کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بارزانی دژی گۆڕان هێز بەکار ده‌هێنێت

Saturday, 08/01/2011, 12:00


نابێ یاسایەك ئۆپۆزسیۆن لەسەری رێك نەبێ من رەتی بكەمەوە ، من كە ئیمزای یاسایەك دەكەم وەك رێزگرتنێكە لەسەر ئەو دەنگە زۆرەی كە لە پەرلەمانی كوردستاندا دەنگی پێدراوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا لە ناو پەرلەمان و بەر لەوەی یاساكە بۆ من بەرز بكرێتەوە گفتوگۆی پێویستی لەسەر ناكرێ ؟ بەراستی من مەجبورم ئەوەی بە زۆرینەی دەنگ دەنگی لەسەر دەدرێ من ئیمزای بكەم و ئەگەر لایەنێك پێی وابێ دەتوانێ دە هەزار كەس دژی یاساكە كۆ بكاتەوە خۆ زۆرینەش دەتوانێ لە بەرامبەر ئەو دە هەزار كەسە سەد هەزار كەس بێنێتە سەر شەقام . بارزانی ٨ / ١ / ٢٠١١..
پاشان دەڵێت:
من پێم سەیرە كە دەڵێن ئازادی بەرتەسك كراوە، باشە ئەگەر ئازادی بەرتەسك كرابێ ئەی چۆن ئەو هەموو نووسینانە بڵاودەكرێنەوە كە هەندێكیان هێڵی سووریشیان بەزاندووە . بارزانی ، هەمان ڕۆژ ..
ئەم وتارەی ئەمڕۆ کۆمەڵێک مانا دەدەن بەدەستەوە ، هەندێک قسەی بەهانەی ڕابردوومان بۆ بەدرۆ دەخاتەوە . وتاری ئەمڕۆی بارزانی ڕشکاوانە زمان لە ئەوە دەدات، ئەوەی بمان دەوێت جێبەجێی دەکەین؛ ئۆپۆزیسوێن بەگشتی و گۆڕان بەتایبەتی ئاگاداردەکاتەوە لەوەی هەرچییەکتان بوێت نەک بەسەریدا بازدەدەین، بەڵکو گوێش بەپەرچەکردارەکانیشی نادەین.
بارزانی لەو پەڕی دەنگ بڵندییەوە گۆڕان و شەقامە ناڕازیەکەی ئاگاداردەکاتەوەو دەڵێت:
ئێوە دە هەزار کەس بێننە سەرشەقام من سەد هەزار دێنم.
ئەم قسانەی بارزانی بۆنی شەڕێکی تری ناوخۆی لێدێت، شەڕێک کە دەکرێت هەموو کات لەچاوەڕوانیدا بین و هەرساتێک بارزانی بخوازێت بەردەرگامان پێ دەگرێت . چارەسەرییەکان لە هێزی دەستەو یەخە و خوێناویدایە (سەد هەزار لەبەرامبەر دەهەزار) تاقیکردنەوەی هێزە بەدیوێکی تردا، ئێوە هاتونەتە مەیدان و چاوەڕێ ئێمە بن ، لەقسەکانی بارزانیدا زمانی دیالۆک و گفتوگۆ لە بۆشایدا دەفڕێت . ئەوەی لە ڕابردودا دیمان ئەمجارەو دەیان جاری تر دەیبینین. دامەزرێنەرانی شەڕی ناوخۆ، ئامادەن و ڕێچکەی خۆیان ون نەکردووە، پەیامی بارزانی دیوی کبریتەکەمان پیشان دەداو بۆگڕکردنەکەی تەنها خۆی پێویستە. ئەم وتارە هەمان وەسفە بۆ دیموکراسییەت: دیموکراسییەت هێندە لەئان و بوندایە کە پێگەکەی من بپارێزێت ، دەنا دیوی تر زەمەنی ئامادەو پێخەمە (ئیحتیاتە).
دەکرێت بپرسین ، لەوەڵامی ئەم وتارەی بارزانیدا، بزوتنەوەی گۆڕان هەمان بێدەنگی لەمەوپێش هەڵدەبژیرێت ، یان لەتەکیدا خۆی تاقی دەکاتەوە؟
پارتی و یەکێتی دوو هێزی پڕئەزمونی شەڕی ناوخۆن، دەستێکی باڵایان هەبووە لە وتاری ڕەبۆت وڕژێن. توانیویانە بە هەوارێک سەدان و هەزاران چەکدار بۆ بەرەکانی جەنگی ناوخۆ ڕاپێچ بکەن؛ ڕەبۆتەکانیان دڵسۆزانە فەرمانەکانیان بۆ جێبەجێکردووە. زەمەنی شەڕی ناوخۆ جیهانێکی خوڵقاند کە کۆنکرێت ئاسا نێوبەندی سەرەوەو خوارەوەی لێک ئاڵاندووە.. ئایا ئەوەی دوێنی بارزانی بۆیلوا، ئەمڕۆ بۆی دەچێتە سەر؟..  بێگومان نەخێر.

ئەوەی بارزانی دەخوازێت بڵانسەکانی سیاسی و سەربازی گۆڕاون .
یەکەم/  لە پاش ڕوخانی سەدامەوە هێزەکانی پارتی لەزۆنی سەوزدا ، تۆپکی هەڵمەت و بەرەنگاری و مانەوەی مێژوی پارتی بوون ، نەک کەم بونەتەوە بەڵکو ڕووەو پوکانەوە چوون .
دووەم/ بیروباوەڕ لە داینەمۆی بەرەنگاری و هێرش بردنە، کۆمەلێک هۆکار بوونەتە ڤایرۆسی کاڵ بونەوەی ئەم چەمکە لەناو هیزەکانی پارتیدا.
سێهەم/ بەمێژوی پارتی لەبەرامبەر هێزەکانی یەکێتی و پەکەکە پەنای بۆ هێزی ناوچەیی و دەرەکی بردووە ، وەک تورکیا و ئیران و سەدام. بەهۆی بونی ئەمەریکا لە ناوچەکە لەوە دەچێت ئەم باوکەشی مردبێت.

ئەم وتارەی بارزانی وەک ئەو دۆڕاوە وایە لەپاش گلاندن بە بەرامبەرەکەی دەڵێت : بۆم بوەستە ئێستا بزانە چیت لێدەکەم مەڕۆ!. لەوە تیگەیشتوە کە جەنگ بەهێزی فشەڵناکرێت. پارتی ساڵی 2005 پێنج هەزار چەکداری ناردە نەینەوا، لەپاش دوو هەفتە جگە لە  چه‌ند سه‌د که‌سێک، ئەوانی تر گەڕانەوە . بارزانی دەڕوانێت، ئەوانەی دوێنی و ئەمڕۆ دەڕژێنە سەرشەقام ، تاوان و نادروستی دەسەڵات یەکی خستون ، مەسئولیەت لەبەرامبەر نیشتمان و نەتەوە کردونیەتە پاسەوانی ڕۆژگار. ئەمانە ئیدێیەک کۆکی کردوون! دەکرێت بەسەدانیان کۆنترۆڵی پارتی و هەموو باشوری کوردستان بکەن . وتەکانی بارزانی لەلاوزییەوە دەڕوانیتە ئەو هێزەی کە شەقامەکە دەگۆڕێت لەدەرەوەی دەسەڵات ، نازانێت چرکەکانی گۆڕین سەئاتەکانی زەمەن پێک دێنێت.

 http://www.xebat.net/detail_articals.php?id=6207&z=1&l=1

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە