پیاوێک بە هەموومان!
Saturday, 04/04/2015, 12:05
من تێناگەم ئەم پیاوە بچکۆلانە باڵا کورتو قۆڵ کورتە چۆن دەستی گەیشتە باڵا بەرزەکانی نیشتیمان! چۆن بەم لووتە بچکۆلانەیەوە ئەم هەموو بۆنی ڕۆحو عەترو گوڵاوی باغەکانی هەڵمژی، ئەم فەرهادە بچکۆلانەیە چۆن شیرینەکانی نیشتیمان سنگی خۆیانی بۆ ترازاند! دڵی ئەم هەموو کچی ئاواییە چیبوو بردی بۆخۆی! تێناگەم ئەم پەرەسێلکەیە چۆنتوانی هەڵۆی چیاکان ڕاوکات! ئەم پیاوە بێ سەوادو ماتماتیکە چۆنتوانی هەموو کۆدو دەفتەری بانکەکان لە باخەڵیا هەڵگرێ! ئەم پیاوە چۆن بەم سەحری ئێوارەیەوە خەونی لە نیشتیمانە خست! چۆن تێناگەم! خۆ ئەم پیاوە ساتەر نەبوو تابتوانێت فەلسەفەی بوونمان بۆ دارێژێ! خۆم ئەم بانکی بانکیمۆیە ئەگلست نەبوو تا سەرمایەمان بۆ دارێژێتەوە! خۆ کارل مارکس نەبوو تاشار لەسەربنەماکانی ئیکۆنۆمی دروستکاتەوە! خۆم ئەم پیاوە ئەدیسۆن نەبوو تا ڕوناکی بخاتە ماڵەکانمانەوە! خۆم ئەم پیاوە ئەفلاتونەکەی ئەسینا نەبوو تاکۆمارێکمان بۆ دامەزرێنێت! چۆنتوانی بەم دەستە بچکۆلانەوە پرچی خۆڕ شانەکات! چۆن ئەم داروینی بوونە ئێمە گەڕانەوە سەر خێڵ! ئەم لیلینە بچکۆلانەیە چۆنتوانی بەلشەڤێکانی وڵات ڕێکبخاتو ژیانی بخاتەسەر سکەی پیشەسازی! خۆ ئەم پیاوە غاندی نەبوو تا بە شیری بزنەکانی زیندەگی بکات! ئەم چڵەدارە چۆنتوانی ئەم هەموو سێبەرو کەپرو پەریژینە لەخۆی بگرێ! تێناگەم ئەم هەموو سەرگەردانییە چۆن لەدەفتەری مێژوودا بەسەروەری تۆمارکران! چۆن ئەم بێسەوادی سیاستەو ماتماتیکە لەگەڵ هیگلو ئەنیشتاینەکانی نیشتیماندا کۆبۆوە! تێناگەم ئەم ڕەنگە خاکییە بۆڕە چۆن بۆتە ئاوێزەی نیشتیمان! ئەم هەموو ڕەنگە چیبوو لەم زەنگیانەدا چڕبۆتەوە! بەم شەختەی زستانە چۆن بەهاری خستە نێو چاوانی ئێمەوە! دڵی ئێمە چۆن گەرم داهات! تێناگەم ئەم ماڵە ساردو تەنیایەی ئێمە چۆن بەم وەجاغە کوێروەو بڵێسەی کرد! ئەم شەوە زەنگەی نیشتیمان چۆن بەم چڕا کوێرەوە ڕۆشنبۆوە! ئەم چاوانەی نیشتیمان خۆ کوێر نەبوون تا چڕا کوێرەکان ڕێبەریان بکات! چیبوو خودایە خۆی ئێمە هابیلمان نەکوشتبوو تابەم دەردەت بردین! خۆ ئێمە سێوی بەهەشتمان نەخواردبوو لەخۆت بێبەریکردین و فرێتداینە زبڵخانەی ئەم دووپێیەوە! خۆم ئەم پیاوە فریاددۆست نەبوو تا بەخۆییو کەشتێکەیەوە بگاتە لامان! ئەم پیاوە چۆن مەلەوانێک بوو تالەم هەموو دەریای فێڵو تاوانە ببرێتو بپەرێتەوە! ئەم کۆلۆمبۆسی بێ کۆمپاسو جەمسەرە چۆن گەیشتە ووشکانی! ئەم گۆمە بچوکە چۆن ئەم هەموو کەشتیو پاپۆرە تێدا لەنگەرگرت! ئەم هەنگاوە کورتانە چۆن توانیان بگەنە ئارامگای نیشتیمان! چۆن ئەم دڵە خاڵییە لە ژنپڕبۆوە بەخۆشەویستی حەبیبەکان! لەکام توولە ڕێگاو دەشتی شارەزوورەوە نالی گەرایەوە بەر خانەقای عەشقی حەبیبەکەی! ئەم گۆچان بەدەستە چۆنبووە ڕێبەری ڕێگامان! تێناگەم خۆم ئەم پیاوە سۆپرمانەکەی نێچتە نەبوو تا سنورەکان بێ پاسپۆرت ببرێت! خۆی ئێسمێسی موبایل نەبوو تا نامە کورتە دڵدارێکان وەک {با} بە هێڵی ئەلەکترۆنیدا بۆ یار بەرێت! تێناگەم چۆن ئەم هەموو لاولاوی تەمەنەمان بە قولاپی ئەم خێڵو پیاوەدا هەڵواسی! من هەرگیز تێناگەم چۆن ئەم پیاوە توانی دڵی هەموومان بەرێت بۆ خۆی! چۆن ئەم پیاوە جادوگەرە لەم هەموو دەرگایەوە ڕزگاری بوو! چۆن ئەم سەرە پڕ لەفەلسفەو زانستەی زانکۆکانی ئێمەی بە دووی خۆیدا کێشکرد! چۆن ئەم پارچە تەنەکەیە ئەم هەموو میتاڵو گەردی ئاسنەی بە دووی خۆیدا ڕاکێشا چۆن! ئەم پیاوە سیحربازە چۆن بە پەیژەکانی قولەی قافدا سەرکەوتو لە پەتی سیراتە چۆن پەرێییەوە! ئاخر ئەم کۆترە هاقووە چۆن ئەم هەموو تەقلەیەی لێدا! ئەم کەروێشکە بێ پەلو باڵە چۆن گەشتی ئاسمانەکانی کرد! ئەم سوارە بێ زینو ڕەشماخە چۆنتوانی سواری ئەسپی [با] بێت تەنها جارێک نەگلێ! خۆم ئەم پیاوە ویستنەکەی چارچل نەبوو تا پلانەکانی جەنگ دارێژێتەوە! ئەم گیڤارە بێ ئەستێرەو و داڵە چۆنتوانی ڕابەری هێزە دەریایەکان بکات! ئەم دارلاستیکە بەدەستە چۆنتوانی لە دوورەوە دڵی ڕیشۆڵەکانی نیشتیمان بپێکێ! ئەم ڕاوچییە بێ داو تۆرو ساچمەیە چۆنتوانی ئەم هەموو سوێسکەی دڵە ڕاوکات! چڕاکان خامۆشن، چڕاکانی سەر شەقامە کەئیبەکانی نیشتیمان، ڕێگاکان داخراوون، کۆڵانەکان پڕن لە پیاوی دەمامکدار، تەنها کوێرە ڕێگایەک هەبوو بۆ دەربازبوون ئەویش چڕا کوێرەبووەکان لێیان هەڵەکردین، نابەڵەد ڕێگایان لێگووم کردین! کێ دەیزانی ساڵ و تەمەن ئاوا تیژ تێدەپەرن و داهاتوویش لە سێبەری ئەم پیاوە هەڵدەکێشرێت! ئێمە لە شمشێرەکانی ترسو تۆقاند نەبێت هیچی ترمان نییە بۆ ئەم پیاوە، ئەی چیبوو ئەم هەموو پەپولەی عەشق لە چڕا کوێرەی ئەم پیاوەدا بوونە قەقنەس! خۆ ئەم پیاوە ئەلسکەندەری مەکۆدۆنی نەبوو تا دەریاکانیش لە بەرپێدا وەک فەرش ڕاخرێن! ئەم تەرازانی جەنگەڵە چۆنتوانی ببێتە شێری داستانەکان! خۆم ئەم پیاوە هیچی لە گمەگمی کۆترەکان نەدەزانی چۆن ئەم هەموو هێلانەو بێچوانەی لە دەوری گرمۆڵەبوونو هەڵنیشتن! ئەم دەنگە ناسازو ناخۆشە چۆنبووە سەمفۆنیای ژیان! ئەم ماجەرانە بچکۆلانەیە چۆن گەیشتە ئاسمانو گەشتی ئەستێرەکانی کرد! خۆ ئەم پیاوە نێل ئامسترۆنگ نەبوو تا پێکانی لەسەر مانگ تونگکات! ئەی چیبوو ئەم هەموو ئەستێرەی گەردوونە لەدووی خولانەوە! خۆ ئەم پیاوە خۆری ئێمە نەبوو تائەم نیشتیمانەی لەدوو وەک سێبەر دوور نەکەوێتەوە! جا ئەم پیاوە چینەبوو! ئەو داستانی داستانەکانو پسولەی ماڵوێرانی هەر یەکەمانی لەباخەڵیدا هەڵگرتبوو ، پسولەی دۆزەغی بۆ هەموومان بریبوو! پسوڵەی سەروەریو شکۆمەندیش دابۆوە هاوەڵەکانی و ئەو هاوەڵانەی کە بەخۆیانو شمشێرەکانیانەوە بەدەستێک سەریان دەپەڕاندو بەدەستەکەی تریان تەوقەیان دەکرد، پیاوێک لە ڕابردوو، پیاوێک پڕ بەهەموومان! پیاوێک کەئێمە هیچ ووتەیەکمان پێ نییە بۆ ووتن! بێدەنگیشمان نابێتە هەتوانی زامەکانمان! پیاوێک لەبەرگی من و تۆدا! پیاوێک لە بەرگی جەلادو قوربانیدا زامەکانمان زیاتر قوڵتر دەکات! تێگەیشتنمان زیتر ئاڵۆزتر دەکات! پیاوێک کە غەرقی شەرابی ڕابردوو خۆییو ئەسپسواری ڕابردوو بێت هیچ داهاتوویەکی نابێت! ئەو پیاوە! پیاوە پیاوەکانی ئێمەن لەبەرگی پیاودا!
2015-02-02نامۆ سامان/
هاورێ!
ئێستاکە بەم تەمەنی خۆڵەمێشێیەوە
بەم سویسکەی دڵ و خۆڕنیشنی پەنجەرەیەوە
شەڕ بێت یان ئاشتی بەمن چی!
پەنجا ساڵ تفەنگ
سیی ساڵ خۆکوژی
دە ساڵ ئاوارەیی
تازە باورناکەم
چاڵەکانی جەنگ گوڵیان تێدا بڕوێ
تازە باورناکەم
سفرە بێ خوانەکان
سکی مناڵانی برسی تێرکەن!
تازە باوڕناکەم ئەم دووپێیە
شتێکی پێبێت بۆ ووتن بشێت!
من لە دووپی خۆم بێزارم هاورێ!
2003ساڵی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست