کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پارتی ' هاوپەیمانی بزوتنەوەی گۆڕانە

Sunday, 17/01/2010, 12:00


سەرەتای باس
 ماوەیەکە لێرەو لەوێ باس لە نزیک بونەوەی پەیوەندییەکانی بزاڤی گۆران و پارتی دەکرێت ، دەستپێکی ئەم باسە وەک توانج و ڕەخنە ' کادرو ئەندامانی یەکێتی لەنێو قسەوباس و گفتوگۆکانیان لەئاراستەو وەڵامدانەوەدا بەکاری دەهێنن ، گوایە بزاڤی گۆڕان لەهەوڵی نزیک بونەوەدایە  لەگەڵ پارتی ، لەم پەیوەندییەدا دەخوازێت ئاستەنگ بخاتە نێوان پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی .
 من لەم باسەدا هەر وەک جاران لەدیدی خۆمەوە وەک ڕۆژنامەنوسێک ، نەک وەک هەڵسوڕاوێکی گۆڕان ، تیشک دەخەمە سەر پێچەوانەی بۆچونەکانی ئەندامان و سەرانی یەکێتی .
 
 پارتی دەخوازیت نەیارێکی دێرینی خۆی لەنێو گۆمی سیاسەتیدا بتوێنیتەوە    
 لەدوای هەڵبژاردنەکانی ٢٥ . ٧ ی پار  بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپۆزیسوێن خۆی ناساند . پارتەکانی لیستی کوردستانی لەپەڕلەماندا ٥٩ کورسی و لە دەسەڵاتیشدا حوکمەتیان بەهاوبەشی پێک هێنا، هاوپەیمانی نێوان یەکێتی و پارتی نزیک بونەوەو تواننەوەی یەکێتییە لەناو پارتی ، وەک لە زمانی هەندێک لێپرسراوانی باڵای پارتی لە ڕۆژنامەکاندا لەسەروەختی بانگەشەی هەڵبژاردن و پاش هەڵبژاردن دەبینرێت ، لەوانەش دکتۆر ڕۆژ نوری شاوەیس  (١).  قوڵ بونەوەی کێشەکانی نێوان یەکێتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەست نییە بەوەی کە چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی لەناو ڕیزەکانیدا بەشێکی گرنگی پێکهێنەری بزوتنەوەی گۆڕانن ، بەڵکو یەکێتی لەهەوڵی ئەوەدایە کە خۆی کۆبکاتەوە و ئامادەباش بێت بۆ ئەوەی بە قەوارەیەکی زۆرەوە یا بە هێزێکی بەرچاوەوە  خۆی بەماڵی پارتی دا بکات و دەرئەنجامێکی باش لە دەسەڵات و ناوەندەگرنگەکانیدا بۆداهاتوی خۆیان بەدەست بهێنن .
 لەماوەی ١٩ ساڵی ڕابردو دەسەڵاتی کوردی بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەری حیزبی و دەسەڵاتییەوە ئەرکە نیشتمانی و نەتەوەیی و کلتوری و موڕاڵییەکانیان ، کوردیان بەئاقارێکی خراپ و بنەبڕدا بردووە ، جیهانێکی هێندە ئاڵۆزیان بۆ ئێستاو نەوەکانی داهاتو بنیاد ناوە کەزۆر بەئاسانی ڕێک ناکرێتەوە . ئەرکی بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای ٢٥ . ٧ . ٢٠٠٩ بەدواوە گرانەو کارکردنە لەسەر ئەم تێزە . جگە لەم ئەرکە ، ئەرکی خۆپاراستن و بەرەنگاری لەبەرامبەر گیانی شەڕەنگێزی و بێ یاسایی و گەلەنەخۆشییەکانی نێو کۆمەڵگا بەهۆی قوتابخانەکەی ئەم دوپارتەوە  کڕاگەی هەست و بیرو دڵسۆزی تاکی کوردی تێکشکاندووە .
 دەستپێکی جەنگی نێوان دەسەڵات و بزاڤی گۆڕان ، گرتنە دەستی دەسەڵات و گۆڕانکارییەکانە لەسیتەمی دەسەڵات ، قسەکردن لەسەر ئەم باسە و گەیاندن بە گوێی خەڵکدا کارێکی گرانەو ئاسان نییە ، تێگەیاندن و شرۆڤەکردنی ئەم چەمکە کۆمەڵێک ئەرکی تر دەخاتە سەرشانی گۆڕانخوازان ، دەسەڵات وەک چێوەو ناوەڕۆک ئەو خۆتەکەیە کەزۆر لەمێژە بەشکڵێکی ناشرین و دڕندە بەعس بەسەرجەستەی کۆمەڵگادا شەکەتی داوە ، بەڵام دوپارتی دەسەڵاتداری ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان  نەک کاریان بۆ چارەسەرو کۆتایی هێنانی ئاسەوارەکانی نەکردووە ، بەڵکو میراتگر و درێژەدەری بون . تاک ڕەوی ، خەپاندنی کۆمەڵگا بە دروشمە بریقەدار و بەڵێندانی چارەنوس نادیارو نوێژەن کردنەوەی کلتورە کلاسکییەکان و ڕێگاگرتن لەپێشکەوتن و خەمڵاندنی سیستەمێک بۆ ڕەفتاری بەپەرۆشی نەتەوەو نیشتمان . دیارە دەسەڵات توحفەیەکی جوان و گوڵدانێکی بۆندارو تەکییەکی پیرۆزو خەڵوەندانێکی مورید و بازاڕێکی کاڵاکان نییە . بەڵکو ئامرازێکی پێگەیاندنی ڕاست و دروست و بەرپرسیارییەکی موڕاڵی گشت و ڕامێکی پتەو بۆ ڕاگرتنی کاری نەزۆک و لادانە زیانگەیشتووەکانی کۆمەڵگایە ،  بۆهەمو ئەم کایەو داخوازی و پێوداویستیانە بۆ کۆمەڵگا ، جوڵێنەران و لوتکەکانی سیستەم یان ڕاستگۆن یان چەوتگۆن . لێرەدا پارتی لە چاوی بزاڤی گۆڕانەوە هاوکێشەیەکی تاوان و هەڵەو کەموکوڕییەکانە لەڕابردو سیستەمی داکوتای ئەمڕۆدا .
 پارتی وەک هێزێکی ٥٠ ساڵەی نێو بزوتنەوەی کوردی بەرپرسیاری یەکەمی هەمو ڕوداوەکانی ماڵی کوردە ، ئەوەی ئێستا ڕودەدات و ئەوەی لەم ئەمڕۆدا ڕودەدات بەرپرسیارە لێی وەک : شەقکردن و دو بەرەکی ، برا کوژی ، کورد خستنە نێو گەمە سیاسییەکانی ئەقلیمی ، هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلول ، بەفیڕۆدانی دارایی گشتی ، تێکشکاندنی کەسایەتی تاکی کورد ، هەڵاواسینی دۆسیەی کەرکوک ، دەسپێکی هەمو هەنگاوەکان  هەر لەشەڕی ناوخۆوە تا گریسکردنی حکومەت بە گەندەڵی ، پارتی پشکی یەکەمی بەرکەوتووەو مامۆستای هەمو ئەم چەمکانەیە . هەرچی یەکێتی لەبەرامبەر ئەم بڕیارو هەنگاوانەدا هێزی بەرەنگارو خۆپارێزی وەڵامدانەوە بووە تا دوای دامەزراندنی یەکەمین کابینەی حکومەتی هەرێم لە ساڵی ١٩٩٢ دا . لەدوای ئەو زەمەنەوە یەکێتی هێزێکی چۆکدادەرو پاشەکشێی بڕیارەکانی پارتییە ، تا سەرئەنجام ئەوەی دەبینین و دەبیستین کە ڕو لە خۆتواندنەوەو کۆتایی هێنان دەکات لە ناو ڕیزەکانی پارتیدا وەک لەقسەکانی دکتۆر ڕۆژ نوری شاوەیسی گەورە بڕیاردەری پارتی دا دەردەکەوێت ، کە لەڕۆژنامەی ڕوداو ' لە ژمارەی (٥٥) ی ڕۆژی دوشەممە ڕێکەوتی ١١ . ٥ . ٢٠٠٩ دا
 بڵاو کراوەتەوە .
 http://www.rudaw.net/newspapers/rudaw/2009/55/01.pdf
(١)
 
  مەبەستی بزاڤی گۆران لەپەیوەندی پارتیدا
 دیموکراسی سونەتی یەکەمی گفتوگۆو ڕێزگرتنە لەڕایی بەرامبەر ، هەنگاونانە بۆ جێکردنەوەی ستراتیژو پیلانی گروپ و دەستەو پارت ، لەناو کۆمەڵگادا . دورە پەرێزی لەمەیدانی سیاسی دا لەهیچ سیستەمێکی دیموکراسیدا بونی نییە . پارتی و بزاڤی گۆڕان دوهێزی مەیدانە سیاسیەکەی گۆڕەپانی کوردن ، سونەتە پەیوەندیان هەبێت و بەردەوام بێت ، ئەوەی لەنێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان دا دەبینرێت پێچەوانەی دیموکراسییە .
 بزوتنەوەی گۆڕان خوازیاری گۆڕینی سیستەمە ، لێرەدا ململانییەکانی نێوان لیستی کوردستانی و بزاڤی گۆڕان دەست پێ دەکات . گۆڕین یان بردنەوە لە کایەکانی سیاسەدا پێویستی بە پیلانێکی وردو ژیرو بەئەزمونە ، بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت بە دوای چاوگە گرنگەکانی ئەم گۆڕینەدا بگەڕێت ، کارکردنی بزاڤی گۆڕان لەسەر گۆڕینی سیستەم ، دەبێت لەو نیگایەوە بێت کە میژو بۆ کوردو گەلان و دەستەو هۆزی سەلماندووەو کردوشیەتیە سەرگوزەشتە ، وەک :  دەڵێن جارێکیان داپیرەیەک یەک چەپک دار دەداتە دەست نەوەکانی و پێیان ڕادەگەیەنێت بیشکێنن ، بەڵام هەوڵی هەمویان سەرکەوتو نابێت و بەنائوێدی چەپکە دارەکە دەگێڕنەوە بۆ داپیرە ، پاشان داپیرە چەپکەکە هەڵدەوەشێنیتەوەو " دار' دار " دەیانداتە دەستیان ، هەمویان بەسەر کەوتویی دارەکە دەشکێنن. پارتی و یەکێتی و کۆمەڵیک هێزی پچوکی تر هاوپیمانی ستراتیژی یەکترن  ، هەروا ئاسن نییە بۆ بزاڤی گۆڕان بیان گۆڕێت و لەدەسەڵات بیان هێنێتە خوار ، نمونەشمان هەڵبژاردنەکانی ٢٥ . ٧ ی پارە ، بۆیە بەدوای میکانیزمیکی تردا دەگەڕێت ، ئەویش شیتەڵکردنی چەپکە دارەکەیە کەناوی (هاوپەیمانی کوردستانە) .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە