کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەوانە کێن؟ لەم گەلە چ دەخوازن؟

Sunday, 06/02/2011, 12:00


بەهەڵەدا نەچن کاتێک باسی گەلی ئەفغانستان دەکەم مەبەستم ئەوە نییە کە ئەو گەلە لە گەلی ئێمە باشترە یان خراپترە. دنیا بۆستانێکە و هەر گەلێکیش گوڵێکە. هەر گۆڵێک بۆنی تایبەتی هەیە و شوێنی تایبەتی هەیە. لەوەش زیاتر ئەوەی دەخوازم بیدرکێنم ئەوەیە وەکوو کوردێک شانازی بە گەلی ئەفغان دەکەم و بەنیازم لێکۆڵینەوەی تایبەت دەربارەی مێژوو و جوگرافیای گەلانی ئەفغانستان بکەم و زیاتر بیانناسم. دەپرسن بۆ شانازی بە گەلانی ئەفغانستان دەکەم؟ لەبەر ئەوەی گەلی ئەفغانستان ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە درێژایی ئەو مێژووە تاڵەی چۆکی بۆ هیچ لایەنێکی دەرەکی دانەداوەو بەردەوام لە شۆڕش بەردەوام بووە. لە سەردەمی نوێدا لەلاێەن یەکیەتی سۆڤیەت هێرشیان کراێە سەر، بەڵام کۆڵیان نەدا و سەرکەوتنیان بە دەست هێنا. پاشان لە لایەن ئیسلامییەکان و جاشەکانی ئێرانەوە شەڕیان بەسەردا سەپا، بەڵام کۆڵیان نەدا. تەنانەت کونەپارێزانی تالیبان نەیانتوانی ئیرادەیان لێ تەسلیم بگرن. دواتر هاتنی ئەمریکیەکان و ئێستاش لە بەرامبەر دوو چەمک شۆڕشیان درێژە پێدەدەن. لە بەرامبەر ئەو کولتوورەی کە رۆژئاوا و کڵاوسوورەکانی - ناتو و هێزەکانی دەسەڵاتی ئەفغانستان- لە لاێەکەوە و لەلاێەکیترەوە کولتوری ئاژاوەگێڕی دەڵەتانی هەرێمی - ئێران و تورکیاو عەرەبەکان-. گومانم لەوەدا نییە کە نە ڕۆژئاوا و ئەڵقە لەگوێەکانی و نە ئاژاوەگێڕەکانی هەرێم ناتوانن ئەخلاق و نرخە پیرۆزەکانی گەلانی ئەفغانستان لەناو بەرن و بسڕنەوە.
ئێمەش وەک کورد ڕابردوومان جیاوازیەکی زۆری لەگەڵ گەلانی ئەفغانستان نییە و بەنیازین ئەخلاق و نرخەپیرۆزەکان و گەلەکانمان بپارێزین. بەڵام شتێکی ئێمە هەیە کە گەلانی ئەفغان لێ بێبەشن و ئەویش سەرۆکی خایین، سەرکردەی جاش و خۆێڕییە. ئەمەم کەی زانی؟ پەلەنەکەن تا بۆتانی باس کەم.
ماوەیەک لەوەپێش دەوڵەتی ئێران ڕێگای لەبەردەم دەربازبوونی تەنکەرە سووتەمەنیەکان گرت هەتا سووتەمەنی لە ئێرانەوە نەگوێزنەوە. گەلانی ئەفغانستان لەبەرامبەر ئەو بریارەی دەوڵەتی ئێران بێدەنگ نەمان و بە ڕێپێوان لە بەردەم کۆنسولخانەی دەوڵەتی ئێران (بخوێننەوە هێلانەی جاسوسی و ئاژاوەگێڕی دەولەتی ئێران) لە شاری "هەرات" ـی ئەو وڵاتە نارەزایەتی دیمۆکراتییانەی توندیان نیشاندا. دەوڵەتی ئێران وڵامی داخوازییەکانی نەدایەوە. دواتر گەلی شاری هەرات چالاکییەکی بەهەیبەتیان نیشاندا و بەکردار سەلماندیان؛ ئەگەر دەوڵەتی ئێران باوەڕی بە ڕێزی بەرامبەر گەلانی ئەفغانستان نەبێت ئەوا گەلانی ئەفغانستان بێڕێزی دەوڵەتی ئێران پەسەند ناکەن. لە چالاکی گەلی هەرات کونسولخانەی ئێران کراێە ئامانجی هیلکە و بەرد. ئەوی دەخوازم باسی بکەم لێرەدا دەس پێ دەکات؛ دەوڵەتی ئێران خوازیاری قۆڵبەستکردن و رادەستکردنی رێکخەرانی چالاکییەکەی هەرات بوو. بەڵام بەڕێوەبەرانی ئەفغانستان لە وڵامی داخوازییەکانی کونسولی ئێران وڵامێکی پێویستی دایەوە:" کونسولی ئێران لە ئاستێکدا نییە کە داوایەکی وەها بکات و باشترە بە ئیشی خوێەوە خەریک بێت."
لە کوردستان شتی جیاواز ڕوویدا؟ دەوڵەتی ئێران چەند گەنجێکی لە گەلی ئێمەی رۆژهەڵات لەسێدارەداوە وئیمەی خەڵکی هەولێریش خواستمان وڵامێکی کردارەکانی دەوڵەتی ئێران بدەینەوە. کونسولی ئێران لە هەولێر قسەکانی کونسولی ئێران لە هەرات دەدات بە بارزانییەکان؟ ئێوە چاوڕوانی ئەوەتان دەکرد وڵامی دەسەڵاتی کوردی چۆن بێت؟ بەهەڵەدا دەچن؟ ئێمە پێشتر داوامان کردبوو لەوە زیاتر هەڵەمەکەن؟ بارزانییەکان سێ هاوڵاتی کوردستان دەگرن، سوکایەتیان پێ دەکەن و من چاوەڕوانم، بیاندەنە دەستی ئێرانییەکانەوە تا ئەوانیش وەکو حسەێن خدری لە سێدارە بدەن. ئەوە ئەرکی بارزانییەکانە و وەسیەتی مردووەکانیانە کە کورد بفرۆشن. کاکە مەسعود وەسییەتەکانی باوکی جێبەجێ دەکات.
لەم گەلە چ دەخوازن؟
لە ئێستە بەدواوە من پاڵپشتی شۆڕشی هەرچوارپارچەی کوردم و بە باشووریشەوە. بە تاکە کچەکەم و خێزانم ڕاگەیاندووە ئەگەر مافیاکەی دەسەڵات منیان رفاند و دەسدرێژییان کردەسەرم و فرۆشتمیان بە تورک، فارس یان عەرەبەکان؛ ئەگەر منیان وەکو سوران و زەردەشت خستە ژێردەستی تیروریستەکان و چەقۆکێشەکانی بنەماڵە، خۆیان لە دەس بێئەخلاقی بارزانییەکان بپارێزن و شانازی بە منەوە بکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە