کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پانتاییەک لە ترس‌ و تۆقاندن

Tuesday, 13/05/2014, 12:00


تۆ دەبێت لەوە تێبگەیت کە لەو ڕۆژەوەیی ئەم نیشتیمانە پڕ بووە لە پیاوی دەمامکدار ئیتر نیشتیمان لە واتاکەیی خۆی بە گومانە کە نیشتیمانە جگە لەوەی پانتاییەکی فراوان بێت لە ترس‌و تۆقاندن. ئێمە نازانین لە پشتی ئەو دەمامکانەوە چ جۆرە پیاوێک هەن، چ جۆرە دەموچاوێک هەن، کێن ئەوانەی ئەم دەمامکەیان هەڵگرتووە، چ هێزو گروپێکن کە وەک مولازم موحسینەکان خۆیان دەدەن بەسەر ماڵان‌و کۆڵان‌و شەقامەکاندا. ئەوانە کێن کە ڕۆڵەکانی ئەم نیشتیمانە ئەتک دەکەن؟ کێن ئەو هێزەی کە پڕن لە ترس‌و تۆقاندن؟ ئێمە نازانین ئەوانە عەرەب، فارسن، یان تورکن یان ئەوانیش ڕۆڵەی ئەم خاکەن؟ بە ڕاستی کێن ئەوانە کە بێبەزەییانە دەستیان چۆتە ئابڕووی ئەم نیشتیمانە بە ناوی پاراستنی ئەم نیشتیمانە دڵی خەڵکیان پڕ کردووە لە ترس‌و تۆقاندن. مولازم موحسینەکان کە ڕۆڵەیەکی ئەم نیشتیمانەیان دەگرت ئیتر نەماندەبینیەوە گوومیان دەکرد بەڵام ئەم هێزە پاشگرتن‌و سوکایەتییەکی زۆر ئابرووت دەبەن، مرۆڤ کە کەرامەتی شکاو ئابڕووی تکا ئیتر ژیان‌و سەروەری هیچ واتایەک نابەخشێ بە بوون، ئەمانە دەیانەوێت ئابڕوومان بەرن؟ یان شکۆمەندیمان بۆ بگەرێنەوە؟ کۆڵانەکان پڕبوون لە ترس، ئێمە لەگەڵ ترسدا و گەورە بووین هەر بۆیە داهاتوویەکی ڕوونمان نییە.

دیموکراسی بە شەرتی تۆقاندن‌و چەک‌و لێدان و چاو سوورکردنەوە لەیەکتری، هەر کەسێک لەگەڵ چەکدا گەورە بوو، لەگەڵ توندوتیژیی‌و لێداندا گەورەبوو مەحاڵە هێمنی بە چاوەکانی ئاشنا بێت، مەحاڵە ئاسودەیی ڕۆژێکی باتێ بۆ خۆشبەختی.

جاران یەک ئەمنی سوور هەبوو کە ئەو خەڵکە ئازاو چاونەترسەی زیندان دەکرد، جاران یەک دەزگایی سیخوری هەبوو کە سیخوری بەسەر خەڵکەوە دەکرد، جاران یەک ملازم عەلی‌و یەک ملازم موحسین هەبوو کە چاوی لە کورە ئازاکانی نیشتیمان سوور دەکردەوە، جاران یەک ماڵە بەعسیی هەبوو کە ئاگایی لە گەرەک‌و کۆڵان‌و ماڵان بوو بەڵام ئێستاکە مەخابن خودی ئەم هەرێمە هەمووی بۆتە دەزگایەکی سیخورو، زیندان‌و سوکایەتی ئەمنێکی سووری گەورەیە بۆ ئەم خەڵکە.

سەرۆک تاکو ئەو کاتەی لیستەکەی یەکەم نەبوو باسی دیموکراسی نەکردو فووی نەکرد بە میکرۆفۆنی درۆدا کە ووتی دەبێت ڕێز لە ئیرادەی دەنگی خەڵکی بگیرێت. ئەگەر سەرۆک‌و پارتەکەی براوە نەبوونایە بێگومان بە هەمان شێوەی یەکێتی خراپتری دەکرد کەمتری نەدەکرد ئەمانە هەڵبژاردنیان دەوێت بە شەرتی بردنەوە.

یەکێتی چونکە دۆراوی هەڵبژاردن بوو ئیتر هەموو شتێکی کرد بە ‌هێڵی سوور، سنووری بۆ هەموو شتێک دانا ئەمانە دیموکراسییان دەوێت بەپێی هزری خۆیان چۆنیان برکرد ئیتر هەر ئەوەیە، دیموکراسی تاکو ئەو کاتەی کە دەسەڵاتمان ناکەوێتە ژێر پرسیارو مەترسییەوە. سلێمانی تائەو کاتەی ترسی بۆ دەسەڵات نەبوو دیموکراسی بەرقەرار بوو، بەڵام کاتێک دەسەڵات لە خەونە قووڵەکەی بە خەبەرهات ئیتر هەموو شتێک هێڵی سوور و هەموو شتێک واتایی ڕووخاندی قەڵای دەسەڵات بوو لەلایی ، ئەم دەسەڵاتەی ئێمە دیموکراسییەکیان دەوێت بە خەونی دوێنی واتە دیمەکراسی بۆ گێرانەوەی ڕابردوو نەک داهاتوو ئەوان دەیانەوێت هەمیشە باس لە ڕابردوو بکەن داهاتوو لای ئەوان بڤەیە چونکە هەموو سەروەریان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئێمە بە پێچەوانەی ئەم گێتیەوە لەوە دەچێت ئێمە بە قاچا هاتبین نەک بە سەردا ئێمە هەمیشە پەلەمانە وکەچی لەهەمانکاتدا بە دووی بازەنەکانی سەرگەردانیدا خول دەخۆین، خەڵکی باس لەداهاتوو ئەستێرەکان دەکات ئێمەیش دەستی ڕابردوومان گرتووە لەناو ڕابردووی خۆماندا مەست بووین، دۆلاریش ئابرووی هەموومانی تکاند کە نەمان بوو.

یەکێتی چونکە بە هێز لە هەولێر دەرکرایە دەرەوەی ئیتر هەولێری نەبینیەوە لەو بڕوایەدا بوو کە هێز دەتوانێت جارێکی تر هەولێر بگرێتەوە و هەرگیز پلانی نەبوو بۆ هەولێر کە دەیتوانی بە کۆمەلی پرۆژەیی جوان خۆیی جوانترو ئازاتر کات ئەی توانیی بە هۆیی پلانی زیرەکانەوە جارێکی تر دڵی هەولێر بۆ لای خۆیی راکێشێتەوە بەڵام ئەو لەگەڵ دۆڕاندنی هەولێردا سەروەریشی دۆڕاند. خاک داگیر دەکرێت بەڵام هەرگیز سەروەری و ئازادی داگیر ناکڕیت. ئەم خەڵکە چونکە تینووی ئازادیین خۆیان دواتدەکەون تۆ هەر ئەوەندەت لەسەرە باسی ئازادیان بۆ بکەیت، خەڵک چونکە تینووی ئازادیی بوون گۆران هات باسی ئازادیی بۆ کردن هەربۆیە خەڵک لە دووی گۆران کۆبۆوە دواییکەوتن، لەهەر شوێنێک توندوتیژی‌و گەندەڵی و نایەکسانی هەبوو سەرهەڵدان هەیە نارەزایی هەیە. سەدام حسین‌و عەرەب نیوەی کوردستانیان کیماباران‌و ئەنفال‌و بەعەرەبکردن کرد، پلانی هەبوو بۆ شارەکان کە چۆن شارێکی وەک سلێمانی ڕاگۆزرێت بەڵام شەری کوێت ئەو خەون‌و پلانەی پوچەڵکردەوە، عرب‌و عێراقی تازەی ئێستاکە پلانی هەیە بۆ کوردستان کە چۆن بەناوی خاکی عێراق‌و دەستوری عێراقییەوە کوردستان پڕکات لە عەرەبی هەڵهاتوو تۆ دەبێت لەوە بگەیت دوایی بست ساڵی تر نەوەیەکی عەرەب لە کوردستاندا لەدایک‌و گەورە دەبێت کە کوردستان بە خاکی خۆی دەزانێت ئەی ئەو کاتە چی دەڵێن؟ دەتوانن دوایی پەنجا ساڵ کەسێک یان خیزانێک لە کوردستان دەرکەن کە دوو تا سێ نەوەی لە کوردستاندا لەدایک بووە و ژیاوە خانو زەووی لەسەر تاپۆیە؟

من پێموایە ئەگەر نەوشیروان موستەفا لە پشتی بزووتنەوەی گۆرانەوە نەبوایە ئێستاکە تۆزی ئەو بزووتنەوەیش نەدەما، بە ڕۆژی ڕووناک هەموویان پاکزاس دەکرد و مەلەفیان بۆ هەموویان دروست دەکرد ناوزەندیان دەکرد بە سیخورو پیاوی بەعس‌و یان دووژمنانی کورد، بەڵام ئەوانە هەرگیز بیریان لەوە نەکردۆتەوە کە لە هەر شوێنکدا دەرگاکان داخرابوون هەمیشە دەرگایەک هەیە بۆ هەڵهاتن، ئەم دەسەڵاتە هەموو دەرگاکانی لەسەر ئەم خەڵکە داخست بەڵام لەبیریانکردبوو دەرگایی ڕزگاری داخەن لەو خەڵکە. پارتی لە حەڤدەی شوباتدا چونکە سەروەری کەوتە ژێر پرسیارو مەترسیەوە بە پەلە پێنج هەزار چەکداری زرێڤانی نارد بۆ گردەکە لە سلێمانی ویستی بۆ هەتاهەتایە خاپوورو وێرانیکات، ئەمە ئەو دیموکراسییە کە حیزبەکان، کە سەرکردەکان، کە سیاسەتمەداری کورد بێ شەرمانە ڕۆژانە باسی دەکەن بۆمان، دیموکراسی بە شەرتی بردنەوە بەشەرتی سەرکەوتن .

ئەم هەموو سوکایەتییەی کە بەم خەڵکە دەکرێت ئەنجامی بێدەنگییە هەر بۆیە ڕۆژی بەم ڕۆژە گەیشت. هەرگیز ئەم خەڵکە لەوە ناگات کە ئەوە دەکوژرێت کە ئەوە بە هەموو شێوەکانی مردن ژیانی لێدەسنرێتەوە وەک ئەوەی ئەم خەڵکە قەرزاری دەسەڵات بێت یان وەک ئەوەی ئەم خەڵکە لە ئەستێرەیەکی ترەوە هاتبن، تۆ ئەی خەڵک ئەوە مەرگی تۆیە لە سەر شەقامەکانیی نیشتیمان کەوتووە، تۆ ئەی خەڵک ئەوە سەروەری تۆیە ڕۆژانە سوکایەتی پێدەکرێت، تۆ ئەی خەڵک بۆ تەنها جارێک شەقامەکان ، دوکانەکان، شار بەرووی دەسەڵاتدا داخەن شار پڕکەن لە بۆشایی تائەو کاتەی ئەم دەسەڵاتە خۆماڵییە دەست لەخوێنی براکانمان هەڵدەگرێت. ئەم دەسەڵاتە تاکو ئەتوانیت قسەی پێبڵێ بەڵام کەهاتیتە سەر شەقامەکان ئیتر رووی درۆ دوورووی دەردەکەوێت دەست دەکات بە کوشتنو برین و لێدان تاکو ترس دەخاتە دڵی هەر یەکەمانەوە، ئێمە میللەتێکین کە ترس گەورەی کردووین مەحاڵە هەرگیز خۆشی لە خۆمان ببینین، کێ ئەو ترسە لە دڵی ئێمە دەکاتە دەرەوە من سەری پێدەبەخشم، کێ ئەم نیشتیمانە پڕ لە ئازارە ئاشت دەکاتەوە من سەری پێدەبەخشم، کێ ئەم بستە خاکە کە پڕ بووە لە عەرەب‌و فارس‌و تورک‌و ناکەسبەچە پاکدەکاتەوە من سەری پێدەبەخشم، کێ سەروەری یەم نیشتیمانە دەگەرێنێتەوە بۆ باوەشی خوشبەختی کە لەوێوەوە خەڵک هەست بە بوونی خۆیان دەکەن، کە ئیتر لەوێوەوە نیشتمان واتایەکی دەبێت بە بوون .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە