کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


قاسم ئاغا و تەلاری پەڕلەمان

Sunday, 24/10/2010, 12:00


لە بوخچەی نیشتماندا شتێک نییە، ناوی داڵدەدانی خائینان بێت. بزوتنەوەی کوردی بەخواری ڕۆیشتووە بۆیە ناوەڕۆکی پێچەوانەیە.
قاسم ئاغا نمونەی خواری بزوتنەوەکەیە کە دەبینین بەئازادانە گوزەردەکات و هێزێک دەیبەخشێت و هەژمار بۆ ئاسایشی نیشتمانی ونەتەوایەتی ناکات. مەرجی خیانەتی نیشتمانی لەگەورەیی و پچوکیدا نییە، لە دەستپێکەوە کەبکەر هەنگاوهەڵدەگرێت.
مرۆڤ لە هەناوی حەزو جێژەوە دەگاتە گرێنزی سیاسی و لوتکەی دەسەڵات. ئەو سیاسییەی کە کارەکەی گەوهەرە، لەهەگبەی حەزییەوە داڕێژراوە. سەرکردەی حیزب زادەی کۆمەڵگایە و مرۆڤێکی ئاساییە، حەزو زەمەن دەیکاتە مرۆڤێکی سیاسی هەڵکەوت.
پارتی لەخەرمانەی ویستیەوە هەنگاوهەڵدەنێت، کاتێک بەرگری لە خائینێک دەکات، لەهەناویدا نیشتمان بون و کورد بون دەسڕێتەوە.
هەڵسوڕاوانی حیزب و ڕێکخراوی سیاسی داڕشتەی بەرنامەو پەرەپێدان و تەسکبونەوەو لەناوچونی حیزبەکەیانن. دەستنیشانکردنی تەلاری تەشریعی دوێنێی بەعس، کەئێستا جێی تەلاری پەڕلەمانە، ئاساوارێکی پڕ لەژانە، لەو تەلارەوە کۆمەڵێک کەسی خائین نوێنەرایەتی کوردو دەسەڵاتی بەعسیان دەکرد، پێگەیەکی شەرمەزارییە.
قاسم ئاغاکان زۆرن، بەڵام حیزب و زەمەن و بێ ئاگایی کورد، بە پەندی ئەمڕۆی قاسم ئاغای نەگەیاندون.
لەبەرامبەر ئەرکی نیشتمانیدا دوو وشە هەیە،(ئەرێ و نەرێ) ئەوەی کوردێک بکوژێت سزای (نەرێ) وەردەگرێت و ئەوەی کەسێکی پاک و بێ گەرد بێت، خەڵاتی (ئەرێ) ی پێ دەبەخشرێت.
گەر یاساییانە بڕوانینە ئەرکی نیشتمانی، ئەوەی لە دەسەڵاتدایە لە %٩٥ ی بەرسزای (نەرێ) یی دەکەوێت، گەر دەسەڵات بەچاوی (ئەرێیەوە) وە (ئەرێیی) بکەین، ئەوا دەبێت قاسم ئاغاکانمان لا پەسند بێت.
مەرجی پارتی بۆ پەسندکردنی هەڵبژاردنی یەکەمین پەرلەمانی کوردستان، تەلاری تەشریعی کۆنی کۆیەلەکانی بەعس بو، کە بکرێتە جێگا هیواو خەونی کورد.
هەرکورسییەکی نێوپەرلەمان، بۆنی چڵکاوی خاینێکی دوێنێی لێدێت.
هەرپەڕلەمانتارێکی ئەمڕۆ لەسەر سێبەری خاینێکی دوێنی بڕیار لەچارەنوسی کورد دەدات. قودسیەت دان بە تەلاری پەرلەمان، قودسییەت دانە بە تاوانەکانی دوێنێی بەعس. لەو تەلارەوە قاسم ئاغاکان خەڵات دەکران، لەو تەلارەوە قاسم ئاغاکان لە ئەمڕۆدا دەپارێزرێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە