کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سووننه‌تی‌ سه‌ركوت و نۆكه‌ری‌ له‌پێناو مانه‌وه‌دا

Sunday, 24/04/2011, 12:00






به‌درێژایی‌ مێژوو یه‌كێك له‌قێزه‌ونترین دیارده‌كانی‌ ناو ئه‌حزابی‌ ناسیونالیستی‌ كورد كه‌ له‌به‌رامبه‌ر نه‌یاره‌كانیاندا به‌كاری‌ ئه‌به‌ن، ئه‌و سه‌ركوته‌یه‌ له‌ڕێگه‌ی‌ هێزێكی‌ ده‌ره‌كیه‌وه‌ پشتی‌ پێ‌ ئه‌به‌ستن. ساڵانی‌ شه‌سته‌كان و حه‌فتاكان، تاده‌كاته‌ شه‌ڕی‌ شاخ له‌نێوان ئه‌و حزبانه‌ له‌ناو خۆیاندا، پڕیه‌تی‌ له‌ئه‌زمونی‌ ده‌ستبردن بۆ نۆكه‌ری‌ و بوونه‌ دارده‌ستی‌ یه‌كێك له‌هێزو سوپاكانی‌ ده‌وڵه‌تانی‌ ناوچه‌كه‌، له‌پێناو سه‌ركوتی‌ نه‌یاره‌كانیاندا. 31ی‌ ئاب ئه‌م مێژوه‌ ڕه‌شه‌ جوانترو به‌رجه‌سته‌تر خۆی‌ نیشانداوه‌، كاتێك پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ مه‌سعود بارزانی‌، چاو له‌ كیمیاباران و ئه‌نفال و كوشتنی‌ 8000 بارزانی‌ و هه‌زاران تاوانی‌ تری‌ به‌عس ئه‌پۆشێت و ئاماده‌ئه‌بێت نۆكه‌ری‌ بۆ بكات له‌پێناو پاراستنی‌ كورسیه‌كه‌ی‌، ئیتر ئه‌و مێژوه‌ ڕه‌شه‌ تۆختر ئه‌كاته‌وه‌و له‌و به‌رواره‌شه‌وه‌و ئه‌م ئه‌خلاقه‌، به‌ڕه‌سمی‌ كراوه‌ته‌ یه‌كێك له‌ سیاسه‌ت و تاكتیكه‌كانی‌ ئه‌حزابی‌ كوردی‌، هه‌ر دوای‌ ئه‌و به‌رواره‌ بینیمان كه‌ چۆن ئه‌م حزبانه‌ به‌چه‌ندین شكڵ‌ و شێوازی‌ جۆراوجۆر نۆكه‌ری‌ و دارده‌ستی‌ و عه‌ماله‌تیان كرده‌ یه‌كێك له‌ سوننه‌تی‌ سیاسی‌ خۆیان و، هیچكام له‌ ده‌زگا جاسوسیه‌كان و سوپاكانی‌ ده‌وڵه‌تانی‌ ناوچه‌كه‌ نه‌ما كه‌ ئه‌مان تاقوڵایی‌ كوردستان ده‌ستیان نه‌گرتبێت و به‌قازانجی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ خۆیان نه‌یانكردبن به‌گژی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستاندا. ئیران و توركیاو به‌عس به‌ ته‌واوی‌ سوپاكانیانه‌وه‌ ته‌راتێن ئه‌كه‌ن و ده‌زگای‌ جاسوسی‌ ده‌یان وڵاتانی‌ تریش له‌سایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ كارتۆنیه‌كانیاندا هه‌ندێكجار نه‌خشیان له‌حاكم حاكمتربوون.
ئێستاش دوای‌ ئه‌و شه‌پۆلی‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌ی‌ كه‌ته‌واوی‌ ناوچه‌كه‌ی‌ گرتوه‌ته‌وه‌و عه‌رشی‌ ده‌یان دیكتاتۆر هاتوه‌ته‌ له‌رزین و هه‌ر مانگه‌و‌ یه‌كێك له‌و دیكتاتۆرانه‌ ئه‌كه‌وێ به‌لادا، كه‌چی‌ ئه‌م شه‌پۆلی‌ توڕه‌یی‌ و نه‌فره‌ته‌ی‌ خه‌ڵك له‌ناعه‌داله‌تی‌ و گه‌‌نده‌ڵی‌ و تاڵانوبڕه‌ له‌كوردستان، نه‌ك هه‌ر نابێته‌ ئه‌و فرسه‌ته‌ی‌ كه‌ به‌رپرسانی‌ گه‌نده‌ڵ‌ و تاوانبار بتوان به‌ چۆڵكردنی‌ كورسیه‌كانیان خۆیان بپارێزن له‌تۆڵه‌ی‌ خه‌ڵك ‌، به‌ڵكو لیستی‌ تاوانه‌كانیان چه‌ند به‌رابه‌ر ئه‌كه‌ن و ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌مان سوونه‌تی‌ كوردایه‌تی‌ خۆیان، ئه‌ویش به‌ هێنانی‌ میلیشیاكه‌ی‌ خۆیان و میلیشیای‌ هاوشێوه‌ هه‌ولێرو به‌غدا بۆ سه‌ركوتی‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی‌ خه‌ڵك له‌ سلێمانی‌ و ناوچه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌. ئه‌م گێل و نه‌فامانه‌ وائه‌زانن كه‌ هێزی‌ چه‌كدارو میلیشیا ئه‌توانێ‌ بیانپارێزێت له‌ ڕقی‌ خه‌ڵك، ئه‌مه‌نده‌ نه‌زانن و بێسه‌لیقه‌و ناسیاسین ناتوانن سوود وه‌رگرن له‌ ئه‌زموونی‌ بن عه‌لی‌ و موباره‌ك كه‌ هه‌ریه‌كه‌و سێ‌ هێنده‌ی‌ ئه‌وان چه‌كدارو پاره‌یان هه‌بوو، هه‌زارجاریش زیاتر له‌وان قورسایی‌ سیاسی‌ و دبلۆماسیان هه‌بوو.
كام هه‌لومه‌رجی‌ شۆڕشگێڕانه‌ به‌زه‌بری‌ چه‌ك دامركاوه‌ته‌ له‌دنیادا؟ كه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات توانیویه‌تی‌ به‌رامبه‌ر به‌هێزی‌ خه‌ڵك ڕابوه‌ستێ‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ یه‌كده‌ست و یه‌ك ئیراده‌ بووبن بۆ وه‌لانانی‌ ئه‌و ڕژێمه‌؟ مه‌گه‌ر شۆڕشی‌ ڕوسیاو فه‌ره‌نسا كه‌دایكی‌ شۆڕشه‌كانی‌ دنیان له‌لایه‌ن چه‌كدارو هێزی‌ نۆكه‌ری‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هێرش نه‌كرایه‌ سه‌ریان و ده‌یانویست كه‌ به‌ ئاگرو ئاسن له‌ناویان به‌رن؟ به‌ڵام به‌كوێ‌ گه‌یشتن؟ سه‌ره‌تاكانی‌ هاتنی‌ جمهوری‌ ئیسلامی‌ ئێرانیش، چه‌ند ساڵی‌ خایاند تا توانی‌ هێزی‌ خه‌ڵك دابمركێنێته‌وه‌؟ یان هه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئێستا له‌میسرو تونس ئه‌یبینین، ئایا سه‌رباری‌ وه‌لانانی‌ ڕه‌مزه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات و سه‌رانیان، هێشتا داخوازیه‌كانی‌ خه‌ڵك ته‌واو بوون؟ مه‌گه‌ر نابینین كه‌ دوای‌ بن عه‌لی‌ و موباره‌ك چه‌ند حكومه‌ت و ستافی‌ حاكم ئاڵوگۆڕیان به‌سه‌ردا هات؟ تا كارگه‌یشته‌ دادگایی‌ سه‌رانی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌و خێزان و ده‌ست و پێوه‌ندیه‌كانیان. بێگومان شه‌پۆلی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ و هه‌لومه‌رجی‌ شۆڕشگێڕانه‌ ئه‌كرێت هه‌ڵبه‌زو دابه‌ز بكات، به‌ڵام سه‌ره‌نجام سه‌ركه‌وتن هه‌ر بۆ ئیراده‌ی‌ خه‌ڵك بووه‌، ئه‌زموون و نمونه‌كان له‌دنیادا به‌ڵگه‌ی‌ ڕاستییبوونی‌ ئه‌مه‌ی‌ نیشانداوه‌. ئیتر به‌كام ئۆمێدو و ئاسۆوه‌ ئه‌یانه‌وێ‌ تاسه‌ر خه‌ڵك ڕه‌وانه‌ی‌ ماڵه‌وه‌ بكه‌ن و درێژه‌ بده‌ن به‌ تاڵان و دزی‌ و گه‌نده‌ڵی‌ و پاراستنی‌ بكوژی‌ مناڵان و ئازادیخوازان و ڕۆڵه‌كانی‌ خه‌ڵك؟
به‌م سه‌ركوته‌ی‌ كه‌ یه‌كێتی‌ و پارتی‌ ده‌ستیان داوه‌تێ‌ به‌ده‌ستی‌ خۆیان ئاینده‌یه‌كی‌ تاریكیان بۆخۆیان هه‌ڵبژارد، ته‌نانه‌ت وه‌ك (جاش و موسته‌شاره‌كان)ی‌ سه‌رده‌می‌ ڕژێمی‌ به‌عس فرسه‌تی‌ ده‌ركردنی‌ لیبوردن نه‌ماوه‌ بۆیان و، لیستی‌ تاوانه‌كانیان ده‌رهه‌ق به‌خه‌ڵك زۆر ڕه‌شترو تاركیتر و چه‌په‌ڵتره‌ له‌ تاوانه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات و ڕژێمه‌كانی‌ پێشووتر. ئه‌مانه‌ وه‌ك ده‌سه‌ڵات ئه‌بێت بڕۆن، وه‌ك ئه‌فرادیش تاوانبارن و ئه‌بێت دادگایی‌ بكرێن و سه‌رجه‌م موڵك و ماڵیشیان ئه‌بێت ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا بگریرێت و بگێڕدرێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌یه‌ك كه‌خه‌ڵك بۆ خۆی‌ دایئه‌نێت. ئه‌مانه‌ ته‌مه‌نیان كورته‌و دوایین په‌له‌قاژه‌كانی‌ خۆیان نمایش ئه‌كه‌ن. سه‌ركه‌وتن بۆ خه‌ڵك و ئیراده‌ی‌ ملیۆنی‌ جه‌ماوه‌ره‌. ئاینده‌یه‌كی‌ نزیك سه‌نگی‌ مه‌حه‌كی‌ هه‌موو لایه‌كمانه‌.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە