ئاسنگەرەكەی ماڵی (ئیبراهیم ئەحمەد)
Tuesday, 05/04/2016, 10:22
دەمەوێت لەم نووسینەدا قسە لەسەر نمونەیەكی نوێ بكەم. نمونەیەك كە لەناو حیزبی كوردییدا كەمە. بەڵام لە تەنیشت ئەم نمونەیەوە دوو جۆر خوێندنەوە بوونی هەیە، لە هەر دوو جۆرەكەدا، بەشێوەیەكی خێرا بەسەریدا گوزەر دەكەم.
لە مێژووی نوێی حیزبی كوردییدا، لە ساڵەكانی شەستەوە تاكو ئێستا، جگە لە (نەوشیروان مستەفا) كە خۆی لوتكەی دەسەڵات بووە و، لە هەمان كاتیشدا قەڵەمێكی رەخنە گربووە، چ بۆ ناوخۆی حیزب، چ بۆ دەرەوەی حیزب، نمونەی دیكە وەك ئەو بە روونی و بە بەردەوامی نابینرێت. یەكێك لە جیاوازییە بنەرەتییەكانی (نەوشیروان مستەفا) لەگەڵ سیاسییە باڵادەستەكانی حیزبی كوردییدا، ئەوەیە، كە ئەم پیاوە، تەنها بەشێك نییە لە دروستكردنی مێژوو، تەنها بەشێك نییە لە دەسەڵات، بەڵكو، بەشێكیشە لەو زمانی رەخنەیەی لە خودی خۆی و ناوخۆی حیزب و، لە دەرەوەی حیزب دروست دەبێت. پاش ئەو ئیدی نمونەی وا نابینرێت جێگای وەستانبێت لەسەری. گەر هەشبووبێت، نمونەی زۆر كاتی بوون كە جێگای تێڕامان نین.
لە مەسەلەی (ژن) دا، نمونەمان نییە. تا ئەم دوایانەی كە یەكێك لە كچەكانی مامۆستا (ئیبراهیم ئەحمەد) دەردەكەوێت. ئەم نمونەیە، ئەشتوانرێت وەك دیاردەیەك سەیربكرێت. دیاردەیەك كە لەناو یەكێتیدا (نەوشیروان مستەفا) رژێنەری ئاوەكەیەتی. هەڵبەتە ئەم نمونانە لە مێژووی پارتیدا، نە دەیانبینی و نە دروستیش دەبن. چونكە سروشتی حیزبی پارتی لەو سروشتەیە، یان لەگەڵم دەبیت، یان لە دەرەوەم دەبیت. ناكرێت كائینێكی رەخنەگربیت لە ناوەوەی حیزب و لەناو پارتیش بیت. چونكە رێگەت نابێتەوە. لەسەر ئەم دۆخە نوكتەیەك هەیە دەڵێت:
" جارێكیان مەسعود بارزانی لە زەعیم عەلی دەپرسێت:
تۆ كتێب دەخوێنیتەوە؟
ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت: نەخێر ئەزبەنی!
بارزانیش دەپرسێتەوە: بۆچی ناخوێنیتەوە؟
زەعیم عەلیش دەڵێت: ئاخر ئەزبەنی ئەگەر كتێب بخوێنمەوە، ناتوانم لەگەڵ ئێوەبم!"
ئەما، بۆ یەكێتیی بە پێی سروشتەكەی جیاوازە. ئێستا یەكێك لە كچەكانی (مامۆستا ئێبراهیم ئەحمەد) كە (شاناز)ە. لە تەنیشت ئەوەدا لەناو خێزانێكی دەسەڵاتدارداییە، قەڵەمێكی بەدەستەوەیە و بووەتە جێی سەرنجی میدیاكان. (بەرێزان یەكێك لەو هۆكارانەی میدیاكان زۆر گرنگی بە بابەتەكانی ئەم خانمە ئەدەن ئەوەیە، كە خۆی لەناو خێزانی دەسەڵاتداییە و رەخنەگریشە لە حیزبەكەی خۆی و دەرەوەی حیزبەكەی خۆشی، بۆ میدیاكانیش ئەمە بوەتە جێی سەرنج.)
تا ئەو شوێنەی ژنێكی رەخنەگرە لەناوخۆی حیزب و لە دەرەوەی حیزب، بۆ ئێمە مانانی بڕوابوون بە رەخنەگرتن، كارێكی خراپ نیە. لێ، لەو شوێنەی ئیدی ئەركی سیاسیی خۆی و شوێنەكەی خۆی لەبیردەچێت و دەبێتە ئاسنگەرێك، جێگای جۆرێكی دیكە خوێندنەوەیە.
ئەشێت زۆر ئاساییی بێت، كەسێكی رۆژنامەنووسی چەشنی من، بەهەمان دونیابینی و رەخنەگرتنەوە، سەیری هەموو لایەك بكەم. ڤەلێ، ڕەنگە بۆ كەسێك كە خۆی لەناو خێزانێك بێت كە خێزانەكە خودی دەسەڵات بێت، جۆرێكی كەبێت. (بۆیە بە خێزانی تاڵەبانی و خێزانی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێم: خێزان. لەبەرئەوەی نامەوێت ئەو هەڵەیە بكەم، كە كۆمەڵێك كەسی روكەش گەرا بە بنەماڵە ناویان دێنن. چونكە بنەماڵە ترادسیۆنی هەیە، بەڵام خێزان عادەتی هەیە. هەر بەم دوو جیاوازییە بنەرەتیە دەتوانی خێزان و بنەماڵە لەیەك جیابكەیتەوە. هێشتا ماڵی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و ماڵی تاڵەبانی نەبوون بە بنەماڵە، چونكە ترادسیۆنیان نیە و لە دۆخی عادەتدان. كاتێك دەبنە بنەماڵە قۆناغی عادەت تێپەرێنن و ببنە خاوەنی ترادسیۆن.)
بەهەرحاڵ. ئَستا قۆناغی سەدە كلاسیكیەكان نییە، هەموو ئاسنێكی خوار پێویستی بە چەكوش بێت بۆ راستكردنەوە. ئاسنگەری باش ئەوەیە، كوورەكەی خۆی گەرم بكات، بەهێمنی ئاسنەكان بتوێنێتەوە و بیرژێنێتە ناو ئەو قاڵبەی خۆی دەیەوێت. پاشان ئەو شتەی لێدروستبكات كە خۆی مەبەستیەتی.
بەڵام، ئەگەر ئاسنگەرەكە هەر ئاسنێكی بەرچاو كەوت تۆزێك خوارە و چەكوشێكی لێدا، یان هەر بزمارێكی بینی تۆزێك خوارە و بەچەكوش لێیدا، ئەوكات ئەشێت ئەو بزمارانە هەندێكی بچنەوە بەگیانی خۆیدا و ئازاری پێبگەیەنن. خێزانی دەسەڵاتدار وەك دیمەنی شانۆگەری وایە، هەر ئەكتەرە و دەوری خۆی هەیە. دەرهێنەری شانۆگەرییەكە ناهێڵێت یەكێك لە ئەكتەرەكان جوڵەی ئەوانی كە بخاتە بەر تیری جوڵەكانی خۆی و، شانۆگەرییەكە بە ئاراستەی پێچەوانە كۆتایی بێت.ئەكتەری باشیش ئەوەیە، دەورەكەی خۆی بە جۆرێگ بگێڕێت هەم خۆی جێی سەرنج بێت، هەم ببێتە هاوكار بۆ ئەكتەرەكەی تەنیشتیشی.
گەر رەخنەگرتن و دونیابینیەكی جیاواز لای (شاناز ئیبراهیم ئەحمەد) وەك دیاردەیەكی نوێ لەناو خێزانی دەسەڵاتداردا سەیربكرێت، بەتایبەت لەناو ژنی دەسەڵاتداردا. دیوەكەی دیكەی ئەوەیە، لە هەموو سات و لە هەموو شوێنێكدا پێویست بەوە نیە، هەمان چەكوشی پێبێت، چونكە لە سیاسەتدا جوڵەكان جیازاترن لە دونیای نووسین. رەنگە سروشتی خودی یەكێتیی ئەوە بێت، دەنگی جیاواز و بیركردنەوەی جیاواز لەناودابن. بەڵام سروشتی حیزب ئەوە نیە هەموو چارەسەرەكان، یان رێگا راستەكان بە چەكوش بدۆزرێنەوە.
حیزبی كوردیی ئەم دیمەنەیە: ئەوەی دوێنێ برادەرمان بوون، ئەمرۆ نامان ناسن. ئەوانەی دوێنێ دوژمنمان بوون، ئەمڕۆ نزیكترین دۆستەكانمانن. سیاسیی سەركەوتوو ئەوەیە، لەم جیهانە شێواوەی حیزبدا، ڕێگای تایبەت بەخۆی هەبێت. بەڵام، دور لەو قەوزاییەی كە لەناو میدیادا گەشەی پێدەدرێت. مەبەستەكەی من ئەوەیە: وەك دیاردەیەكی رەخنەگرتن لە خۆی و لە دەرەوە، هەوڵی ئەو خانمە لە شوێنی خۆیدا بارستایی خۆی هەیە. لێ، لەو شوێنەی هەموو شت بە چەكوش چارەسەر بكرێت، ئیدی وەستانێكی دیكەی و خوێندنەوەیەكی دیكەی پێویستە.
خوێنەری بەرێز: من زۆرجار لە رێنووسی كوردییدا، پەیرەوی لە مامۆستایان، (باڵدار) و ( پیرە مێرد) و (ئیبراهیم ئەحمەد) دەكەم. بەڵام بۆكچەكەی نازانم، ئەوەشیان بابەتێكی ترە و نووسینی دیكەی دەوێت!
ئەم نووسینەی نەبەز گۆران لە سایتی لڤیندا بڵاوکراوەتەوە، ئێمەش بۆ پاراستنی لە ئەرشیفی کوردستانپۆستدا بە هەمان رۆژ و کاتژێرەکەیەوە لێرەدا بڵاوی دەکەینەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست