کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دوو خوشكەكە سیاسەت دەكەن

Saturday, 06/06/2015, 14:48


رستەیەكی بەناوبانگ هەیە، هی پیاوێكی بە ناوبانگە، دەڵێت:
" دوای تاڵەبانی، یەكێتی لاشەیەكی گەورەی بێ‌ سەرە!" پێدەچێت، ئیدی ئەم خوێندنەوەیە بۆ دۆخی ئێستای یەكێتی دروست نەبێت و بە  پێچەوانەی ئەم رستەیە دەتوانین بڵێین:
" یەكێتی دوای تاڵەبانی، لاشەیەكی دوو سەرە." نەك لاشەیەكی بێ‌ سەر. بۆ دروستی گۆڕینی ئەم تێگەیشتنە، پێویستمان بە لۆژیك و داتا هەیە. 
با بزانین، یەكێتی دوای تاڵەبانی، لاشەی بێ‌ سەرە، یان دووسەر؟
هەڵبەتە، دوو خوشكەكە، واتە (هێرۆ خان و شاناز خان)، توانیان، حیزبەكەیان ئاراستە بكەن و توانیشیان، كۆمەڵێك جوڵە بكەن، پێچەوانەی كۆی پێشبینیەكان بوو. كاتی هەڵبژاردن، زۆربەمان پێشبینی ئەوەماندەكرد، ئیدی یەكێتی، دەبێتە هێزێكی بچوك، كەچی نەك نەبووە هێزێكی بچوك، بەڵكو لەو پەری بیماریدا، هەڵسایەوە. هەڵسانەوەكە بە هەر یارییەكی سیاسیی بێت، لەناو كۆمەڵگەیەكی لەم جۆرەدا، زیندوو مانەوە گرنگە، نەك خۆدانە دەست زەمەنەوە. ئەوەی پشكی زۆری لەم زیندوو مانەوەی حیزبەكە بەردەكەوێت، ئەو دوو خوشكەن، كە هەموو لایەكمان دەزانین، ئەوان ئاراستەكەری حیزبن، نەك هیچ كەسێكی دیكە.
لە تەنیشت ئەم پێشبینە چاوەروانەكراوەوە، پرسیارە جەوهەریەكەی خۆمان دەكەین و دەپرسین:
بۆچی دوو خوشكەكە سیاسەت دەكەن؟
لە وەڵامدا، سەیری وێنە گەورەكە دەكەین و لەناو وێنە گەورەكەدا، ئەم چەند خاڵە دەخەینە روو.
یەكەم:
لەناو خۆی هەرێم، ئێستا پەیوەندییەكانی ئەو حیزبە، لەو پەری باشیدایە. بە تایبەت لەگەڵ ئەو هێزەی روبەروی بوویەوە و جێی مەترسی ئەو بوو، كە بزوتنەوەی گۆڕانە و هەردوو كیان دەنگەكانیان، لەیەك سنووردایە. جیاواز لەمەش، هەم حیزبی دەسەڵاتە، هەم حیزبی دژە دەسەڵات، لەیەك كاتدا، نمایشی دوو دیمەندەكات و هەردووكیشی بە دروستی دەكات. ئیدی نەیارەكەی ناو سنوورەكەی، جێگای مەترسی نیە بۆی، بەڵكو ئێستا دۆستیەتی. ئەمە جوڵەیەكی جەوهەری سیاسەتكردنە. 
دووهەم:
پەیوەندییەكانی لە ئاستی عێراقدا، لەو پەری باشیدایە. نە دەبێتە دژی گوتاری عێراقی، نە دەبێتە دژە گوتاری كوردی و نە دەشكەوێتە ژێر هەیمەنەی ئەو گوتارە فێڵاوییەی، بە ناوی نەتەوەوە دەكرێت و بووەتە كەرەستەی دەستی پارتی. بەڵكو، خۆی گوتاری تایبەت بە خۆی هەیە و لەكاتی خۆیدا گوتارەكەی دەردەبرێت و ناكەوێتە شوێن شەپۆلەكان. ئەمەش جوڵەیەكی دیكەی، سیاسەتكردنە. 
سێهەم:
لە روی گوتاری نەتەوەیی لە پارچەكانی دیكە، ئاستی پشتگیری كردنی، بۆ باكور و بۆ رۆژئاوا، لە ئاستێكدایە، پشتگیری ئەو گوتارە نەتەوەیە دەكات، لەو دوو پارچەیە زەمینەی جوڵانەوەی بۆ كراوە و بەشێوەیەكی، روون، دژی گوتاری توركی و سوری و گوتارەكانی دیكەی، دژ بەكورد لەو دوو پارچەیە وەستاوەتەوە. بە فۆرمێك ئیدارەی ئەم پەیوەندیانە دەدات، كاریگەری بەهێزی هەیە، لەسەر حیزبە كوردییەكانی ئەو پارچانە. خاڵێكی دیكەی، جوڵەی سیاسی، لەمەدا بەدیدەكرێت. 
چوارەم:
پەیوەندییەكانی، لەگەڵ ئێران و, وڵاتانی دیكەی ناوچەكە، لە ئاستێكدایە، هیچ مەترسیەك بۆ سەر ئاسایشی خۆی دروست ناكات و دەستیش لە گوتارەكانی خۆی هەڵناگرێت. بەڵكو هەندێكجار، ئەوان بەكار دەهێنێت بۆ خۆی و ئەشێت لە چەند شوێنێكیش خۆی بەكار هێنابێت، بۆ ئەوان، لەبەر بەرژەوەندییە گەورەكانی خۆی. بە هەموو سەرنجەكانەوە لەم خاڵەدا جوڵەی سیاسی خۆی دەكات. 
پێنجەم:
پارتی خستوەتە گۆشەیەكەوە، مەحكومی كردووە بە بەرەی توركیا. لە بەرامبەر ئەم مەحكومكردنەدا، پارتی زۆر جار توشی، دۆخی شێواو دەبێت و لە روی میدیاییەوە، پەلاماری دەدات! لە كۆتایشیدا، پارتی بەبێ‌ رازی بوونی ئەمان، ناتوانێت لە ناوخۆی هەرێم، ویستەكانی خۆی بە دەست بهێنێت. ئەگەرچی زۆر شێواوە بە دەستیانەوە. ئەمەش جوڵەیەكی دیكەی رامیارییە. 
شەشەم:
نەیارەكانی ناو خۆیی حیزبی، یان باشتر بڵێین: نەیاری  دوو خوكشەكە، بە شێوەیەكی ورد گەمارۆ دراون و هیچ جوڵەیەكی سیاسی و حیزبیان نەماوە. بەڵكو بە جۆرێك گەمارۆ دراون، كۆی دەسەڵاتەكانیان لێوەرگیراوەتەوە و كاریگەرییەكانیان لەناو حیزبدا، كەمبوەتەوە.  تەنانەت، ئاراستەكردنی كۆی ئۆرگانەكانی حیزب، ئێستا بە دەست دوو خوشكەكەوەیە و جێگرانی تاڵەبانی، لە بۆشایدا دەجوڵێنەوە. 
ئەمە تەنها دیمەنی وێنە گەورەكەیە، ناچینە ناو كۆی وردەكارییەكانەوە، چونكە  دەزانین، حیزبی كوردی، هەر هەموویان  دوای چوار ساڵ تەمەن، ئیدی نارەزایەتی و پیسخۆری تێیدا سەر هەڵدەدات و لەو دۆخە شۆرشگێرییە دەردەچێت و دەبێتە حیزبێكی سونەتی پر لە كێشە. بەڵام بە دیمەنە گەورەكەدا، دەر دەكەوێت، ئەم دوو خوشكە، لە ئێستادا، بە شێوەیەكی ورد، ئیدارەی پەیوەندییەكان و كێشەكانی هەرێم و ناوخۆی حیزبەكەیان و دەوروبەریش دەدەن. 
ئەگەر سیاسەت، ئەمە نەبێت، ئەی چیە؟ كەوایە ئەو دوو خوشكە، لە ئێستادا سیاسەت دەكەن و ناهێڵن، ئەو بۆ شاییەی تاڵەبانی دروستیكردووە، ببێتە كەلێنێكی گەورە و بەم حاڵەشەوە، حیزبەكەیان، وەك حیزبێكی بەهێز و كاریگەر هێشتوەتەوە. ئەشێت وتنی ئەم راستیانە، بۆ زۆر كەس نیگەرانی بێت، لێ‌ نەوتنیان، چاوپۆشیە، لە بینینی دیمەنەكە وەك خۆی.
تەنانەت دۆخێكیان دروستكردووە، هەندێكجار، ئاراستەی گوتارەكان لە ئاستی هەرێمدا، كەوتوەتە ژێرچنگی ئەوان. ئەگەرچی دور و نیزك، نەمدیون و تەنها هاوڵاتی بوونی ئەم وڵاتە، لە یەك شاردا كۆماندەكاتەوە، یان خوێندنەوەی دەقە ئەدەبیەكانی (باوكیان) ئاشنام دەكات پێیان، ئەما لە ئێستادا، بە هەموو تێبینیەكانمان لەسەر بەشێكی زۆری جوڵەكانیان، بە لۆژیكی سیاسەت، ئەم دوو خوشكە سیاسەت دەكەن و یەكێتی بێ‌ سەرنیە، بەڵكو دوو سەری هەیە. 
ئەم نووسینە لە سایتی لڤینەوە وەرگیراوە و بۆ پاراستنی لە ئەرشیفی کوردستانپۆست بە باشمانزانی لێرەدا بیپارێزین
http://lvinpress.com/dreja.aspx?Jmare=26285&Jor=56

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە