بۆ بەختیار عەلى، رێبین هەردى، ئاراس فەتاح: جەخـــــار، تـــــازە شكـــــۆى ئێوە شكـــــــا!
Saturday, 10/07/2010, 12:00
بەرایى:
بۆ ئەوەى خوێنەران بزانن لە ئێستادا ئەم سێ منەوەرەى كورد لەگەڵ سكرتاریەتى "جەلال تاڵەبانى"، چ رۆڵێك بۆ پەردەپۆشكردنى گەندەڵییەكانى "شێركۆ بێكەس" و دەزگا بەدناوەكەى دەگێڕن، فەرمون سەیرێكى ناوەڕۆكى ئەم كیتابە بكەن:
بە كیتابى ژمارە (350) رێكەوتى 6/7/2010 دەزگاكەى "شێركۆ" ئەم روونكردنەوەى ئاڕاستەى گشت كارمەندانى دەزگاكە كردووە.
بۆ/ بەڕێزان گشت كارمەندانى دەزگاى سەردەم بابەت/ رونكردنەوە بەدواى نوسراومان ژمارە (339) لە 27/6/2010 كە رونكردنەوەكەى سكرتاریەتى هەڤاڵى بەڕێز "مام جەلال"ە لە 23/6/2010، هاوپێچ كرابوو سەبارەت بەو هەڵمەتە ناڕەوایەى دەكرێتە سەر سەرۆكو ئەندامانى ئەنجومەنەكەىو نوسەرانى، رونكردنەوەیەكى تر لەلایەن نوسەرانو رۆشنبیرانى بەڕێزەوە كاك "بەختیار عەلى"و كاك "ئاراس فەتاح"و كاك "رێبین هەردى" هاوپێچ دەكەین، سەبارەت بەو هەڵمەتە ناڕەواو نابەجێیە؟ تكایە بۆزانینو بەرچاو رونى. لەگەڵ رێزدا بەهادین نورى غەفور لەجیاتى سەرۆكى دەزگا بەڕێوەبەرى گشتى كارگێڕى *****************
نووسین یان كینە دۆزى؟! ئەوكاتەى لەخوێندنەوەى تەواوى وەڵامدانەوەكەى "ئاراس فەتاح، بەختیار عەلى، رێبین هەردى" بوومەوە كە بەناوى (بۆ نەدەكرا لە نوسینەكەى شوان ئەحمەد بێدەنگ بین) نووسیبویان، دەستبەجێ نوسینێكى حەوت ساڵ بەرلەئێستاى "فاروق رەفیق"م هاتەوە بیر كە لەوەڵامى هێرش و پەلاماردان و گەلەكۆمەكییەكەى "بەختیار عەلى"دا نووسیبوى، بەناوى (بێ ئاگایى یان كینەدۆزى). بۆزانیارى زیاتر دەربارەى ئەونوسینە بڕوانە (هاوڵاتى، ژمارە 146، چوار شەممە 22/10/2003).
لەو نووسینەدا هاتووە كە: (بێئاگایى چارەسەرى هەیە، بەڵام ئەوەى چارەسەرى نییە ئەو دۆخە نالەبارە رۆحى و دەرونیەیە كەپێى دەڵێن كینەدۆزى یان بوغز. ئەو حاڵەتەیە كە كەسێك تەنها ئیلهام لە رق و كینەوە وەربگرێت و بەراست و چەپدا، بەموناسەبە و بێ موناسەبە كینە و بوغز ببارێنێت. وا وەیلا بۆ كلتورێك بکات كە نووسەرەكانى لەجیاتى داهێنان سەرقاڵى كینە و كینەدۆزى بن، وا وەیلا بۆكەسێك كە تەسلیمى بوغز دەبێت، بەتایبەت كەسێك كە بەهرەمەندە و دەتوانێت داهێنەر بێت). بهڵێ حەوت ساڵ بەر لەئێستا و لەسەر بۆچونى جیاواز، ئەمە راى "فاروق رەفیق" بوو لەسەرهەڵوێستى هاوڕێكانى، هەنووكەش دواى رەشكردنەوەى ئەو هەموو لاپەڕەیە بە مەرەكەبى كینە و بوغز، منیش دەكرێت بپرسم: ئەرێ بەراست ئەو شانامەیەى ئێوە وەك بەرگریەك لەگەندەڵیەكانى "شێركۆ بێكەس" و "شێرزاد حەسەن"و ئەندامانى ئەنجومەنەكەى سەردەم که هۆنیوتانهتهوه، ئهوه نوسین بوو یان كینە دۆزى؟ هەڵڕشتنى زوخاوى رەش و كینە و بوغزبوو، یان روونكردنەوەى را و سەرنجەكانتان؟ نیشاندانى هەناو رەشیتان بوو، یان خستنەرووى راستیەكان؟
لێرە بەدواوە هەوڵ دهدەم، بڕگە بە بڕگە و دێڕ بەدێرى له سهر ئەو ناهەقیانە بووەستم، كە ئەوسێ منەوەرەى كورد لەسەر خۆم و نووسینەكەم کردوویانه.
(خودا)كانى ناو رۆشنبیریى كوردیى سەرەتا كە ئەم سێ منەوەرەى كورد روونكردنەوەكەیان لە(ئاوێنە)دا بڵاوكردەوە، لەخۆم پرسى ئەرێ بەراست ئەمانە نووسهرن یان (لیژنەى فتوا)؟ رۆشنبیرن یان (ئەزهەر) و (داواكارى گشتى) و (پۆلیسى ئەخلاق) و (ریش سپى ئاوایین)؟ كەچى دواتر و لە وەڵامدانەوە دوور و درێژەكەیاندا، لەوەشیان تێپەڕكرد و لەبەرگى ئادەمى چوونەدەرێ، وەك (خودا) لەسەرى سەرەوە، كەوتنە قسەكردن و مۆجیارى كردن و بەخشینەوەى وەعزو ئەخلاق و دەست نیشانكردنى (سرات المستقیم) بۆ ئێمەومانان. ئەوان ئەگەر لە روونكردنەوەكەیاندا بە (قهساس) كردنى (ئاوێنە) و زەلیلكردنى سەرنووسەرى ئەو رۆژنامەیەوە وەستابن، ئەوا لەم وەڵامدانەوەیەدا نەخشەى رێگا بۆكاركردنى داهاتووى (ئاوێنە) و هەموو رۆژنامەیەكى دیكەى پرۆفیشناڵ لەم وڵاتەدا دادەنێن. ئەم (خودا)یانە دێن و بەفیزێكەوە پێمان دەڵێن: (ئەم زمانە زبرە و ئەم زمانە نەرم)، (ئەم نووسەرە خوێندەوارە و ئەم نووسەرە جاهیل و كاڵفام)، (ئەم نووسینە سەنگین و موعتبەرە و ئەو نوسینە چروك و بێمانا)، (ئەمە ئەتەكێت و مۆراڵى نووسینە و ئەمەش فیتنەگەرى و دەرچوونە لەئەخلاق).
ئەم سێ منەوەرى كورد وەك سێ مامۆستاى ئەكادیمى و حیرەفى بوارى رۆژنامەگەرى، رێگا پیشانی (ئاوێنە) ئهدهن كە: (دەبوو ئاوێنە هەموو دیكۆمێنتەكان لەسەر سەردەم بڵاوبكاتەوە بەبێ ئەوەى ئەسڵەن ناوى شوان ئەحمەد بهێنرێت، لەبەرئەوەى گەندەڵى كێشەیەكى گشتیە و بابەتى موزایەدە و موهاتەراتى شەخسى نییە).
ئەم (خودا)یانەى ئێمە ستایلى نوسینى چیرۆكت فێردەكەن، ئەتەكێتى نووسینت پێدەڵێن، دەستت دەگرن چۆن شیعر بڵێیت. چۆنیەتى كاركردنى رۆژنامەوانیت بۆ شرۆڤە دەكەن و هەڵە پیشەییەكانى ئەو بوارەت نیشان دەدەن هاوكات. ستراتیژ و بەرنامەى كارى سیاسى نیشانى دەسەڵاتداران و سیاسیەكانى وڵات دەدەن. لەوەش زیاتر بە گۆرانیبێژ و میوزیك زانەكان دەڵێن چ رێتم و تێكستێك نۆرماڵە و شایستەى وتنە. بە سیناریست و ئەكتەر و داهێنەرى شانۆكان دەڵێن چى بكەن و چى نەكەن. تەنانەت پلانى یاریكردن بۆ تیپەكانى فتبۆڵێیشیان پێیە. بە نیگاركێش و پەیكەرتاشەكانیش دەڵێن سەر بەچ قوتابخانەیەك بن و لەچ چاوگێكى هونەرى ئیلهام وەرگرن. بە نووسەران دەڵێن چى بخوێننەوە و كێ بكەن بە مەرجەع. تەنانەت بەدامو دەزگاكانیش دەڵێن چۆن بە پرۆژە كاربكەن، یان ئارایشتگاكانى پیاوان و ژنان فێردەكەن بەچ مۆدێل و ستایلێك خەریكى جوانكارى و قژبڕین بن.
ئەم (خودا)یانەى ناوكایە بەدبەخت و كڵۆڵەكەى رۆشنبیریى كوردى، باس لەئیختیساس و پسپۆڕى دەكەن، دەڵێن یەكێك لە هۆكارە گرنگەكانى پێشكەوتنى رۆشنبیرى خۆرئاوا، ئەوەیە كە پسپۆڕى و تایبەتمەندى وەرگرتن لەبوارێكدا، بۆتە خەسڵەتێكى دیارى ئەو شارستانیەتە و هەركەسە و خەریكى كارى خۆیەتى، كەچى لەپاڵ ئەم حەقیقەتە حاشا هەڵنەگرەدا، ئەمان خەریكى هەموو كوردن و لەهەموو كاسهیهكیشدا كەوچكن.
درۆكردن لەگەڵ خوێنەر ئەم سێ منەوەرەى كورد لە دەستپێكى نووسینەكەیاندا دەڵێن: (ئێمە واى دەبینین بڕى هەرە زۆرى ناوەڕۆكى ئەو نوسینەى كاك شوان، كەم و زۆر پەیوەندى بەئێمەوە نییە و ئیشى ئێمەش نییە وەڵامى بدەینەوە). كەوابو ئێوه، که ئەم راستیە دەزانن ئەى بۆ بەر لە (سەردەم) هاتنە دەنگ و خۆتان كردە كەوا سورى بەر لەشكر؟ ئەو نووسینەى من، که پەیوەندىی بەئێوەوە نییە، ئیدی بۆچی هاتن و پانزە لاپەڕەى پڕ لە رك و كینە و بوغزتان لەسەرم رەش کردەوە؟. ئەم درۆ گەورەیە چییە ئێوه لەگەڵ خوێنەراندا دەیكەن؟ من هاتووم بەبەڵگەوە دنیایەك دزى و تاوانى ئەم دوانزە ساڵەى تەمەنى دەزگایەكى به ناو رۆشنبیرى وەك سەردەمم ئاشكرا كردووە، ئێوەش لە ماوەى كەمتر لە دووساڵ كاركردنتان لەو دەزگایە، بەشێكى ئەو گەندەڵیانەتان بەركەوتووە، کهچی بۆ شاردنەوەى ئەوانە هاتونەتە قسە. هەمووكەس دەزانێت وەك خۆشتان تەئكیدى لێدەكەنەوە كە كەم و زۆر ئەو نووسینەى من خۆی له قەرەى ئێوە نەدابوو، بەڵام لەبەر خاترى پەردەپۆشكردنى شتێكى دیکه، ئەركى ئەو بەرگریكردنەتان وەك پارێزەرێكى سەرسەخت له "شێركۆ بێكەس" و "شێرزاد حەسەن"و ئەندامانى ئەنجومەنەكەى گرتەئەستۆ.. ئا ئەوهیه درۆكردن لەگەڵ خوێنەر و خۆڵكردنە چاوى خەڵكه، كە گوایە ئێوە بەهۆى ئەتەكێتى نووسین و زمان زبریى و مۆراڵى رۆژنامەوانییەوە هەڵوێستتان وەرگرتووە. ئایا ئێوه نازانن، که بهو ههڵوێستهتان و به هاتنتان بۆ ناو ئهو کێشهیه، گومانی گهوره لهسهر ئێوهش پهیدا بوو؟ ئێوه وا دهزانن ئهو خهڵکه هێنده ساویلکهیه، نازانن شیوهنی ئێوه بۆ چییه؟
ئەى ئەو درۆ گەورەیەى دیكە چییە كە دەڵێن (نووسینەكەى شوان ئەحمەد ژمارەیەكى گەورە لەخوێنەرى وردبینیشى بێزاركرد). ئێوە بەپێى چ داتا و راپڕسییەك ئەم قسەیە دەكەن؟ ئەو ژمارە گەورەیە لەخوێنەرى وردبین كامانەن كە لەو نووسینەى من بێزارن؟ بۆ ئهوانه قسەناكەن و نایەنە دەنگ؟ بەچ مەزەندەیەك زانیتان ئەو ژمارە گەورەیەى خوێنەرى كورد بێزارە لەو نوسینە؟
ئەمە درۆیەكى شاخدارە و تهنها بۆ بێ ئیعتیباركردنى نووسینەكەى من ئهو قسهیهتان کرد. چەند ناخۆشە کهسانێک خۆیان به رۆشنبیرى كورد ناوزهد بکهن، ئاواى لێ بێت، بۆ پاساو هێنانەوە بۆهەڵوێستەكانى خۆى، درۆ بەدەم ژمارەیەكى گەورەى خوێنەرى وردبینى كوردەوە بكات.
توڕەبون و ئەو شتانەى منەوەركانى كورد باسى ناكەن گەمەیەكى ناشرین و قێزەونه كە لەناو وەڵامدانەوەكەى ئەوسێ کهسهدا هەستى پێدەكرێت، گەمەى زەقكردنەوەى هەندێ وشە و زاراوەى زبرە، لە بەرامبەر فەرامۆشكردن و بەهێندنەگرتنى ئەو هەموو گەندەڵى و بێسەرو بەرییەى پەیكەرى ئەو دەزگایەى داپۆشیووە. من بەدرێژایى دووبەش ئەو نووسینە و چوار دانە لاپەڕە و نیوەى رۆژنامەى (ئاوێنە) بەبەڵگەى حاشا هەڵنەگرەوە، باسى گەندەڵیەكانى دەزگاكەى "شێركۆ"و ئەندامانى ئەنجومەنەكەى دەكەم، ئەوان ئەمە وازلێدێنن و بۆ بەكەم گرتنى ئەو هەوڵە دەڵێن: (چ شتێك لەدنیادا لەوە گەندەڵتر هەیە، لەوەدا خۆت بە مهغدور بزانیت كە گەندەڵیت بەرنەكەوتووە).
لە دواى راپەڕینەوە بەدیاریكراویش دواى پرۆسەى ئازادى عیراق، لەكوردستاندا هیچ وانەیەك لەوانەى فێربوونى گەندەڵى سوك و ئاسانتر نییە، هیچ هونەرێك بەقەد ئەو هونەرە حازر بەدەست نییە، هیچ كار و كاسبیەك ئەوەندە بێ زەحمەت نییە. لەبەر ئەوە ئهگهر من بمویستایە لەبرى ئەم هەموو لاپەڕە رەشكردنەوە و خۆسەرقاڵكردنە، بە بێدەنگى لەرێگەى عەریزەیەكى چوار پێنج دێڕیەوە، كێكەكەم لەگەڵ "شێركۆ" و ئەندامانى ئەنجومەنەكەیدا بەش دەكرد. منیش دەچووم وەك برادەران بەناوى پێشەكى خانوو، سەفەركردن، چاككردنى ئۆتۆمبێل، نەخۆشى و كڕینى فەرش و كەلو پەلى ناوماڵ، جارجارە گیرفانى خۆمم ئاوەدان دەكردەوە و تا ئێستاش بەردەوام دەبووم و (لامن شاف ولا من دری).
دیسان ئهم سێ برادهره دەڵێن: (ئێمە چاوەڕوانى ئەوەین ئاوێنە كێشەى لەگەڵ سیستمى گەندەڵیدا هەبێت، نەوەك ببێتە مینبەر بۆ ئەوانەى كەبەبەشى خۆیان لەناو گەندەڵیەكەدا رازى نین). سەیرى ئەم دەستەواژە شیعرى و ویژدان بزوێنانە. ئەزانن من بەچى گرەوم لەهەر هەمووتان بردۆتەوە، بەوەى یانزە ساڵى رەبەق لەو دەزگایەدا كارم كرد، نەوەك ئێوە ناوم چووە ناو راپۆرتەكانى دیوانى چاودێرى دارایى و نەدەستیشم بۆ یانزە سەنتى "شێركۆ بێكەس" پانكردەوە (ئیدى بۆ كرێى بلیتى فرۆِكە بێت یان هەر خەرجیەكى تر). هەربۆیە ئێستا دەنگم زوڵاڵ و رووسور و بێ منەتم. من لەناو ئەو گەندەڵییەدا كەم و زۆر بەشم نەبوو، تاڕازى و نارازى بم .هەر بۆیە ئەیڵێم و ئەیڵێمەوە و (ئێوەش پێى دەهرى دەبن). من تەحەدای یهکه به یهکهتان دەكەم جگە لەموچەى مانگانەكەم (دینارێك، دۆلارێك، یۆریۆیەك، تومەنێك، لیرە)یەكم لەسەر بكەن بەماڵ.مهمنونی کهستان نابن، ئهگهر یهک تاکه زهڕه گهندهڵییم کردبێت، دزییم کردبێت، ناپاک بووبن، ئێوه به بهڵگهوه دهست نهخهنه سهر تاوانهکانم. ئێوه سهری زمان و بنی زمانتان، زمان زبرییه له نووسیندا، باشه ئێوه رووناکبیر، هێج کاتێک بهردهمی بیری خۆتان رووناک کردۆتهوه و بپرسن بۆ خهڵکی زمانیان زبر بووه؟ بۆ نووسهران به زمان زبری دهنووسن؟ ئایا ئاوڕتان داوهتهوه بپرسن که زمانزبری من له دهزگازبرهکهی سهردهمه، ئهگهر ئهو دهزگایه ئهوهنده له گهندهڵییدا زبر نهبوایه، منیش ئاوا به زبری له سهرم نهدهنووسین؟ جارێ له کوێیهتی.. راوهستن من نا، کهسانی تریش پهیدا دهبن و له سهر ئهوان زیاتر و لهسهر ئێوهش دهنووسن، ئهگهر زۆربهی راستییهکان ئهمڕۆ شاراوهن، سبهینێ پهرده له سهر ئهوانیش ههڵدهدرێتهوه و ههموو گهندهڵکارهکان ریسوادهبن.
من لەبەرئەوەى گەندەڵى مامۆستاكانى ئەم سێ منەوەرەى كوردم ئاشكراكردووە، ئەوان دەڵێن: (گەندەڵى كێشەیەكى گشتی ەو بابەتى موزایەدە و موهاتەراتى شەخسى نییە، بابەتى ئەوە نییە فەردێك بۆخۆى بەكاری بهێنێت). یان دەڵێن: (ئەو دیكۆمێنتانەى مامەڵە لەگەڵ ماڵ و سەروەتى گشتیدا دەكەن موڵكى هەموو كۆمەڵگان، نەوەك موڵكى كەسێك بێت بیفرۆشێت و موزایەدەى پێوەبكات و هەڕەشەى لەخەڵك پێ بكات).
چاو لهم فهلسهفهی ئهو سێ فهیلهسوفه بکهن له سهر پێناسهکردنی گهندهڵیی و مامهڵهکردن له سهر چارهسهرکردنی گهندهڵیی، ئایا ئەمە لەپەلەقاژەى مهرگی خۆیان و خەڵكێكى دۆڕاو ناچێت؟ كە دەیانهوێت گەندەڵکارهکان بكهنه فریشتە و خەڵكى پەرێز پاكیش وەك ئەهریمەن نیشان بدهن. لەشوێنێكى تردا سىێ گەورە منەوەرەى كورد دەڵێن: (دەبێت تەحقیق لەراستى و دروستى دیكۆمێنتەكان بكرێت و سەد دەرسەد لەدروستیان دڵنیابیت، ئەوسا بڵاویان بكەیتەوە).
باشە با من لێرەدا ئەو پرسیارە لە ئێوە بكەم: (ئەرێ بەراست ماوەى زیاتر لە دە دانە ساڵە له کوردستاندا هاوڵاتى و ئاوێنە و لڤین، بەڵگە و دیكۆمێنت لەسەر ئەم حیزب و ئەو لایەن و رێكخراو وەزارەت و كۆمەڵە و دەزگاو دامەزراوە بڵاودەكەنەوە، بۆجارێك تەنها جارێك ئێوه نەتان وت دەبێت بەر لەبڵاوكردنەوەیان تەحقیق لەراستى و دروستى دیكۆمێنتەكان بكرێت و سەد دەرسەد لەدروستیان دڵنیابن، ئەوسا بڵاویان بكەنەوە؟ ئێوه تەنهاو تەنها ئەوكاتانه ئهمه دهڵێن، كە یەخەى خۆتان و مامۆستاكانتان دەگرێت).
بەڕێزینە، ئەو كاتەى درۆزنەبەڵگەیەكى بەعسى بوون لەسەر پیاوێكى قارەمان و كوردپەروەرو كۆڵنەدەرى وەك كاكە "حەمە نورى" گەرمیان بڵاوكرایەوە، بۆ ئەم هەڵوێستەتان نەبوو. كە "هاوڕێ نەمەڵى" لەسەر بڵاوبوونەوەى هەمان شت گوللەیەكى نا بەسەرى خۆیەوە و خۆى كوشت، بۆ ئێوه ئەم قسانەتان نەكرد. كە لێشاوێك فایلى بوونى پەیوەندى ژێر بەژێر لەگەڵ رژێمى بەعس لە سەر "مستەفا چاوڕەش"و "حامى حاجى غالى"و "شاڵاوى عەلى عەسكەرى"و "سەعدى پیرە" بڵاوبووەوە، بۆ بەرونكردنەوەیەك هەموو لایەكتان ئاگادار نەكردەوە، كە دەبێت (تەحقیق لەراست و دروستى دۆكۆمێنتەكاندا بكرێت و سەد دەرسەد لەدروستیان دڵنیابن، ئەوسا بڵاویان بكەنەوە).؟ كە ئەوشتانە لەسەر ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى و قایمقامى هەڵەبجە و دەزگاى خەندان و مەكتەبى ناوەندى راگەیاندن و كۆمەڵەى خوێندكارانى كوردستان بڵاوكرایەوە، بۆ ئەم حەقیقەتانەتان بەیان نەكرد؟ ئەم گەمە و دوفاقێتیە بۆ هەموو كەس دەست بدات و جوان بێت، ئهی بۆچی بۆ رۆشنبیر زۆر دزێو و ناشرینە؟. ئەمە چییە جگە لە نیفاقێكى گەورە. من ئەزانم ئەم هەموو وشە ریزكردن و ئەم هەموو شەڕ و بەهانەیە، بۆ ئەوەیە كەمێكى كەم ئیعتیبار بۆ "شێركۆ"و "شێرزاد"و ئەنجومەنەكەى بگێڕنەوە. روونكردنەوەكەى سكرتاریەتى "تاڵەبانى"و روونكردنەوەو وەڵامدانەوەكەى ئێوەش هەر بەو مەبەستە بوو.
لەشوێنێكى تردا دەنووسن: (لەراستیدا ئەوانە هۆى توڕەبونى ئێمەبوون). جا باشە بۆ دواى دە ساڵ لەم پرۆسەى ئاشكراكردنى فایلات و گەندەڵیە، بۆ ئێستا توڕە دەبن و دڵتان بۆ مامۆستاكانتان ژان دەكات؟ پێم بڵێن بەدرێژایى ئەم دە ساڵە كام شەڕى گەندەڵى كەمیدیاى ئازاد و رۆژنامەنووسى بوێركردویەتى، بەو كەناڵانەدا رۆیشتووە كە ئێوە باسى دەكەن. بۆ دەبێت تەنها شتەكانى من پابەندى ئەو پێودانگانەبێت و موحاسەبە بكرێم لەسەرى، بەڵام بۆ كەسانى تر ئاسایى تێپەڕێت و نەك هەر ئەوەندەش بگرە بەدەسكەوت و جوامێرى و ئازایەتیش بۆیان حساب بكرێت؟ بۆ من و خهڵکیی نازانین، که ئێوه چ گەڕێكى بازاڕیانە بە من دەكەن و تەنها من دەخەنە بەردەم ئەو بەرپرسیارانهی، که دەساڵە میدیاى ئازاد لەكوردستاندا بەلایدا نەچووە؟ ئێوە هێندە بە بوغزەوە وەڵامتان داومەتەوە، هەموو ئەو راستییانهتان له بیرچۆتەوە. "رێبین" براكەى خۆى كە سەرنوسەرى (هاوڵاتى) (ئاوێنە) بووە لە دوو سەردەم و قۆناغى جیاوازدا، بێ ئەوەى تەحقیقى لەراستى و دروستى دیكۆمێنتەكان كردبێت و سەد دەرسەد لە دروستیان دڵنیابێت، بڵاویكردونەتەوە و بەدەسكەوت و بوێرى بۆى نووسراوە، بەڵام من كە بەڵگەكانم هى دەزگایەكى حكومى باوەڕپێكراوى وەك دەزگاى چاودێرى داراییە و باقى دیكۆمێنت و نامە و فاكسەكانى تر بەقەڵەم و دەستوخەتى شەخسى "شێركۆ بێكەس" لە سەریان نوسراوە، ئێوه دهیکهن به دۆکۆمێنتی گومانلێکراو؟
غەزەب گرتن لە (ئاوێنە) بەشێكى وەڵامدانەوەى ئەم سێ منەوەرەى كورد، غەزەب گرتنە لەهەفتەنامەى (ئاوێنە) و بیرازكردنى سەرنووسەرەكەیەتى. ئەو بێڕێزیەى لەم نووسینە و لە روونكردنەوەى پێشووى ئەو برادەرانەدا هەستى پێدەكرێت، بەرامبەر به (ئاوێنە) و سەرنووسەرەكەى، شتێكى كەم وێنەیە لەبوارى رۆژنامەگەریدا.
ئەوان دەنوسن (هیچ رۆژنامەیەك نییە لە دونیادا نووسینى وا بڵاوبكاتەوە). ئێمەش دەڵێین ئەوەى ئێوە دەرهەق بە (ئاوێنە)كردتان، تا ئێستا شتى وا روى نەداوە لەتەئریخى میللەتان. لەهیچ وڵات و شوێنێكى ئەم دنیایەدا نەبووە، تاقمە نووسەرێك لەدەرەوەى رۆژنامەیەك، پەلامارى سەرنووسەرەكەى بدەن و رۆژنامەكەى بۆ ماوەى دوو هەفتە سزابدەن و وەك تەمبێكردنێك و پێى بڵێن دەبێت چى بڵاوبكاتەوە و چى بڵاونەكاتەوە. هەموو كەس ئەوەى بینیووە و دەزانێت، رەنگە سەرنووسەر و ستافى رۆژنامەیەك، نووسهر، یان چەند نووسەرێك سزابدەن و بایكۆتیان بكەن و نووسینیان بۆ ماوەیەك رابگرن، بەڵام نەبووە و رووى نەداوە، ئەم شتانە كەسانێك لەدەرەوە بەرامبەر بە رۆژنامەیەك بیگرنەبەر.
لەوسێ منەوەرەى كورد بپرسن، ئەرێ ئێوە لەماوەى كاركردنتان لە (ئازادى و سەردەمى رەخنەو رەهەند)دا، كەس بۆى هەبووە دەست بخاته نێو كارتانەوە و مافى ئەوە بەخۆى بدات پێتان بڵێ چى بڵاوبكەنەوە و چى بڵاومهكەنەوە؟
ئایا نووسەر هەبووە بەگژتاندا بێت و (قەساس)تان بكات و نووسینەكانى رابگرێت لاتان، بەبیانوى ئەوەى پەرۆشى پرۆژە رۆشنبیریەكەتانە و ئێوە لەكاركردنتاندا زۆر نەزان و ناشیین؟ كە ئێوە ئەو هەقە بەهیچ كەس رەوانابینین واتان لەگەڵدا بكات، ئەى خێرە ئەو مافە بەخۆتان دەدەن ستراتیژى كاركردن بۆ هەفتەنامەیەكى وەك (ئاوێنە) دیارى دهكەن. ئەمە كوێخایەتى و ئاغایەتى و خەڵك بە نەخوێندەوار و گەمژەزانین نەبێت، چ ناوێكى ترى لێدەنێن؟
(ماویەتى و چاوەڕوانى بەشەكانى دیكەبن)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست