بۆ "بەختیار عەلى، رێبین هەردى، ئاراس فەتاح":جەخـــــار، تـــــازە شكـــــۆى ئێوە شكـــــــا!! (بهشی دووهم)
Saturday, 31/07/2010, 12:00
ئیشى نوسەران ئەوە نیە یاسا دابنێن، ئیشى نوسەران ئەوەیە بەرگرییەكى رەهاو بێچەند و چون لەئازادى نوسین و ئازادى بیروڕا بكەن، بائەو ئازادییە هەندێكجار ئازاریشمان بدات، بائەو ئازادییە بەهەڵەشدا بڕوات، باهەندێك كەسانى بێبەهرەو جنێوگۆ سودى لێ ببینن، باهەندێك خەڵكى كەمتوانا بەو ئازادییە بریندارمان بكەن، لەگەڵ ئەوانەشدا نرخى ئەو ئازادییە هەزارانجار لەبەهاى هەڵەكانى گەورەترە" (بەختیار عەلى- لەوتارى دەربارەى ئەفسانەى زمانى هەمیشە پاك، هاوڵاتى، ژمارە 321 چوارشەممە 11/4/2007) - تۆڵەسەندنەوەو كلتورى ململانێى نێوان نوسەران: لەپاى بەخشینەوەى زۆرى ئەو وەعزو نەسیحەتە بێتامانەى ئەم سێ منەوەرە لەوەڵامدانەوەكەیاندا دەیكەن، دەست بۆئەوە دەبەن كەگوایە نابێو ناكرێت تۆڵەسەندنەوە بچێتە ناوكلتورى ململانێى نوسەرانو رۆشنبیران، فیتنەخستنەوە ببێت بەچەكى ئیشكردنو زمانى قسەكردن.. وادیارە مەبەستیانە ئەم برادەرانە هەرچى كراسى چڵكنى خۆیانە بیكەن بەبەرى مندا. من نوسینێكى دورو درێژم نوسیوە، لەسەر گەندەڵىو بێسەروبەرى دەزگایەكى رۆشنبیرى كەناوى دەزگاى سەردەمە. لەپاڵ ئەوەشدا جەوهەرو ئەخلاقیاتى ئەو كۆمەڵە كەسەم نیشانداوە كەلەناو ئەنجومەنى دەزگاكەدا كاردەكەنو بەرژەوەندىو ناچارى نەبێت، هیچ شتێكى تر كۆیان ناكاتەوە. تۆڵەسەندنەوەى من لەوانە، ئاشكراكردنى ئەو هەموو گەندەڵىو پارە خۆریەیە كە بەبەڵگەوە ساغم كردۆتەوەو نیشانى هەموولایەكمداوە. ئەوانە هاوڕێى یەك نەبوونو خۆشیان زۆرباش دەزانن، تامن فیتنەیى لەنێوانیاندا بكەم. ئەوانە تائێستاشى لەگەڵدابێت، كار لەسەر شكاندنو شێواندنى كارەكتەرى یەكتردەكەن. من پێموایە پەیوەندى هاوڕێیەتىو دۆستایەتى، ئەگەر لەسەر بنەمایەكى كۆنكرێتىو پڕ راستگۆیى بێت، هیچ شتێك شلۆقى ناكاتو نابێتە باعیسى تێكدانى، وەلێ پەیوەندییەك خۆى فشەڵ بێتو ژێرخانەكەى درۆو موجامەلەى ساختەبێت، بەكەمترین قسەو بەبچوكترین شت كۆتایى دێت. ئەمانە لەو سولالەیەن كەپەیوەندى ێەمیمیان نەلەگەڵ خۆیانداو نەلەگەڵ هیچ كەسدانیە. ئەمانە كۆمەڵە كەسێكى پڕ نیفاقو دووڕوینو هەرلەسەر ئەو بنەمایەش پەیوەندى لەگەڵ كەسانى چواردەوریاندا دەگرن. ئێوە بەم پەلاماردانەى من دەتانەوێت بڵێن: (تكایە، پەردە لەسەر ئەو پەیوەندیە درۆزنانە هەڵمەدەوە.. تكایە رێ بدە، هاوڕێ لەپاش ملە هاوڕێى خۆى وێران بكاتو بكەوێتە وێزەىو رووبەڕووش وەك پەروانە لەدەورى یەك بگەڕێن. ئێوە دەتانەوێت بڵێن.. ئاخر ژیانى كۆمەڵایەتىو پەیوەندى دۆستایەتىو هاوڕێیەتى ناوكۆمەڵگەى ئێمە، بەم فێڵە گەورەیە مومكین دەبێت. ترسى ئێوە لەم وەزعە ئەوەیە گەرئەم یاریە دزێوە بەردەوام نەبێتو ئاشكرابێت، هاوڕێیەتىو دۆستایەتى بەرقەرارنابێت. بۆیە هاواردەكەنو دەڵێن: دەهاوڕێ تكایە، ئەم شتانە ئاشكرامەكە، تاژێرخانى هەموو ئەو درۆزنە پەیوەندیانە هەرەس نەهێنێت).
گواستنەوەى تۆڵەسەندنەوە بۆناو كلتورى ململانێى نوسەرانو رۆشنبیران، شتێكە گەرئێوە داهێنەرى نەبن، ئەوابێ چەندوچون لەهەرەكەسە دیارو چالاكەكانى ئەوبوارەن. لەدواى راپەڕینەوە، چەكێكى كاراى دەستى ئێوە لەپاڵ سوكایەتیكردنو شكاندنى بەرامبەرەكانتان، بریتى بووە لەتۆڵەسەندنەوەى شەخسى بەنوسینو لەناو نوسینو لەرێى نوسینەوە، لەهەموو ئەوانەى حەزتان بەچارەیان نەبووە. لێرەدا دەكرێت زیاد لەنمونەو زیاد لەبەڵگەیەك بەردەست بخەم، بەڵام لەبەرئەوەى كارێكى وازۆرم لێدەباتو لەنوسینەكانى دیكەشمدا چەندین نمونەى لەوجۆرەم لەسەر ئێوەباسكردووە، لێرەدا تەنها ئیكتیفا بەچەند نمویەكى بچوك دەكەمو كورد وتەنیش (مشتێك نمونەى خەروارێكە). باخوێنەرى بەڕێز سەبارەت بەئەنگێزەى تۆڵەسەندنەوە لەناونوسیندا سەیرێكى (ئیمانو جەنگاوەرانىو ئیسلامیەكانو هونەرى بیرنەكردنەوە) بكات. سەیرى ئەو وتارە بكات كە"بەختیار عەلى" خۆى لەپشتى "سەعدى ئیبراهیم" ناوێكەوە شاردۆتەوە. سەیرى نوسینەكانى "رێبین هەردى" بكات، لەوەڵامدانەوەى ئەم نوسەرو ئەو رۆژنامەنوسو ئەو سیاسیدا.
"بەختیار عەلى" مۆجیارى من دەكات تۆڵەسەندنەوە نەگوازمەوە ناو ململانێى نێوان نوسەرانو رۆشنبیران، وەلێ خۆى لەبیرى چۆتەوە یان خوێنەر چەواشەدەكات كەئەو خۆى وەستاى ئەو كارەیە. ئەو نەك لەگفتوگۆو رەدو بەدەلو جوابدانەوەى ئەوانەدا كەرەخنەى دەكەن، ئەنگێزەى تۆڵەسەندنەوە لەناو نوسینو وەڵامەكانیدا پراكتیزە دەكات، بەڵكو بەوەش داناكەوێتو روبەرێكى گەورەى كارە ئەدەبیەكانیشى بۆئەومەبەستە تەرخاندەكات.
خوێنەرى بەڕێز وەك بەڵگەیەكى حاشا هەڵنەگر بڕوانە "سەعدى ئیبراهیم"، بەچ رۆحێكى تۆڵەسەندنەوەوە قەسیدە دەنوسێت:
ئەى گەمژە گوناهى من نییە، تۆناتوانیت یاقوت راوبكەیت
گوناهى من نیە، تۆ لەجنسى خشۆكەكانیتو من لەرەگەزى تۆفان
من لەجنسى خوداكانمو تۆلەجنسى مێروولە خوساوەكانى ژێرباران
من سەربەخێڵى ئەستێرەناسەكانم، تۆكرمفرۆشێكى بیمار
تۆپاسەوانى كەلاوەیت، من ئەندازیارى یۆتۆبیام
تۆلقى درەختێكى كرمێیت، من نورو گڕو رەشەبام
تۆئەى كڕیارى كۆنى زبڵخانەى ژیان
دانى تۆلەوە پیرترە، گوێزى پڕحیكمەتى من بشكێنێت
لووتى تۆ لەوە زەلیلترە، بۆنى باغى من بكات.
(بڕوانە: دیوانى بۆهیمىو ئەستێرەكان، قەسیدەى ئەى ئەوەى من گوناهبار دەكەیت- لاپەڕە 51،52).
ئەم هەجوكردنو رۆحى تۆڵەسەندنەوەیە لەرێى شیعرو نوسینەوە، مەگەر هەرلەقۆناغەكانى شیعرى جاهلىو هەندێ قۆناغى داوەشاوو تاریكدا دەست بكەوێت. كەچى هەنووكەو لەسەردەمى گڵۆباڵدا، "سەعدى ئیبراهیم" ئەم ستایلى نوسینە لەناو كایەى رۆشنبیرى كوردیدا تۆخترو تۆختر دەكاتەوە. "سەعدى ئیبراهیم" بەم رۆحەوەو لەرێى شیعرەوە تۆڵە لەكەسێك دەسێنێتەوە، كەچەند لاپەڕەیەكى لەسەر رەش كردۆتەوە... لەرۆمانەكانیشدا نمونەى ئەم رۆحى تۆڵەكردنەوەو سوكایەتیكردنە بەزەقى دەبینرێت، مرۆڤ گەرحەوسەڵەى هەبێت، دەتوانێت شتى زۆر لەوقەسیدەیە بوغزاویتر بدۆزێتەوە. ئەى ئەوە هەر ئەونیە بەوگیانى تۆڵەسەندنەوەوە لە (شارى مۆسیقارە سپیەكاندا) دەنوسێت: (من سیاسیەكى لوت قولاپى دەناسم، باریكێكى قژ رەشە، كەقسەدەكات دەنگى لەدەنگى قەحبە دەچێت). لەدواى هەموو ئەمانەش "سەعدی ئیبراهیم"و هاوڕێكانى دێنو وەك واعزێكى ئەخلاقى رووى دەمیان دەكەنە منو دەڵێن: (نابێت رۆحى تۆڵەسەندنەوە بچێتە ناوكولتورى ململانێى نێوان نوسەرانو رۆشنبیران). توخودا ئەمە ئەوپەڕى چاوبەستو ریاكارىو درۆیەكى شاخدارنییە؟!
- ئەخلاقو ژیانى تایبەتى خەڵك:
ئەم سێ منەوەرەى كورد، وەك سێ مامۆستاى مۆراڵ قسان دەكەنو باسى ئەخلاقنانسى دەكەنو بەناوى ئەخلاقەوە بەرگرى لەژیانى تایبەتى كەسانێك دەكەن، كەلەسەر ناوبانگ زڕاندنو ئەتككردنى ژیانو ئەخلاقى كەسانى دى كاردەكەن. من لێرەداو لەبەرقەوارەى نوسینەكەمو جۆرو نەوعیەتى نوسینەكەم، ناچمە ناو جەدەلو مشتومڕی تیۆرى دەربارەى چەمكى ئەخلاقو تێڕوانینى من بۆئەو چەمكەو جیاوازى ئەخلاق بینى من لەگەڵ ئێوەو خەڵكو خواى تردا. ئەمە مەسەلەیە كەم تازۆر ئێرە جێگەى ئەوەنیەو بابەتى شوێنو نوسینێكى ترە. ئەوەى من دەمەوێت لەسەرى رابوەستم، ئەوتێكەڵكردنە دەست ئەنقەستو ناشرینەیە كەئێوە بەمەبەستى شێواندنى نوسینەكەى من دەیكەنو پێتانوایە ئاشكراكردنى سكانداڵە ئەخلاقیەكانى "شێركۆ"و ئەنجومەنەكەى، دەچێتە خانەى دەستبردن بۆژیانى شەخسى. ئەمە هیچ نییە، جگەلەدرۆیەكى گەورە. من لەنوسینەكەمدا باسم لەگەندەڵى ئیدارىو مالى دەزگاكە كردووەو گەندەڵیە ئەخلاقیەكانم لاداوە، چونكە ئەزانم باسكردنى ئەو مەسەلەیە لەكۆمەڵگەى ئێمەدا بۆكچانو ژنان چەند قورسو گران دەكەوێتەوە، بەڵام ئەمە هیچ لەوحەقیقەتە ناگۆڕێت كە "شێركۆ"و دارو دەستەكەى وەك گەندەڵیە ئیدارىو مالیە زۆرو زەوەندەكانیان، لەگەندەڵى ئەخلاقیشدا رۆچوون. من باس لەژیانى شەخسىو دەستبردن بۆژیانى شەخسى ناكەم، چونكە ئەوە شتێكى زۆر زۆر بەدیهیەو نەك كەسى خوێندەوار، بەڵكو مرۆڤى ئاسایش دركى دەكات. من باس لەحاڵەتێك دەكەم كەكەسانێك بەناوى دەزگایەكى رۆشنبیرىو بەپارەو پولو ئیمتیازاتى ئەو دەزگایەو بەدەسەڵاتى ئەو دامەزراوەیەو لەرێى كورسىو مێزى ئەو شوێنەوە، ئەوكارانە بكەن كەموڵكى گشتیەو شوێنى گشتیەو بۆكەس نیە ئەوشتانە لەپێناو تێركردنى حەزو ئارەزووى خۆیدا بەكاربهێنێت. من رووى دەمم لەم حاڵەتەیەو لێى بێدەنگ نابم. من یەك نمونەى زەقو زۆپى ئەو بەدڕەوشتیەتان بۆباسدەكەم (كەرێبین هەردى خاڵ بەخاڵى ئاگادارەو پێى بگێڕنەوە تادڵنیابن).
(سەرەتا كەهاتینە ئەم تەلارە تازەیەى سەردەم، خانمێك لاى ئێمە تەعینبوو. كچى خێزانێكى ناسراوى ئەم شارە. مانگێكى بەسەردا نەرۆیشت، بەیانیەك زوو كەهەر كابراى پرسگە لەوێ بوو، باوكى ئەو كچە كارمەندە بەجنێوو هەڕەشە خۆى دەكات بەسەردەمداو كلیلەكانى ژورى كچەكەى، دەداتەوە بەكارمەندەكەى پرسگەو دەڵێت: بەو نوسەرو مامۆستا موحتەرەمانە بڵێ كەهاتن، خەڵك ئەوەندە سوكو بەدڕەوشت نیە، بۆخاترى چوارسەد هەزار دینار موچەى مانگانە، دەستبەردارى شەرەفو كەرامەتى خۆى ببێت. خەڵك دەیەوێت ئیش بكاتو مەردانە بەرى رەنجى كاركردنى خۆى بخوات، نەك بێت شەرەفو كەرامەتى خۆىو خێزانو بنەماڵەكەى هەراج بكاتو خۆى چاو شۆڕبكات). كاكە "بەخە" ئەمە بەكاكە "رێبین" بگێڕەوە، تانەڵێى ئەمەش قسە هەڵبەستنە. جاتوخوا ئەمە ژیانى شەخسىو تایبەتیە، یان ئەوپەڕى فەزیحەى ئەخلاقیە. مانگى یانزەى پاربوو، واتە شەش مانگ بەرلەوەى من لەدەزگاى سەردەم بێمەدەرێ، شەوێكیان برادەرانى (ئاوێنە) تەلەفونیان بۆكردمو پێیان وتم: (مەسەلەیەكى زۆر حەساسو نهێنى هەیە لەسەردەم دەمانەوێت تەحقیقى تێدابكەینو بیكەینە ریپۆرتاژێك، بەڵام نازانین چۆن سەرەداوێكمان دەستكەوێت؟). لەوەڵامدا وتم: (ئەو مەسەلەیە چیە پێم بڵێن، گەرشتێكى لەبارەوە بزانم پێتان دەڵێمو هاوكاریتان دەكەم). وتیان: (دوو شوقە لەناوسەردەمدا هەن، ئێواران دواى تەواوبونى دەوام بۆكارى خراپ بەكاردەهێنرێن، ئێمە لەلایەن كەسێكەوە لەو شتە ئاگاداركراوینەتەوەو دەمانەوێت بزانین وایە یان وانیە، تۆ وەكو بزانى شتى واهەیە ئەگەر هەیە لەكێ بپرسینو، بەكێ دەست پێ بكەین؟).
لەوەڵامدا وتم: (راستیەكەى من زۆرشت لەسەر سەردەم دەبیستمو دەبینمو دەزانم، بەڵام بۆئەم مەسەلەیە ئاگادارنیمو ئەوە یەكەمجارە لەئێوەى دەبیستم. دەرفەتم بدەنێ تاپرسیار لەهەندێ كەس بكەمو ئێوەش وەك رۆژنامەكە گەردەتوانن پرسیار لەدوكاندارو خاوەن شوقەكانى ژێرەوەى سەردەم بكەن، تاسەرەداوێكتان دەست كەوێت). جاتوخوا كاكە "بەخە"و كاكە"رێبین" ئەمە قسەى منە بەتەنها، یاهى رۆژنامەیەكى پڕفرۆشو موعتەبەرى وەك (ئاوێنە)یە؟ ئەى توخوا ئەمەش هەردەچێتە بابى شتى شەخسىو تایبەتى، یان ئەمە ئابڕوچونێكى بێ حەدو حسابە؟
منەوەرانى كورد ئەوە چ ژیانێكى شەخسىو تایبەتیە، كاتێك فەلسەفەى ژیانى شاعیرى گەورەى گەلەكەمان ئەوەبێت كە دەڵێت: (من رۆژانە داو بۆسەد ژن هەڵدەدەم، لەو سەدە نەوەدو نۆى دەرچێتو یەكێكیان پێى تێكەوێت، من براوەم). منەوەرانى كورد ژیانى شەخسىو تایبەتى "شێركۆ بێكەس" رێى ئەوەى پێدەدات، بەچاوى نێچیر سەیرى هەموو كچو ژنى كورد بكات؟ هەقى ئەوەى دەداتێ خوشكو دایكو كەسو كارى خەڵكى ئەم وڵاتە، وەك كەرەستەى راو بۆحەزو ئارەزوەكانى خۆى تەماشا بكات؟ ئێوە ئەم حاڵەتە بۆكەسو كارى خۆتان بەرەوا دەزاننو بەشتێكى شەخسى دەدەنە قەڵەم؟ "شێركۆ" شیعر دەنوسێت، بەڵام هەرگیز مافى ئەوەى نیە لەپاڵ نوسینى چەند دەقێكى شیعریدا، خۆى بەراوچىو كچو ژنى ئەم وڵاتەش بەنێچیرى خۆى بزانێت. من قسەم لەسەر ئەم فەزیحەتە ئەخلاقیە ناشرینانەیە كەئێوە پێى سەرشێت بوون، خەریكن پاساوى بۆدێننەوەو لەژێر پەردەى ژیانى شەخسیدا، پەردەپۆشى دەكەن.. من لەمەدا وەك ئیسلامیە توندڕەوەكان نیم، بڕواى تەواوم بەئازادىو ژیانى شەخسىو تایبەتى هەركەسێك هەیە (بەر لەهەموو كەسیش بۆخۆم)، بەڵام ژیانى شەخسى شتێكەو ئەوەى "شێركۆ"و ئەنجومەنەكەى دەیكەن، شتێكی ترە. من وەك كەسێكى عەلمانى، پێم ئەستەمە خەڵكانێك بەدئەخلاقى بەناوى لیبراڵیزمو كرانەوەو ژیانى شەخسىو ئازادى بێ سنورەوە، بفرۆشنەوەو ئەوەندەى تر ببنەمایەى بەهێزكردنو تۆكمەكردنى هێزە ئیسلامىو كۆنەپەرستەكانى ناوكۆمەڵگەى كوردىو پایە تەقلیدیەكانى بونیادى كۆمەڵگەى كوردى تۆختربكەنەوە. من بڕواموایە نوخبەى عەلمانى چەند نمویەكى دزێو ناشرین پێشكەش بكات، ئەوەندە هێزە تەقلیدیو ئسوڵىو كۆنەپەرستەكان زیندوو دەكاتەوە. چەند نمونەیەكى ساغڵەمیش نیشان بدات، ئەوەندە دەستى لەكزكردنو ئیفلیجكردنى ئەوهێزانەدا دەبێت. ئەمە راوسەرنجى منە لەسەر ئەوشتانە، ئێوەش هەرخەریكى ماكیاجكردنى رووى "شێركۆ بێكەس"و "شێرزاد حەسەن"و ئەندامانى ئەنجومەنەكەى سەردەم بن، سەرەنجامیش بزانن خەڵك بەرگرى لەكێدەكاتو قسەى كێمان بەهێند دەگرێت.
- سەفەركردنى دەرەوەى وڵاتو شێواندنى راستیەكان:
"بەختیار عەلىو رێبین هەردىو ئاراس فەتاح" لەوپەلاماردانەیاندا، بەوپەڕى ناهەقىو بوغزێكى زۆرەوە دەنوسن: (بەنوسینەكەى شوانەوە دیارە كەلەوە توڕەیە دەزگاى سەردەم نەیانناردووە بۆدەرەوەى وڵات، لەمەدا هەقێكى شەخسى خۆیەتى، بەڵام ئەوەى ناهەقە ئەم ئیشكالیەتە ئیدارىو شەخسیەبكات بەشەڕى گەندەڵى.. جگەلەوە، هەرخوێنەرێك كاتێك نوسینەكەى كاك شوان دەخوێنێتەوە یەكسەر ئەو هەستەى لادروست دەبێت، ئەگەر سەردەم لەجیاتى كاك رەوفو كاك ئازاد، كاك شوانیان بناردایە بۆدەرەوە، ئەوملى بۆهەمووشتێك دەناو وەك چۆن ئەم هەموو ساڵە قسەى نەكردووە، ئێستاش نەیدەكرد).
زۆربەداخەوە كەئاستى رقو تۆڵەسەندنەوە لاى سێ منەوەرى كورد، بگاتە ئەوئاستە نزمو زۆر بازاڕیە.. من وەڵامى ئەم ناهەقیە جێدێڵم بۆدەزگاى سەردەم خۆى، چونكە ئەوەندە بێمانایە مرۆڤ بێزى لێدەكاتەوە. فەرمون بزانن سەردەم خۆى چۆن لەسەر سەفەركردنى من قسەدەكات:
یەكەم/ سەرۆكو ئەندامانى ئەنجومەنى دەزگاى چاپو پەخشى سەردەم لەبەشى یەكەمى وەڵامدانەوەكەیاندا لەهەفتەنامەى (ئاوێنە) ژمارە (230-29/6/2010)دا، دووجار باس لەم مەسەلەیە دەكەنو دەنوسن:
أ- دووجار دەرفەتى سەفەر خراوەتە بەردەمى "شوان ئەحمەد"، جارێكیان بۆ لوبنان بۆدوو مانگ كەلەوێ خولێكى رۆژنامەوانیش ببینێت، جارێكى تریش بۆ ئەڵەمانیا، بەڵام خۆى نەچوو، بۆ ئەمە كاك "رێبین هەردى" شایەتە.
ب- "شوان ئەحمەد" بەزۆرى دەزانێت ئەندام ئەنجومەنێك لەماوەى یانزە ساڵدا دووسەفەر بكاتو بەهەردوو سەفەرەكەش سێ هەزارو پێنج سەد دۆلارى بۆسەرفكرابێت، ئەمە لەكاتێكدا دووجاریش بەخۆى وترابێت بۆسەفەر، بەڵام لەبەر كاروبارى خۆى نەچووە.
دووەم/ لەبەشى دووەمى وەڵامدانەوەكەشیاندا لەبەروارى 6/7/2010دا دەڵێن: (ئەمەش لەوبەشەى وەڵامدانەوەكەى هەڵكەوت عەبدوڵڵادایە): (كەپارەى دوو سەفەریش بۆدەرەوەى وڵات، نەریتێكە نەك سەردەم، بەڵكو زۆر دامو دەزگاى حكومىو ناحكومى پەیڕەوى دەكەنو بەهەڵەو گەندەڵى نازانم، بەتایبەتى كەدووجار داوا لەشوان ئەحمەد خۆیشى كراوەو لەبەر هۆى تایبەتى نەرۆیشتووە).
ئەمە هیچى قسەى من نیەو قسەى جەماعەتەكەى سەردەم خۆیانە، ئاخۆ لەپاى ئەم قسانەدا ئەوسێ منەوەرەى كورد چى بەخۆیانو خوێنەرەكانیان دەڵێن.. كەواتە تۆزێ شەرم برادەرینە!!
- لەكەداركردنى كارمەندانى دەزگاى سەردەم:
یەكێك لەهەرە ناشرینترین بڕگەكانى ئەو نوسینە پڕ لەبوغزو رقەى "رێبینو ئاراسو بەختیار"، ئەوەیە كە دەیانەوێت لەرێى فیتنیەییو قسەى نادروستەوە، شەڕى من لەگەڵ گەندەڵىو بێسەروبەریەكانى "شێرزاد"و "شێركۆ"و ئەنجومەنەكەى سەردەمدا، بكەن بەشەڕ لەگەڵ تەواوى نوسەرانو كارمەندانى ئەو دەزگایەدا. لەكاتێكدا نەجەماعەتى سەردەم لەوەڵامدانەوەكەیاندا ئەو كارە دزێوەیان كردووەو نەنیەتى نوسینەكەى من لەهیچ بڕگەو پەرەگرافێكدا ئەوەبووە. ناوەڕۆكى نوسینەكەى من روونو رەوان پێوەى دیارە، رووى لەكێیەو باسى كێدەكاتو بەبەڵگەو دیكۆمێنت ناوى كێم هێناوە، كەچى ئەم برادەرانە هەر بەتۆپزىو بەشێوەیەكى زۆر ترسنۆكانەو فیتنەئامێزانە، دەیانەوێت یارى بەویژدانى نوسەرانو كارمەندە بەڕێزەكانى سەردەم بكەنو ئەوانە بكەن بەگژما.
سەرەتا بامن ئەوە بڵێم كەسەردەم زۆربەى زۆرى دۆستو هاوڕێى مننو كەسى بەڕێزو خۆشەویستنو بەدرێژایى ئەو یانزە ساڵە جگە لە"ئازادو شێرزادو بەهادین"، بچوكترین كێشەم لەگەڵ كەسیاندا نەبووەو ئێستاشى لەگەڵدابێت، ئەوانە بەردەوام لەپەیوەندیدان لەگەڵمداو بەردەوام لەهەواڵم دەپرسن، وەك ئەوەى هیچ رووینەدابێت. ئەوان دەڵێن سەردەم كەسانى بەڕێزى وەك: (هەروامان وریاو حەمە رەشیدو كامەران سوبحان)ى تێدایە، لەبیریان چووە كەنەخێر لەگەڵ ئەو سێ بەڕێزەشدا كەسانى وەك: (نەوزاد ئەسوەدو محیدین زەنگەنەو ێەدرەدین عارف)و دەیان كارمەندى دیكەى بەڕێزى تێدایە كەلەبنەماڵەى بەڕێزى ئەم شارەن بەكچو كوڕیانەوەو خەڵك شانازى دەكات لەگەڵ ئەوانەدا كاربكات، چونكە نمونەى پاكێتىو دڵسۆزىو كارمەندى ئیشكەرو خۆنەویستنو ئەگەر شتێكى چاكو خێرێك لەسەردەمدا مابێت، بەرهەمى دەستى ئەوانەیە.. من جگە لەسەرۆكو ئەندامانى ئەنجومەنەكەىو "شێرزاد حەسەن"و بەڕێوەبەرى ئیدارەى سەردەم، كێشەم لەگەڵ یەك نوسەرو كارمەندى ئەو دەزگایەدا نیەو زۆربەیان لەم كێشەیەدا پشتو پەناى راستەقینەبوون بۆمنو هاوكاریى بێحەدو حسابیشیان كردووم. كەواتە ئەم قسەیەى ئەو سێ نا-منەوەرەى كورد دەیكەن، جگە لەدرۆیەكى زەقو پڕ شەرمەزارى ناوێكى ترى بۆنادۆزمەوە.
(ماویەتى و چاوەڕوانى بەشەكانى دیكەبن)
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست