تیرۆر بۆ سەردەشت و ئازادى بۆ قاسم ئاغا
Friday, 22/10/2010, 12:00
پارتى هەرشتێك بڵێت لە بارەى بێ ئاگاى خۆى لەسەر هاتنەوەى قاسم ئاغاو پاڵدانەوەى لە دیوەخانەكەى ئەو مەملەكەتەدا جێگەى باوەڕى ئێمە نیە، هەرچۆن جێگەى باوەڕمان نیە لیژنەى لێكۆڵینەوەكە سەردەشتى كردە تیرۆریست، ئاواش باوەڕ بە هەڵهاتنى تاوانبارێك ناكەین كەدەستى لەخوێنى كوردا حەناییە، ئەگەر هێنانەوەى قاسم ئاغا لەم چركەساتانەدا بۆئەوەبێت پارتى فەزایەك دروست بكات كەیسەكەى سەردەشتمان لەبیر بچێت هەڵەیەكى گەورەدەكات، كەیسى سەردەشت بۆئێمە یەكێكە لەو كارەساتانەى هەرگیز لەبیرناكرێت، تەنانەت ئەگەر ساڵى "1974" دوبارەببێتەوە سەردەشتمان لەبیرناچێت، كێ هەیە بتوانێ ئەو رۆژە لەبیربكات تەرمى سەردەشت لەكۆڵانێك دۆزرایەوە؟ كێ هەیە باوەڕ بەوەبكات سەردەشت بەشێك بوە لەباندەكان؟ كێ هەیە قەناعەت بەو لیژنەیەبكات نەكەس دەزانێت كێن و نە لێكۆڵینەوەكەیان قەناعەت پێهێنەربوو؟ ئەم دوو تابلۆیەى كە پارتى نەخشاندنى لەم ماوەیەدا دوو لەتابلۆى زۆر رەش بوون لەسەردەمى حوكمرانى ئەو حزبەدا رویاندا.
لەبیرم دێت كاتى خۆى گفتوگۆى ئەو كەسەمان بڵاوكردەوە بەدەستى خۆى " نزار خەزرەجى" لە موسڵەوە هێنابوو بۆ سنوورى پارتى و لەوێشەوە لەڕێگەى دهۆكەوە ڕەوانەى دەرەوەى وڵات كرا، حزبێك خۆى بەشۆرشگێربزانێت و منەتى شۆرش بەسەر خەڵكدا بكات ئەمە ئیشەكانى بێت دەبێت چ حزبێك بێت؟ بۆپارتیەكان لەخۆیان ناپرسن حزبەكەیان بۆچى ئەوەندە دەستى پیسە لەم كارانە؟ ئایا جاشایەتى بەس ئەوەیە ببیە جاش و دژى كورد شەربكەیت یان جاشایەتیش ئەوەیە خائینەكان و مستەشارەكان بهێنێت لاى خۆت داڵدەیان بدەیت و رەوانەى دەرەوەى وڵاتیان بكەیت. یان هەر رۆژێك زۆرت بۆهات دەستى وڵاتێك بگریت بهێنێتە ناو خاكەكەتەوە؟ ئەگەر بۆپارتى شەهامەت بێت قاسم ئاغا بهێنێتەوە هەولێر كە یەكێكە لەخرابترین و ناقۆڵاترین پیاوانى رژێم، ئاوا "31" ئابیش شەهامەتە. لەمە سەختر ئەوەیە بە پێى زانیاریەكان قاسم ئاغا بەدەستى یەكێك لەبەرپرسە دێرینەكان و پێشمەرگە دێرینەكانى پارتى تەشریفى هێنراوەتوە بۆهەولێر، چ شەرمەزاریەكە پێشمەرگەیەكى دێرین جەسارەتى ئەوە بدات بەخۆى پیاوێكى لەو جۆرە بهێنێت و بەبیانووى نەبوونى داواكان رەوانەشى بكەن بۆشوێنێكى دى. ئەوەى دەرهەق بە ماڵە ئەنفالەكان و ماڵى شەهیدەكانى یەكێتى كرا لەمەسەلەى قاسم ئاغدا جگە لەخاڵێكى رەش بەنێوچاوانى ئەو حزبەوە هیچ تەفسیرێكى ترى بۆناكرێت، باوادابنێین پارتى كەیفى بەم جۆرە كارە خراپانە دێت، ئەى یەكێتى بۆچى بە بێدەنگى وەك ماسى لەم كارەدا قسەیەكى نەكرد، خۆقاسم ئاغا هەرگیز دڵى نەهاتوە پێشمەرگە هاورێكانى پارتى بكوژێت، ئەوانەى دەیكوشتن پارتى نەبوون یەكێتى بوون، هەروەك ئەو مستەشارانەى دى كە وەزیفەیان ئەوەبوو بەشوێن پێشمەرگەكانى یەكێتێدا بگەرێن، بۆچى یەكێتى هەڵوێستێكى نەبوو یان رێكەوتنە ئفلیجكەرەكەى یەكێتى لەگەڵ پارتى ئەو حزبەى توشى خەساندن كردوە؟ ئێمە ناڵێین یەكێتى با لە كەیسى سەردەشتدا قسەیەكى هەبێت چونكە چاوەرێى ئەو جوامێریە لەیەكێتى ناكەین، ناشڵێین بالەسەر نزار خەزرەجى قسەیەك بكات چونكە ئەو حزبە توشى پەتاى بێدەنگى بووە، بەس بۆقاسم ئاغا شەرم بوو یەكێتى بەوجۆرە دانیشت و سەیرى ئەو شەرەى كرد كەخەڵك و رۆژنامە ئازادەكان و ئۆپۆزسیۆن كردیان لەسەر تاوانبارێكى وا، بێدەنگ بوون لەتاوانبار بەژدارى كردنە لەتاوانەكەى، ئەگەر رێكەتنەكەى یەكێتى لەگەڵ پارتى ئەم حاڵەى بەسەر یەكێتى هێنابێت واتە پارتى وردە وردە یەكێتى كۆتایى پێدێنێت، هەرچۆن دەزانین سەردەشت تیرۆرست نیەوقاسم ئاغاش خائینەو پارتى خۆشى هات بەهاتنەوەى خائینێك بۆمەملەكەتەكەى، ئاواش دەزانین یەكێتى جەسارەتى لەدەست داوە، بەرپرسیارى یەكەمى
میواندارى قاسم ئاغا پارتى و وەزیرى ناخۆیە، گەر ئەمە لەوەزیرى ناوخۆ قبوڵ بكرێت بەم جۆرە بەسەر كەیسەكان تێپەرێت شتى لەمە خرابتریش دەكات وەك عادەتى هەمیشەى خۆى.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست