پۆڵای موهەندیس و نووسەری حیزب
Saturday, 17/04/2010, 12:00
کات گەر لەدەستت دا بەشێک لەژیان ون دەکەیت . پیت وەک ئەو دڵۆپە ئاو وایە ک ەدەریا و ئۆقیانوسی ڕۆشنبیری لێ پێک دێت . زۆر جار سروشت ، سروشت ناشیر دەکات ، لەگەڵ ئەوەشدا سروشت جوانییەکانی لەدەست نادات . یان لە نێو سروشدا جوانیەکان خۆ دەشارنەوە . نوسەر لەقوڵایی پیتدا لەدایک دەبێت ، بەڵام بۆ پیتێک وێڵە ،هەرئەوەشە ڕۆشنبیری ڕاستەقینەی کردۆتە کۆچەرو هۆزی بەدواچوی ڕستەجوانەکان . نوسەر زەمەن نایهێنیتە ئاراوە ، بەڵام دەبێتە منداڵانی لەدایک بوی پیت و ڕستەکانی . هەر زەمەنە نوسەر دەخاتە سەر لیواری مەرگ و لەهەمان کاتیشدا دەیکاتە کالیزماو سمبول.
لەنێو زەمەندا زۆر جار خۆشییەکانی نوسەر کاڵ دەبێتەوە ، لەهەمان کاتیشدا لەدایک دەبێت . ڕووەکانی زەمەن بۆ نوسەر جارێک ناشرینەو جارێک لەجوانیدا پیرۆز دەبێت . زۆرجار نوسەر و بەهرەمەندی پێنوس ، وشەی جوان ' جوانکاریی لە ڕەفتارو ڕەوشتیدا بنیاد دەنێت و دەیکاتە کارەکتەرێکی دیار . بەپێچەوانەوە دەیکاتە کەسێکی نەخۆش و چارەگران . ئەوانەی خوازیاری فێربونن و عەوداڵی وشەی جوانن . هەمیشە میوانی نوسینە بەسودەکانن . گرنگ نییە پلەی کەسێتی نوسەرەکە لەکۆمەڵگادا چەندە ، دەکرێت باس لەگەورەیی نوسینەکەی بکرێت . زۆر جار فرۆفیسۆرێک نوسینی قوتابییەک ، سەرنجی ڕادەکێشیت و سەرمەستی دەکات . لەنوسینەکەیدا داهاتوویەکی گەشی نوسەرەکە دەبینێت . نرخی نوسەر لەکۆمەڵگای خویندنەوەدا سەروەتێکی نیشتمانییە .
نوسەری حیزب و نوسەری ئازاد و نوسەری چارەگران تەنها جیهانێکیان هەیە ئەویش جیهانی ململانییەکانە لەسەر نوسین ، لێرەدا کارەکتەر هاوکێشە دەبێت بە ڕەفتار و ناوڕۆکی نوسین . سەرنج لەنێوان خەڵک و خۆیدا پێوانەیەک دروست دەکات ، کەلەدورەوە دادگایەکی سێبەر بنیاد دەنێت و حوکمی نوسەر دەدات ، بەڵگەکان هەڵسەنگاندن و بیرو چاوی خویندەوارە . ڕەوش دەوری خۆی دەبینێت لە هەڵسەنگاندن و حوکمی نوسینەکە دا . نوسینەکان بە کەسایتیەکانەوە دەکەونە بەردەم ڕەخنەو دەستخۆشی ، یان بەنرخ و بێ نرخی . پرسیارەکان لەگەڵ سەرنج و ڕەخنەو لێکۆڵینەوەو پیرۆزیدا ، لەشێوەی بارانێکی پەمەی و هەورێکی ڕەشی ڕەهێڵاویدا قەتماخە دەدرێت . لەکۆمەڵگای کوردی و هاوکۆمەڵگاکانی هاوشێوەی ئێمەدا ، نوسینی ناوەڕۆک بێ نرخ ، بەنرخ دەکرێت . حیزب و سیاسەت و تێنەگیشتن لەنوسیندا ، جۆری نرخەکە لەسەر نوسینەکە دەگۆڕن . نرخی نوسینی بەنرخ لای خوینەرو نوسەری بەنرخە .
لەکۆمەڵگای ئێمەدا نوسەری لەخشتەبەر و هەلپەرست و سودمەندو زیانبەخش زۆرە ، بەڵام نەیانتوانیوە نرخی نوسینی نوسەرە بەنرخەکان بشێوێنن . لای ئێمە نوسەری گیرفان دڕاو و گیرفان پڕ لەسەر داهێنان و نوسینی بەنرخ نییە ، بەڵکو لەسەر نوسینی حیزباوی و ماستاوی و پیاهەڵدانە ، لەولاشەوە وشە زێڕێنەکان کەلەکانگای بیری زێڕیندا لەدایک دەبن و لەباوەشێکی پاقژ و هەناوێکی پەمەیدا ئاودیوی زەهن و چاوی خوێنەر دەبن و نرخی خۆی پی نادرێت . بەڵام لای ئەمانە ویژدان و سۆزی نیشتمان چەمکی نەتەوەیی بەنرخە . دەکرێت نوسەرە گیرفان پڕەکان بکەینە بازرگان و سەنگەری پێشەلکردنی مافی مرۆڤ و پارێزەر و بەرگریکاری بیری نەخۆشی سەرکردەو بەرەی خوازیاری شەری ناوخۆ و دۆڕاندنی چەمکی نەتەوە . نوسەری ئازادو گیرفان بەتاڵ وەک پارێزەری بیری نوێ و پاریزەری مافەکانی خەڵک و داهێنانی بیرە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکانە . ململانییەکانی نێوان نوسەری ئازادو حیزب لەم دوچەمکە بەدەر نییە .
کوردستانپۆست هەمیشە جێ ویستگەی ڕۆژانەی منە لە پاش کتێب خوێندنەوە . لەوێوە خەڵک دەناسم و دەمناسن . هەمیشە دەگەڕێم بە دوای زانیاری و وشەی ڕەنگینی تردا . لێرە ڕاستیەکان دەدۆزمەوە ، مێشک و هۆشم بەو نوسینانە قەتماخە دەدەم کە نوسەرانی کاڵ بو لە داڕشتنی تێماکاندا پێشکەشی ئێمەی دەکەن ، فێری بەئاگا بون و هۆشیاریمان دەکەن . ئەم پێگەیە ، پێگەی نوسەرە نوێکانە ، لێرەوە دەستپێکی دەرکەوتنی نوسینی نوێ و ناوی نوێ بەدی دەکرێت . زۆر جار نوسەرە دێرینەکان ، سەرەتای دەرکەوتنیان لەڕۆژنامەی ئەلکترۆنیدا لە کوردستانپۆست دایە . ئەمە دبستانی سەرەتای فێربونە . پێگەی فێربون پیرۆزە ، هەمیشە شوینێک ژیانی مرۆڤ تیا بتوێتەوە لەویادا بنیاد دەنرێتەوە . بەمە ئەو شوێنە دەبێتە بەشێک لە ژیان. لەپێگەی ژیانی توانەوەی گشتگیردا ، کۆگیرییەک دروست دەبێت ، خۆشەویستی و هاوکاری و تێکەڵییەک بنیاد دەنرێت . ئێستا نوسەرەکانی کوردستانپۆست هەستێک کۆیان دەکاتەوە ، گرنگ نییە لەسەر کۆمەڵێک بۆچون هاوکۆک نین ، گرنگ ڕوانگەیە . بۆیە دەبینم کاتێک نوسینێکی وەک بەڕێز مۆڵای موهەندیس دەبینم پانتی کوردستانپۆستی ڕەنگین کردووە ، هاوسۆزییەک گاڵگاڵۆکە دەکات بۆلای . من زۆر لە نوسەرەکان ناناسم لەنزیکەوە ، بەڵام لەژورێکدا هەمیشە کۆدەبینەوە ، ڕۆژانە گفتوگۆ دەکەین و یەکتری دەدوێنین ، لەسەر باسەکان چەنحەنەمانە . گفتوگۆکانمان لەسەر نیشتمان و نەتەوەو چەمکەکانی پێشکەوتنە . ڕێگری هەمومان دەسەڵاتی ڤایرۆسە . مەملەکەتی قەتماخ دراو بە ڤایرۆس ، بیرکردنەوەو سەرنجی ئێمەیە . ئێمە کۆکین لەسەر ئەوەی چۆن نیشتمان بەپیرۆزی ڕابگرین ، چۆن مەملەکەتێکی ڕاستگۆ و یەکترپەسندکار بنیاد بنێین . دیموکراسی و مافی مرۆڤ و چەمکی دەسەڵاتی گشتی بکەینە خەون . کۆتایی هاتن بەشەڕی ناوخۆ و بەدادگاگەیاندنی بنیادنەرانی ڤایرۆسی نەتەوەیی و دبستانی گەندەڵی واتە (پارتی و یەکێتی) . ئێمە کۆکین کەخۆشەویستی نیشتمان مانایەکی پیرۆزی هەیە و لە خۆشەویستی دەرچووە . ئێمەو ئەوان ، واتە نوسەری ئازادو نوسەری ڤایرۆز ، دوو تێڕوانن یەک ناگرینەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست