چاڵی مەرگ
Sunday, 15/06/2014, 12:00
دواهەمین هەڵبژاردن لە کوردستاندا کەناوی کابینەی هەشتەمە جگە لەوی هیچ دەستکەوتێکی نەبوو بەڵام بێ ئەنجامیش نابێت، تۆ دەبێت لەوە بگەیت هەڵبژاردن بۆ لەکاتی خۆیدا دەکرێت بەڵام دروستکردنی کابینەیەک زیاتر لە هەشت مانگ دەخایەنێت، لەهەمان کاتیشدا ئەم کابینە خۆ بەڕێکەرە دەتوانێت کاریگەرییەکی پۆزەتیڤانەی هەبێت لەسەر ئەم بارودۆخەی کە ئێستاکە خوڵقاوە ئەم کابینە ئەو هەلەیشێ بۆ خوڵقاوە کە خۆیی تاقیکاتەوە ئیتر پەرلەمان حوکمی هەرێم کات نەک حیزبو سەرۆكی تاکرەوی هەرێم. ئایا بە پارێزگاربوون چ واتاو چ ئامانجێکی هەیە کە مرۆڤ نەتوانیت بەئاسوودەی لە گوندێکدا بژی ئەی چۆن دەتوانێت لە شارێکدا خەون بە ئاسودەییەوە ببینێت و ژیانێکی سادە بەڕێکات؟
لە کۆتایی کابینیەی حەوتەمو سەرەتایی دروستکردن و سەرقاڵیکردن بۆ کابینەی هەشت لەو کاتەدا کە خەڵک خەمی کابینەو خەمی مووچەو خەمی کاریانە پارتی دهێت چاڵێکی درێژ بە قەولی خۆیان بیستوپێنج تا چلوپێنج کیلۆمەتری بە قوڵای دوو مەترو پانی سێ مەتر لەسەر سنور هەڵدەکەنێت، پەرەلەمانی کوردستان کە نەدروستبووە لەهەمانکاتدا کۆنەکەیش دەسەڵاتی نەماوە بەسەریدا قروقەپی لێدەکەن. پارتی دەڵێت: هەڵکەندی چاڵ بۆ ئاسایشی هەرێمە و بەئاگای حکومەتی هەرێم هەڵکەنراوە کەس قسە ناکات ، کەس باسی ناکات، کەس خۆی ناکات بە خاوەنی، دوایی ماوەیەکی کەمتر پارتی دهێت چاڵێکی تر لە نێوان هەولێرو کەرکوکدا لێئەدات دیسانەوە بە بیانوی ئاسایشی هەرێم ئەی کەرکوک بەشیک لە هەرێم نییە؟ یان لەدەرەوەی هەرێمە؟ دیسانەوە کەس قسە ناکات. پارتی بۆ ئەم فەوزایە هەڵدەبژرێت بۆ چاڵ هەڵکەندن؟ بە بۆچوونی من هەڵکەندی چاڵ لە کاتێکدا کە هەرێم سەرقاڵی موچەو، بووجەو هەڵبژاردن و کابینەی هەشت و پارێزگاکان بوو لەو فەزایەدا باشترین هەل بوو بۆ پارتی چاڵی خۆی هەڵکەند تاکو ئێستاکەیش کەس نەیدەزانی چاڵ و خەندەق بۆ چی و بە ڕووی کێدا هەڵکەنرا.
سەرۆک هەمیشە کە گەشتی ئەوروپا دەکات دەبێت سەردانی پاپای ڤاکتیکانیش بکات، من نازانم سەردانی پاپای ڤاکتیکان بۆ چی مەبەستێکە بۆ دووعاکردنە یان بۆ پارانەوەیە یان بۆ نوشتەکردنە؟ دیکۆمۆنتێکی سەیرم بینی لە کەناڵی ئەڵەمانیدا بە زمانی ئەڵەمانی کە باسی مەسیحێکانی کوردستانو ئاشورێکان و ئاسوورێکانی دەکرد ئەو جوگرافیاییەی خوڵقاند بە خاکی ئاسوورێکان زۆرم سەیر لێهات من پێموایە ئەگەر ئاسوورێکان، ئاشوورێکان یان مەسیحێکان لە جیاتی کورد لەو ناوچەیەدا بوونایە بەو خەڵکە زۆرەوە ئێستاکە دەمێک بوو ببوون بە دەوڵەت!
سێ ساڵ لەمەوبەر ئاڵۆزی دەکەوێتە نێوان بغدادو هەرێمەوە لەسەر پارەی کۆمپانێکانی نەوت کە دەبێت بغداد پارەی ئەو کۆمپانیانە بدات بەڵام بغداد ڕازی نابێت کێشەو ئاڵۆزی دروست دەبێت، مالیکی سەرسەختو کوردی بێ هیوا دەبێت، سەرۆک لە سەری ڕەشەو هەرەشەی دەوڵەتی کوردی دەکات و دەڵێت: هەواڵی خۆش ئەم نەورۆزە بە ڕێوەیە یان دەڵێت: ئەگەر بغداد پارای کۆمپانیاکان نەدات ئەوا کورد ڕێگایەکی ترو چارەسەرێکی تر بە دەستەوەیە؟ کام ڕیگایە ئەوە بەس سەرۆک دەیزانێت، مالیکی دەڵێت مادەم ئێوە دەستووری عێراقتان واژووکردووە بیشفرن ناتوانن جوداببنەوە، ئەو خەونەتان هەڵگرن بۆ تورکیا لەوێوە دەتوانن خەونی خۆشتر ببین و کۆنگرەیی نەتەوەی کورد ئەمجارە لەئەستەمبوڵ ببەستن!
ئێستاکە ئەو هەلە زێرینە بۆ کورد، بۆ سەرۆک خوڵقاوە و گونجاوە کە جاڕی سەربەخۆ بوون بدات لەم هەلە زیاتر دەبێت چیتر بێت؟ یان هەڕەشەو پەنجە بەرزکردنەوەی سەرۆک تەنها بۆ وێنە گرتنبوو، میللەتێک ئازایانە بتوانێت کورەکانی بۆ بەرەکانی جەنگ بنێرێتو شانازی بکات بە شەهید بوونی خۆیی و باوکو کورەوە دەیشتوانێت ئازایانە بە سەرۆک بڵێت: سەرۆک جاڕی سەربەخۆ بوون بدە ئێمە هەموو لەگەڵتاین، سەرۆک هەلە و خۆت بکە بە قارەمانی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی، سەرۆک مێژوو تاماوە لە تۆدا بە شانازی دەمێنێتەوە، سەرۆک مێژوویەک دروستبکە کە پڕ بێت لە ئازایەتیو پڕ بێت لە کوردایەتی، سەرۆک کاتی جاڕدانی دەوەڵەتی کوردییە نەک خەونی دەوڵەتی کوردی سەرۆک شتێک بکە؟!
ئێستاکە داعش هەڕەشەیە ، داعش چەکی قورسی پێیەو ئەو خاکەی داگیرکردووە کە ناوی مادەی ١٤٠ ، ئەو خاکەی پڕکردووە لە ترسو تۆقاندن کە زۆرینەی کوردن کە زۆرینیەی ناسنامەی کوردی لە گیرفاندایە، ئێستاکە داعش گەورەترین مەترسییە بۆ سەر هەرێم بۆ کورد، کەواتە چاڵ هەڵکەندن خۆی لە خۆییدا هەروا بێ هودە نەبوو، هاتنی داعش لەو ناوچانەدا و سەقامگیریان لە بەرژەوەندی شیعەدایە نەک کورد و دەبێت بەهێزێکی تۆقێنەر بۆ کورد کە هەرگیز نەتوانێت داوایی ئەو ناوچانە بکات لێرەیشەوە ئیتر شیعە سیاسەتی بەرامبەر بە کورد دەگۆرێت بە چاوی سونەوە سەیری کورد دەکات نەک کورد ئەمە لەکاتێکدا ئەگەری ئەم سیناڕۆییە سەربگرێت بەڵام ئەگەر ئەم سینارۆییە سەرینەگرت بێگومان شیعە بێدەنگ نابێت ئیتر ئەویش سیاسەتی خۆیی بەرامبەر بە کورد دەگۆرێت. ئێستاکە کاتی ئەو پرسیارە هاتوو کە لە پارتی یان حکومەتی هەرێم بکرێت ئایا ئێوە چۆن زانیتان کە داعش خۆی دەکات بەو ناوچانەدا بۆ ماوەی یەک کاتژمێر دەتوانێت موسڵ شارێکی گەورە بگرێت و کۆنترۆڵیکات؟ ئەی بۆچی چاڵتان لە دەورووبەری موسڵ لێنەدا؟ کە خودی موسڵ دەروازەیی سەرەکی چەکدارانی داعش بوو؟
ئەگەر کورد موسڵ ڕزگار نەکات، و نەچێتە سەر خاکی عەرەبی عێراقیەوە لە سەر خاکی دووژمن بەرگری نەکات ئەوا هەرگیز ناتوانێت داوایی یەک بستی خاکی ناوچە وازلێهێنراوەکان بکات. ئەم شەڕە ئیمرۆ بێت یان سبەی هەردەبێت بکرێت جا دڕەنگ بێت یان زوو. ئەگەر یەکێتی کەرکوک ڕزگار بکات و دەستبگرێت بەسەر کەرکوکدا پێموایە دەتوانێت چونکە ئێران گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵدەکات بەڵام لە هەمانکاتدا تورکیا گلۆپی سەوز بۆ پارتی هەڵدەکات کە وازعەکە تێکبدات واتە جارێکی تر ماڵوێرانی و براکوژی کورد دووپاتببێتەوە، چونکە بمانەوێت یان نەماوێت ئێمە خاوەنی ئەم دوو حیزبەین ئەم دوو حیزبەیش کۆیی هەموو بەدبەختێکانی کوردن یەکیان باش بێت ئەوی تریان خراپ، ئەمیان شۆرشگێر بێت ئەویتریان سەر بەدووژمن، ئەگەر تورکیا پەیمانی دروستکردنی دەوڵەتی کورد بدات بە پارتی ئەوا لەهەمان کاتیشدا ئێرانیش دەتوانێت پەیمانی دەوڵەتی کوردی بدات بە یەکێتی، ئەگەر تورکیا بۆ پارتی حەڵاڵ بێت؟ ئەوا بە هەمان شێوە دەبێت ئێرانیش حەڵاڵ بێت بۆ یەکێتی! ئەو دەوڵەتە کوردییەی کە تورکیا دەخوازێت دەبێت پارتی ڕابەری بێت ئەو دەوڵەتە کوردییەی کە ئێران دەخوازێت دەبێت یەکێتی ڕابەری بێت، هەموو دەوڵەتە کوردێکانیش لە سنوری سلێمانی ، هەولێر و دهۆک تێپەرنابێت. ئێمە بەلانسێکمان دەوێت خۆی بخاتە پاڵ عێراق کێیە؟
قەزافیو وڵاتی لیبیا گەورەترین سەرمایە بوون بۆ ئیتاڵیاو فەرەنسا بەڵام کە لێیاندا یەکەم وڵات فەرەنسا بوو کە لێدا و سەرباز و فرۆکە جەنگێکانی بۆ نارد هەر ساتەلایتەکانی ئەوانیش بوو خودی قەزافی ئاشکرا کردو بە درندەیی کوشتیان. هەر وەک چۆن شاخ لە وێنەدا جوانە، هەروەکو چۆن دەریا جوانە لە تابلۆکاندا بەڵام لە راستیدا دەریا ترسناکو شاخیش ماندووت دەکات ئەوایش سیاسەت و دیموکراسی تەنها لە سکرینی تەلەڤیزۆنەکان و هاوار هاواری میکرۆفۆنە ژەنگگرتۆکەی سیاسەتەوە جوانن.
ئێمە هەرگیز ئاسودە نابین، ئیتر هیچ شتێک نرخی نەما بۆ ووتن ئەوەی ووتمان بۆ ووتن نەشیاوو ئەوەی نەیشمان ووت تازە مەحاڵە ووتنی
کەسێک چاڵێک هەڵدەکەنێ
بۆ ئەوەی مردوویەکی تێدا بنێژێ
کەسێک چاڵێک هەڵدەکەنی
بۆ ئەوەی حەقیقەتێکی تێدا دەستکەوێت
بەڵام ئەو پیاوەی گەرەکی خۆمان
چاڵێکی گەورەی هەڵکەندووە
بۆ ئەوەی حەقیقەتێک و زیندوویەکی تێدا بنێژێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست