کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌وڵێكی‌ تری‌ كۆنه‌په‌رستانه‌ به‌به‌رچاوی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌

Monday, 28/09/2009, 12:00


سه‌رله‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، ژماره‌یه‌ك كه‌س به‌ سه‌رپه‌رشتی‌ و به‌شداری‌ چه‌ند مه‌لایه‌كی‌ ئه‌وشاره‌، ڕێپێوانێكیان بۆبه‌رده‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ په‌روه‌رده‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ساز كرد و داوایان كرد كه‌ بڕیاری‌ تێكه‌ڵكدرنی‌ مناڵانی‌ كوڕ و كچ له‌خوێندنگاكاندا هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه‌، سه‌ره‌نجام به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌روه‌رده‌ش به‌ڵێنی‌ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و "كێشه‌"یه‌ی‌ پێداون. ئه‌مه‌ لینكی‌ هه‌واڵه‌كه‌یه‌:

http://www.sbeiy.com/ku/newsdetail.aspx?id=20508&cat=1

ئیسلامیه‌كان زیاتر له‌جاران چالاكتر بوونه‌ته‌وه‌ بۆ داسه‌پاندنی‌ فه‌زای‌ كۆنه‌په‌رستی‌ به‌سه‌ر شاره‌كاندا، ئه‌مه‌ش گڵۆپێكی‌ سه‌وزه‌و ده‌سه‌ڵاتداران بۆیان هه‌ڵكردون. ده‌سه‌ڵاتداران ڕێگه‌یان پێدوان و ڕه‌نگه‌ هه‌ر خۆشیان پێشنیاریان بۆكردبن كه‌ ڕێپێوان بكه‌ن و خۆپیشاندان ساز بكه‌ن. جاری‌ وا هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ مۆڵه‌تی‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ جه‌ماوه‌ری‌ ده‌سه‌ڵاتداران ده‌یان بگره‌و به‌رده‌ ئه‌كه‌ن و سه‌ره‌نجام مۆڵه‌ته‌كه‌ش ناده‌ن، كه‌چی‌ بۆ مه‌سه‌له‌كانی‌ ئیسلامییه‌كان مۆڵه‌ت و ئاگادار كردنه‌وه‌ی‌ پێشوه‌ختیش پێویست ناكات.

خواستی‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ مناڵان له‌سه‌ر بناغه‌ی‌ ڕه‌گه‌ز، جگه‌ له‌ هه‌نگاونان به‌ره‌و لوتكه‌ی‌ نامرۆڤایه‌تی‌، چ شتێكیتره‌؟ ئه‌مه‌ پیاوسالارییه‌، گه‌وره‌ سالارییه‌، بینینی‌ دنیایه‌ به‌چاویلكه‌یه‌كی‌ ئه‌خلاقیه‌وه‌، ترسه‌ له‌سێكس، ترسه‌ له‌كرانه‌وه‌، ترسه‌ له‌ئازادی‌، نامۆیه‌ به‌ ناخی‌ هه‌ر كه‌سێكی‌ ڕاستگۆ له‌سه‌راسه‌ری‌ دنیادا. ئاخر مه‌لا ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌وڵه‌نه‌دات، جێگه‌و ڕێگه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌كیس ئه‌چێت و ئیتر كه‌س قه‌باڵه‌ی‌ ناخوێنێته‌وه‌؟ ئیسلامیه‌كان ئه‌گه‌ر له‌مناڵیه‌وه‌ كۆنه‌په‌رستی‌ نه‌ئاخننه‌ مێشكیانه‌وه‌، كه‌گه‌وره‌ بوون ئیتر بێئیمان ده‌رئه‌چن، سه‌رفتره‌و زه‌كات ناده‌ن و بازاری‌ ئیسلامیه‌كان نامێنێت. به‌ڵام داخۆ ئه‌م كڕنوش بردنه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات بۆ ئه‌م دواكه‌وتویی‌ و بۆ كاره‌ قێزه‌ونانه‌ چیه‌و چی‌ له‌پشته‌وه‌یه‌؟

هۆكاری‌ ئه‌م چه‌مانه‌وه‌یه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات له‌به‌رده‌م كۆنه‌په‌رستیدا، سیاسه‌تی‌ ملدان به‌خواست و ویستی‌ ئیسلامیه‌كان، ڕازی‌ بوون به‌وه‌ی‌ كه‌ گشت داخوازییه‌كانی‌ ئیسلامیه‌كان جێبه‌جێبكه‌ن، ئه‌گه‌رچی‌ له‌ناو هه‌ناوی‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌دا زه‌مینه‌ی‌ هه‌یه‌و خۆشیان زۆر پێشكه‌وتنحواز و مه‌ده‌نیتر نین له‌وان، به‌ڵام له‌ئێستادا به‌به‌مه‌ستی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌نگه‌كانیان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوو ئه‌م خزمه‌ته‌یان ئه‌كه‌ن. پێوه‌ری‌ ئه‌م شۆشیال دیموكراتانه‌ی‌ كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ ئیسلامییه‌، ئیتر ئه‌بێت له‌سه‌ری‌ ئه‌وه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی‌ بكرێت و یاسای‌ بۆ دابتاشرێت!!

به‌ڵام ئایا به‌رهه‌می‌ خزمه‌تكردنی‌ ئه‌م كۆنه‌په‌رستیه‌ ئه‌چێته‌ گیرفانی‌ ده‌سه‌ڵاته‌وه‌؟ بێگومان نا، چونكه‌ هه‌ر خزمه‌تێكی‌ ده‌سه‌ڵات به‌وان، به‌ (مویه‌ك له‌به‌راز بێته‌وه‌) ده‌یقه‌بڵێنن.

سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌كی‌ كه‌م له‌خه‌ڵك به‌شداری‌ تیا كردوه‌، به‌ڵام من دڵنیام كه‌ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای‌ هێرشه‌كانیانه‌ بۆ سه‌ر مه‌ده‌نیه‌تی‌ كۆمه‌ڵگا، ئه‌وان له‌داخستنی‌ باڕو دوكانه‌كانی‌ مه‌شروب فرۆشی و چێشتخانه‌كانه‌وه‌، ده‌ستیان پێكردو، ئه‌م كاروانی‌ كۆنه‌په‌رستیه‌ به‌رده‌وام ئه‌بێت.

ڕاسته‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای‌ كورستان به‌حكومی‌ زه‌برو زه‌نگ و فشاره‌ یاسای‌ سه‌رچاوه‌ گرتوو له‌ئیسلام، سوونه‌تی‌ ئیسلامی‌ تیایدا به‌هێزه‌، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ ئیسلامی‌ نیه‌، به‌هه‌ر ئه‌ندازه‌یه‌ك دڵی‌ كۆنه‌په‌رستێك ڕابگیرێت، به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ ئازادیخواز و مه‌ده‌نیه‌ك ئه‌كه‌وێته‌ به‌رامبه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات. ئه‌مه‌ش دیوێكیتری‌ ئه‌و هاوكێشه‌یه‌یه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ نایبینن. به‌ڵام ئه‌م به‌ره‌ی‌ ته‌مه‌دون و ئینسانیه‌ته‌ بێكاریگه‌ری‌ سیاسیه‌، چونكه‌ ڕێكخراو نیه‌و حزبی‌ سیاسی‌ خۆی‌ نیه‌ كه‌ پێشڕه‌وی‌ بكات، بۆیه‌ ئه‌و مه‌ده‌ كۆنه‌په‌رستانه‌یه‌ یان ئه‌بێت ئازادیخوازان وه‌خه‌به‌ر بێنێته‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ردا كارێك بكه‌ن، یان ده‌بێت ته‌سلیم به‌ویست و خواسته‌كانی‌ ئه‌وان ببن و سه‌ره‌نجام كوردستان وه‌ك قه‌نده‌هار یان له‌باشترین حاڵه‌تدا وه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ لێبێت.

هه‌رچی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانیشه‌ ئه‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ بزانن كه‌ ئه‌م پێشڕه‌ویه‌ی‌ ئیسلامیه‌كان له‌كوردستانیش و ده‌وڵه‌تانی‌ ئیقلیمیشدا كاتیه‌و ته‌وا ئه‌بێت. ده‌وره‌ی‌ داهاتووی‌ ناوچه‌كه‌، ده‌وره‌ی‌ ڕكودی‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ ئه‌بێت و ئه‌و گورزه‌ی‌ كه‌ به‌ر جمهوری‌ ئیسلامی‌ ئێران و ئه‌ڵقه‌له‌گوێكانی‌ ئه‌و ڕژێمه‌ له‌ لوبنان و فه‌له‌ستین عێراق ئه‌كه‌وێت، پریشكیشی‌ به‌ر ئه‌مان ئه‌كه‌وێت و سبه‌ی‌ ناتوانن و لێیان قبوڵ ناكرێت كه‌ ئیدعایه‌كیتری‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌وه‌كانی‌ ئێستایان بكه‌ن.

27-9-2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە