هەموومان دەگەڕێینەوە بۆ ناو ڕیزەکانی یەکێتیی
Monday, 25/01/2010, 12:00
میلی پێوەری هوشیاری و هەستی زۆربەی تاکی کورد ، بە وتارێکی حەماسی و بەچاومۆڕەکردنێک ، بە خۆشیەکی سەرمێز و بەگیرفانێکی پڕ ، سەدوهەشتا هەڵدەگەڕێتەوەو پشت لە حەقیقەت دەکات . پێویستە بزوتنەوەی گۆران لەگەڵ ئەم ' هەماندا ' خۆی بگونجێنیت و زەمەن بخوێنێتەوە .
ناوەڕۆکی باس
ماوەیەک بەر لە ئێستا لەتۆی نامەیەکی شارەوەدا کە ڕادەستی بەڕێز نەوشیروان مستەفام کرد ، دەربارەی کۆمەڵێک گرێکوێرەی بەردەم گۆڕانخوازان لەتەراوگە ، کە هەندێک زانیاری و بۆچونی خۆمم تیا خستبووە ڕوو. لەو بۆچونەی نێو نامەکەدا ، بەداوای لێ بوردنەوە لە بەڕێز نەوشیروان مستەفا ، بەشێکی لێرەدا جێگای خۆییەتی بدرکێنم .
هەرچەندە زۆربەی گۆڕانخوازانی تەراوگە لە توێژی ڕۆشەنبیرو خەڵکە بەوریاکە پێک هاتووە، بەڵام باخەکە بێ دڕک و گیاکەڵەو زیخو چاڵوچۆڵ نابێت ، بێ باخەوان و ئامێرەکانی چاندن و کێڵان و دروێنەو کۆکردنەوە نابێت . گەر وا بڕوات کۆمەڵێک گرفت ' ڕوو لەناو ماڵی گۆڕانخوازان دەکات . کەهۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پانتایی بێگرێنزیی لەئازادی دەربڕین و کارکردن ، جگە لەهوروژمی مشەخۆرە تاوتاوەکان بۆناو بزوتنەوەکە و نەبونی ڕایەڵە و جێ دەستی سەرکردایەتی بزوتنەوەکە لەسەر تارمایی و جۆرو چۆنایەتی کارەکان . کەئەمە کۆمەڵێک وردە کێشە بنیاد دەنێت لەدوایی دا وابەئاسانی چارەسەری بۆ نادۆزرێتەوە . جگەلەمەش شێوەیەک لە ساردی و تۆپکەبۆچون دروست دەکات . بەلای ئێمەوە ئەم هۆکارانە دەبنە خشتەیەک بۆ ماوەدان بە سەرانی یەکێتی کە کار لەسەر ئەم چەمکانە بکەن و هەناسەیەک بدەن .
هاتنی کاک عیماد ئەحمەد لە کۆتایی ساڵی پارداو بەدوای ئەودا کاک مەلا بەختیار بۆ نەرویج و پاشان بۆ سویدو هتدد، بەشێکە لەهەوڵەکان بە ئاقاری هەستانەوەو هەناسەدان ، لە هەوڵی ئەوەدان لەم بژارەدا حاسڵاتێک لە چەند ڕەشکە هەڵگەڕاوەیەک بۆ بەهاری زستانی سیاسیان بنیاد بنێن .
مێژوی ڕاپەڕین و بزوتنەوەکانی کورد پـڕن لەکەسانی هەڵچوو، لەنێو هەڵچوەکاندا دامرکانەوەو خەم ساردی وگەرانەوە هەمیشە کلتوریان بووە .
بزاڤی گۆڕان لە ئەوروپا
هێزی ناڕازی و هەناوپەنگخواردوی بەگلەیی لەئەدای سیاسی و ئیداری و کارکردن و ڕەفتاری دەسەڵات ، زۆرایەتی کوردە تەراوگەییەکانی ئەوروپاو جیهانی پێکهێناوە ، ئەمە ! ئەو ماتڕیالە ئامادەکراوە بو کە زۆر بەئاسانی بزوتنەوەی گۆڕان ، بونی خۆی لە سەربنیاد ناو خۆی دامەزراند . ئەم هێزە زۆر بەسانایی خۆی هەوێن کردو گروپ و دەستەو کۆمیەتە پاشان ئەنجومەنی لەسەر سیستەمیکی مۆدرێن دامەزراند ، ڕویەکی تری بە جیهانی ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی کوردی بەخشی . لێرەوە کارکردن لە سەر قاوخە تەقلیدێکە بۆ کاری ڕێکخراوەیی تێک شکاند و سیستەمی نوێ بووە ئەمری واقیع و ئەوانەی تائێستا لە سەرسیستەمە کۆنەکە بەردەوامن و چەقیان گرتووە ، خۆ کۆدەکەنەوە بۆ ڕوبەرو بونەوەوەو هەنگاو دەنێن لانی کەم هەستنەوە .
سروشتی هۆشمەندی کوردانی تەراوگە
زۆربەی کوردانی تەراوگە لەگەڵ تێکەڵ بوی کلتورە جۆراوجۆرەکانی ئەوروپاو ڕۆژئاوادا ، ئاوێتەیەکی ستاندارتی نین و هەڵسوکەوتو بیرو هۆشمەندی کلتوری کوردبونیان فڕێ نەداوەو زۆر بەئاستەم لەگەڵ کلتورە نوێیەکەدا هەڵدەکەن و بەناچاری حەزی پێ دەکەن . تەنانەت نەوەکانیان لەوێ لەدایک بون تێکەڵییەک لەهەرسکردنی هەردو کلتورەکەدا هەیەو ناتوانن دەستبەرداری هیچیان ببن . لێرەدا دەکرێت ڕەفتارکردنی سیستەم و کاری سیاسی و ڕیکخراوەیی بە پێی کلتورو ئاوازەی خەڵک بەرجەستە بکرێت ، دەنا سەرکەوتن لەکاردا ئاستەم دەبێت .
گەڕانەوەو بادانەوە لە کاری سیاسیدا
کاتێک بەیانی ١١ ئازاری ساڵی ١٩٧٠ دەرچو ، بە پێی لێبوردنێکی گشتی سەرۆک بارزانی باوک و گفتوگۆی نێوان حکومەتی عێراق و پارتی ، جەلالیەکان زۆربەیان گەڕانەوە ناو ڕیزەکانی پارتی . ئەمە بووە هۆی سەرەتایەک لە باو ' بۆ هەمو ئەو کەسانەی کە دەچونە بەرەی دژ و پاشان دەگەڕانەوە . لەشۆڕشی نوێدا بەڕابەرایەتی یەکێتی ' چەند جارێک دەستەو کۆمەڵ هەر جارەی بەبیانویەک جیا دەبونەوەو دەچونە بەرەی دژو، پاشان دەگەڕانەوە . ئەمە جگە لەوەی بەسەدان کەس تەسلیم بەڕژێم دەبووەوەو دەچونە بەرەی خیانەت و بە فویەکی سەرۆکی پارتێک ، لەهەمو خیانەت و تاوانی ڕابردویان دەپۆشران . کاک مەلا بەختیار یەکێک بو لەو سەرکردانەی لەناوەڕاستی هەشتاکاندا ، بەشێکی یەکێتی بەبیانوی ململانێی ستراتیژی و کاری سیاسی و دەسەڵات دابڕی و خۆی خستە بەرەی دژەوە ، بەڵام سەرکەوتو نەبو ، ئێستا گەڕاوەتەوە . لەپێش کاک مەلا بەختیار ، خوالێخۆش بو (ڕەسوڵ مامەند) بەهێزێکی زۆری یەکێتییەوە لەمبەری چەمەوە بۆ ئەو بەری چەم پەڕییەوەو خۆی خستە بەرەی دژ ، لەپاش ڕاپەڕین گەڕایەوە . بەپێچەوانەی ئەوانەی دەچونە بەری دژ و پاشان دەگەڕانەوە بزوتنەوەی گۆڕان بەرەی ڕەخنەو هەوێنی ڕاستکردنەوەو خوازیاری ماڵ گۆڕینە ، بۆ ململانێی ئایدۆلۆژی و جێگا گرتنەوەی حیزب ' هەنگاو نانێت . خۆی خزانۆتە بەرەی گەل و ئێستاو داهاتو دەبینێت ، ڕابردو دەکاتە وانە و بەهیچ پێوانەیەک نابێتە بەرەی دژ و ناگەڕێتەوە .
دەگەڕێنەوە یان نا ؟ نا نا ، ناگەڕێینەوە
کێن و چین ئەوانەی دەگەڕێنەوە ؟ دڕک و چیلکەو چەوێڵەکەی نێو باخەکەی گۆڕانن ، یاخود کەسە پوختەکانن و سەریان لێ تێک چووەو جیهانی ڕاستیان وێڵ کردووە . یان تێنەگەیشتون و دوای هەراو هۆسەکە کەوتون ، دەشێت بۆ خەونەکان چووبون و بەڵام پێچەوانەیان بەدی کردبێت . ئەی بۆچی گەڕانەوە ؟ تۆ بڵێی ژیان لەلای ئەوان لەسەر پەت پەتێن و ڕاڕای بنیاد نرابێت . لای ئەوان نامۆیە لاوازی مرۆڤ لەبەرامبەر ڕوداو و گۆڕانکارییەکان ، بناخەکەی ڕاڕایی دەیخوڵقێنێت . .یاخود خۆشەویستی و پەروایی بۆ نیشتمان و نەتەوە بەلادان و خودپەرستیەک ' دەبێتە لەکەیەکی بێ کۆتا . چ جۆرە وتار و چ گۆڕانکارییەکی دەسەڵات لەبەرامبەر گلاندنی هەڵویست و بەرنامەی بزاڤی گۆڕان بەدی دەکرێت تا زادەی ناخی مرۆڤ دڵخۆش بکات و بەو جۆرە بادەنەوە لەهەست و بیردا بنیادبنێت . گەر ئەوان لەسەر ڕابردوی ئەو دو پارتە بەرەو دواوە کشابنەوە ، بەرەو پێش چون چ مانایەک دەبەخشێت ؟ یان هەست ' جیاوازی مرۆڤ و بونەوەرەکانی تری لەسەر بنیادنەنراوە . لەسیاسەت و بەرنامەی نیشتمان و نەتەوەدا، گەڕانەوە بۆ دواوە دروستە ئەگەر داهاتوی لەسەر بنیاد نەنرێت ، یان بەرەو پێش چوون " بۆ ڕابردو خوێندنەوەو وانە وەرگرتنە ، بۆ دەبێت ئەوانەی دەخوازن و دەگەڕینەوە ، هێشتا هەنگاویان نەناوەو پێشڕەویان نەکردووەو هیچیان بەدی نەکردووە پاشەکشێ دەکەن . چ هەنگاوێکی نوێ بەدی دەکرێت لەبازاڕی بەرەی کۆنەخوازاندا ، کەمرۆڤی سیاسی بەرەو دواوە بکشێنێتەوە . ئەوەتا لە دوای شکستەکەیان سەرانی یەکێتی لەهەوڵی بەردەوامدان و لەدەرگای هەمو گۆڕانخوازانی تەراوگە دەدەن و داوایان لێ دەکەن بگەڕێنەوەو بەناوی خەڵکەوە دەڵێن : هەمومان دەگەڕێینەوە . بەڵام کەسە نەبەزی و جیهان ڕونەکان دەڵێن : ناگەڕێینەوە بێ ئامانج ، ئامانجمان هیچ پیتێکی شەخسی و خێزانی تیا نییە . بەڵکو جیهانێک لە داخوازی و کێوێک لەهیوای مرۆڤەکانی نیشتمانی بریندار و کەلەپچەکراوانی زەمەنی بەعسی دوێنێ و سەرانی ئۆلیگاریشی کوردی ئەمڕۆمان پێیە .
کونجــــــــــرینی
٢٥ / یانیوار / ٢٠٠٩
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست