کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چاڵەكەى بارزانى كوردى تێكەوت

Wednesday, 01/12/2010, 12:00


هیڵتمان دەڵێت " پرۆژەكەى بارزانى بۆئاشتكردنەوەى لایەنە عێراقیەكان پرۆژەیەكى ئەمریكى بوو" دواى ئەوەى ئەمریكا ئاراستەى سیاسیەكانى خۆى لەسەردەمى دیموكراتەكان لە عێراقەوە گواستەوە بۆ ئەفغانستان، پەڕوباڵى ئێرانیەكان لە عێراق كرایەوەو ئاوابوونى دەسەڵاتى ئەمریكا دەستى پێكرد، ئەو نائومێدیەى لە سیاسەتى دەرەوەى ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق دروست بوو نائومێدیەكى لەخۆ كردە نەبوو، بەڵكو هەڵەى سیاسیەتى ئەمریكا بوو لە عێراق، بۆیە ئەمریكا دەیەویست لەم سەردەمەدا بەهەرجۆرێك بێت حكومەتى عێراق پێكبهێنرێت، بە بۆچونى هیڵتمان ئەمریكا هەستى بەدۆڕانێكى زۆر كرد بۆیە ئەم پرۆژەیەى خستە بەردەم یەكێك لە كارەكتەرە سیاسیەكانى ناو عێراق تاكو عێراقیەكان لەناو خۆیاند كار بۆ پێكهێنانى حكومەت بكەن نەك بۆكردنەوەى دەروازەكان سیاسیەكانى عێراق بگەرێن بەسەر دراوسێكانیاندا، بەلۆژیكى ئەمریكیەكان بێت ئەم پرۆژەیە تەنها رزگاركردنى ئەمریكابوو لەقەیرانى بێ حكومەتى، وەلێ بەشێك لەچاودێرەكانى دى پێیان وابوو پرۆژەكەى بارزانى پرۆژەیەكى ئێرانیەو هەموو ئاراستەكانى لەبەرژەوەندى ئێراندایە، بەڵام سەركردایەتى پارتى و ڕاگەیاندنەكانى نكۆڵیان لە هەموو ئەم قسانەكردو بە پرۆژەیەكى تاك لایەنانەى بارزانیان تەفسیركردو بەو جۆرە دەریانخست كە ئەمە هەنگاوێكى گەورەیە كورد لەم چركەساتانەدا لەرێگەى بارزانیەوە دەیهاوێت، بەڵام دواى دووهەفتە لەسەركەوتنى پرۆژەكە كوردو بارزانیش نائومێد بوون لەو هەڵە گەورەیەى كردویانەو باجەكەشى كەوتە سەر شانى خۆیان. كوردیان لەناو دەسەڵاتى عێراقدا خستە سەر لێوارێك بەرەو كەوتنى ببات.
هەرئەوكاتەى ئەمیرى سعودیەو بایدنى جێگرى ئۆباما پشتگیرى خۆیان بۆپرۆژەكەى بارزانى دەربرى، غرورێك لاى بارزانى دروست بوو، و ئێرانیەكانیش نیگەران بوو، چونكە وا سەیرى پرۆژەكەیان كرد دەستەكانى ئێران لە عێراق لاواز دەكات، بۆئەمكارەش راستەوخۆ نێچیرڤان بارزانى كە بەنیاز بوو لەتوركیاوە سەفەرى دەرەوەى وڵات بكات، بۆڕاگرتنى دڵى ئێرانیەكان سەفەرەكەى ڕاگرتوو بەرەو تاران كەوتە ڕێ, دواى سەفەرەكەى نیچیرڤان، نیگەرانیەكانى ئێران كەمبونەوەو تێگەیشتن ئەمریكایەكان بەلایانەوە گرنگ نیە حكومەتى عێراق چلۆنە، بەڵكو بەلایانەوە گرنگە حكومەتێك بوونى هەبێت، بۆیە ئێران لەڕێگەى سێبەرەكانى خۆیەوە كەوتەكاركردن بۆ ئاراستەكردنى ئەو حكومەتەى بەنیازە دامەزرێت.و لە چۆنیەتى حكومەتەوە كردیانە چلۆنایەتى بۆخۆیان. و ئێران ئەمجارە لە عێراق سەركەوت بەسەر پرۆژەى ئەمریكایەكان و حكومەتەكەى بەرەو خۆى برد.
یەكەم دانیشتینى لیستە عێراقیەكان لەهەولێر غروریەتێكى دایە پارتى و یەكێتى كە بانگهێشتى لیستى گۆڕان نەكەن وەك لیست بەڵكو وەك پێكهاتێكى ناو لیستى كوردستانى بچێتە ناو كۆبونەوەكە، گۆڕانیش ئەمە نیگەرانى كردو بایكۆتى كۆبونەوەیەكان كرد، نەچونەكەى گۆڕانیش ئەوكاتە هیچ لەمەسەلەى پارتى و بارزانى و پرۆژەكەى نەگۆڕى، پاش گواستنەوەى كۆبونەوەكان بۆ بەغداد، راستەو خۆ لیستەكەى مالیكى پرۆژەى خاڵى پێشكەكش كردو خستیە ناو گفتوگۆى كۆبونەوەكانەوە، " هەڵبەتە مالیكى بۆخۆشى لەكابینەى پێشوو لەناو لیستەكانى خۆیدا ئەم پرۆژەیەى جیبە جێكردو كاتێك پۆستى سەرۆك حكومەتى وەرگرت ئیدى حزبەكەى بەهۆى لەدەست دانى خاڵەكانەو هیچ وەزارەتێكى بەرنەكەوت" ئیدى ئەو پرۆژەیەى مالیكى بویە خاڵى سەرەتا بۆ گفتوگۆى لایەنەكان و هەموو لایەك لەسەر ئەوە كۆك بوون لەرێگەى خاڵەكانەوە دەسەڵاتەكان دابەشكەن، زەرەرمەندى یەكەمیش لەم پرۆژەیەى مالیكى تەنها كورد بوو، چونكە كورد بەهۆى كەمى كورسیەكانیەوە بۆوەرگرتنى هەر پۆستێكى سیاسى نیوەى خاڵەكانى لەدەست دەدات، لیستى عێراقیەو مالیكیش بەهۆى زۆرى خاڵەكانیانەوە لەدابەشكردنى پۆستەكاندا ئیشكالێكى زۆر نەدەهاتە ڕێگەیان، لەناو كۆبونەوەكاندا پرۆژەكەى كورد كە پرۆژەیەكى "19" خاڵیەو داواكانى كوردى تێدایە هەموو خاڵەكانى قبوڵكران جگە لەو خاڵەى ئەگەر ئەم پرۆژەیە جێبەجێنەكرێت حكومەت هەڵەوەشێتەوە، جەوهەرى ئەو پرۆژەیەش تەنها ئەو خاڵە بوو، بۆیە پرۆژەكە بەمردوى خرایە پەراوێزى كۆبونەوەكانەوە، بارزانیش پێى وابوو گەر كورد كورسیەكەى سەرۆك كۆمار لەدەست بدات دەبێتە ژمارە "2" لەعێراقدا، بەڵام لەپرۆژەكەى مالیكیدا هەر سێ پۆستەكە "10"خاڵ دەبەن، " چ سەرۆك كۆمارى، چ سەرۆكى حكومەت، چ سەرۆكى پەرلەمان" كاتێك لیستى عێراقیە بەراوردى خاڵەكانى خۆیان و كوردیان كرد رازى بوون بەسەرۆكى پەرلەمان، بەڵام بەو مەرجەى دەنگ بەسەرۆك كۆمارى نەدەن هەرئەوەشیانكرد، بۆئەوەى بەلایەنە عەرەبیە ناسیونالستەكان بڵێن بەرگرى لە عێراقى عەرەبى سوونە دەكەین و چاوەرێش دەكرێت بۆ خودى مالیكى هەمان كار دووبارە بكەنەوە. تێگەیشتن لەوەش ئەگەر كورد بەم پۆستە رازیبێت كورسى وەزارەتەكانى لەدەست دەدات و زۆرینە دەمێنێتەوە بۆئەوان و شیعەكان.
پێداگریەكەى بارزانى بۆپۆستى سەرۆك كۆمارى یەكێك بوو لەهەڵەگەورەكانى بارزانى لەم دانیشتنانەداكردى و چاوەرێدەكرا پێداگرى لەسەر ناوچە دابڕاوەكان بكات نەك پۆستێكى تەشریفاتى، وەلێ ترسى لەدەسەڵاتەكانى خۆى لەهەرێم ئەم هەڵەیەى پێباشتربوو بۆیە جێبەجێیكرد، لەكاتێكدا گەر كورد پۆستى سەرۆكى پەرلەمانیشى ببردایە هەمان وەزیفەى خۆى دەبینى، نەك وەرگرتنى پۆستێكى تەشریفاتى و لەدەست دانى ئەو هەمووخاڵە، كەچى بارزانى ئەوەى ویستى لەهەرێم بۆخۆى بیكات هەرئەوكارەى كرد، لەناو پرۆژەكەى مالیكى دا كە هەموو عێراقیەكان لەسەرى رێكەوتن، پۆستە سیادیەكان " 10"خاڵ دەبەن واتە زیاد "15" كورسى هەر "2" كورسى و لەسەدا چل خاڵێكە، جێگرەكانیان " 4" خاڵە.
دواى دانانى تاڵەبانى سەرۆك كۆمار و دانانى عارف تەیفور بە جێگرى سەرۆكى پەرلەمان، خاڵەكانى پارتى و یەكێتى گەیشتنەوە نزیكەى "7" خاڵ، پارتیش بەنیاز بوو جێگرى سەرۆكى حكومەت ببات لەگەڵ یەكێك لە چوار وەزارەتە سیادیەكە، كە خۆى بیرى لەوەزارەتى دارایى كردبویەوە بۆبەهێزكردنى پێگەى خۆى لە عێراق و هەرێم، یەكێتیش تاڵەبانى هەموو خاڵەكانى سوتاندو دوو كورسیشى لەپارتى وەرگرتن بۆ پڕكردنەوەى ئەو خاڵانە، پارتیش لەدوا دانیشتنى لەگەڵ یەكێتى، پێشنیازى كردوە ئەگەر یەكێتى بیەوێت لەبەغداد پۆستى جێگرى سەرۆكى حكومەت وەربگرێت لەسەر خاڵەكانى پارتى، دەبێت لەهەرێم سەرۆكى حكومەت بداتەوە دەست پارتى و جێگرى سەرۆكى هەرێمیش دانەنێت، یەكگرتوو كۆمەڵیش بەرهەدووكیانەوە دەتوانن پۆستى وەزارەتێكى خەدەمى وەربگرن خاڵەكانیان هەر بەشى ئەوەدەكات، لەنێوان ئەم قەیرانانەدا گۆڕان كەخۆى جیاكردەوە لەو ڕێكەوتنەو نەكەوتە ناو ئەو ئیشكالەتەوە كە ئێستە روبوروى لایەنە كوردیەكان بوەتەوە، بەپێى خاڵەكانى، پۆستى وەزارەتێكى " خەدەمى " و وەزارەتێكى " دەولى" بەردەكەوێت لەگەڵ دوو جێگر وەزیر و چوار بەرێوەبەرى گشتى. پارتیش خاڵەكانى بەشى ئەوە ناكەن جێگرى سەرۆكى حكومەت و وەزارەتێكى سیادى وەرگرێت بۆیە ناچار دانوستان لەگەڵ گۆڕان بكات. مالیكی و هەموو عێراقیەكانیش پێشتر رێكەوتن لەسەر ئەوەى وەزارەتى ناوخۆ و وەزارەتى بەرگرى دەبێت بەدەست دوو كەسى سەربەخۆوە بن و ناكەونە ناو بازنەى ئەم رێكەوتنەوە و هیچ لایەنێك كارناكات بۆوەرگرتنى ئەم دوو وەزارەتە، لەهەموو حاڵەتێكدا لەكۆتایدا ئەو دوو وەزارەتە دەبنەوە بەشێك لە مالیكى و بەبێ ئەوەى خاڵى لەدەست دابێت بۆیان دەیان هێنێتەوە ژێر چەمۆڵەى دەسەڵاتەكانى خۆى.
پارتى كەزانى خاڵەكانى بەشى وەرگرتنى ئەم دوو پۆستە ناكەن، راستەو خۆ رۆژى چوارشەمە داواى لەگۆڕان و یەكگرتوو كۆمەڵ كرد دانیشتنێك سازبكەن بۆ رزگار بوونى خۆیان لەم قەیرانە، كە ئەوان پێى دەڵێن رزگار بوونى كورد لەم قەیرانە، بەڵام لیستى گۆران ئامادە نەبوو بەهیچ شێوەیەك بەشدارى ئەم كۆبونەوەیە بكات، چونكە پارتى بەنیازە داوا لەگۆڕان بكات لەناو هەرێم چەند خاڵیان پێشكەش كردوە بۆچارەسەركردنى قەیرانەكانى ناو هەرێم هەمووى جێبەجێبكات و رێك بكەوێت لەسەرى، بەمەرجێك خاڵێك بداتە پارتى تاكو بتوانێ پۆستى جێگرو داراى لەبەغداد بەدەست بهێنێت، گۆڕانیش دەیەوێت هیچ كام لەخاڵەكانى لەدەست نەداو ئەو پۆستانەى لەبەغداد وەك هەقى خۆى بەرى دەكەوێت وەریان بگرێت و وەك لایەنێكى كوردى سەربەخۆ كاریان پێبكات.
پرۆژەكەى بارزانى جگەلەوەى خۆى و حزبەكەى خستە ناو قەیران، ئاستى كوردیشى لەبەغداد دابەزاندو زۆرێك لەوەزارەتەكان كرانە قوربانى پۆستەكەى تاڵەبانى و جێگرى سەرۆكى پەرلەمان، شكستەكە هەرلەمەوە كۆتاى نەهات، بەڵكو جارێكى تر لەرێگەى ئەم پرۆژەیەى بارزانیەوە بەهێزترین كارەكتەرەكانى بەعس گەرانەوە سەردەسەڵات و وێنەیەك بۆكورد دروستكرا كە دژى سونەیەو لەگەڵ شیعەكان كۆكن، بارزانى و هەنگاوەكانى بوونە پرۆژەیەك بۆبنیات نانەوەى دەسەڵات لەعێراق و دروستكردنى قەیران بۆكورد، پێشتر دەرك بەوە دەكرا ئەم پرۆژەیە كۆتایەكى لەبەرژەوەندى كوردینە، وەلێ بارزانى دەیەویست وەك فریاد رەسێك دەركەوێت، لەكاتێكیشدا بەپێى ریكەوتنەكانى هەموو هێزە كوردستانیەكان و یاساكانى هەرێم، بارزانى بۆى نیە بە بێ گەرانەوە بۆپەرلەمان هیچ رێكەوتنێكى لەو جۆرە ئیمزا بكات، بەڵام كردى، ئەو " ئاڵنگار"(1) یەى. بارزانى لەسەر پۆستى سەرۆك كۆمارى كردى، گەر لەسەر ناوچە دابڕاوەكان بیكردایە ئاراستەى سیاسەتەكان بەرەو شوێنیكى تر دەچوو، هیچ كاتیش كورد نەدەبویە ژمارە دوو لەعێراق، بەڵكو ئەوەى لەدەستى دابوو دەیتوانى وەریبگرێتەوە، كەچى بارزانى نەخشەكەى بەشكستى كورد كۆتاى هات و هێندەى تر كوردى لاوازكرد لە ناو پێكهاتەى دەسەڵاتى عێراق، ئەوەى سودى لەم ریكەوتنەدى مالیكى و پرۆژەكەى بوو، نەك بارزانى و پرۆژەكەى.

"1" وشەى _ ئاڵنگار_ وشەیەكى هەروامیە، بەماناى دەستەو یەخەدێت و دەكرێت ئەم وشیە بۆ فۆرمێكى سیاسى بەكار بهێنرێت و كارى پێبكرێت. لەیەك كاتدا ماناى ملاملانى و دەستەو یەخەو لێك ئاڵانیش هەڵدەگرێت.
تێبینى" ئەم وتارە لەهاولاتى بڵاونەبویەوە نەشمزانى هۆكەى چیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە