کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


کۆبانی و پلانی سێهەمی تورکیا

Saturday, 01/11/2014, 12:00


هەولێر کۆپییەکە لە تورکیا نەک لە دوبەی!
ڕۆشنبیرێک دەڵێت: کۆبانیش یەکێکە لە قوربانێکان، کۆبانیش دەچێتە خانەی قوربانییەوە، ئەو ڕۆشنبیرە بەبێ ئەوەی ئاماژە بەو قوربانییە بکات یەک ڕاست دەمانخاتە سەر سکەی خۆدزینەوە لە تێگەیشتن بەهزر. بەڵام بە پێچەوانەکەیەوە کۆبانی بوو بەخاڵی وەرچەرخاندنی هزری تاکی کورد، کۆبانی چووە خانەیی سەروەرییەوە هەروەک قەڵای دمدم! قەڵایی دمدمیش یەکێکە لە سەروەرێکانی کورد. ئەو ڕۆشنبیرە چونکە تێروانینێکی ئادیالانەی هەیە بۆ تێگەیشتن هەر دەبێت بەو جۆرە بیرکاتەوە و باس لە قوربانی کات، ئەمەریکێکان ئێستاکەیش باسی سەروەری خۆیان لە ڤێتنامدا دەکەن ئەگەرچی لە ڤێتنامیشدا شکستیان هێنا! بەڵام لای ئەمەریکێکان هەمیشە سەروەرێکان ئاماژەن بۆ داهاتوو نەک قوربانێکان، ئەمەریکا مێژوویەکی هەیە لە داهاتوو نەک لە قوربانی، ئەمەریکێکان مێژوو دەنووسنەوە نەک مێژوو بیاننوسێتەوە. هزری ڕۆشنبیری ئێمە هزرێکی شێواوە کۆپییەکە لە قوربانی، کۆپییەکە لەڕابردوو کۆپییەکە لەدەستەڵات، کۆپییەکە بێ دیسپلینی خود.

کۆبانی نەک خاڵی وەرچەرخاندی هزری کوردە بەڵکو دەبێت خاڵی وەچەرخاندی هزرو خەباتی ژنان‌و کچانی ئەم جیهانە ڕۆژیک دهێت کۆبانی دەبێت سمبوڵی بەرخودانی ئەم گەردوونە، کچە ئازاکانی کۆبانی نەک جەنگاوەرن بەڵکو جەنگاواری هزریشن، ئەوان دەڵێن ئاوێنەو شانەو مکیاج‌و ماسکارە تایبەتمەندی ئێمەی کچە، خوێندن‌و قوتابخانەکان ماڵی ئێمەن، بۆیفرێندو شوکردن مافی خۆمانە ئێمە هیچمان لە بیرنەکردووە، بەڵام مخابن ئێستاکە نیشتیمان لە حاڵەتی بەرگریدان نیشتیمان پێویستی پێمانە ئەمە قسەی ئەم کچە جوان‌و ئازایانەی کۆبانین کە فەلسەفەیش ناتوانێت بە واتایی ووشە پێناسەیانکات، بەڵام ئێمە چونکە هزرمان، کردارمان، هۆشمان، بوونی پیاوە دەبێت هەمیشە باس لە تێکشکاندن‌و قوربانیکەین. ببین کچانی کۆبانی چۆن دەستی ڕۆژنامەنووسەکە دەگرێت‌و دەیپارێزێت، چۆن بەو هزرو دڵەوە باس لە بوونی خود دەکات، نەک قوربانی، ئەمە سەروەرییە یاخود قوربانی؟ ئەمە گەیشتنە بەئایندە یاخود قوربانی ئەم کچانە پێماندەڵێن ئێمەیش حەزماندەکرد وەک ئێوە پارک و باخچەکان ماچ پڕژێنکەین، ئێوارەکان لە ژواندا ڕەنگ کەین، پەنجەکانمان پڕکەین لە لەرینەوەی سڵاو یار و گۆناکانمان پڕکەین لە پێکەنین، لێوەکانمان بە ماچی یار سورکەین، بەڵام مەخابن ئێمە ناچارکراین قوربانێکانی ئێوەی پیاو بدەین ئێمە قوربانی ئێوەیی پیاوین، ئێمە تەنها بەو ئەرکە هەڵساوین کەدەبواییە لە دێر زەمانە ئێوەی پیاو بتانکردایە کەئێوە ناویدەنێنن قوربانی، ئێمە بەشێکین لەم جیهانە درۆزنەی پیاو ئەگەر قوربانیش بین ئەوا بێگومان قوربانی ئەم هزرە بەتاڵەی دەستی ئێوەین، سروشت ئێمەی بەجوانی ناساند بەڵام قوربانێكانی هزری ئێوە شێواندیان.



ووشەی قوربانی، ووشەیەکی ئاینییە و لە ئیبراهیمی پێغەمبەرەوە بۆمان ماوەتەوە، ئەو وویستی بە قوربانیدان بۆ خودا کورەکەی بکات بە قوربانی بەڵام خودا بەرانێکی بۆنارد تا سەری برێت و کورەکەی سەر نەبرێت، ئێمە لێرەدا دوو جۆر تێروانینمان هەیە یەکەمیان قوربانیدان بۆ خوداوەندێک کە کردوومانە بە خودای خۆما دووەمیان ئەوەیە کە چۆن مرۆڤ ئاوا دڕندانە دەستی دەچێت گۆشتو خوێنی خۆیی بەدەستەکانی خۆی سەری دەبرێت، ئالەم کاتەدا خودا دهێت لە درەندەی مرۆڤ تێدەگات و هیچی بۆنامێنێتەوە ئاژەڵێکی بۆ دەنێرێت تا تێگەینێت سەربرینی مرۆڤ چەند درەندەییە، دەشێت ئەمەیش خاڵی وەچەرخاند بێت کە خودا ئەوەندە درندەو بێ بەزیی نییە بەڵکو ئەو مرۆڤەکانن لەژێر ناوی خودادا کوشتارگەلێکیان خوڵقاندووە و تەنانەت ئامادەیە کورو کچی خۆیشیان بە دەستەکانی خۆییان سەربرن. بەڵام ڕۆشنبیری کورد لە شەنگالدا هێچی پێ نییە بۆ ووتن، چونکە شەنگال خاڵی بێدەنگی بوو، شەنگاڵ خاڵیبوو لە هزرو پڕبوو لە کوشتاگەرلێک مەگەر شمشێرەکان ئەو درندەییەمان بۆ بگێرنەوە، کۆبانی خاڵی وەرچەرخاندنی هزری کوردە نەک قوربانی، دەبێت تاکی کورد ئیتر لەوە تێبگات کە خاک واتایی سەروەری مرۆڤەکانە ، من دەیان جار ووتوومە لە دووایی خانی لەپزێرین‌و شێخ مەحمودی نەمر ئەمە یەکەمجارە کورد لەسەر خاکی خۆی بەئاگابهێتەوە بەرگریی بکات لە خاک و نیشتیمان، شێخی نەمریش لە بەردەقارەمان لەبەرانگاربوونەوە ئینگلیزەکاندا دەبێت بەڵام بە سەروەری بریندارو بە دیل دەگیرێت، ئەوە قوربانی نەبوو بەڵکو سەرورەی بوو بەهەمان شێوە خانی لەپزێرینیش سەروەری بوو نەک قوربانی ، ئەوە ئەو هزرەیە کە بەسەدان ڕۆشنبیری ئێمەی تێوەگلاوە هەموو جارێک لەگەڵ هزرو دۆراندی خۆیاندا ڕاپێچماندەکەنەوە بۆ بەردەم چەقۆی قوربانێکان. لەحەڤدەی شوباتدا ڕۆشنبیرێک هاواری دەکرد اللەوئەکبر، مەلایەک دەیووت بژی دیموکراسی ، ووتم ئەگەر گەردەکان ئاوا ئاوێتەی یەکتری‌و تێکەڵبن لە خۆڵو هزر ئەوا ئێمە دەرگایی ڕزگاربوونمان زۆر نزیکە بەڵام پێچەوانەکەی دەرچوو حەڤدەی شوبات لەگەڵ ڕێزمدا بۆ ئەو کەسانەی بوونە قوربانی ئەم هزرو خۆڵە سەرەتایەک بوو بۆ گەندەڵییەکی تر، فێڵێک بوو لە فێڵەکانی دەسەڵاتی کورد لەو جوگرافیایەدا.

لەدوایی مردنی محمەدی پێغەمبەری ئیسلامدا فتوحاتی ئیسلام دەستپێکرد کوردستان یەکێک بوو لەو خاک‌و ئاوەی کە داگیریان کرد، ئیسلام ئاوا دەستیکرد بە داگیرکردن، خاک‌و ئاوی بۆ من سەروەتو سامانی بە کچ‌و ژن‌و منداڵەوە بۆ سەربازە شەڕکەرەکان لەدواییشدا سرینەوەی تاوانەکان‌و دەستپێکردنی مێژوویەکی نوێ بە ناوی ئیسلام، سرینەوەی تاوانەکان بەو واتایەیی دەبێت هەرچی مێژووی ئەو گەل‌و خاک‌و جوگرافیایە هەیە بیسریتەوە ئنجا لەسەرەوە دەستکەیت بە نووسینەوەی مێژوویەکی تازە، هەر وەکو ئێستاکە تەقاندنەوەی مزگەوتو شوێنە پیرۆزەکان لە کۆتایشدا دروستکردنی مزگەوتو شوێنی پیرۆزی تر بەڵام لە بەرگێکی تازەتردا، سرینەوەی مێژوو بە مێژوو ئەو جەنگە خوێناوییە بە درێژایی مرۆڤایەتی ئێمە لەگەڵیا دەژین و گوزەردەکەین. سەردەمی عوسمانی عەفانیش وابوو هاتن عوسمانی بن عەفانیان بە مزگەوتەکەوە سوتاند دەستیانکرد بە کوشتارگەلێک کە لافاوێک لە خوێن هەڵسا، ئەگەرچیش لەسەردەمی عوسمانی بن عەفاندا دەستکرا بە کۆکردنوەی ئایەتەکانی قورعان بەو واتایەی کە عوسمانی بن عەفان گەورەترین خزمەتی بە خودی ئیسلامکرد چونکە لەسەر سەردەمی ئەودا قورعان کۆکرایەوە لە فەوتاندن ڕزگارکرا کەچی ئەو پیاوەیان بە مزگەوتەکەوە سوتاند و دەستیانکرد بەنووسینەوە مێژوویەکی تازە بۆ خۆیان، ئێستاکەیش هەر هەمان مێژووە بەڵام لەبەرگی داعشدا، داعش دهێت نەخشەیەک‌و زمانێک‌و ئاڵایەک بۆخۆیی دروست دەکات و دەست دەکات بە نووسینەوەی مێژووی خۆیی، بەو جۆرەی کەخۆیی دەیەوێت، ئەی ئەوە نییە حیزبەکانی لای خۆمانیش دەیانەوێت هەریەکەیان بەناوی بنەماڵەی خۆیانەوە مێژوویەک بسرنەوەو مێژوویەکمان بۆ بنووسنەوە ئەوە ئێمەین لەنێوان ئەم مێژووانەدا خوێن لە گیانمان دەچۆرێتو پێمان دەڵێن قوربانی!

یانزەی سپتێمبەری ٢٠٠١ ئەمەریکا دەکەوێتە بەر گەورەترین مەترسی تیرۆلیستی ئیسلامیەوە. جۆرج دوبلیوو بۆشی دووەم کە سەرۆک کۆمار دەبێت دەڵێت: ئەمەریکا خۆی ئامادە دەکات بۆ جەنگ، ڕووی دەمی دەکاتە ئەم جیهانەو زۆر بە ئاشکرا بەگوێ خەوتوویی ئەوروپادا هاواردەکات جەنگی داهاتوومان جەنگی ئیسلام دەبێت، ئەو هێشتا قسەکەی تەواو نەکردووە پەلاماری ئەڤغانستان ئەدەن، ئەمەریکا دەزانێت پلانی یانزەی سپتێمبەر لە مزگەوتەکانی ئەوروپاوە دارێژراوە هەربۆییە ڕاستەوخۆی ڕووی قسەکردنی دەکاتە ئەوروپا دەڵێت؟ کێ لەگەڵماندایە؟ کێ لەگەڵماندا نییە ئێمە ئەم شەڕە دەکەین، ئەوە ڕێکەوت نییە ئەڵەمانیا یەکەم وڵات دەبێت کە پشتگیری خۆیی بۆ کوردستان بنێرێت گەورەترین هەڵەی تاڵەبانەکانی ئەڤغانستان ئەوەبوو کە ئوسامەی بن لادینی ڕادەستی ئەمەریکا نەکرد لەوێوەوە سەرگەردانی گەلێک سەری هەڵدا بۆ ئازادی بەڵام لە پێناوی ئەو ئازادێددا هێشتاکە خوێن لە گیانی ئەڤغانێکان دەچۆرێت. کورد وانەبوو ئەو شتێکی نەبوو ڕادەستیکات بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبوایە شتێک هەبووایە کە وەریگرێ! ئەویش خەونی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بوو! بەڵام هەر لەیەکەم ڕۆژی لێدانی سەددام حوسێنەوە ئەو خەونە زیندە بەچاڵکرا چونکە ئێمە هەرگیز سیاسەتمان نەکردووە بەڵکوو بەپێچەوانەکەیەوە ئێمە ئێستاو داهاتوویشمان هەر خەریکی سەوداو معامەلە بووین، ئێمە معامەلەمان لەسەر چارەنووسی میللەتێک کرد کە بە درێژایی مێژوو بەدووی جوگرافیایەکدا دەگەرێت کەتێیدا ئاسوودە بێت نەک بیکات بە نیشتیمانی خۆی، دەشێت ئێمە لێرەوە قسە سەر تاکو کەسایەتی کورد بکەین، دەشێت ئێمە لەو فاکتەرو جوگرافیایە بکۆڵینەوە کە تاکی کوردی تێدا بەرهەم دهێنێت، دەبێت بپرسین ئەوە چیبوو قارەمانێک لەم نیشتیمانەدا پەیدا نەبوو؟ ئەوە چیبوو هێشتاکە لە واتای خاک نەگەیشتین؟ ئەوە چییە کەئێمە دەخاتە سەر سکەی تاوان‌و تاوانکردن لەم نیشتیمانە؟ ئەوە بۆ کاریزمەیەک لەم بستە خاکەدا کە مەردوومەکانی زمانییان ئەوەندە درێژە، خەڵکانێک ئەوەندە خەریکی سیاسەتن کەچی کاریزمەی ئێمە هەر تاوان‌و تاوانکردنبووە لەم خەڵک و ئاو و خاکە؟ من پێموایە ئێمە کەسانێکین کە هیچ جۆرە فاکتەرو تیۆریو بنەمایاکمان نییە بۆ بوون، ئێمە هەرگیز پرسیارێکمان لادروست نەبوو کە بۆچی مێژووی ئێمە پڕ لەخوێن و کوشتن‌و کۆچ‌و قوربانیدان؟ ئێمە لەوەتەی هەین جانتای ژیانمان بە کۆڵەوەبوو هەمیشە ئامادەبووین بۆ کۆچ و هەڵهاتن، کە شوێنێکیشمان دەستنەکەوت تێدا بژین و ئاسودەبین گەڕاویینەتەوە لەسەر ئەو شوێنەی کە یەکەم جار لێوەوەی هەڵهاتین ئێمە لەم هاوکێشەیە هەرگیز نەگەیشتن ناوماننا گەرانەوە بۆ سەر خالی سفر! ئێمە نەمانزانی تاکو ئێستاکەیش سفر ژمارەیە؟ جووتە یان تاکە؟ ئێمە لەوەتەیی هەین کۆچ دەکەین، بەڵام هەرگیز نەمانتوانی پەرزگایەک لە خۆماندا دروستکەین ئێمە بەم جۆرە لە ژیان گەیشتین هەرگیز پێماننەزانی کەئەوە خاکە گەڕاوینەتەوە سەری خاکە خاک! ئەوە خاکە ئێمە پێوەی پەیوەستبووین بەبێ هوشیاری ئێمە، خاڵی سفریش خاڵی کۆتایی نییە بەڵکو خاڵی دەست پێکردنە، بەڵام ئێمە تەمەڵ خاوەنی فەلسەفەی خۆمانین: پردێکممان پێدەروخێت بەڵام ناتوانین دروستی کەین! سەرکردەی نەخوێندەوار و بەرپرسە درۆزنەکان کەهاتنەوە ساڵی ١٩٩١ وتیان ئێمە هاتووینەتە سەرخاکی وێرانە، ئەوان بە درێژایی هەموو تەمەنی چەکداریان لەو شاخە‌و چیایە نەیانتوانی خانوویەکی جوان بۆ خۆیان دروستبکەن ئێستاکە چۆن دەتوانن شارێک دروستبکەن، بەدرێژایی تەمەنیان نەیانتوانیی ئەشکەوتێ یان چاڵێکی خۆشاردنەوە لە بۆمب‌و فرۆکە جەنگیکانی دووژمن دروستبکەن نەیانتوانی وەک ڤێتامێکان کە ئیستاکە گەشتگەران لەهەموو جیهانەوە دهێن بۆ بینینی چاڵو توونێلەکانی ڤیتنام کە چۆن لەو چاڵ و توونێلی ژێر خاکەدا شۆرشیانکرد پلانی شەریان دارێژرا، لەژێر ئەو خاکەدا توانیان نەخۆشخانە دروستبکەن ، قوتابخانە دروستبکەن بۆ منداڵەکانیان، ژنەکانیان بپارێزن تا نەخشەی سەرکەوتنیان بەدەست هێنا، کەچی سەرکردەکانی ئـێمە بێشەرمان پێماندەڵێن: ئێمە هاتینەوە سەر خاکێکی وێرانە! بەڵام خۆیشیان بە جووتێ پێڵاوی لاسیکەوە گەرانەوە سەر ئەم خاکە وێرانەیە کەئێستاکە بۆتە کۆمپانیا بژێووی خۆیان‌و بنەماڵەیان، ئەوان هەرگیز لەو فەلسەفەیە نەگەیشتن کەلەسەر دیوارە ڕووخاوی نیشتیمان نوسرابوو لێرە کەرەسەی خانوبەرەمان لادەست دەکەوێت! نا ئەوا مەخابن چونکە بێ سەواد بوون نەیاندەزانی چۆن شارێک پڕکەن لە رووناکی، بەڵام لە جیاتی ئەوە کوڵانەکانیان پڕکرد لە ترس‌و تۆقاندن‌و پیاوی دەمامکدار.

باراک ئوبامە دەڵێت: شەڕی داعش شەڕێکی درێژخایەن دەبێت کەچی کورد هەرگیز لەو مەسیجەی ئوبامە تێنەگەیشت کە شەری داعش بۆ شەرێکی دریژخایەن دەبێت و هەرگیزیش ئەو پرسیارەی لە خۆیی نەکرد کە ئیتر لەم ڕۆژەوە دەبێت کورد خۆیی هەڵگرێت بۆ شەرێکی درێژخایەن، لەوەیش خراپتر ئەوەبوو کە سەرۆک چارەنووسی میللەتیکی خستە مزایدەی داعشەوە، سەرۆک دەڵێت ئیتر مادەی ١٤٠ کۆتایی هات! واتە کورد لەجیاتی ئەوەی شەربکات لەگەڵ دەسەڵات و سوپای عێراقیدا دهێت شەری داعش دەکات، کورد هەرگیز ئەو دەنگەی نەدا بە گوێ تورکیادا هاوارکات پلانەکانی داعش هەر هەمووی لەژێر کڵای میت‌و دەسەڵاتدارانی تورکیادایە ئێمە چونکە خاوەنی کەسایەتی خۆمان نیین هەرگیز ئەو ئازایەتیمان تێدانییە ئازایانە بە دووژمنان بڵین داعش سەرباز‌و سوپای کاولکاری ئێوەیە کە وڵاتەکەمان وێراندەکات، ئەوەی کە ئێستاکە هەیە بەرگری نییە لە خاک، لە نیشتیمان بەڵکو بەرگرییە لە کۆمپانیایی دەسەڵاتداران هەروەک چۆن داعش لە بەرگێکدا خۆیی شاردۆتەوە، ئاوایش کۆمپانیاکان لە بەرگی نیشتیماندا خۆیان حەشارداوە. جۆن بایدن کە دوایی لێبردوونی لە تورکیاو قەتەر کرد، ئەوە یەکەمجارە لە مێژووی ئەمەریکادا، ئەمەریکا دوایی لێبردوون لە وڵاتێکی ئیسلامی کەن ئیتر لەوێوە ئەمەریکێکان تێدەگەن کە تورکیا زیاد لە پێی بەرەکەی خۆیی راکێشاوە، ئازایەتی کچە ئازاکانی کۆبانی‌و لووتبەرزی تورکیا واییکرد ئەمەریکا بەزووترینکات چەک‌وخواردن‌و پێویستی پزیشکی بگاتە کۆبانی، بەڵام کورد هەروەک چۆن بووە قاچە گۆجو ئیفلیجەکەی عێراق ئاوایش ئەمجارەیش بوو دارشەقی تورکیا! گەیاندنی ئەو هەموو چەکو تەقەمەنییە بۆ کوردستان ئەوە دەگەیەنێت کە کورد لەژێر مەترسییەکی زۆر گەورەدایە رووبەرووی کۆمەڵکوژیی دەبنەوە، ئەو بۆمبانەی کە دران بە کۆبانییەدا و جەستەی و ئاسمانی کۆبانیان پێسوتێران هەمان بۆمبن کە خودی سەددام حوسێن دایی بە باشوردا، پریشکی فسفۆرو کاربۆنەکانی ئەو بۆمبە هەمان پریشکی بۆمبی فسفۆری سەردەمی سەددامە کەلە باشوردا بەکارهێنرا بەڵام ئێمەی کورد کەنگێ تێدەگەین؟ ئەرێ ئیدی بەس نییە ناپاکی لەم گەللە داماو بێکەس‌و زەلیللە، ئیدی بەس نییە ناپاکی!

داعش لەبەرگی ئیسلامدایە؟ یان ئەوە ئیسلامە لەبەرگی داعشدا؟
تۆ دەبێت لەوە بگەیت کە داگیرکەرانی خاکی کورد واتە تورک، فارس، عرب ناتوانێت بەو شێوە درندانە لەناوتبەرن‌و بتسرنەوە ژن و منداڵەکان لە بازارەکانی جەهلدا هەراجکەن، پیاوەکانیشتنا ئەگەر نەبوو بە ئیسلام دەبێت بە شمشێری سەدەی جەهل پارچە پارچە کرێن، ئەگەر بوونیش بە ئیسلام دەبێت ببن بە سەربازی ئیسلام دیسانەوە لە بەرەکانی جەنگدا بکوژرێن، واتە هاوکێشەکە لەهەردوو بارەکەدا هەر کوشتنی جەستە و ڕۆحی کوردە، تورکیا دەزانێت کە ناتوانێت بەو شێوە درندانە کوشتارگەرتکات، بەڵام دێت لە جیاتی ئەوە داعش دەکەن بە گژتا لەسەر بنەماکانی ئیسلام، پیاوە ڕیش سپێکانی ئێمە ئامادەیی ئەوەیان تێدایە بچن بۆ لای داعش بۆ گفتۆکردن لەسەر پێشمەرگە دیلەکان بەکەن بەڵام ئامادەییان تێدانییە بچن بۆ ئەو كچانەی کەلە مەزادخانەکی داعشدا زۆر هەرزان مەزاد دەکرێن بچن بۆلایان ئەمە چییە؟ ئەمە ئیسلام نییە؟ دەچێت دیلە پیشمەرگە ئیسلامەکان ئازاد دەکات، بەڵام کچە یەزیدییە کوردەکان دەخاتە بەردەم درندەیی داعشەوە؟ ئایا ئەمە شەری ئیسلامە یان داعش؟ هێشتاکە شەنگال لەژێر شمشێری سەربرین‌و قەسابخانەکەی داعشدا بوو لە جیاتی ئەوە هێز بچێت بە پیریانەوە کەچی ئەو هێزەی ڕایکرد ئێستاکەیشی بخەیتەسەر نەمانزانی ئەو هێزە بۆ ڕایکرد؟ ئەی تۆ جەنگاوەری چیت؟ ئەی بۆخۆت ناوناوە پێشمەرگە؟ ئێمە هەرگیز پێشمەرگەمان نەبینیوە ڕابکا هەر شەری کردووە ئەی ئەوە خیر بوو بە سەدان ژن و منداڵتان دایە دەست درندەیی داعشەوە، لەوە سەرگەردانتر ئەوە بوو پەرلەمانی کوردستان لەجیاتی بریاری ڕزگارکردنی ئەو هەموو ژن‌و منداڵ‌و پیرە بدات خەریکی ئەوە بوو چۆن شەنگاڵ بە جینۆساید بناسرێنێت! ئەمە کارەساتە! ئەمەیە هزری ئەندام پەرلەمانی کورد لە جیاتی هەموو شتێک خەریکی نوسسینەوە قوربانێکانن، تۆ دەتەوێت بە کێ بڵێت ئەمە جینۆسایدە؟ کێ بەرپرسیارە لەم کوشتارگەرییە؟ کێیە بکەری ئەم قەسابخانەیە؟ تۆ دەتەوێت کێ تاوانبارکەیت؟ داعشێک کەهاتۆتە سەر خاکەکت و هەرەشە لەبوونت دەکات یان ئەوەتا تۆیش جەستەیەکی بێدەسەڵاتیت و بێکارەیت، ئەگەر ئێمە بتوانیین شتێک بنوسین شتێک بڵێن ئەوا پەرلەمان نەک ناتوانێت شتێک بکات بەڵکو زمانیشی بە مێزو کورسی پەرلەمانەوە گرێدراوە و تەنانەت ناتوانێش شتێکیش بڵێت، ئەندام پەرلەمانی کوردستان ئەگەر یەک تۆز غیرەت بیانگرتایە دەبواییە لە جیاتی ئەو ڕاپۆرت نوسینە بە جینۆساید تەنها یەک ڕۆژ قات و بۆینباخە مارکە تورکێکانیان بسوتانایە هەرهیچ نەبوایە لەبەریان نەکردایە، بەڵام پەرلەمان تابێت خەریکی توندکردنەوەی بۆینباخە تورکێکەیانن، تۆ نازانیت ئەوان ڕۆژی چەند جار خەریکی بۆینباخەکەیانن ئایا سەرنجتان نەداوە؟ مرۆڤ لەکاتی لێقەماندا بۆینباخەکەیان دادەکەنن یان هیچ نەبێت شلی دەکەنەوە بەڵام پەرلەمان تابێت بۆینباخەکەی توندتر دەکاتەوە. کارەسات لەوەدایە کە هزری کورد لەو ئاماژەیە تێناگات کە خاکت داگیرکرا، دەبێت بەتەمای ئاسمان نەبیت بۆ فرین! ئیسلام لەبەرگی داعشدا کوشتاگەلێکی بۆ خوڵقاندوویت، ئێمە دەڵێن ئەوە داعشە! ئەوە تیرۆلیستە! تورک بە ئاشکرا پلانت لێدەگێرێت ناسنامەت لێدەسێنێتەوە دەتخاتە زیندانەوە دەتکوژێ ئێمە دەڵێن ئەوە رژێمی ستەمکارەکەی تورکیایە! ئێران زمان‌و ناسنامەو خاک‌و ڕۆح‌و جەستەتی داگیرکردووە هەموو ڕۆژێک بەشێک لە جەستەت لەسێدارە دەدات کەچی ئێمە دەڵێن ئەوە ڕژیمی ئاخوندەو مەلاکانە! عرەب خاکەکەی داگیرکردوویت لەم بێدەسەڵاتیەدا گومان لە ناسنامەو بوونت دەکات کەچی ئێمە دەڵێن ئەوا ڕژێمی بەعسی سوری‌و عێراقە! هەرگیز بەزماندا نەهات ڕۆژیک بڵێن ئەوان عرەبی ئیسلام‌و تورکی ئیسلام‌و فارسی ئیسلامە کە بەو شێوە درندانە ناسنامەت دەخەنە ژێر دراندایەتی داعشەوە، داعش دەڵێت: هەرکاتێک کورد بوو بە ئیسلام ئەوا ئێمە ئامادەین بیانکەین بە سەربازی ئیسلام واتە کوشتن، خودی خومەنیش هەر وایدەووت: هەرکاتێک کورد ئیسلام بوونی خۆی ڕاگەیاند ئەوا ئەوساکە قسەیەکمان دەبێت بۆ کورد! ئەمە قسەی خودی خومەینی بوو کەئەوساکە هێزە کوردێکان لە کەرەجدا نوقمی بێهۆشی کوردایەتیی ببوون. شێخ مەحمود دەڵێت: من دەمەوێت لە عرەبی عێراقی‌و تورکی موسڵمان جووداببمەوەو جاری سەربەخۆیی کوردستان ئەدەم! کەچی تازە بەتازە پەرلەمانی کورد بەیاننامەی بە جینۆسایدی یەزیدێکانم بۆ دەردەکات لە باتی بنوسێت ئەمە جینۆسایدی گەلی کوردە لەبەرگی یەزیدی‌و کاکەی‌و کریستاندا بەدەستی دەوڵەتە ئیسلامێکانی دراوسێ‌و ئازیزمان نەک داعش! گریمان یەزیدێکان کورد نین! ئەی باشە نابێت تۆ ئاگات لە هاوڵاتی خۆت بێت؟ ئەی هاوڵاتیانی ئەم دەڤەرە چۆن بتوانن بڕوایان بە تۆ بێت؟ چۆن بتوانن هاوڵاتیان کوردستان بە هەموو چین‌و دین‌و ڕەنگ‌و توخمێکەوە لە تۆ دڵنیابن کەئەیان پارێزیت، ئەی تۆ کە نیازتە دەوڵەت دروستکەیت گرەنتی چی ئەدەیت بە هاوڵاتی ئەم دەوڵەتە کە بەئاسودەی بژین و شەوڕۆژ کەنەوە و کەس گومان‌و ترسی لەیەکتری نەبێت؟ بێگومان بن ڕۆژێک دهێت ئەم دەسەڵاتە لەژێر حوکمی تورکیادا هەر هەموومان پڕ شەق دەکات و کوردستانیش دەبێت هاوڵاتیستان دەبێت ناوی کورد بە هەموو شێوەیەک بسرێتەوە بە بیانووی کە ئەم نیشتمانە خۆشەویستە ، کە ئەم کوردستانە نەگبەتە پڕ بوو لە خەڵکانێک کە کەس نازانێت ناسنامەیان لە کوێوە هاتووە، بێگومان بن سرودو ئاڵای کوردستانیش لە ژێر فشاری تورکیادا دەگۆرێت بە بیانووی ئەوەی تەنها کورد لەم نیشتیمانەدا ناژی کە کەمنەتەوەی تریش هەن وەک تورکمانەکەن و ئاشوری‌و کلدانی‌و یەزیدی و کاکەیی هەتادوایی.

چاینا واتە سین بەوە بەناوبانگە و لە تواناییدا هەیە کە هەموو شتێک کۆپی کات بەڵام هەرگیز هەوڵی نەدا سیاسەت کۆپیکات، مێژوو کۆپیکات، هزر کۆپیکات، بەڵام تورک بە پێچەوانەوە هەر خەریکی کۆپیکردنی مێژوو و سیاسەت‌و درامایی تەلەڤیزۆنێکانە، هەرگیز شتێکم نەبینی لە هزری تورکەوە بێت کە خۆرسکی بێت جگە لەکۆپی کردن فرۆشتنەوەی بە ئێمە. تورکیا دەیەوێت لە باشور و ڕۆژئاوادا مێژوویەکمان بۆ بنوسێتەوە، تورکیا لە باشوردا زۆر سەرکەوتوو بوو باشور ئێستاکە کۆپییەکە لە تورکیا نەک لە دوبەی! هەشت ساڵ لەمەوبەر بابەتێکم بە قەبارەی دوانزە پەڕەی ئەی فیرا نوسی و ناردم بۆ ڕۆژنامەیی ئاوێنە ، هەشت ساڵ بابەتێک بە ناونیشانی باشورێکی داگیرکراو لە لایەن تورکیاوە، تورکیا دەمێکە باشوری بە پلانی دوو داگیرکردووە، ئێستاکەیش کاتی پلانی سهێمە کە تورکیا لە هۆش‌و هزریا پلانێکی زۆر ترسناکی بۆ ئێمە داناوە ئەویش کەمپە خێمەکانی تورکیایە، تورکیا دەیەوێت هەر هەموومان بخاتە خێمەکانی خۆییەوە لە کۆتایشدا بمانسپێرێت بە سەرۆکی هەرێم، تورکیا دەیەوێت ناسنامەی کوردبوونمان لێسەنێتەوە لە کەمپە خێمەکانی خۆییدا لە ژێر ڕەحمەتی جەندرمە درندەکانی خۆیدا بە تەلەبەندی درکاویی دەوڵەتێکمان بۆ دروستبکات‌و سەرۆکی هەرێمان بۆ بکات بە سەرۆکی دەوڵەتی خێمە ئاوارەکانی سوریاو تورکیاو عێراق. ئێرە هوتێل کوردستانە هاورێ کەس نازانی کێ خاوەنی ئەم نیشتیمانیە، ئەگەر ئەم نیشتیمانە خاوەنی هەبوایە ، ئەوا سەروەریشی دەبوو نەک هەر هەموومان بچینە خانەی قوربانێکانەوە!

نامۆ سامان
٢٠١٤/١٠/١٥

تێبینی؛ پلانی یەکەم‌و دووەمی تورکیا بابەتێک بوو لەژێر ناونیشانی باشورێکی داگیرکرا لەلایەن تورکیاوە هەشت ساڵ لەمەوبەر نوسیم‌و لە ئاوێنەدا بڵاوبۆووە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە