هەولێر چۆڵکەن
Monday, 12/09/2011, 12:00
لەسەروەختی ڕۆژانی ڕەشی شەڕی ناوخۆدا ، ئەوساتانەی لەهەولێردا یەکێتی یەکلایەنانە حوکمی دەکرد ؛ پارتی هیج گتوگۆیەکی سەرمێزی پەسند نەدەکرد و سەری زمان و بنی زمانی تەنها چۆڵکردنی هەولێر بوو .. سەرئەنجام لەپێناو چەسپاندنی ئەو دروشمەدا ٣١ ئابی خوڵقاند ، فعلەن یەکێتی هەولێری چۆڵکرد..
کێ لە تراژدیای بەناز جەواد بەرپرسیارە .
هەولێری بێدەنگکراو دەنگی تێکەوت . زوڵم و زۆر " زەمەنێکی کورتی بێدەنگی دەخوڵقێنیت ، بەڵام جیهانێکی نائارامی و بناخەیەکی پڕهیوا دابین دەکات ..
ئەگەر شەهیدکردنی زەردەشت ، بەهانەیەک بۆ بەزاندنی سنوری بنەماڵەی بارزانی بێت ، ئەوا داگیرساندنی بەناز تروسکەیە بۆ کۆتایی هێنانی دەسەڵاتی شەوەزەنگ لە هەولێر .
لەتونسدا بەنازێک سوتاو چەند دەسەڵاتێکی هاوشێوەی دەسەڵاتەکەی هەولێر کۆتایی پێهێنرا ؛ دەشێت ئەم تراژیدیایە زەنگێکی تربێت بۆ ئاگابوونەوەیەکی بەردەوامی ترمان .
دەکرێت دەرگاگیر بێت سنوری ڕەکلەمە چەواشەکارییەکانی دەسەڵاتی زەرد و کۆتایی گوێ گرتنیان بێت . لێرە بەدواوە گومانەکان دەبنە گریمان و پرسیارەکان ئاراستەی خۆی دەگۆڕێت لەدەسەڵاتەوە بۆ گەل ؛ دەپرسین : تاکەی زوڵم وزۆر و پەسندی دەسەڵاتی ڕەش ؟ ..
لەهەولێردا ڕەکلەمی جوانترین و هێمنترین شار و پایتەختی ئەم گۆی زەمینە دەکرا .. تەحدای دەنگە ناڕازییەکان بە کارو هەوڵ و بەرەوپیرجوون دەدرایەوە ، بەڵام ئەنجام تراژیدیایەکی خوڵقاند ، هەر ڕۆژە کۆی تاوانی دەسەڵاتی تیرۆر و تراژیدیای بەرهەمهێن بە دروستکردنی تاوەرێک و شارێکی نەخشین و گرێبەستێکی خەیاڵی دادەپۆشرا .. پێیان وابوو دەنگە بڵندو ئازادییە بێسنورەکان دەگۆڕدرێنەوە بە تاوەری بڵندو شاری نەخشین و گرێبەستی خەیاڵی..
بەعس هەموو شتێکی پێ بەخشی بووین لەبەرامبەری نەبوونی دەنگی بڵندو ئازادی بێ سنور .. ئەوەی لەهەولێرو دەسەڵاتی زەردا گوزەر دەکات ، هەمان سیستەمە و هەمان چارەنوسە .. وانەیەکە هاوتای وانەکانی مێژووی ڕەشی بەعس ، سیستەمێکە هیج جۆرە هیوایەک نابەخشێت ، جگە لە تاوان و خۆسەپاندن ؛ بەرەنگارییەکان پەرەدەسێنیت و کۆدەنگییەک دروستدەکات بۆ ڕاپەڕین و کۆتایی هێنانی زوڵموزۆر ..
ئەم ڕووداوە ، دروستکراو نییە ، بەڵکو خۆرسکەو ئەنجامی کۆمەڵێک تاوانە و ڕۆژانە دووبارە دەبنەوە . وەڵامدانەوەیەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ هەموو ئەو درۆو بوختانانەی مێژووی دەسەڵاتی زەردە لە هەولێر و کۆتایی ئەو دروشمەیە (ئازادی و دیموکراسی و ئاوەدانی) یە ..
لێرە بەدواوە ڕەکلەمی هەولێر بەدوبەی و ، ئارامی پەیتەخت و ئاوەدانکردنەوەی وڵات و بەهەشتێک لەسەر ڕووی زەوی ، لیرەیەکی زێرینی نەخشینراو بە ئازادی تاک و سیاسی بێ سانسۆر و دیموکراسی ڕەها هاوتا نابێت و بڕۆن و کۆتایی ژیانی دەسەڵاتان بێت و ئەمجارەیان پاش ١٥ ساڵ ، ئێمە بەئێوەی دەڵێینەوە ، بەڵام لەشێوەو جۆرێکی تردا(هەولێر چۆڵکەن) ..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست