حیزبەکان لە موراڵ و ئەفسانەی کوردیدا
Saturday, 15/11/2014, 12:00
لە حەڤدەی شوباتدا کومەڵێک نوسەرو ڕوشنبیر دەردەکەونو زۆر چالاکانە پەلاماری میکرۆفۆنی سیاسەت ئەدەنو لەگەڵ زامەکانی خەڵکدا ئاوێتە دەبن، سکرینی کەناڵەکانی تەلەڤیزۆن پڕ دەبنەوە بە ڕەنگو شێوەی ئەوان، کۆڵانەکان پڕ دەبن لە ووتەی شیرینی ئەوان، فەلسەفە ڕێگایەک دەبێت بۆ ڕزگاربوون لە دۆزەغ ئەو دۆزەغەی کە دەسەڵات بۆی خوڵقاندوون کەچی هەمان نوسەر، هەمان ڕۆشنبیر لە شەنگالدا هچیان پێ نامێنێت بۆ ووتن، مرۆڤ هەمیشە ڕستەیەکی هەیە بۆ ووتن بەڵام مەخابن ئەوان تەنها یەک ووشەیشیان پێ نەمابوو بۆ ووتن. شەنگاڵ خاڵی بەتاڵبوونەوەی هزری ڕۆشنبیر و تاکی کورد بوو سەرەتایەک بوو کە پێشبینی ئەوەی دەکرد کە حەڤدەی شوبات کۆتاییەکەی بێت! مەخسەرە لەوەدایە کە کەناڵەکانیش موڵکی حیزبن کەچی ڕۆشنبیری کورد هەمیشە میوانی تەلەڤیزۆنەکانی حیزبن!
کەمەڵێک ڕۆشنبیری تر بە پەلەهاوار بە هزرێکی زۆر توندەوە دەچنە سەر ئاینی یەزیدێکان، وەک خۆدزینەوەیەک لەو ناپاکییەی کە کرا لەو جوگرافیا بچوکەدا ئەمانە بەبێ ئەوەی پێمان بڵێن خۆیان پێشتر لەسەر چ ئاینو دینێک بوون؟ من ڕۆشنبیرم نەبینیوە بازبازێنی ئاینو دین بکات بە پێچەوانەوە ڕۆشنبیر بازبازێنی فەلسەفەو هزری کردووە، ئەریک فۆرم دەڵێت: جاران سەرسام بووم بە تیوۆرێکانی فرۆید بەڵام جاران هیچم نەدەزانی ئێستاکە شت دەزانم هەربۆیە پێویست ناکات ئیتر سەرسام بە فرۆید! ئەمە وتەی ئەم فەیلەسوفەیە کە پرسیاریان لێکرد؟ باشە ئەم ڕۆشنبیرانە بۆ وەک ئەریک فۆرم باسی ڕابردووی ئاینو دینی خۆیان نەکرد ئایا ئەوانیش وەک ئەریک فۆرم هیچیان نەدەزانی لەسەر ئەو ئاینەی خۆیان یان چی؟
کۆمەڵێک دکتۆرو ڕۆشنبیرو نوسەر هەڵسان بە نووسینی نامەیەک پڕ لە هەڕەشە ئامێز و پڕ لە ووتەی ئاگرین ، نامەیەک بە پەلە وەک ئەوەی دنیا تەنها ڕۆژێکی مابێت بۆ ژیان، وەک ئەوەی ئیتر ئەمە دواهەمین نامە بێت بۆ ناپاکی! نامەکە بۆ سەرۆکی هەرێم بوو کە دەبێت بدرێت بە دادگا، ئاخر کام دادگا؟ خۆ دادگا نادهێت لەسەر نامەیەکی ئێوە کەسێک بگرێتو زیندانی کات، غێر دەبێت کەسێک سکاڵای لە دادگا لێبکات ئەوساکە داگا هەڵسێت بە کاری خۆی؟ ئایا ئێوە یەکێکتان بە فەرمی چوونە دادگاو سکاڵاتان تۆمارکرد یان ئێوەیش ویستان وەک حەڤدەی شوبات، هەژدەی شوباتێکی تر بخوڵقێنن؟ لەگەڵ ڕێزمدا بۆ ئێوە ئایا شتێک هەیە ناوی دادگا بێت لەو دەڤەرەی ئێمەدا؟ ئەی هەر خۆتان لە سەدان بابەتو نوسینتانە باسی ناکەن کە شتێک نییە بە واتای وشە ناوی دادگا بێت جگە لەوەی کە مۆری حیزبی پێوەیە دادگا! یاخود ویستان بەم نامەیە خۆتان لە کۆمەڵێک ئەرک کە پێتان سپێنراوە بدزنەوە یان ئەوەتا هزری ئێوەیش خاڵی بۆوە لە شەنگالدا؟ تێنەگەیشتن لەم هاوکیشەی ڕۆشنبیری کوردە دەمانخاتە لەسەر هێڵی خۆ کوشتن بە هزرو فەلسەفە پێماندەڵێن بۆشایەکان ترسناکترین ڕێگایە بۆ خۆ کوشتنە بەو واتایەیی کەنابێت ڕۆشنبیر بۆشای لە هزرو کردارەکانیا دروست بکات، ئەگەر دروستیشی کرد دەبێت بە زوترین کات پریکاتەوە بە هزر نەک بە خاڵی جێیان بهێڵێت. ئەگەر مایکرۆفۆنت بینی دەستی بدەرێو قسە بکە ئەگینا ئەگەر قسە نەکەیت ئەوا یەکێکی تر لە جێ تۆ قسە دەکات! ئەو بۆشاییانەی ڕۆشنبیری کورد دروستی کردو بەجێهێشت بە گەندەڵیو کەسانی نابەرپرسیار پڕکراونەتەوە تا ئەم بۆشاییەیش درێژەی هەبێت تەمەنی گەندەڵیو نایەکسانی درێژەی دەبێت.
پەرلەمان ئەو دەزگایەیە کە گرفتەکانی کۆمەڵ لەسەر بنەماکانی هزرو لۆجیک هەڵئەسەنگێنێ و چارەیان دەکاتو پلانیان بۆ دەدۆزێتەوە بەدووی ئازارەکانی خەڵکەوەیە ئەگەر هەر بۆی نەکرا ئەوا هەرگیز زامیان ناکولێنێتەوە بە پێچەوانەوە دەبێتە مەرهەمی زامیان هەوڵئەدات بۆ ڕێگا چارەیەک. ئەندام پەرلەمان دەنگی کۆکراوەی خەڵکە بەو واتایەیی کە کۆمەڵێک خەڵک هەڵدەسن بە دەست نیشانکردنی نوێنەری خۆیان و لە نێو خۆیاندا کەسێک هەڵدەبژێرن کە نوێنەرایەتیانبکات نەک دەمیان داخات! من پێموایە ئەندام پەرلەمانی خۆمان دەمی خەڵکیان داخست وەک لەوەی نوێنەرایاتیان بکەن و زامەکانیان تیمارکەن.
ئەندام پەرلەمانێک لەباتی ئەوەی پەرلەمان بکات بەماڵی خۆی بە پێچەوانەوە دهێت لە تۆری کۆمەڵایەتی بەقسەی خۆیان لە فەیسبوک دهێت باس لە دزینی سەروەتو سامانی ماڵی کورد دەکات لەباتی ئەوەی بێت لە هۆڵی پەرلەماندا باسی بکات و لێبکۆڵێتەوەو لەگەڵ ئەندامەکانی تردا ڕێگا چارەیەکی بۆ بدۆزنەوە. فەیسبوک دەڵێت: بە بەڵگەوە ناوەکانی ئەو کەسانەم لەبەردەستایە کە سەروەتو سامانی میللەت ئەدزنو بازرگانی دەکەن بەسەر خوێنی ڕۆڵەکانی گەلەوە، ئەو بەخۆیو کاکلیلەیتە شکاوەکەیەوە خەریکی ژماردنی بەرمیلەکانی نەوتو ئاودیوکردنی ناپاکییە، لەو لایشەوە سەرۆکی حکومەت دەڵێت ئێمە هیچ بەڵگەیەکمان لەبەر دەستا نییە بۆ ناپاکیو ئاودیوکردنی سەروەتوسامانی خەڵکی! مەخسەرە لەوەدایە کەفەیسبوک جێگەی دەزگای پەرلەمانی گرتۆتەوەو لەوێوە سکاڵاکان دەخرێتە سەر پەرەی یەکەمی بێ هوشیاری ئەم گەلە بەدبەختە کە هەر جارەی بە دەست حیزب و کۆمەڵێکەوە گاڵتە بە هەستونەستی دەکرێت بەبێ ئەوەی یەکێکمان پرسیارێکمان لادروست بێت ئەم حیکایەتی مێشە کەی کۆتایی دهێت؟ پەرلەمانیش بۆتە فەیسبوکی هەموان ڕۆژانەیش کلیپی تازە بە قاتو بۆینباخی تورکییەوە خۆیی تازەو دەکاتەوە بە ریشی قەترانیو جڵ بۆنی گلامورەوە
موراڵ واتە ڕەوشت! کردارەکانمان پێماندەڵێن کە ئاستی ڕەوشتی ئێمە لە کوێدایە! ئەوە ڕەوشتە پێماندەڵێت ئەمە باشە ئەمە خراپە! تۆ ژینگەی وڵات پیس مەکە بە دوکەڵی سیغارەو ماشێنەکانتا ئەوا تۆ بەو کردارە تێماندەگەیەنیت کە تۆ کەسێکی ڕەوشت جوانیت بەبێ ئەوەی خۆت تەنها وشەیەک بدرکێنی بۆمان. زۆرجار شتە بچوکەکان پڕن لە واتایی گەورەیی، مرۆڤ لەیەکەم هەنگاوەوە فێر دەبێت تادوا مەزڵگایی هەر تینوی فێربوونە، سیحری ئەم گەردوونە لەوەدایە کە تێر بوون لە هەگبەیدا نییە، سروشت بەوە جوانە کە تاکەکانی خاوەنی موراڵێکی جوانبن.
ئەوروپێکان موراڵیان کردووە بە کلتوری خۆیان نەک بەواتایەی کە ئێمە لێتێگەیشتوون بەڵکو بەو واتایەی کە خۆیان ڕیساو یاسایەکیان بۆ داناوە، موراڵ لای ئەوان کار کردنە بە هەموو واتایەکییەوە، بەو واتاییەی ئەوەی ئیش نەکاتو پارەی باج نەدات ئەوا موراڵی نییە بۆ خودو نیشتیمانەکەی ئەوان بەو شێوەیە لە موراڵ گەیشتوون، زۆر کەس لەسەر ئەم بنەمایی تێگەیشتنە لە ئەوروپا تۆشی زۆر کێشەی دەروونی دەبێتو ویژدانی ئازاری ئەدات زۆر کەس لەکاتی بێ ئیشیدا ئەو پارەی کە وەریدەگرن لەباتی ئەوەی زیندەگییان باشبکات دەبێتە ئەوەی باری دەروونیان خراپترکات چونکە ئەوان دەزانن کە بێکاری واتە بێ موراڵی، ئەوان ئاوا لە ڕێساکانی ڕەوشت گەیشتوون ئەوەی ئیش نەکات دەکرێتە دەرەوەی کۆمەڵگە.
لەوەیش خراپتر ئەوەیە کە کۆمەڵگە بە یەکجاری فرێداتە دەرەوەی خودی خۆی ئەوەیە ئەگەر کەسێک بێت ناپاکی یان سیخوری بەسەر وڵاتەکەیەوە بکات ئەم جۆرەیان هەرگیز قبوڵ نییە لای ئەوروپیکان هەربۆیە لە ئەوروپاو ئەمەریکادا ناپاکیو سیخوری بەسەر وڵاتەوە هەرگیز لیخۆشبوونی بۆ نییە ئەو مرۆڤە دەبێت یان بەسزای خۆیبگات یان دەبێت بە زوترین کات وڵات چۆڵکات جگە لەوەی مۆری ناپاکی دەنرێت بە تەمەنییەوە. سیستەمی بەرێوبردنی هۆش لەسەر بنەماکانی ئەم چمکە دامەزراوە، کارکردن واتای خۆشبەختییە بە نیشتیمان، دەروون پاکی بەخشینی ژیانێکی پڕ لە ئاسودەو سەروەرییە بۆ تاکەکانی کۆمەڵ ئێمە لەم دوو چمکە تەنها یەکێکیشمان نییە تاژینگەی نیشتیمانی پێ جوانکەین!
ئەڵێن مێژوو هەمیشە خۆیی دووبارە دەکاتەوە بەڵام ئەوە مێژوو نییە بەڵکو ئەوە ئێمەین ژیانمان، مێژوومان، تێدا وەستاوە هەربۆیە ڕۆژەکانمان، تەمەنمان، ڕەنگمان لەیەک ئاستی بیرکرنەوەو یەک ئاستی تێگەیشتیمان هەیە بۆ ڕووداوەکان. ئەگەر ئێمە دەقی زیندوویشمان هەبێت بەبۆچوونی من ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئێمە ئەوەندە بلیمەت بین بەڵکو پەیوەندی بەو ژیانە وەستاوەیی ئێمەوەیە کە ئەمڕۆمان لە دوێنێو ئەم ساڵمان لە پار دەچێت ئەگینا شتێک نییە ناوی دەقی زیندوو بێت بەڵکو کارەستاکان هەموو یەک کۆپی جوگرافیانو یەک کۆپی تاوانو کەسەکانن.
ئەفسانە ئەو سیحرە جوانەیە کە ئەمڕۆکە زۆر یان کەم لە دنیایی لۆژیکماندا دەیبینین. هەڵبەتە من نامەوێت لە ئەفسانە بدوێم بەڵکو دەمەوێت ئەفسانەیەکی کوردیتان بۆ بگێرمەوە جا لەوێوەوە خۆتان دەتوانن لەگەڵ ئەمڕۆی حیزبەکانی باشووردا بەراووردیانکەن، هیچ لە تێگەیشتنی بابەتەکە ناگۆرێت هەروەکو ئەمڕۆکە بە ئارەزووی خۆتان ئاڵوگۆر بە کەسەکان بکەن لە جێگەیان حیزبێک یان کەسێک دابنێن، چونکە هەموویان هەمان مێزی دۆمینەو تاوڵەو دامەکانو یەک سەربازی شەترنجن بەڵام هوشیاری لەوەدایە کە چۆن بەکاریانبهێنیت. ئەفسانەیەک کە ئەمڕۆکە بێگومان خۆمانی تێدا دەبینینەوە بەبێ ئەوەی پرسیارێکامان لا دروستکات، بەبێ ئەوەی تاوانەکان شتێکمان پێبڵێن بۆ ئایندە.
دەگێرنەوە دەڵێن:
سێ کەس بە درێژایی تەمەنیان لە قوڵایی دەریاکاندا ڕۆژگارو شەوەکان دەبەنە سەرو لە ئاوی دەریاو زەریاکاندا زیندەگی دەکەن، ئەو سێ کەسە بە درێژایی تەمەنیان لە خودا دەپارێنەوە کە لەناو ئاودا دەریانبهێنێتو بیانخاتەوەو سەر زەوی، زەوی بەواتایی وشکانی ئەوان لە ژیانی دەریا بێزارو دەیانەوێت بگەرێنەوە لەسەر خاکی باوکو باپیریان، گەرانەوە بۆ ئەو شوێنەی کەلێوەی هاتوون. نزاکانی ئەم سێ کەسە ڕۆژێک دەگاتە لایی خوداو خودایش بەزەیی پێدانەدهێتەوە بە مەرج لە ئاو دەریان دهێنیت، خودا دەڵێت: لە زیندەگی زەریاکان ڕزگارتان دەکەم بە مەرجێ هەر یەک لە ئێوە خۆزگەیەک بخوازێت بۆ خۆی تا بتوانێت لەسەر زەوی بژێوی خۆی پەیدابکاتو پێی بژی واتە کارێک بۆ خۆی بخوازێت کە خودا لەسەر زەوی بیانداتێ ئەمە مەرجی خودا دەبێت بۆ ئەو سێ کەسە.
خۆزگەی کەسی یەکەمیان دەڵێت:
خودایە کەهاتمە سەر زەوی و خاکی پیرۆزی تۆ بمکەیت بە کچی پاشای زەوی، خودا خۆزگەکەی بۆ دهێنێتە دیو جێبەجێدەکات بۆی و دەیکات بە کچی پاشای زەوی.
دووەمیان دەڵێت:
خودایە بمکەیەت بەو کورە جوان و قۆزو ئازایەیی کە کچی پاشای زەوی بۆم شەیدابێتو شووم پێبکاتو بمکەیت بە زاوای پاشای زەوی، خودا خۆزگەی ئەویش دهێنێتە دیو دەیکات بە زاوای پاشای زەویو دەیکات بە خۆشەویستی کچی پاشا.
خودا بە سێهەمیان دەڵێت ئەی تۆ نیازو خواستت چییە تابۆت جێبەجێکەم:
سێهەمینا لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
خودایە گیان ئەویانتکرد بە کچی پاشای زەویو ئەمیانتکرد بە زاواو قارەمانی پاشای زەوی ئەی چی بۆ من ماوەتەوە تەنها خزمەتکاری نەبێت هچی تر بۆ من نەماوەتەوە ، خۆ نامکەیت بە خزمەتکاری ماڵی پاشا بۆیە کەسێ سێیەم بریاری خۆی دەداتو ڕوودەکاتە خودای خۆی و دەڵێت:
خودایە خۆزگەی من ئەوەیە کە ئەو دووانەم بۆ بگەرێنیتەوە ناو ئاوو دەریاکان. خودایش بە قسەی دەکاتو خۆزگەو نیازی بۆدهێنێتە دیو هەردووکیان دەگەرێنێتەوە نێو قوڵای دەریاکان.
ئەم ئەفسانەیە ئەوەمان پێدەڵیت: کە خودی کەسەکانو خودی ئەو سیستەمەی ئێمەی پێوەگرێدراوین هەمان ویستو هەمان تێروانیمان هەیە بەرامبەر بە یەکتری هەر بۆیە ئێمە ناتوانین لەم جوگرافیایەدا کەسێکی تەندروست بین یان هیچ نەبێت وەک ئەوەی کەهەین خاوەنی بیرو هزری خۆمان بین، دەسەڵات ئەگەر نەزانیت چۆن بەکاریبهێنیت ئەوا سەرت دەخوات، ئەم دەسەڵاتە بێ هزرو هۆشەی لەم جوگرافیایەدا ئەگەر ئاوابەردەوامبێت لەسەر ئەم بەرێوبردنی ژیانە ئەوا بێگومان بن سەری هەموومان دەخواتو ئەوساکە دەبێت تاماوین خەون بەئارامیو هێمنییەوە ببینین. ئەو شەرو کوشتارو ماڵوێرانیەی کە زیاد لە چل ساڵ کراو بەردەوامە ئێستاکە لە بەرگێکی ترداو لە فۆرمو ڕەنگێکی تردا بە ڕۆشنبیرانی دەکەن، ئەگەر جاران بەتفەنگو بارووت و کوشتن دەیانکرد ئیمڕۆکە بە ڕۆشنبیرانی دەکەن. هەربۆیە ڕۆشنبیران بە پلەی یەکەم بەرپرسیارەتی هڵدەگرن لەم دۆغەی کە خوڵقاندوویانە بۆمان چونکە ئەوە بۆشایی هزرە کەڕۆشنبیری کورد دروستیکردوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست