کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دیوارێكى تر ڕوخا

Wednesday, 08/12/2010, 12:00


لەڕابردودا تا ئێستاش كورد زۆرجار لەوەهما ژیاوە، ناوى لە بڕێك شوێن و بڕێك كارەكتەرناوە كە نەدەبوو ئەو ناوانەى لێبنێت، چونكە ئەو شوێن و كارەكتەرە نەتواناى هەڵگرتنى ئەو ناوەى هەبووە، نە ئەو ناوەش توانیویەتى زیادەیەك بخاتە سەر بیركردنەوەى، مامۆستا بۆ پیرۆزە؟ ئەمە یەكێكە لەخراپترین و ناقۆڵاترین ناوێك لە كەسێك بنرێت كە نابێت پیرۆزبێت، لەكاتێكدا وەك هەموو كارەكتەرەكانى دى ئەركى خۆى جێبەجێكردوە كەوانە بێژیە، مامۆستا بۆ ئەوە دەبێتە وانێبێژ مناڵان فێربكات، فێركردنى وانەكان ئەركى مامۆستایە، بەپێرۆزكردنى ئەم كائینە هیچ لەوانەكان ناگۆڕێت، بەڵكو مانا ئەسڵیەكەى خۆى لە دەست دەدات، یان مامۆستا پێشڕەوە، راستە لەوانە وتنەوە پێشڕەوە، بەڵام لە هیچ كاییەكى ترى سیاسى و كۆمەڵایەتى بەدرێژایى مێژووى كورد مامۆستا پێشڕەو نەبووە، ئەوەى شاعیرەكان و رۆشنبیران و سیاسیەكان و شۆرشگێرەكان كردوویانە لە پێشڕەویدا مامۆستا نەیكردووە، ماناى ئەوەش نیە مادام مامۆستا لەیەكەم چركەساتى خوێندنتەوە فێرى خوێندنەوەت دەكات ئیدى پێشرەوبێت، باشە مامۆستا ئەگەر ئەركەكەى خۆى كەوانە وتنەوەیە نەیكات ئەى چیبكات؟ پێشڕەوبون ماناى جێبەجێكردنى ئەرك نیە، ماناى بەرهەم هێنانى عەقلێكى نوێ، داهێنانێكى نوێ، بیركەرەوەیەكى نوێیە، بابگەرێێن لەناو كتێبخانەو میراتى فیكرى ئەم وڵاتەدا بزانین چەن كتێبى مەزنى داهێنان و عەقڵگەرایى و سیاسەتوانى و كۆمەڵناسى هى مامۆستان؟ ئەگەر مامۆستا لەبرى ئەركەكەى سەرقاڵى بەرهەم هێنانى عەقڵ بوایە میراتى فیكرى ئەم وڵاتە ئەوەندە لاواز ئەبوو؟ زانكۆكانمان بەم دەردە دەچون؟ سەیرى بەرهەمى مامۆستایانى رۆژاوابكەین و سەیرى بەرهەمى مامۆستایانى خۆمان بكەین لەوە تێدەگەین ئێمە چەند گوناحین و چەند ناوى گەورەمان لەشتەكان ناوە و بەو جۆرەش نەبووە.



هەڵبژاردنى ئەمجارەى مامۆستایان باشترین دەرگایە بۆ ئێمە، كە نائومێدمان بكات و بەدەنگێكى زۆر بەرز بڵێین بەراستى پەروەردەى ئەم وڵاتە لە چركە ساتێكى زۆر مەترسیداردا ئەگوزەرێت، ئاخر كوفرە مامۆستا ئەگەر بەواتا گەورەكەى سەیرى خۆى بكات و خاوەنى میراتى فیكری بێت، ڕێگە بەخۆى بدات لەبەردەم بەرپرسێكى نەخوێنەوار، مەسولێكى كلۆِل دانیشێت و ئامۆژگاریەكانى وەربگرێت كە چۆن دەنگ بدات، گریانم دێت بۆمناڵانمان كە مامۆستاكانیان بۆ هەڵبژاردنێكى بچوك تەزویر ئەكەن" واتە قۆپى" ئەكەن، ئەبێت ئەو مامۆستاییە ئیدى بەچ جەسارەتێكەوە بتوانێ بە قوتابیەكەى بڵێت قۆپى مەكە كە خۆى لە هەڵبژاردنێكى بچوكدا ئەو قۆپیەى كرد؟! چۆن بتوانین ئومێدى خۆمان لەسەر ئەم كەسایەتیە هەڵبچنین، لە یەكێك لەبنكەكانى دەنگداندا خەڵك دانراوە بۆ ئەوەى دەنگ بۆ مامۆستا بدات، لەسەر شاشەى تەلەفزیۆنەكانیش بڵێت ئاخر مامۆستاى نەخوێنەواریش هەیە! من سایەق تراكتۆرى نەخوێنەوارم بیستوە، وەلێ لەم هەڵبژاردنەدا زانیم مامۆستاى نەخوێنەواریشمان هەیە، سەیركەن پەروەردەى ئەم وڵاتە لەدەست كێیە؟ ئیدى چۆن كۆمەڵگە ئەگۆڕێ، چۆن پەروەردەیەكى تەندروست دروست دەبێت؟ كە مامۆستاكانى بە بچوكترین تاقیكردنەوەدا بەم جۆرە هەڵسوكەوت بكەن، ئەمە روخانى ئەودیوارە گەورەییە نیە كە نەوەكان بەرهەم دەهێنێت؟ ئەگەر هەموو ئاستەكانى كۆمەڵگە ئیرادەیان لەدەست بدەن بەرامبەر بەخراپە كاریەكانى ژیان، نەدەبوو مامۆستایان لەدەستى بدەن، بەس قەت نەماندیى لەسەر خراپى كڵاسەكانى خوێندن جارێك مامۆستایان توڕەبن و بێنە سەرشەقام، بەڵام دوو دینار لە موچەكەیان كەم بكات پێیان ئاساییە كڵاسەكانى خوێندن بەجێبهێڵن و مناڵەكانمان بێ خوێندن بكەن، ئەگەر دوومانگ موچەكەیان دوابكەوێت ئەیكەن بەمنەت بەسەر هەموومانەوە، بەڵام كاتێك پەروەردەكەیان و سیستەمى خوێندنەكەیان وێرانە كەسیان دەنگێكى لێوەنایەت، ئیدى وڵات چۆن ئەگۆڕێت كە دیوارە بنەڕەتیەكەى لەسەرئەم جۆرە بیركردنەوانە بنیات نارابێت، كاتێك مامۆستا ئیرادەى لەدەست داو بویە گوێڕایەڵى حزب بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، ناكرێت ئومێدەواربین بەو كۆمەڵگەیە كە ئەمانە پێشڕەوەكانى بن وەك خەڵك ئەلێت، نەك من چونكە من باوەڕم بە پێشڕەوى ئەوان نیە، ئەشزانم بۆئەوان گوزەران گرنكترە نەك ئایندەى پەروەردە لەم وڵاتەدا، گەر واش نییە چۆن قبوڵیانكرد زانكۆكان ببنە گاراجى حزب، كڵاسەكانى خوێندن ببنە شوێنى وێرانكردنى پەروەردە و بەخۆشیان قبوڵبكەن حزب ئاراستەیان بكات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە