئاوادا کچان ڕۆڵێکی گرنگی نێوەند پرۆسەی سیاسین بە پێچەوانەوە لە باشوردا کە کچان تەنها بۆ حەزەکانی حیزب و مەسولەکانی بە کارهاتووە نەک بۆ پرۆسەی سیاسیو ژیانەوەی کۆمەڵ! لە باشوردا پیاوەکانی کۆیلەی حیزبەکانن ئافرەت زیاتر کۆیلەترن! ئێمە وەزیرێکی کوردی ژنمان هەبوو لە ئەنجوومەنی عێراقدا کەچی لەجیاتی خەباتکات لە پێناوی نیشتیمانەکەیدا یان هەرهیچ نەبێت لە پێناوی مافەکانی ئافرەتدا خەباتکات کەچی شووی کرد بە عارەبێک کە خاوەنی سێ ژنی تربوو ئیتر چی چاوەران لەو باشورە دەکەیت کە هەمیشە دەمی گەرمە لەسەر مافەکانی ژنە! هەدەپە نەک سەرکەوتنی بەدەستهێنا بەڵکو لووتی سوڵتانەکەی تورکیایشی شکاند کە خەونی بە ئیمپراتۆری ئیسلامەوە دەبینی! تێکشکاندنی ئەردۆغان ڕێگەی بۆ سیاسەتی ئەمەریکا خۆشکرد کە بیر لە ڕێگایەکیتر بکاتەوە لەو جوگرافیایەدا! بەدوو ئەڵتەرناتیڤێکیتردا بگەرێت بۆ سەقامگیری ناوچەکە! هەر بۆییە بێگومان گۆرانکاری بەرێوەیە ئەگەر کورد تەنها ئەم جارە زیرەکانە هەڵسووکەوت کات نەک خەریکی ملشکاندی یەکتری بن! ئێستاکە گەورەترین گۆرانکاری سیاسی لەو جوگرافیایەدا دەگووزەرێت کەچی باشور خەریکی سەرۆکەو ئەو خەڵکەی بە سەرۆکە خەریککردووە کە خۆیان قوتیانکردۆتەوە بۆمان! سەرۆک لە نێوان دووهێزی وەک یەکێتیو پارتیدا هەڵبژێراوە بە تەوافووق باورناکەم کەسێک بتوانێت یان بیەوێت لای ببات تەنها ئەو خەڵکەیان سەرقاڵکردووەو گاڵتە بە هەستو نەستیان دەکەن، هەرێم لە جیاتی ئەوەی ٢٥ ساڵ خەریکی خۆیی بێت دەبوایە پەیوەندێکانی دەرەوەی بەهێزکردایە هەوڵی بۆ پرۆژەی گفتوگۆی و پەیوەندیە دبلۆماسێکانی بدایە وەک لەوەی بە لافیتەی هەڵبژاردنەکانیەوە خەریک بێت! ئێمەی کورد چیمان دەوێت! ئێمەی خەڵکی سادەی ئەو جوگرافیایە لە ئارامییەک بەدەر لە خۆمان هیچی ترمان ناوێت ! ئێوە هەرچی سەروەتی نیشتیمانە بیبەن و دابەشیکەن لە نێوەند خۆتاندا بەڵام پیرۆزێکانی خاک، سەروەرێکانی خەڵک لکەدار مەکەن تا تاکی کورد زیاتر نامۆ نەبێت بە خاکو خەڵک. لەجیاتی پەرلەمانی خەریکی پڕۆژەی تازە ببوایە و پلانی هەبوایە بۆ قەیرانەکان کەچی خەریکی قەرزکردنە و خۆیی بەسەرۆکەوە خەریکو سەرقاڵکردووە بەبێ ئەوەی هیچتری هەبێت بۆ داهاتووی ئەم وڵاتە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست