کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چ چاوڕوانییەک لە گۆڕان دەکرێت لە بەغداد ؟

Wednesday, 01/12/2010, 12:00


ڕۆژی ١١/١١/٢٠١٠ لەپاش ماراسۆنێک دوورودرێژ لە ململانێ و ناکۆکی لەسەر پۆست و پێگە و دەسەڵات، (ئوسامە نەجەفی) بەدەنگی نیوەی عەرب و تەواوی لیستی کوردستانی و کۆمەڵ و یەکگرتو جگە لە لیستی گۆران ٢٢٧ دەنگی هێناو (تاڵەبانی) بەدەنگی لیستی گۆڕانەوە ١٩٥ دەنگی هێنا ، بونە سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی و کۆماریی عێراق. بەپێی ڕێکەوتنی پێکهاتەکانی زۆرینەی کوردو عەرەب لە زاری سەرۆکی عێراقەوە (نوری مالیکی) ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی سەرۆک وەزیران داهاتوی عێراق .
کورد لە هاوکێشەسیاسیەکانی پاش ڕوخانی سەدام بە ئێستاوە لەسەر دوو بنەما پێدادەگرێت . بنەمای یەکێتی گەل و خاکی عێراق ، لەگەڵ دراو . داخوازی کورد دوو کەیسە : کەیسی سیاسی و دارایی . پەیامی کورد بۆ سەرکردەکانی ڕوونە ، لەنێوان دەسەڵات و خەڵکدا خاڵی ناکۆکی پێداگرتنی دەسەڵاتە لەسەر دراو و گوێنەدانە بەئەرکە نیشتمانییەکە . کەیسی سیاسی ئەو بوخچەیەیە کەکلیلی هەمو کەیسەکانی تێپێچراوە بە کەیسی دراویشەوە.
دەسەڵاتدارانی عێراقی عروبە بەڕێزەوە دەڕواننە داخوازییەکانی سەرانی کورد . ئەمانیش هەمیشە لەخەمی ئەوەدان چۆن عەرەبەکان کۆک بن ، چۆن عێراقی سەردەستە لەسەرئاستی ناوچەکەو جیهان متمانەی بۆ بگێڕنەوە.
پەیامێک نییە لەهەگبەی نوێنەرانی کورد کە ناوی ناکۆکی بێت لەسەر کەیسی کورد ، بەغداش لەگەڵ ئەم کەین و بەین دا بەهەمان ئەقڵی سەرانی بەعس کاریان لەگەڵ دەکات و وەڵامیان دەداتەوە .. ساڵی ٢٠٠٧ ئیبراهم جەحفەری لەکۆڕێکی سێ قۆڵی خۆی و بارزانی و تاڵەبانی لە سلێمانی باشی شیکردەوە و وتی : تائێستا ئەم بەڕێزانە و هیچ بەڕێزێکی تر نەهاتۆتە لام باس لە دۆسییەی کەرکوک بکات ، تامنیش بڵێم : نا! ؛ ئەمە لەپێش ئەوەی کێشەی من بێت ، کێشەی ئەوانە.
لیستی گۆڕان لەچاو لیستی پارتی و یەکێتی لە بەغداد بەکۆمەڵێک پێوانە لەپاشکۆی گفتگۆ و پرسوڕا و هەژمارکردندایە . چەمکی باس و تواناو سەرمێز لەکۆمەڵێک پرس و وەڵامدا لەدەرگای ئەوان دەدرێت . ئەوان نوێنەریان بەژمارە زۆرە ، لەکوردستان خاوەن دەسەڵاتن ، کاریگەرترن لەسەرئاستی ناوخۆ و دەرەوە . هەمو ئۆردنەری کەیسەکانی کورد بەدەست ئەوانەوەیە ، بەکورتی و کرمانجی تەقاندنی دومەڵی باس و خواست و پێچانەوەی کورد بەدەست ئەوانە . ئیتر لیستی گۆڕان لەچ خاڵێکی کارکردە دایە ؟ ..
گۆڕان لەهەڵبژاردنی سەرۆک کۆماردا کەوتە بەردەم دوو تیخی ئەرێ و نەرێ ، بەهەردو باردا هەرجەستەیان دەبڕێت ، سەرئەنجام باجەکەی دا . مرۆڤ زیاتر چاوەڕوانی باجە لەگۆڕان بۆ دەستکەوتێک کەدەستکەوت نییە ..
کەیسی سیاسی و دراو ، مەیدانی ململانییەکانی کوردە لەبەغداد ، ڕۆحیانەتی ئەم دوو چەمکە بوخچەی سیاسیییە ؛ گۆڕان چ دەورێک دەبینێت لەنێو ئەم ململانییەدا ؟. ئەگەر بۆ دراو دەچێت ، ئەوا دەبێت بە خەزێنەی دوو خەزێنەی سەرانی کوردی بسپێڕێت و وەک ئێستا لەچاوەڕوانی شاڵاوی گەلەگورگە برسی و چاوسورەکاندا بێت . ئەگەر بۆ کەیسی سیاسی دەچێت ، دەسەڵات بەحەوت ساڵ هیچی بۆنەکرا ، ئەوا بەگۆڕانیشەوە بەردێ ناخاتە سەربەردێک .. لەچاوەڕوانی گۆڕانداین بۆهەورازی بەغداد مل نەنێت ، بەڵکو تەختایی کوردستان بپێوێت ، لێرە عەسڵوفەسڵی مەسەلەکەیە ، لێرە گەراکانی ئەقڵی بەغداد دەتروکێن ، لێرە سەرچاوەی گرەوەکەیە لەسەر چارەنوسی نیشتمانی ، لێرە بەغداد بەچۆکدا دادێت لەئاست داخوزییەکانی کورد، هەتا ئێرە نەبەزێت بەغداد هەر زاڵە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە