سەربەخۆیی، دوور لە هەر جۆرە بەڵام و ئەگەر و ئاخرێک!
Saturday, 21/11/2009, 12:00
له پرۆسه‌ی ڕزگاركردنی خاك و گه‌لێکی داگیركراودا له مێژوودا نه‌بووه كه نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست به دوای ڕووخانی حوكمه‌تی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست كه‌وتبێت، بەڵکو نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست هه‌میشه داوای ڕزگاركردنی خۆی كردووه و ئەوجا ئه‌و ڕزگاربوونه‌ی له ده‌رچوون یان ده‌ركردنی سوپای داگیركاردا بینیووه. مێژووی خه‌باتی ئازادیخوازیی گه‌لانی هه‌موو ئه‌مه‌ریكای لاتین، ئه‌فریقا و ئاسیا و ته‌نانه‌ت وڵاته عه‌ره‌به‌كان و دهراوسێکانیشمان ئه‌وه به ئێمه دهسهلمـێنن.
كوردستان خاكێكی داگیركراوه كه تا ناوه‌ندی ده‌سته‌ڵات و ده‌وڵه‌ت له ئێران، به‌هێزتر بووبێت كورد و كوردستان زیاتر ئه‌و داگیركراویەیان پێوه دیار بووه،
پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان (رۆژهه‌ڵات) به پێچهوانەی ئه‌حزابی سونه‌تیی، پێی وایە كوردستان به‌شێكی سرووشتیی نییه له‌و شته‌ی كه ئێستا پێی ده‌گوترێت ئێران. بەڵکو پێی وایە كوردستان له لایه‌ن ئێرانه‌وه داگیر كراوه. ئه‌و داگیركردنه گرێ‌دراو به مێژووی سی ساڵه‌ی جمهوری ئیسلامی ئێران نییه، و ته‌نانه‌ت به مێژووی مۆدێرنی پاش جه‌نگی جیهانی یه‌كیشه‌وه نییە، به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شه‌ڕی چاڵدێران و له‌ناوبردنی میرنشینه‌كانی كورد.
لە هەموو ئەو ماوەیەدا دانیشتووانی کوردستان دژ بەو داگیرکارییە لە خەباتی نەپساو و بەردەوامدا بوون.
به‌داخه‌وه پاش چه‌ندین ده‌هه ئێستایش ئه‌حزابی کوردله رۆژهه‌ڵاتی کوردستان نەیتوانیووه له ئه‌زموونه‌کانی مێژوو که‌ڵک وه‌ربگرێت، و هه‌ر به دووی هه‌ڵگرتنی ئەو به‌ردی ڕووخاندنەوەیە که پێی هه‌ڵناگیرێت. سەرلێتێکچوونەکە هێندە زۆرە کە زۆر جار په‌نا دەبردرێتە لای نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست بۆ رووخاندنی دەوڵەتەکەیان، که ئەو نەتەوە هه‌ر بۆ خۆی له قوم و تاران و ئیسفه‌هان ده‌نگی پێداوه!
به‌م جۆره گه‌لی کورد بردراوەتە ناو کێشه‌یه‌ک که کێشه‌ی گه‌لی کورد نیه، رۆژێک دەکردرێت به سیاهلەشکری خاته‌می و ئه‌مرۆیش کەرووبی و موسه‌وی.
من پێموایه بیری کوردستانیی دروشمێکی کوردستانیی و قسه‌ی کۆنکرێت ده‌خوازێت، ئیستراتێژی دانیشتووانی قوربانیدەری کورد به درێژایی خه‌باتی رزگاریخوازیی سه‌ره‌ڕای هەموو هه‌ڵسوکه‌وته‌کانی گه‌یشتن به ده‌وڵه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی و دیمۆکراتیک بووە و وا پێدەچێت هەرواش بمێنێتەوە.
هەموو ئەوانەمان که له کوردستان له ژێر زه‌خت و زۆری کۆماری ئیسلامیداین، و له زیندان یان ئاواره‌ی دووره وڵات بووین و په‌نابه‌رین، هیواخوازین كه حوكمه‌تی ئێران بڕووخێت و وه‌ك به‌فری قورس و گرانی خۆنه‌گرتوو هه‌ره‌س بكات. من باش لەم هەستە تێده‌گه‌م.
ئێمه دژی ئه‌و هیواخوازیی و ئه‌و هه‌سته گه‌رموگه‌ڕه ئینسانیه نیین، ئه‌وه ئاواتی ئێمه‌یشه، چونکە ڕووخانی ئەو حکومەتە هەر هیچ هیچ نەبێت جۆرێک دەبێت لە تۆڵەستاندنەوە. بەڵام گرفت ئەوەیە کە ئێمە نازانین ڕووەو کوێ هەنگاو دەنێت و بە چی جێگایەکەی دەگیرێتەوە. ڕووخاندنی حکۆمه‌تی په‌هله‌وی و هاتنه سه‌کاری کۆماری ئیسلامی له ساڵی 1979 زاینی چدهستکهوتێکی بۆ گه‌لی کورد ودیهێنا؟
ئه‌وه زیاتر له نیو سه‌ده‌یه که داوای دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان و پاشان رووخاندنی کۆماری ئیسلامیشمان کردووه، ئاکامه‌کی چی بووه؟ له که‌س شارراوه نیه ئه‌مرۆ کوردی رۆژهه‌ڵات له ناوخۆ و له ده‌ره‌وه نەمانتوانیووە لــۆبیهکهیش ساز بکەین، و نه‌مانتوانی ئه‌و زۆڵم و زۆرەی که له کوردی رۆژهه‌ڵات ده‌چێت وه‌کوو باقی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، له ئاستی جیهاندا بیناسێنین.
ئایا کاتی ئه‌وه نەهاتووه هه‌ڵسه‌نگاندنێک له خۆمان و جــووڵانهوهکه بکه‌ین و کۆنکرێت بڵێین ده‌سکه‌وته‌کانمان کامانەن؟ ئایا کاتی ئه‌وە نه‌هاتووه که ده‌ست له سیاسه‌تی بانێک و دووهه‌وا له لای سهڵتهنتتهڵب و نوریزاده‌کان، موجاهیدین و بهنیسهدرهکان هه‌ڵبگرین و روو بکه‌ینه‌وه گه‌له‌که‌مان و ده‌ست له نێو ده‌ستی تاک و گروپ و پارته کوردیه‌کان له چوارچێوه‌یه‌کی کۆنکرێتدا له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی جوڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازی لە ناو خۆماندا دانوستان بکرێت؟ ئایا کاتی ئه‌وه نه‌هاتووه له ڕووخاندنی حکومەتی ناوەندیی داگیرکا‌ر ده‌ست هه‌ڵبگرین؟ بەڵام نا لە پێناو گفتوگۆی یه‌کلایه‌نه له ناو هوتێل و ژوورە داخراوەکاندا، بەڵکو له پێناو فڕێدان و دەرکردنیان داگیرکا‌ر له خاکی کوردستاندا.
وەرن با پێکه‌وه کار بکه‌ین، و چیدی وشه‌ی "تجزیهگلب" به کتمانکردن نه‌زانین و لێی نەسڵەمێینەوە، وەرن با به کوردبوونمان سه‌ربه‌رز بین! ئێمە، پارتی سۆسیال‌دیموکراتی کوردستان، بە خۆشییەوە "تجزیهگلب" ـین و سەربەخۆییخوازین.
پارتی ئێمه دروشمی ڕووخاندنی داگیرکا‌ر به دروشمێكی ناكوردستانیی ده‌زانێت که له ڕێگای هه‌ڵپه‌ی سه‌ڵته‌نه‌ت ته‌ڵه‌بان و ئێرانچیهكان گه‌یشتووه‌ته كوردستان، چونكه ئه‌وان كێشه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتی ناوه‌نددا هه‌بووه، و ئه‌م دروشمه به سه‌ر كورددا سه‌پێندراوە. خوێنی زۆر و گرانمان له‌سه‌ری داوه. ئه‌گه‌ر كولتوری دیموكراسیی و فره‌گه‌رایی و پلورالیزم له ئێران هه‌بووایه ئه‌وا دروشمی ڕووخاندن ئەسڵەن هه‌ر نه‌ده‌بوو و له‌به‌ر ئه‌وه‌ش نه‌ده‌گه‌یشته كوردستان.
به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر هه‌موو هێزی تا ئێستا حاكم و ناحاكمی ئێران گه‌ره‌كیانه به ته‌نها بێنه سه‌ر حوكم ئه‌وا هه‌ر یه‌كه‌یان گه‌ره‌كیه‌تی حوكمه‌ت بڕوخێنێت و خۆی بێته جێگای. له‌به‌رئه‌وه هه‌ر لایه‌نێك یان لایه‌نه‌كان پێیان خۆشه كورد بكه‌ن به مقاشی ده‌ستیان و كوردستان بكه‌ن به سه‌نگه‌ری مقاوه‌مه‌ت، نه بۆ كورد، به‌ڵكو بۆ ڕووخانی حوكمه‌ت و هاتنه‌سه‌ركاری خۆیان. ئینجا کە هاتن تەنانەت لە پێشدا لەوانە دەسروەێنن کە دەستیان گرتوون.
ئێمه وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی بنده‌ست له ئێران‌دا كه‌مینه‌ین، مافی دیموكراتیت نییه که داوای ڕووخانی ڕژێم بكه‌ین که ته‌نانه‌ت نە هه‌ر له کاتی لهدایکبوونیشیدا (1980) ده‌نگمان پێنهداوە، بەڵکو هیچ کاتێک نە دەنگی کوردستانیانی هەبووە و نەدەیشیبێت.
گریمان جمهوری ئیسلامی ئێران له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی ناو بازنەی خۆی ڕێك ده‌كه‌وێت، ئایا ئەو کاتە تۆ چ ده‌كه‌یت؟ له هه‌مانکاتیشدا له ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی‌دا گه‌ره‌نتی چییه كه مافه‌كانی گه‌لی کورد ده‌سته‌به‌ر ده‌بن؟ مه‌گه‌ر سه‌ددام نه‌ڕووخاوه، ئه‌ی بۆ ئه‌حزابی عه‌ره‌بی له ئێراق و له وڵاتانی عه‌ره‌بیش، تا دێن زیاتر دژایه‌تی كورد ده‌كه‌ن؟ سوننه و شیعه به شه‌و دژ به یه‌ك شه‌ڕ ده‌كه‌ن و به ڕۆژیش پێكه‌وه له پارله‌ماندا دژ به كورد به‌ره‌ن؟ مه‌گه‌ر حکومه‌تی په‌هله‌وی نه‌ڕووخا، ئه‌ی بۆ له که‌ش و هه‌وای 79 و 80 و 81ی زاینی‌دا کورد کورسیهکیشی وه‌به‌ر نه‌که‌وت؟ گه‌رانتی گه‌لێکی بنده‌ست چییه كاتێك كه رهجهوهیهكان و سهڵتهنهتیهكان و كۆمۆنیستانی پانئێرانیست هاتنه سه‌ر حوكم؟
به درێژایی مێژوو، گه‌لی کورد سه‌لماندوویه که نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئاشتیخوازه، په‌لاماری هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کی تری نه‌داوه، زوڵم و زۆری به که‌سه‌وه ره‌وا نه‌دیوه، ئێمه وه‌كوو سۆسیالدیموكراتهکانی کوردستان (رۆژهه‌ڵات) وه‌کوو پارتێکی کوردی و کوردستانی بڕووامان به ئینته‌رناسیونالیزم و هاوبه‌شێتیی هه‌یه بۆ پێكه‌وه ژیانكردن و پێكه‌وه ههڵكردنین له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی دیكه‌دا، و عاشق به سنووری نه‌ته‌وه‌یی نیین. بەڵام هاوکات هه‌رگیز ڕازیش نابین له ناو ماڵی خۆماندا مامه‌ڵه‌ی چارهكهئینسان و نیوهئینسانمان له‌گه‌ڵدا بكرێت، ته‌نها رێگای رزگاریمان هاوپشتیی و هاوخه‌باتیه‌کی کونکرێت و شه‌فافه که له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی کوردا رێکه‌وتنی له سه‌ر بکرێت. و پێکه‌وه بۆ وه‌ده‌رنانی هێزی داگیرکا‌ر له کوردستان، له‌سه‌ر خاکی کوردستان و له ئاستی نێۆنهتهوهیدا خه‌باتی و تێکۆشانی بۆ بکه‌ین.
2009-11-19
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست