بۆ عدنان موفتى: پێت بەقەد بەڕەكەى خۆشتان ڕانەكێشا!!
Sunday, 21/06/2009, 12:00
دروست ئەم پەندە ئەمڕۆ لەهەر كەسێك زیاتر بەسەر عدنان موفتى سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان و وەفدە یاوەرەكەیدا ئەگونجێت، بۆچى؟ چونكە ئەمڕۆ 21/6/2009 كۆبونەوەى نێوان وەفدى جمهورى ئیسلامى ئێران لەگەلأ عدنان موفتى لەهەولێر سازدرا، كە هەواڵەكە لەسایتى پەیامنێر بڵاوكراوەتەوە، تیایدا باس لە پەیوەندییەكانى هەرێم لەگەلأ ئێران كراوە، باس لە هەڵبژاردنەكانى هەرێم بۆ سەرۆك و پەرلەمان كراوە، باس لە كردەوە تیرۆریستیەكەى كەركوك كراوە، باس لە پەیوەندیە بەشێوەیەكى گشتى كراوەو وەك لەهەواڵەكەى سایتى پەیامنێردا هاتوە" ئامادهیی خۆشی بۆ كاركردن لهسهر گهشهپێدانی پهیوهندییهكانی نێوان ههرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران دهربڕی لهسهرجهم بوارهكاندا بهتایبهت لهڕووی سیاسی و فهرههنگی و ئابوورییهوه" هیچ شتێك نەماوە ئاغاى سەید عەزیم حوسێن سەرۆكى قونسوڵخانەكە باسى نەكات.
قونسلوگەر ئەو مافەى بەخۆى داوە كە لەژێر ناوى پەیوەندى و هاوكارى دولایەنە دەخالەت لە ووردو درشتى كوردستاندا بكات، بەڵام ئەم سەرۆكەى پەرلەمان هەروەك لەوێنەكەدا دیارە بەشەرمەوە لەبەردەمیا دانیشتوەو خۆى بەقەرزارى ئاغاى عەزیم و خومەینى و خامنەئى و حكومەتەكەى ئەزانێت و وورتەیەكى لێوە نایەت سەبارەت بەو پێشێلكاریانەى سەرانى دڕندەى ئیسلامى لەئێران دەرهەق بە خۆپشاندانى هێمنانەى خەڵك ئەیكات، كە هەر دوێنێ بەپێى سایتى (العربیە) 19 كەسیان كوشتوە، ماوەى هەفتەیەكیشە دەیانیتریان كوشتوەو سەدانیشیان ڕاپێچى زیندانەكان كردوە، كەچى ئەم سەرۆكى پارلەمانەى كوردستان لەجیاتى ئەوەى ئیدانەى ئەو قەتڵوعامە بكات، یان لانى كەم ڕازى نەبێت لەم كاتەدا پێشوازى لەنوێنەرى ئینسانكوژان بكات، یان هەر هیچ نەبێت نیگەرانى خۆى یان پەرلەمان یان خەڵكى كوردستانى پێڕابگەیەنێت، كە كوشتارگاكەى ئێران كەمتر نیە لەو كردەوە تیریستیانەى كە گیان و ژیانى دەیان و سەدان كەس لەچركەیەكدا كۆتایى پێدێنێت. بەڵام نەك هیچكام لەمانەى نەكردوە، ئەوەتا بیین چۆن لەبەردەمیا وەك كۆیلە یان مەئمورێكى ئەوان دانیشتوەو گوزارشى وەزع و حاڵى كوردستانى پێئەدات.
لەبەردەم دوژمنان ملتان لەمو باریكترەو زۆر لەوەش كەمترن لەبەردەمیاندا لەچاو ئەو دیمەنانەى كە لە دەزگاكانى ڕاگەیەندنەكانتانەوە نیشانمان ئەدەن، كەچى بەسەر خەڵكى ڕەش و ڕووتى كوردستانەوە لەنەڕەى شێر زیاترن و داهات و نان و فرسەتى كار و تەنانەت هەواشتان لەخەڵك قۆرخ كردوە.
ئەم نەنگیە پێویستە لەلایەن و خەڵك و ئازادیخوازانەوە ئیدانە بكرێت و لەبەرامبەردا پێویستە بە سازدانى ڕێپێوانێك بۆبەردەم قونسوڵخانەكەى سەرانى ئینسانكوژى ئیسلامى لەئێران وەڵام بدرێتەوەو لەوێ ناڕەزایەتى خەڵكى كورستانیان پێبوترێت كە كوشتار درێژە پێبدەن، لەكوردستان وەدەرئەنرێن. ئێوەش كاك عدنان و وەفدە یاوەرەكەت، ئەم خزمەتەى سەرانى ئیسلامى لەئێرانتان پیرۆزبێت.
21/6/2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست