سه‌رده‌م.. نمونه‌ی ده‌زگایه‌كی گه‌نده‌ڵ و بێسه‌روبه‌ر - بەشی 2
Wednesday, 16/06/2010, 12:00
پاڕانهوهنامهكهی شێركۆ بێكه‌س بۆ کاک جه‌لالی سام ئاغا:شاعیری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان دوای دوو ساڵ له‌وه‌رگرتنی گوژمه‌یه‌ك دۆلاری مانگانه له‌سكرتاریه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانی بهپهنهانیو بێئه‌وه‌ی كه‌س بزانێت دوای ئاشكرابوونی، دوو هه‌وڵی داوه تاخۆی له‌و ته‌ڵه‌زگه‌یه پێ قوتاربكات. یه‌كێكیان نامه‌یه‌كه (یان روونتر بڵێم پاڕانه‌وه نامه‌یه‌كه) بۆكاك جه‌لالی سام ئاغا كه‌سه‌رۆكی ده‌زگای چاودێری داراییه، دووه‌میان ریزكردنی سه‌دان ناوه له‌چوار لاپه‌ڕه‌دا بهدهستو خه‌تی خۆی كه‌گوایه پاره‌كه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانیی به‌وانه‌داوه. به‌بێ ئه‌وه‌ی بڕی پاره‌كه، رۆژی وه‌رگرتنه‌كه یان واژۆی ئه‌و كه‌سه‌ی وه‌ریگرتووه دیاری كرابێت. سه‌ره‌تاش به‌رله‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه‌ی شێركۆ ئاشكرابكه‌م، هه‌ندێ له‌و ناوانه‌تان بۆریزدهكهم كه‌گوایه شێركۆ یارمه‌تی داون‌و ده‌سگیرۆیی كردوون:
- مه‌سره‌فی سه‌فه‌ری ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن بۆده‌ره‌وه‌ی وڵات.
- چه‌ند جارێك تهبهڕوع بۆهاوكاری منداڵان.
- كۆنه پێشمه‌رگه‌كان (سێ تا چوار جار). (سه‌یری ئه‌م فێڵ‌و فه‌ره‌جه ناشیرینه).
- یارمه‌تی ئه‌ژی گۆران چه‌ندین جار وه‌ك مانگانه.
- مه‌سره‌فی هه‌ندێك پێشانگا.
- نه‌هله سكرتێره‌ی پێشوو.
- دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی.
- سامی داود.
- سه‌لام مه‌نمی.
- موكافه‌ئه‌ی تایبه‌ت بۆ زهیر كاڤم عبودو جلیل القیسیو محی ا‌لدین زنگنهو أحمد عبدالحسینو خالید سلیمانو عباس عبد جاسم.
-دایكی شه‌هیدو ژنه شه‌هید (چه‌ند جارێك). (فێڵێكی سه‌یرتر، تۆبڵێی ده‌زگای سه‌رده‌م ده‌زگای شه‌هیدان بێت؟).
- گوڵاڵه حسێن ئێران، خوشكی ژیلای شاعیر.
- په‌یمان خێزانی كاك جه‌مال غه‌مبار.
-روپاك ژنی شه‌هید كه‌ریم عوسمان ی ئه‌كته‌ر.
- یاسین نه‌سیر بیتاقه‌ی ته‌یاره له‌هه‌ولێره‌وه بۆ ئه‌مستردام.
- یارمه‌تی مه‌نسوری یاقوتی.
- یارمه‌تی عه‌لی ئه‌شره‌ف ده‌روێشان ئێران.
- خوێندكاره هه‌ژاره‌كان (چه‌ندین جار).(به‌ڕێز ئه‌و خوێندكاره هه‌ژارانه كێن؟).
- مامۆستایانی خانهنشینو هه‌ژار (چه‌ندین جار).(ئه‌ی ئه‌مانه ناویان چیه؟).
- ماڵی شه‌هید جه‌مالی عه‌لی باپیر خوشكه‌كه‌ی.
- ته‌ڵعه‌ت تاهیری شاعیر.
- مه‌سره‌فی سه‌فه‌ری چه‌ند نوسه‌رێكی عه‌ره‌ب بۆ خوارووی عیراق.(بەئەرک نەبێت ئه‌و نوسه‌رانه كێن؟).
- یارمه‌تی گهنجانو روناكبیرهكانی سه‌یدسادق.
- مه‌سره‌فی سه‌فه‌رو گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌ند نوسه‌رێكی كوردی رۆژهه‌ڵات. سنه، مه‌ریوان، تاران.
- هاوكاری ئه‌و نوسه‌رانه‌ی كهنهمانتوانیوه كتێبه‌كانیان بۆچاپ بكه‌ین، به‌تایبه‌ت چیرۆك نوسه‌كان، چ له‌م دواییهداو چ له‌پێشتر.
-یارمه‌تی سه‌فه‌ری گه‌لاوێژی سكرتێره بۆ كه‌نه‌دا.
- یارمه‌تی ئه‌و نوسه‌رانه‌ی نه‌مانتوانیوه كتێبیان بۆ چاپ بكه‌ین، به‌ڵام بهدۆلارو هه‌رله‌م یارمه‌تیه هاوكاریمان كردوون (نزیكه‌ی ده نوسه‌ر).
- یارمه‌تی ژنه نوسه‌رێكی عه‌ره‌ب (ناوه‌كه‌یم بیرنه‌ماوه)، كه‌له‌ڕێی مامۆستا مسته‌فا ساڵح كه‌ریم ه‌وه هاتبوو.(ئەم مەسەلەیە چه‌ند عه‌یبه؟!).
- یارمه‌تی بۆسهفهرو مانه‌وه‌ی چه‌ندین نوسه‌ری عه‌ره‌ب كهلهسلێمانی ماونه‌ته‌وه (2004-2005).
- موكافه‌ئه‌ی تایبه‌ت - جگه لهموكافهئهی ئاسایی- ئه‌و نوسه‌رانه‌ی كهغهیره كوردبوون. هه‌ر به‌دۆلار. (ده‌ستخۆش مامۆستا).
- یارمه‌تی كۆمه‌ڵێ خوێندكاری كورد له‌تاران نوسه‌ره‌كان.
- یارمه‌تی نوسه‌ر هه‌وار غه‌ریب.
- هه‌ندێك له‌و دهعوهتانهی كه‌بۆ ئه‌دیبانی غه‌یره كورد كراوه له‌سلێمانی، هه‌ر له‌م پاره‌یه دراون.(عه‌وافی)
-گه‌لێ جار یارمه‌تی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی نه‌خۆش بوون‌و پێویستیان به‌سه‌فه‌ری تاران هه‌بووه، به‌تایبه‌تی كهسو كاری پێشمه‌رگه‌و نوسه‌ران.
- یارمه‌تی ئاسۆ جه‌بار.
- دانا ئه‌حمه‌د مستەفا.
- نوسه‌ر مارف ناسراو.
- سه‌لام مسته‌فا.
- شیروان تۆفیق.
- گۆڤاری (نما)و (هه‌وێن)، دووجار.
خوێنه‌ری به‌ڕێز سه‌رنج بده ئه‌و شاعیره كورد په‌روه‌رو هه‌ست ناسكه چ گه‌مه‌یه‌كی ناشرین ده‌كات. ئاخر بۆ پێمان ناڵێت كه‌ی ئه‌م پارانه‌ت به‌خشی؟ بڕه‌كانیان چه‌ند بوو؟ بۆكهسیان واژۆی وهرگرتنهكهیان نه‌كرد؟ تۆبڵێی دیوانی چاودێری دارایی‌و دادگا باوه‌ڕ به‌م قسانه بكات؟
لێره به‌دواوه واز له‌وانه دێنم‌و دێمه‌سه‌ر نامه (چوار لاپه‌ڕه‌ییه‌كه‌ی) شاعیری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان بۆ كاك جه‌لالی سام ئاغا.
بێكه‌سی باوك له‌قه‌سیده‌ی (لای لای شێركۆ)دا به‌كوڕه‌كه‌ی ده‌ڵێت:
رۆڵه لای لایه... شێركۆ لای لایه
یاخوا شێرانه بێیته ناو كایه
به‌ڵام جه‌خار شێركۆ به‌هۆی گهندهڵیو بێسه‌روبه‌ری ده‌زگاكه‌یه‌وه (كه‌تائێستا دوو قه‌زیه‌ی له‌دادگایه)، وه‌زعێك تێیكه‌وتووه، به‌مشێوه‌یه شه‌رحی حاڵی خۆی ئه‌كات.
سله‌یمانی
25/10/2007
برای به‌ڕێز و هاوڕێی خۆشه‌ویست
كاكه جه‌لالی سام ئاغا
ئه‌م كاته‌تان باش‌و به هیوای سه‌رودڵ خۆشیتانمو ئومێد ئه‌كه‌م لهكاروبارتاندا سه‌ركه‌وتووبن. وه‌ك ئه‌زانی دوو هه‌فته زیاتره به‌فرین خان‌و ده‌سته‌ی چاودێری له سهردهمنو ئێمه‌ش به‌وپه‌ڕی رێزه‌وه پێشوازیمان لێكردوونو چیشیان ویستبێ خستومانه‌ته به‌رده‌ستیان.(سه‌ره‌تا سه‌رنج له‌م هه‌موو ماریفه‌ت نواندنه‌ی شێركۆ بده‌ن).
براگیان: دوێنێ به‌فرین خان نامه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ خۆم نوسیبو وا وێنه‌ی یه‌كه‌می ئه‌و نامه‌یه‌تان له‌گه‌ڵ ئه‌م نامه‌یه‌دا بۆ ئهنێرمو وێنه‌ی دووه‌میشی لای خۆیه‌تی. له‌و نامه‌یه‌دا داوای هه‌ندێ ڕوونكردنه‌وه‌ی لێكردبووم، ده‌رباره‌ی ئه‌و ده هه‌زار دۆلاره‌ی مانگانه له‌سكرتاریه‌تی به‌ڕێز مام جه‌لاله‌وه ئه‌گاته لام. من بۆخۆم وام به‌لاوه باش بوو راستهوخۆو به‌نووسین له‌گه‌ڵ خۆتان قسه بكه‌م چ وه‌ك به‌رپرسی یه‌كه‌می چاودێری دارایی‌و چ وه‌ك هاوڕێیه‌كی خۆشه‌ویستیش.
(شاعیری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان ئه‌زانێت چه‌ند خراپ تێی كه‌وتووه، بۆیه به‌چاكی نازانێت وه‌ڵامی بهفرینخان بداته‌وه‌و راسته‌وخۆ وه‌ك سه‌رۆكی ده‌زگای چاودێری دارایی‌و هاوڕێیه‌كی خۆشه‌ویست قسه له‌گه‌ڵ كاك جه‌لالی سام ئاغادا ده‌كات).
له‌پێشدا ئه‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم كه ئه‌م یارمه‌تیه دوورونزیك په‌یوه‌ندی به بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه نییه. یارمه‌تییه‌كه به‌ناوی شه‌خسی خۆمهمهوه دێت‌و وا تۆماركراوه. نه‌ك به‌ناوی سه‌رده‌مه‌وه، به‌ڵام دیاره له‌بنه‌ڕه‌تدا هاوكاریه‌كه بۆ سهردهمو نوسه‌رانی سهردهمو ده‌ره‌وه‌ی سهردهمو راپه‌ڕاندنی كاره‌كانی ده‌زگایه. هیچ نوسراوێكی ره‌سمی له‌لایه‌ن حساباتی سكرتاریه‌ته‌وه ده‌رباره‌ی ئه‌م بڕه پاره‌یه به‌درێژایی ئه‌و چه‌ند ساڵه جا له‌هه‌ر روویه‌كه‌وه بێت نه‌گه‌یشتووه، ته‌نها ئه‌وه‌نده هه‌موو سه‌ری مانگێ یه‌كێك لهحیمایه نزیكه‌كانی خۆم ناردووه، ئه‌و له‌وێ ئیمزای كردووه‌و پاره‌كه‌ی هێناوه‌ته‌وه بۆ خۆم.
(له‌سه‌ره‌تاوه شاعیری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان ده‌یه‌وێت ئه‌وه له‌كاك جه‌لالی سام ئاغا بگه‌یه‌نێت كه‌ئێوه هه‌قتان بهوپارهیهوه نه‌بێت، خۆ هی حكومه‌ت نیه‌و هی مامهیهو به‌ناوی خۆمه‌وه‌یه، ئیتر ئێوه هه‌قتان چیه چی لێده‌كه‌م‌و چی لێناكه‌م).
دیاره له‌سه‌ره‌تادا ئه‌م یارمه‌تییه بهڕێكو پێكی نه‌ئه‌هات دوو مانگێ وهرمانگرتو له دواییدا بڕا، به‌ڵام سێ ساڵ زیاتره به‌رده‌وام وهریئهگرینو ئه‌ندامانی ئهنجومهنو حساباتیش ئاگادارن. بۆ رێكخستن‌و چۆنیه‌تی سهرفكركردنیش ئه‌وه‌ی لێی خه‌رجكراوه؟ (لێره‌دا ئه‌وبه‌شه‌ی نامه‌كه سڕاوه‌ته‌وه‌و وشه‌كان به‌جوانی دیارنین)، ههڵمئهگرت و له‌ژێر كۆنترۆڵی خۆمدابوو. ئه‌گه‌ر یارمه‌تییه‌كی پێویست ببوایه راسته‌وخۆ خۆم به‌ده‌ستی ئه‌مدا به‌و كه‌سه، به‌ڵام له دواییدا ئه‌مه‌م به‌لاوه په‌سه‌ند نه‌بوو وتم: واباشتره لای خۆم نه‌بێ لای ژمێریاربێ، (شاعیری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان لێره‌دا كاره‌كه‌ی به‌لاوه په‌سه‌ند نه‌بووه‌و بڕیاریداوه لهگیرفانهكانی خۆیه‌وه بیگوازێته‌وه بۆقاسهی ژمێریاری ده‌زگاكه‌ی). له‌لایه‌كه‌وه به‌جیا هه‌ر به‌دۆلار بۆ ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵاوی پاره‌ی تر نه‌بێ هه‌ڵیبگرێ. هه‌روه‌ختێ ویستم یارمه‌تی یه‌كێك بده‌م، بهوهرهقهیهك داوا لهژمێریار بكه‌م بۆم بنێرێ. جگه له‌وه‌ش وام به‌لاوه په‌سه‌ندبوو سجلێكی تایبه‌تیش له‌لای خۆمان بۆ چۆنیه‌تی وهرگرتنو خه‌رجكردنی بكرێته‌وه‌و هه‌ر وایشمانكرد، له‌ڕۆژی 19/7/2004ه‌وه سجلهكهمان كرده‌وه‌و په‌نجا هه‌زار دۆلاریش كه‌لای من مابۆوه، گێڕامه‌وه لای ژمێریار‌و پێموت با ئیتر بخرێته بانقه‌وه. (واته دهلایبه بۆگیرفانی من قورسكات لهكۆڵمی كه‌نه‌وه). ئیتر ئه‌وه بوو ژماره‌ی حسابی 480 مان وهرگرتو هه‌ر یه‌كسه‌ریش په‌نجا هه‌زار دۆلارهكهمان خسته ناوی. دیاره هه‌ر به‌ناوی شه‌خسی خۆمه‌وه بوو، به‌ڵام دیسانه‌وه دواتر ئه‌مه‌یشم به‌لاوه په‌سه‌ند نه‌بوو، وتم ئه‌مه دنیایه‌و مردنه‌و با به‌ناوی خۆمه‌وه نه‌بێت (سه‌رنج له‌م نوكته خۆشه بده‌ن شێركۆ بێكه‌س دوای شهستو حەوت ساڵ ته‌مه‌ن، بیری كه‌وتۆته‌وه كه‌ژیان مردنیشی تێدایه. تكایه ئه‌وانه‌ی له‌ئێستاو داهاتووشدا ژیاننامه‌ی ئه‌م شاعیره گه‌وره‌یه‌ی گه‌له‌كه‌مان ده‌نوسنه‌وه، سه‌رنجێكی وردی ناوه‌ڕۆكی ئه‌م نامه عه‌نتیكه‌یه بده‌ن، بۆئه‌وه‌ی بزانن كه‌شاعیر له‌چ چركه‌ساتێكی به‌ته‌نگ هاتندا بیری مردنی كه‌وتۆته‌وه. سوپاس بۆ بهفرینخانو نامه‌كه‌ی ئه‌و نه‌بوایه، شاعیری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان نه‌یده‌زانی دنیا ژیان‌و مردنه؟!)، بۆیه وامانلێكرد كه به‌ناوی سێ نووسه‌ری سه‌رده‌مه‌وه (ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن) دابنرێ كه ئه‌وانیش خۆم‌و كاك ره‌ووف بێگه‌ردو كاك دڵشاد عه‌بدوڵڵایه. واته ئه‌گه‌ر كاتێ ویستمان هه‌ر بڕه پاره‌یه‌ك راكێشین پێویسته هه‌ر سێكمان ئیمزا له‌سه‌ر چه‌كه‌كه بكه‌ین. (وادیاره لێره‌دا بێ سیقه‌یی سه‌ری كێشاوه‌ته ناو براده‌رانه‌وه، بۆیه ئه‌م بڕیاره‌یانداوه. ئێوه ئه‌ڵێن چی؟!). ئه‌و كاته‌ی ئه‌م كاره‌مان ئه‌نجامدا كۆی ئه‌و بڕه‌یه‌ی به دۆلار له‌ژماره حسابی 480دا هه‌بوو 260000 دووسه‌دو شه‌ست هه‌زار دۆلار بوو. به‌و دواییه‌یش كه نرخی دۆلار گه‌لێ هاته خواره‌وه، وامان به‌باش زانی به‌چه‌ند جارێك بیكه‌ین به دینار‌و ژماره‌یه‌كی حسابی تازه به‌دینار بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بكه‌ینه‌وه، ههروایشمان كرد‌و ژماره حسابی 19348مان له‌بانقدا كرده‌وه. به دوو جاریش سه‌د هه‌زار دۆلارمان كرد به‌دینارو خستمانه ناو ئه‌و ژماره تازه‌یه‌وه. واته ئێستا 1600000 سه‌دوشه‌ست هه‌زار دۆلارمان له ژماره حسابی 480دا به‌دۆلار ماوه. سه‌د هه‌زاریش كراوه به‌دینارو خراوه‌ته ژماره حسابی 19348ه‌وه. دیاره وایش به‌نیازین به دوو سێ كه‌ڕه‌تی تر هه‌موو دۆلاره‌كه بكه‌ین به‌دینارو بیخه‌ینه ئه‌و حسابه‌وه كه فائیدهیشی ئه‌چێته سه‌ر. (قابیله كاك جه‌لالی سام ئاغا‌و ده‌زگاكه‌ی نه‌زانن پاره‌ی بانك فائیده‌ی ده‌چێته سه‌ر، ئه‌مه هه‌م شڵه‌ژاوی شێركۆ نیشاندهداتو هه‌م مامه حه‌مه‌یی كردنێكه تادڵی ئه‌و براده‌رانه‌ی پێ نه‌رم بكات). بۆ زانیاری زیاتریش له‌و كاته‌وه كه پاره‌مان خستۆته بانقه‌وه چ بهدۆلارو چ بهدیناریش، هیچ جۆره راكێشانێكمان نه‌بووه، واته ئه‌وه‌ی خراوه‌ته بانقه‌وه هیچی لێنه‌هاتۆته ده‌ره‌وه. هه‌ر له‌م ده هه‌زار دۆلاره مانگانه پاداشتی ئه‌ندامانی ئهنجومهنو نووسه‌رانی سهردهمو له‌كاتی پێویستدا هاوكاری نووسه‌رانی تریش ئه‌كه‌ین، ئه‌وانه‌ی ناو سه‌رده‌م به‌لیستی تایبهتو به ئسوڵی‌و به‌فه‌رمان پاداشته‌كانیان ئه‌ده‌ینێ. هه‌موو ئه‌و نامانه‌ی من بۆ ژمێریاریم نووسیوه كه چه‌نده‌م بۆ بنێرێ وه‌ختێ ویستبێتم یارمه‌تی نووسه‌رێ یان هاووڵاتیه‌كی لێقاماو بده‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌و سجلهدا كه چۆنیه‌تی وه‌رگرتنی مانگانه‌ی یارمه‌تیه‌كه دیاری ئه‌كات، هه‌رهه‌مووی هه‌ڵگیراوه. دیاره له‌سه‌ره‌تادا لهنهشارهزاییهوه كاره‌كانم رێك‌وپێك نه‌بوون (ئه‌م قسه‌یه‌ش مه‌گه‌ر ههرخۆتو دار‌و ده‌سته‌كه‌ت باوه‌ڕی پێبكه‌ن، ئینسان كه‌بووه سه‌رۆكی ده‌زگایه‌كی وه‌ك سه‌رده‌م ئه‌گه‌ر نهشزانێتو شاره‌زایشی نه‌بێت، راوێژ به‌یه‌ك دووكه‌س دهكاتو راوێژكارێك بۆخۆی داده‌نێت، تادووچاری ئیحراجی له‌م جۆره نه‌بێت، وانیه مامۆستا؟!). بۆ نموونه له‌ماوه‌یه‌كدا ته‌نها وهرهقهیهكم بۆ ژمێریار ئه‌نارد كه تكایه به‌ڵكو لهیارمهتیه تایبه‌تییه‌كه‌ی مام ئه‌ونده‌م بۆ بنێری، دواتر ئه‌م نامانهیش گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتو ئه‌منوسی تكایه به‌ڵكو ئه‌وه‌نده‌م بۆ بنێری بۆ فڵانه نووسه‌ر یان فڵان كهسو ناوه‌كانم دیاری ئه‌كردن. با ئه‌وه‌یشم له‌بیر نه‌چێ كه به‌درێژایی ئه‌و چه‌ند ساڵه هیچ جۆره لێپرسینه‌وه‌یه‌ك نه‌بووه. من ئه‌م نامه‌یه‌ی به‌فرین خانم به‌باش زانی، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕوونكردنهوانهت بۆ بنووسم ئه‌گه‌رچی هه‌ر له‌سه‌ره‌تادا وتم ئه‌م یارمه‌تییه تایبه‌تییه‌ی سكرتێری گشتی په‌یوه‌ندی به بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه نییه.(چه‌ند ناخۆشه مرۆڤ باوكی چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی لێبكات شێرانه بێتهكایهو ئه‌مه‌ش وه‌زعی بێت).
به‌پێی لێكدانه‌وه خۆشم بۆیه به‌ناوی سه‌رده‌مه‌وه نه‌مان خستۆته بانقه‌وه، چونكه هاوكارییه‌كه به‌ناوی شه‌خسی منه‌وه دێت نه‌ك به‌ناوی سهردهمو ئه‌نجومه‌نی سه‌رده‌مه‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌وسایش ئه‌ترسام له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به‌ناوی سه‌رده‌مه‌وه دابنرێ ئه‌وسا حكومه‌تی هه‌رێم لهبودجهكهی خۆی كه‌مبكاته‌وه‌و كاره‌كانمان په‌كیان بكه‌وێ. (ده‌كرێت ئه‌م فێڵ‌و فه‌ره‌جه‌ی شێركۆ بێكهسبه فێڵ‌و فه‌ره‌جی سه‌رده‌می گڵۆباڵو پۆست مۆدێرن ناودێربكهین. به‌راستی چه‌نده مایه‌ی شه‌رمه ئه‌وه‌نده‌ش مایه‌ی پێكه‌نینه). ئێسته‌ش به‌لای منه‌وه هیچ گرنگ نییه، ئه‌گه‌ر تۆ به‌باشی بزانی له‌باتی ئه‌وه‌ی به‌ناوی سێ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌وه بێت واته سێ نووسه‌ر، با به‌ناوی سه‌رده‌مه‌وه دابنرێت، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی له 3/12/2006ه‌وه دوای ئه‌وه‌ی كاره‌كانی ئێمه زۆر گه‌وره‌و به‌رفراوان بوون، یارمه‌تیه‌كی تری مام جه‌لال هه‌یه بۆ سه‌رده‌م كه له‌بودجه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمارییه‌وه دێت‌و له‌گه‌ڵ داهاتی كرێی دوكانه‌كانی سه‌رده‌مدا حسابی ژماره 127مان بۆ كردۆته‌وه.
(چه‌ند ناخۆشه مرۆڤ ئاوای لێ بێت، شاعیرێكی گه‌وره‌و گران به‌سه‌رۆكی دیوانی چاودێری دارایی ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر تۆ به‌باشی ده‌زانیت ده‌یكه‌ین به‌ناوی سه‌رده‌مه‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌مه به‌دیهیاتی كاری حسابیو ئیداری‌و دامه‌زراوه‌ییه‌و ده‌بوو شێركۆو دار‌و ده‌سته‌كه‌ی، به‌رله‌م ئیحراجیو تێكهوتنه بیانكردایه.)
برای به‌ڕێز.. خۆت ئه‌زانی من مووچه‌یه‌كی زۆر باشی خانه‌نشینم هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه پێویستم به هیچ یارمه‌تیه‌ك نییه (خوێنه‌ری به‌ڕێز له‌م قسه ناڕاست‌و بێناوهڕۆكهی شاعیری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان سه‌رنج بده)، باشه به‌ڕێز كه‌تۆ موچه‌یه‌كی زۆرباشی خانه‌نشینیت به‌پله‌ی وه‌زیری هه‌یه‌و سه‌رو چوار ملیۆن دیناره‌و لهسهردهمیش سێ ملیۆن دینار موچهتهو خۆت رادهدهی گوایه پێوستت به‌هیچ یارمه‌تیه‌كی تر نیه، ئه‌ی بۆ ئه‌مانه وه‌ڵامت چیه:
یه‌كه‌م/ بۆ به‌درێژایی ئه‌م دوانزه ساڵه‌ی ته‌مه‌نی ده‌زگای سه‌رده‌م، یه‌ك سه‌فه‌ری ئه‌و دیو سنورت له‌سه‌ر گیرفان‌و موچه زۆرباشهكهی خۆت نه‌كردووه؟
دووه‌م/ كه‌حه‌وت ملیۆن دینار موچه‌ی مانگانهته، خێره دووسهیارهی شه‌خسی خۆت چاكردنه‌وه‌و ته‌واوی مه‌سروفاتیان له‌سه‌ر ده‌زگای سه‌رده‌مه‌و له‌راپۆرته‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی دیوانی چاودێریدا (به‌شی خه‌رجیه‌كان بڕگه‌ی - أ - دا)بۆیان نوسیویت: (بڕی دهملیۆنو سه‌دو شهستو چوار هه‌زارو پێنج سه‌د دینار‌و بڕی دووسه‌دو په‌نجا دۆلار بۆچاككردنی پێنج ئۆتۆمبێل خه‌رجكراوه، له‌كاتێكدا ده‌زگای ناوبراو خاوه‌نی ته‌نها سێ ئۆتۆمبێله. له‌وه‌ڵامی یاداشتمان ژماره سێ له 30/9/2007 ژمێریاری پێیڕاگه‌یاندین كه ئه‌و دوو ئۆتۆمبێله‌ی تر بریتین له‌سه‌یاره‌ی شه‌خسی سه‌رۆكی ده‌زگاو له‌سه‌ر فه‌رمانی زاره‌كی خۆی، ئه‌و خه‌رجیانه له‌سه‌ر بودجه‌ی ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌م ئه‌نجامدراوه). وه‌ڵامی ئێوه‌ش بۆ خۆ ده‌ربازكردن له‌و گه‌نده‌ڵیه‌و بۆ چاوبه‌ست له‌لیژنه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ده‌زگای چاودێری دارایی ئه‌وه‌بوو، گوایه سه‌یاره شه‌خسیه‌كانی سه‌رۆكی ده‌زگا كاروباری ده‌زگایان پێڕایكراوه، بۆیه چاككردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر بودجه‌ی سه‌رده‌م بووه. ئه‌مه‌ش ناڕاستە، له‌به‌رئه‌وه‌ی:
1 -سه‌یاره‌كانی شێركۆزۆر شهخسیو تازه مۆدێل‌و تایبهتینو گواستنه‌وه‌ی خۆی نه‌بێت، هیچ جۆره كارێكی تریان پێناكرێت. مه‌گه‌ر ئه‌وكاته شێركۆ قاتیرهو مهقتورهی پێ بووبێت‌و باری بۆسهردهم گواستبێته‌وه.
2 - ئه‌وه سه‌یاره‌ی شه‌خسی نیه كاروباری سه‌رده‌می پێ رایدهكرێت، به‌ڵكو سه‌یاره‌كانی ده‌زگایه به‌رده‌وام ئهمو ئه‌و كاروباری شهخسیو تایبه‌تی خۆیانی پێده‌كه‌ن. له‌كارمه‌نده به‌ڕێزه‌كانی ناو ده‌زگای سه‌رده‌م خۆیان بپرسن (كه‌ئه‌وان ئه‌م زانیاریانه‌یان بهمن داوه)، گوایه به‌ڕێوه‌به‌ری ئیداره‌ی سه‌رده‌م كه‌ماڵی كوڕه‌كه‌ی له‌شاری هه‌ولێره، به‌ئۆتۆمبێلی ده‌زگای سه‌رده‌م نهفهروباری ئه‌و خێزانه ده‌به‌نه هه‌ولێرو له‌وێشه‌وه ده‌یانهێننه‌وه بۆسلێمانی. كه‌واته ئه‌و قسانه‌ی شێركۆ راست نین‌و ناچنه گیرفانه‌وه.
سێیه‌م/ ئه‌ی كه تۆ ده‌ڵێیت: (موچه‌یه‌كی زۆرباشی خانه‌نشینیم هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه پێویستم به‌هیچ یارمه‌تیه‌ك نیه)، چۆن وه‌ڵامی ئه‌م كیتابهی دڵشاد عه‌بدوڵڵا ئه‌ده‌یته‌وه كه‌وه‌ك سه‌رپه‌رشتیاری ژمێریاری ئاڕاسته‌ی به‌شی ژمێریاری كردووه.
*******************************
شه‌هلا خان.. سڵاو
پشت به‌ستن به‌بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ده‌زگا له‌كۆبونه‌وه‌ی رۆژی 9/12/2006، تكایه له‌و بڕه‌پاره‌یه‌ی كه‌له‌سه‌ر حسابی كاك شێركۆ له‌بانق داده‌نرێت، مانگانه ئه‌م بڕه‌پاره‌یه بۆئه‌م به‌ڕێزانه سه‌رف بكرێت كه‌ئه‌ندامی ئهنجومهننو ژماره‌یان شه‌ش كه‌سه.
شێركۆ بێكه‌س 400 $
ره‌ئوف بێگه‌رد 400 $
ئه‌كره‌م قه‌ره‌داغی 400 $
دڵشاد عه‌بدوڵڵا 400 $
ئازاد به‌رزنجی 400 $
هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵڵا 400 $
دڵشاد عه‌بدوڵڵا
سه‌رپه‌رشتیاری ژمێریاری
10/12/2006
چواره‌م/ به‌ڕێز كه‌تۆ موچه‌و پاره‌ت هێنده زۆره‌و پێویستت به‌هیچ نیه، خێره ساڵانێك پێش ئێستا كتێبی (ئه‌زمون) كه یاسین عومه‌ر له‌ده‌زگای سه‌رده‌م چاپی كردوو كۆ دیداره‌كانی تۆی له‌خۆ گرتبوو، پاداشتی كتێبه‌كه‌ت له‌گه‌ڵ خاوه‌نه‌كه‌یدا كرد به‌دوو له‌ته‌وه‌و، به‌رۆژی روناك ئه‌و ناههقیهت له‌نوسه‌رو ئاماده‌كاری كتێبهكهكرد. ئه‌رێ به‌راست، كێ زوڵمی وای دیوه. ئه‌مه شاعیره یان تفه‌نگ چی؟
پێنجه‌م/ كه‌تۆ جگه له‌مووچه‌ی خانهنشینهكهت پێویستت به‌هیچ نیه، ئه‌ی خێره به‌و هه‌موو قه‌یرانه داراییه‌ی سه‌رده‌مه‌وه، به‌پێی فه‌رمانی كارگێڕی ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌م، ژماره (9) به‌رواری 6/1/2009 هاتووهكه: (به‌بۆنه‌ی هاتنی ساڵی نوێوه بڕیاردرا به‌نوێكردنه‌وه‌ی پێشینه‌و نه‌سریه‌ی مانگانه به‌وشێوه‌یه‌ی خواره‌وه).
أ - نه‌سریه‌ی مانگانه‌ی ئه‌م به‌ڕێزانه:
- سه‌رۆكی ده‌زگا چوار سه‌دو په‌نجا هه‌زار دینار، وهردهگرێتو له‌باخه‌ڵی ده‌نێ؟!
له‌كۆتایی نامه‌كه‌شیدا شێركۆ ده‌ڵێت:جگه له نووسهرانو ئه‌ندامانی ئهنجومهنو كارمه‌نده‌كان كه له‌كاتی نهخۆشیو سه‌فه‌ر هاوكارییانكراوه. له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆیشمان به‌ده‌یان نووسه‌رو رۆشنبیری تر ته‌نانه‌ت له‌نووسه‌ره عه‌ره‌به‌كان‌و هه‌روه‌ها نووسه‌رانی رۆژههڵاتو رۆژئاوای كوردستان به شێوه‌ی موكافه‌ئه‌ی تایبه‌ت، دوای چاپكردنی به‌رهه‌مێك یان بۆ ئاوڕدانه‌وه‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی مادییان له‌حاڵه‌تی پێویستیدا، هه‌ر ئه‌م یارمه‌تییه فریامان كه‌وتووه‌و سوودی به هه‌مووان گه‌یاندووه. له‌كۆتاییدا دیسانه‌وه رێزی زۆرم هه‌یه‌و ئومێدئهكهم له‌ڕێگه‌ی ئه‌م نامه‌یه‌ی تۆوه وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی به‌فرین خانم دابێته‌وه‌و هه‌ربژین.
برای دڵسۆزتان
شێركۆ بێكه‌س
25/10/2007
ژماره‌ی ته‌له‌فۆنی ده‌ستیم .........0770
"شێرکۆ" لەترسی ئەوەی کاکە "جەلالی سام ئاغا" بە نامە وەڵامی نەداوەتەوە، کزۆڵانە ژمارەی مۆبایلەکەی لەدامێنی نامەکەیدا بۆ نوسیوە، تا بەتەلەفۆن وەڵامی لێبگێڕێتەوە. ئەم برادەرە سەرەتای نامەکە دەڵێت کاکە "جەلال" ھاوڕێی ئازیز‌و خۆشەویستمە ئەی خێرە ئەو هاوڕێ ئازیز‌و خۆشەویستەت ژمارە مۆبایلی تۆی لای نییە باوکی "هەڵۆ".
فێڵکردن لهسهردهمو قۆپیه‌كردن لهحاكم قادر:شاعیری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان به‌پێی دیكۆمێنتێكی تر كه‌ناو و ئیمزای خۆی له‌سه‌ره به‌به‌رواری 16/12/2004، پارچه زه‌ویه‌كی كارمه‌ندێكی سه‌رده‌م ده‌داته خزمێكی خۆی‌و جگه له‌وه‌ش قۆپیهك لهحاكم قادری سه‌رۆكی ئه‌وسای شاره‌وانی سلێمانیش ده‌كات، به‌وه‌ی جارێك به‌ناوی هاوڵاتی دانا جه‌عفه‌ر ئهحمهدو جارێك به‌ناوی خۆیه‌وه ته‌كلیفی وه‌گرتنی پارچه زه‌ویه‌ك ده‌كات. هه‌ردوو نوسینه‌كه به‌خه‌تی شێركۆ خۆیهتیو پاڕانهوهكانیش كه‌نوسیویه‌تی (هه‌ربژین بۆخزمه‌تی ئه‌م گه‌له هه‌ژاره)، كڕوزانه‌وه‌ی خۆیه‌تی. خوێنه‌ر ئه‌توانێت سه‌رنج لهنوسراوهكه بدات‌و به‌ئاشكرا قۆپیه‌كه‌ی شێركۆ ببینێت.
شێركۆ بێكهسو شێرزاد حه‌سه‌ن، گەندەڵی به‌ناوی رۆشنبیرییه‌وه:دوانزه ساڵی ره‌به‌قه چیرۆك نوسو رۆماننوسی ناوداری كورد شێرزدا حه‌سه‌ن، پاره‌ی مفتو به‌لاش له‌سه‌رده‌م ده‌خوات، به‌بێ ئه‌وه‌ی كارێكی دیاریكراوی هه‌بێت. ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت ئه‌و پیاوه شوێن‌و مه‌كانی دیاریكراوی له‌سه‌رده‌مدا نییه، كورسی‌و مێزێك نیه، پێی بڵێن كورسی‌و مێزه‌كه‌ی شێرزاد حه‌سه‌ن. هه‌موو سه‌ری مانگێ كاتی مه‌عاش، ره‌ووف بێگه‌رد ته‌له‌فونێكی بۆده‌كات: (شێرزاد ئه‌گه‌ر رێت كه‌وته ئه‌م ناوه مه‌عاش هاتووه، پاره‌كه‌ت لای منه وه‌ره وه‌ری بگره). ئه‌م چیرۆك نوسه هه‌ست ناسكه، مانگه‌و مانگ چه‌ند ده‌قه‌یه‌ك بۆوه‌رگرتنی موچه‌كه‌ی سه‌رێك دهداتو ئیتر ون ده‌بێت. شێركۆ ساڵانه لهبهرقهیرانی دارایی، زۆرێك له‌و بێوهژنو ژنه ره‌ش پۆشو كچه قه‌یرانه‌ی شێرزاد ساڵانێكه شیوه‌نیان بۆده‌كات‌و بۆته تاقه خه‌مخۆریان، لهدهزگاكهی نان‌بڕاو ده‌كات، كه‌چی نه‌ئه‌و چیرۆك نوسه رادهچڵهكێتو شه‌رم ده‌كات، نهشاعیره مهزنهكهشمان باكی به‌و ناعهدالهتیو ناڕه‌وایه‌تیه هه‌یه.
ئه‌نجومه‌نی ژن‌و ئه‌نجومه‌نی پیاو له‌ده‌زگای سه‌رده‌مدا:شێركۆو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی نمونه‌ی ریاكارین. كه‌س هێنده‌ی ئه‌وان باس له‌یه‌كسانی نێر‌و مێو مافی ژنان ناكات، كه‌سیش هێنده‌ی ئه‌وان بێڕێزیو بێحورمهتی به‌ره‌گه‌زی مێینه ناكات. له‌ناو ئه‌و سه‌دان نمونه‌یه‌دا، تاكه نمونه‌یه‌ك باس ده‌كه‌م:
پاش مردنی خوالێخۆشبوو مامۆستا ئه‌كره‌م قه‌ره‌داغی، خانمێك بۆته سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری (زانستی سه‌رده‌م)، ئۆتۆماتیكیش وه‌ك مامۆستا بۆته ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ده‌زگا. ئه‌م خانمه ده‌وامی خۆی دهكاتو هه‌مان ئه‌وكارانه‌ی جارانی مامۆستا، وه‌كو خۆی رادهپهڕێنیو ئاستی گۆڤاره‌كه‌ی وه‌ك خۆی راگرتووه‌و وه‌رزانه له‌كاتی خۆیدا ده‌رئه‌چێت، كه‌چی نیوه‌ی موچه‌ی ئه‌ندام ئه‌نجومه‌نێكی پێڕه‌وا ده‌بینن. له‌سه‌رده‌م وایه ئه‌ندام ئه‌نجومه‌نی پیاو دووقاتی موچه‌ی ئه‌ندام ئه‌نجومه‌نێكی ژن وه‌رده‌گرێت. كه‌واته سه‌رده‌م نه‌ك ده‌زگای رۆشنگه‌ری، به‌ڵكو مۆڵگه‌ی كۆنه‌په‌رستی‌و دواكه‌وتووییه. شێركۆو دار‌و ده‌سته‌كه‌ی هه‌ر له‌م شتانه‌دا به‌سوكی سه‌یری كچان‌و ژنانی ئه‌م وڵاته ناكه‌ن. بگره له‌زۆر شوێنی تردا ئه‌م كاره ده‌كه‌ن. دیقه‌ت بده‌ن ئه‌و پیاوه‌ی له‌م هه‌شتی مارسه‌وه تا ئه‌و هه‌شتی مارس، شیوه‌ن بۆ ژن‌و ئازادی ژن ده‌كات، كه‌چی ئه‌مه بۆچونیهتی.
ئازاد به‌رزنجی بازرگانه گه‌وره‌كه‌ی ناو ده‌زگای سه‌رده‌م:شێركۆو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی وه‌ك غهنیمهیهك له‌سه‌رده‌م ده‌ڕوانن، چۆن پێیان بكرێت‌و بۆیان بلوێت له‌و ده‌زگایه دهخۆنو باكیان به‌كه‌سیش نییه. یه‌كێك له‌وانه‌ی بێشه‌رمانه هه‌رچی هه‌یه‌و نیه ده‌یكات ئازاد به‌رزنجییه. ئه‌م پیاوه جگه لهموچهیهكی دوو ملیۆن دیناری مانگانه، تائێستا مه‌سره‌فی سه‌فه‌ركردنی بۆ تاران (سێ جار) (دووجار بۆپێشانگای كتێب‌و جارێك بۆچاره‌سه‌ری پزیشكی)، له‌گه‌ڵ سه‌فه‌ری (بهیروتو دیمهشقو دانهاگو ئه‌مستردام له‌هۆڵه‌نده)، له‌سه‌ر ده‌زگای سه‌رده‌م بووه. چوار دانه ساڵه خوێندكاری زانكۆیه (به‌یانیان له‌زانكۆی سلێمانی كۆلێژی زمان به‌شی ئینگلیزی ده‌خوێنێت). ئه‌و كورسی خوێندنه به‌هه‌وڵی ده‌سه‌ڵاتداره ده‌ست رۆیشتووه‌كانی ناو (ی.ن.ك) دراوه به‌م رۆشنبیره. ئه‌و كورسییه له‌راستیدا جێگه‌ی كچه ئهنفالێكی گهرمیانو كوڕه شه‌هیدێكی ئه‌م وڵاته‌و هه‌ر كوڕ‌و كچێكی خێر له‌خۆنه‌دیوی ئه‌م كوردستانه‌یه كه به‌واسته دراوه‌ته پیاوێك كهنهتهمهنی رێی پێده‌دات به‌یانیان بخوێنێو نهشههادهكهشی، به‌ڵام له‌سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره ده‌ست رۆیشتووه‌كانی ناو یه‌كیه‌تییه‌وه، ئه‌م كورسییه دراوه‌ته ئه‌ندام ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی ده‌زگای سه‌رده‌م. له‌كاتێكدا هه‌مان كۆلێژ له‌زانكۆی سلێمانی به‌ئێواران هه‌یه، ئه‌م به‌ڕێزه بۆئه‌وه‌ی مافی گه‌نجێكی خوێندكار نهخواتو چوار ساڵ ده‌وامی ده‌زگاكه‌ی جێنه‌هێڵێت، ده‌یتوانی ئێواران ده‌وام بكات.
له‌چاپخانه‌ی ده‌زگای سه‌رده‌م چوار كارمه‌ندی لێیه كه‌خوێندكاری زانكۆ‌و په‌یمانگاو كاتبی خوێندنگهیهكن، ئه‌م چوار كه‌سه هه‌م دهخوێننو هه‌م بۆخاتری بژێوی ژیانیان له‌و چاپخانه‌یه كارده‌كه‌ن. ماوه‌یه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ سهرۆكو ئهنجومهنو ئیداره‌ی ده‌زگای سه‌رده‌مدا خه‌ریك بوون، تایارمهتیان بدهنو رۆژانه‌و ئه‌و یه‌ك دوو سه‌عاته‌ی له‌وێ نابن به‌غیاب بۆیان حساب نهكرێتو له‌موچه‌كه‌یان نه‌بڕن، به‌ڵام داواكه‌یان ره‌تكرایه‌وه‌و ئێستا له‌هه‌ر چواریان مانگانه له(12.5%) موچه‌كانیان ده‌بڕن. كه‌چی چوار دانه ساڵی ره‌به‌قه ئازاد به‌رزنجی له 8.5 به‌یانیه‌وه تا 3.5 پاش نیوه‌ڕۆ له‌زانكۆ ده‌وام دهكاتو كۆمه‌ڵێك كارمه‌ندی له‌خۆبردووی تری سه‌رده‌م كاره‌كانی بۆرادهپهڕێننو ئه‌ویش ته‌واوی موچه‌كه‌ی خۆی به‌بێ نوقسانی ده‌خاته گیرفانی. ته‌نانه‌ت لهههفتهیهكیشدا یه‌ك رۆژ (OF) ئه‌و رۆژه‌ش چه‌ند كچه خوێندكارێكی هاوڕێی داوه‌تی ژوره‌كه‌ی ده‌كات له‌سه‌رده‌م، بۆ سهعیكردنو راپۆرت نوسین‌و... هتد. ئه‌م پیاوه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ساڵانێكی زۆره موچه‌ی به‌لاشی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی وه‌رده‌گرێت وه‌ك (معاون مدیری ئیعلامی)، كه‌چی بۆرایكردنی هه‌ندێ لهئیشو كاره‌كانی له‌وێ، نه‌ك هه‌ر زه‌حمه‌ت ناخاته بهرخۆیو بچێت، به‌ڵكو له‌رێی م ناوێكه‌وه هه‌رشتێكی هه‌بێت به‌به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ی ده‌ڵێت.
ئه‌م پیاوه وه‌ك شێركۆو براده‌ره‌كانی دیكه‌ی ئه‌نجومه‌ن، جگه له‌وپاره مفتو به‌لاشه‌ی موچه‌و سه‌فه‌رو پاداشت‌و..هتد، لهونهسریه تایبه‌ته‌ی به‌رده‌ستیشیان كهلهراپۆرتهكهی دیوانی چاودێری دارایدا هاتووه، خه‌رجیه‌كانی دیكه‌شیان وه‌ك: (خواردن‌و خواردنه‌وه، كارتی مۆبایل، به‌نزین، كتێب، ئه‌جهیزه‌و مه‌وادی تر)، له‌سه‌ر ده‌زگای سه‌رده‌مه. بزانین له‌و باره‌یه‌وه راپۆرته‌كه‌ی ده‌زگای چاودێری دارایی ده‌ڵێت چی: (به‌فه‌رمانی كارگێڕی ژماره 38 له 30/1/2006 پاڵپشت به‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ده‌زگا ژماره 3 رۆژی 30/1/2006، بڕیاردراوه مانگانه بڕی 150000 دینار وه‌ك نه‌سریه خه‌رج بكرێت بۆئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن كه‌ژماره‌یان پێنج ئه‌ندامه. له‌ساڵی دارایی 2006 بڕی سێ ملیۆن‌و نۆسه‌دو حه‌فتا هه‌زارو سه‌د دینار خه‌رجكراوه. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه رێژه‌ی زۆری خه‌رجیه‌كان بۆخواردنو خواردنه‌وه‌و بهنزینو چاككردنه‌وه‌ی سه‌یاره‌ی شه‌خسی خۆیان بووه).
ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن:خواردن‌و خواردنه‌وه كارتی مۆبایل
دڵشاد عه‌بدوڵڵا 184000 60000
ره‌وف بێگه‌رد 280600 120000
ئه‌كره‌م قه‌ره‌داغی 834600 29000
ئازاد به‌رزنجی 170400 40000
هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵڵا 171000
یه‌كێك له‌و گەندەڵییە سه‌یرو سه‌مه‌رانه‌ی ئازاد به‌رزنجی له‌ده‌زگای سه‌رده‌می كردووه‌و كاتی خۆی شێركۆ بێكهسو ره‌ووف بێگه‌ردو هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵڵام لێئاگاداركردهوهو ورته‌یان نه‌كرد، چاپكردنی كتێبێكه به‌ناوی (مۆدێرنه‌كان). ئه‌م كتێبه له‌نوسینی نوسه‌ری ئێرانی رامین جههانبهگلوه. تاساڵی 2009 ئه‌م كتێبه دووجاری تر چاپكراوه. ساڵی 2009 له‌سه‌رده‌م جارێكی تر چاپكرایه‌وه كه ده‌یكرده چاپی سێهه‌م، به‌ڵام وه‌رگێڕی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان بۆئه‌وه‌ی پاداشتی ته‌واوی كتێبه‌كه وه‌رگرێت، به‌رۆژی روناكدا چاپی سێهه‌می گۆڕی به‌چاپی یهكهمو كتێبه‌كه‌ی به‌وشێوه‌یه خسته به‌رده‌ستی خوێنه‌رانی كوردزبان. خوێنه‌ر بۆ راستی ئه‌م قسانه باسهیرێكی پێڕستی بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌م بكات 2001-2004، له‌وێدا چاپی یه‌كه‌می مۆدێرنه‌كان ده‌بینێ كه‌له‌ساڵی 2003 چاپی یه‌كه‌می كراوه. له‌ده‌زگای سه‌رده‌م بۆچاپی یه‌كه‌م ته‌واوی پاداشت وه‌رده‌گریت، بۆدووه‌م چاپ نیوه‌ی پاداشتی یه‌كه‌مجار وه‌رده‌گرێت، بۆسێهه‌م چاره‌ك وه‌رده‌گریت. ئازاد به‌رزنجی له‌به‌رئه‌وه‌ی دڵی بهنیوو چاره‌ك ناكرێته‌وه‌و پاره‌یه‌كی مفتی وانیه به‌ری دڵ بگرێت، كتێبه‌كه‌ی كردووه به‌چاپی یهكهمو بۆئه‌وه‌ی قه‌واره‌كه‌شی زۆر قه‌به بێت، كتێبه‌كه‌ی به‌فۆنتێكی قه‌ڵه‌وتر نوسیوه‌و له‌گه‌ڵ ههربابهتێكیشدا تابلۆ‌و فیگۆرێكی داگرتووه، بۆئه‌وه‌ی پاداشتی كتێبه‌كه تۆزێكی دیكه‌ش سه‌ركه‌وێت. خزمه‌تی رۆشنبیری كوردی وادهكرێتو وه‌فاو ئه‌مانه‌ت پارێزیش له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مدا واده‌بێت. ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه ئازاد به‌رزنجی هه‌ر بۆبازرگانیكردنو گیرفان پڕكردن هه‌ستاوه به‌كارێكی نەشیاوی دیكه له‌ناو ده‌زگای سه‌رده‌مدا. ئه‌م رۆشنبیره ئهمینو به‌ڕێزه سه‌رپه‌رشتیاری گشتی زنجیره كتێبی ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌مه. له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی یهكهمو دووه‌می هه‌موو كتێبێك كهلهدهزگای سه‌رده‌مه‌وه ده‌رده‌چێت، دووشت نوسراوه:
یه‌كه‌م/ ناوی ئازاد به‌رزنجی به‌پیتی درشتو له‌سه‌ره‌وه، وه‌ك سه‌رپه‌رشتیاری گشتی زنجیره كتێبه‌كانی ده‌زگا.
دووه‌م/ ئاگادارییه‌ك به‌فۆنتێكی ورد‌و بچكۆله له‌خواره‌وه كه‌ده‌ڵێت: (مافی له‌چاپدانه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه پارێزراوه بۆده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌م). واته هه‌ركتێبێك له‌سه‌رده‌م چاپده‌كرێت مافی موڵكایهتیهكهی بۆسهردهمهو ئه‌و ده‌زگایه حه‌قی تهسروف پێوه‌كردنی هه‌یه. كه‌سێك له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌زگای سه‌رده‌م ئه‌م ئاگاداریه به‌هێند نه‌گرێ‌و به‌ڵێن بشكێنێ، جارێك عه‌یبه، نوسه‌رێكی ناو ده‌زگا خۆی بیكات، ده جار عه‌یبه. ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی ده‌زگا بیكات سه‌د جار عه‌یبه، به‌ڵام كه‌سه‌رپه‌رشتیاری زنجیره‌ی كتێب‌و ئه‌ندام ئه‌نجومه‌نێك خۆی بیكات ملیۆنێك جار شهرمهزاریو خه‌جاڵه‌تیه. تۆیه‌ك كهرێزی دهزگاكهتو ناوی خۆت نه‌گریت له‌سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كان، خێره خه‌ڵك رێزی تۆ‌و رێنمایی ده‌زگاكه‌ت بگرێت. گه‌لۆ ئه‌مه بازرگانیكردنو قاچاخچێتی‌و داڕمانی ئه‌خلاقیه، یان فیكر‌و رۆشنبیری.
وه‌ك نمونه‌یه‌ك له‌و ده‌یان نمونه‌یه‌ی ئازاد به‌رزنجی، تازه‌ترین شتیتان بۆدهخهمه ڕوو. له‌زنجیره كتێبی گیرفان، ئازاد به‌رزنجی تائێستا شه‌ش تا حه‌وت كتێبی بۆخۆی چاپكردووه، له‌م شه‌ش حه‌وته له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا سیانیانی به‌سه‌ریه‌كه‌وه فرۆشتۆته‌وه به‌كاكه چیا ی خاوه‌ن كتێبخانه‌ی جه‌مالی عه‌لی باپیر.
-پۆل ستراتێرن، نیچه، كتێبی گیرفان ژماره (2).
- پۆل ستراتێرن سارته‌ر، كتێبی گیرفان ژماره (17).
- پۆل ستراتێرن، كیركهگۆر، كتێبی گیرفان ژماره (38).
ئێستا هه‌رسێكیان فرۆشراونهتهوهو كراونه‌ته یه‌ك كتێب‌و له‌كتێبخانه‌كاندا ده‌ستده‌كه‌ون. سه‌یر ئه‌وه‌یه ئازاد به‌رزنجی داوای پێنج سه‌د دۆلاری له‌خاوه‌نی كتێبخانه‌ی جه‌مالی عه‌لی باپیر كردووه، گوایه داویه‌ته تایپێستو نه‌خشه‌سازو دیزاینه‌ری به‌رگی كتێبه‌كه‌و له‌گیرفانی خۆی هه‌قده‌ستی دراوه، كه له‌راستیدا تێكڕای ئه‌وكارانه به‌پاره‌ی سهردهمو به‌كارمه‌ندانی به‌شی هونهریو تایپێستو ههڵهبڕهكانی زنجیره‌ی كتێبی ده‌زگای سه‌رده‌م كراوه‌و ئازاد به‌رزنجی ئه‌و پاره‌یه‌ی بۆگیرفانی خۆی ویستووه. چونكه به‌درێژایی ئه‌م دوانزه ساڵه ئه‌مه پیشه‌ی ئه‌م پیاوه بووه، هه‌رچی كتێبێكی له‌ده‌ره‌وه كردبێت ئه‌ركه‌كه‌ی له‌سه‌ر سه‌رده‌م بووه‌و پاداشت‌و پاره‌كه‌ی بۆگیرفانی خۆی بووه.
ئه‌م بازرگانه گه‌وره‌یه ساڵ نیه سێ تاچوار كتێب له‌ده‌زگای سه‌رده‌م چاپ نه‌كات (له‌كاتێكدا هه‌موو كه‌س بۆی هه‌یه كتێبێك یان دووان بكات)، گه‌ر به‌رهه‌می تازه‌شی نه‌بوو چاپی سێهه‌می كتێبه‌كانی ده‌كاته‌وه‌و به‌چاپی یه‌كه‌م ده‌یفرۆشێته‌وه به‌ده‌زگا.
دوانزه ساڵی ره‌به‌قه رێبین ههردیو شاهۆ سه‌عید له‌و ده‌زگایه‌ن، نه‌یه‌ك لاپه‌ڕه بۆ رێبین هه‌ردی چاپكراوه، نه بۆ د.شاهۆ سه‌عید جگه له‌كارنامه‌ی دكتۆراكه‌ی كه‌به‌زمانی عه‌ره‌بیه‌و بهتیراژێكی زۆر كه‌م كراوه. هه‌روه‌ها وه‌ك به‌راوردێكیش چواردانه ساڵی ره‌به‌قه كاك شۆڕش جوانڕۆیی به‌ڕێوه‌به‌ری خانه‌ی وه‌رگێڕانه‌و به‌درێژایی ئه‌وساڵانه‌ش تاقه لاپه‌ڕه‌یه‌كی بۆخۆی چاپ نه‌كردووه، به‌ڵام بڕوانن بازرگانه گه‌وره‌كه‌ی سه‌رده‌م چ ماریفه‌تێكی نواندووه‌و چۆن به‌ناو كه‌وتووه:
1- خوان رۆڵفۆ: پیدرۆ پارامۆ (چاپی یه‌كه‌م 1999)، ساڵی پار فرۆشراوه‌ته‌وه به‌مه‌كته‌بی رێكخراوه دیموكراتیه‌كانی (ی.ن.ك) تا له‌زنجیره‌ی كتێبه‌كانی ره‌خنه‌ی چاودێردا چاپ بكرێته‌وه.
2- چه‌ند وێستگه‌یه‌كی فیكری‌و ئه‌ده‌بی (چاپی یه‌كه‌م 2000)، ساڵی (2006) چاپی دووه‌می كراوه‌ته‌وه هه‌ر له‌سه‌رده‌م.
3- پۆل ستراتێرن، نیچه (كتێبی گیرفان ژماره 2) چاپی یه‌كه‌م 2001، ساڵی 2010 فرۆشراوه‌ته‌وه به كتێبخانه‌ی جه‌مالی عه‌لی باپیر.
4- پۆل ستراتێرن، سارته‌ر (كتێبی گیرفان ژماره 17) چاپی یه‌كه‌م 2002، ساڵی 2010 فرۆشراوه‌ته‌وه به كتێبخانه‌ی جه‌مالی عه‌لی باپیر.
5- پۆل ستراتێرن، كیركهگۆر (كتێبی گیرفان ژماره 38) چاپی یه‌كه‌م 2003، ساڵی 2010 فرۆشراوه‌ته‌وه به‌كتێبخانه‌ی جه‌مالی عه‌لی باپیر.
6- یۆرگۆس ستاسیناكیس، كازانتزاكیس (كتێبی گیرفان ژماره 51)، چاپی یه‌كه‌م 2004.
7- بزورگی عه‌له‌وی، چاوه‌كانی، چاپی سێیهه‌م 2003، پێنج جاری تر فرۆشراوه‌ته‌وه، هه‌ر پێنج جاره‌كه‌ش تایبو بهرگو نه‌خشه‌سازی له‌سه‌ر سه‌رده‌م بووه‌و پاداشته‌كانی بۆكاكی بازرگان بووه.. وه‌ك فێڵێكی تریش له‌ده‌زگای سه‌رده‌م بۆئه‌وه‌ی كۆی پاداشته‌كه وه‌ربگرێت له‌بری چاپی سێهه‌م، كهلهسهردهم كراوه له‌سه‌ر به‌رگی كتێبه‌كه‌ی نوسیووه چاپی نوێ.
8- ئه‌لیساندرۆ باریكۆ، ئاوریشم، چاپی یه‌كه‌م 2004، چاپی دووه‌می له‌ساڵی 2007 فرۆشراوه‌ته‌وه به‌كتێبخانه‌ی هاوڵاتی.
9- ته‌رمی نه‌ناسێك (كورته چیرۆك) چاپی یه‌كه‌م 2004.
10- محه‌مه‌د نوره‌دین: توركیا له‌سه‌رده‌می گۆڕاندا، چاپی یه‌كه‌م 2001.
11- له‌گه‌ڵ ئه‌قڵی خۆرئاوادا، چاپی یه‌كه‌م 2001.
12- فروغ فه‌روخزاد، ژنێ له‌به‌رده‌م وه‌رزێكی ساردا، چاپی یه‌كه‌م 2002، ساڵی 2008 چاپی دووه‌می فرۆشراوه‌ته‌وه به‌یانه‌ی قه‌ڵه‌م.
13- ریچارد باخ، جۆناسانی نه‌وڕه‌س، چاپی دووه‌م ساڵی 2002، ساڵی 2009 جارێكی تر‌و هه‌ربه‌ناوی چاپی دووه‌مه‌وه له‌سه‌رده‌م چاپی كردۆته‌وه، ئه‌مجاره‌ش وه‌ك فێڵێكو بۆ كێشانه‌وه‌ی پاره‌ی زیاتر له‌سه‌رده‌م، شه‌ست لاپه‌ڕه‌ی چاپه ئینگلیزیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌لبومێك وێنه‌دا چاپكردۆتهوه.
14- سوهراب سپههری: تریفه‌ی ته‌نیایی، چاپی یه‌كه‌م ساڵی 2000، ئه‌م بازرگانه گه‌وره‌یه جارێكی تر كه‌وتۆته‌وه قۆڵبڕینی ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سهردهمو ساڵی 2006 به‌ناوێكی تره‌وه (عاشق هه‌میشه ته‌نیایه)، كتێبه‌كه‌ی به‌مه‌رجی چاپی یه‌كه‌م فرۆشتۆته‌وه به‌ده‌زگای سه‌رده‌م، كه له‌ڕاستیدا چاپی دووه‌مه.
15 - شۆڕش یان ریفۆرم، ساڵی 2008 چاپی سێهه‌می ئه‌م كتێبه‌ی به‌نرخی چاپی دووه‌م به‌ده‌زگای چاپ‌و په‌خشی سه‌رده‌م فرۆشتۆته‌وه‌و عینوانی كتێبه‌كه‌ی گۆڕیوه به (ماركۆزهو پۆپه‌ر).
16- ئه‌ریك فرۆم، به‌ناوی ژیانه‌وه، چاپی سێهه‌می ساڵی 2000، له‌ده‌زگای سه‌رده‌م كراوه‌و چواره‌م چاپی له‌ساڵی 2008 فرۆشراوهتهوهو به‌مه‌كته‌بی رێكخراوه دیموكراتیه‌كی (ی.ن.ك)و له‌زنجیره كتێبه‌كانی ره‌خنه‌ی چاودێردا چاپكراوه.
17- ده‌رباره‌ی ئه‌قڵی مۆدێرن، چاپی یه‌كه‌م ساڵی 2004.
18- كریشنا مۆرتی، چاكه‌و خراپه، چاپی یه‌كه‌م ساڵی 2004.
19- لاپه‌ڕه پهرشهكان، چاپی یه‌كه‌م 2005. ئه‌م كتێبه هه‌رچی كۆنه نوسینی هاوكاری‌و پاشكۆی عیراق‌و ئاسۆی سه‌رده‌می بهعسو عه‌بدولوه‌هاب تاڵه‌بانیه، تێیدا كۆكراوه‌ته‌وه‌و به‌پاره‌یه‌كی مفت دراوه‌ته سه‌رده‌م.
20- ستیوارت هامپڵ، نامه‌ی منداڵان بۆخودا، چاپی یه‌كه‌م 2005.
21- جۆن ماركواری، فه‌لسه‌فه‌ی بونگه‌رایی، چاپی یه‌كه‌م 2005 له‌سه‌ر به‌رگی ناوه‌وه‌ی كتێبه‌كه نوسراوه مافی له‌چاپدانه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه بۆ ده‌زگای راگه‌یاندنی نه‌وا پارێزراوه.
22 - ماكسێنس فێرمین، به‌فر چاپی یه‌كه‌م 2004، كه‌مانچه ره‌شه‌كه چاپی یه‌كه‌م 2004، هه‌نگوین چاپی یه‌كه‌م2005، ئه‌م كتێبانه له‌لایه‌ن خانه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه چاپكراون، دوای دووساڵ به‌شه‌رتی چاپی یه‌كه‌م واته له‌ساڵی 2006، فرۆشراوه‌ته‌وه به‌چاپخانه‌ی ره‌نج.
23- پاولۆ كۆییلۆ: حیكایه‌ته‌كانی دوێنێ‌و ئه‌مڕۆ چاپی یه‌كه‌م، 2006. باچاوهڕوانبین بزانین هه‌ر به‌مه‌رجی چاپی یه‌كه‌م به چ چاپخانه‌یه‌كی تر ده‌فرۆشرێته‌وه، له‌گه‌ڵ به‌بێ خوێن‌و نۆڤیچێنتۆی پیانۆژهنو خه‌ونێك له‌وڵاتی پیاوه بچوكه‌كاندا.
24- مێژووی شارستانێتی، چاپی یه‌كه‌م، 2007.
شێركۆو ئه‌نجومه‌نه كارتۆنیه‌كه‌ی فه‌رمان ده‌رده‌كه‌ن كه هه‌ركه‌س بۆی هه‌یه ساڵی كتێبێك چاپ بكات، سه‌رنج له‌ژماره‌ی كتێبه‌كانی ئه‌م بازرگانه گه‌وره‌یه بدهنو بۆلاپهڕهیهكی (ته‌نها لاپه‌ڕه‌یه‌كی) رۆشنبیرێكی وه‌ك رێبین ههردییش بگه‌ڕێن له‌لیستی بڵاوكراوه‌كانی سه‌رده‌مدا. ئه‌رێ گه‌لۆ ئازاد به‌رنجی سه‌دقات خوێندهوراترو رۆشنبیرتره لهرێبین ههردیو د. شاهۆ سه‌عید، یاخود مه‌سه‌له‌كه بزنس‌و بازرگانیه. ئه‌م بازرگانه گه‌وره‌یه بۆئه‌وه‌ی زیان بهپهزهكان نهگاتو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی تێك نه‌چێت (فێڵ له‌هه‌موو كوردێكی به‌شه‌ره‌ف ده‌كات). سه‌روه‌ختێك به‌یاننامه‌ی ناڕه‌زایی (به‌ناچاری) له‌دژی (ی.ن.ك) و (پ.د.ك) ئیمزاده‌كات، له‌خواری خواره‌وه ناوی خۆی ده‌نوسێت ئازاد عه‌بدول محه‌مه‌د، به‌ڵام كهمهسهلهكه دێته سه‌ر واژۆكردنی به‌یاننامه بۆ داكۆكیكردن له‌مافی ژنان‌و كچان‌و منداڵان‌و پیرو پەککەوتەکان یان له‌دژی هێزێكی وه‌ك یه‌كگرتوو (وه‌ك له‌م به‌یاننامه‌ی دوایدا بینیمان)، له‌سه‌ری سه‌ره‌وه ده‌نوسێت ئازاد به‌رزنجی. به‌هه‌ق سه‌ر راستی‌و بۆێریو قاره‌مانی هه‌روا ده‌بێت.
ئه‌م رۆشنبیره ساڵی 2006 كه‌له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند مسته‌فا ئه‌حمه‌د داوه‌تی هۆڵهنداكران تا له‌شاری دانهاگ سیمینار بگێڕن، ئازاد به‌رزنجی له‌سه‌ر توندوتیژی ئاینی‌و مه‌زهه‌بی له‌عێراقی دوای سه‌دام حسێنداو مسته‌فا ئه‌حمه‌دی هونه‌رمه‌ندیش له‌سه‌ر داهاتووی دیموكراسی‌و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌عێراقدا (تۆ سه‌یری ئه‌م كۆمیدیایه بكه‌ن). ئازاد به‌رزنجی باس له‌توندوتیژی ئاینی‌و مسته‌فا ئه‌حمه‌د باس له‌داهاتووی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌كات. كێشه‌كه هه‌ربه‌ته‌نها ئه‌م كۆمیدیایه نیه، ئه‌وه‌یه كهبابهتهكهی ئازاد به‌رزنجی یه‌كێك له‌نوسه‌ره دیار‌و ناسراوه‌كانی كورد بۆی نوسیوه‌و ئهولهوێ به‌ناوی خۆیه‌وه پێشكه‌شی كردووه. دڵنیام ئه‌وه‌ی كاك مسته‌فا ئه‌حمه‌دیش به‌هه‌مان شێوه‌یه. گه‌رنا، خێره دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه نهبهكتێبو نه‌به رۆژنامه‌و نهبهگۆڤار، نه‌ماندی ئه‌و بابه‌تانه بڵاوببنه‌وه‌و خوێنه‌رانی كورد بیان بینن. من دڵنیام ئه‌و بابه‌ته ئازاد به‌رزنجی خۆی بینوسایه، نه‌ك جارێك بگره چه‌ند جارێك چاپی كردبووه‌و بازرگانیه‌كی گه‌رمی پێوهكردبوو. ئه‌رێ هاوڕێیان بۆناپرسن له‌و به‌ڕێزه ئه‌و بابه‌ته بۆ ون بوو؟
ره‌ووف بێگه‌رد ئەو پیاوەی (سەردەم)ی کرد بە (سەرچەم):وه‌ك براده‌رێكم وتی خه‌ڵكانێك كه‌وتونه‌ته ناو رۆشنبیری‌و بواری نوسینی كوردیه‌وه، جگه لهبارگرانیو سوككردنی نوسین‌و رۆشنبیری رسته‌یه‌كی جوانیان نه‌نوسیوه. ره‌وف بێگه‌رد یه‌كێكه له‌وانه‌ی ئه‌وه‌نده‌ی تر بژی، ناتوانێت ده‌قێكی جوانی وه‌ك ده‌قه‌كانی عه‌تا محه‌مه‌د، ماردین ئیبراهیم، كاروان عومه‌ر كاكه سور، رێبوار حه‌مه ره‌حیم، ئارامی كاكه‌ی فه‌لاح بنوسێت. ئه‌زانم خۆشی گه‌شتۆته ئه‌و قه‌ناعه‌ته، به‌ڵام ئه‌و تازه سواربووهو به‌ناوی رۆشنبیری كوردییه‌وه پاره‌ی مفت دهخواتو سه‌ردانی وڵاتان دهكاتو ئێواره خوان‌و سه‌رمێزی ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵات دهبینێو باسی جوانیه‌كانی رۆحیش ده‌كات. ئه‌م پیاوه نه‌ك هه‌روه‌ك ئه‌نجومه‌ن زادهكاتی تر ساڵانێكه لهوارهكه دهدهنو سه‌رده‌م دووچاری قه‌یرانی دارایی ده‌كه‌ن، به‌ڵكو وه‌ك له‌راپۆرته‌كه‌ی دیوانی چاودێری دارایدا هاتووه، خه‌مساردانه له‌هه‌وڵی به‌هه‌ده‌ردانی پاره‌و پولی سه‌رده‌مدا بووه، باگوێ بگرین راپۆرته‌كه ده‌ڵێت چی: (بڕی شه‌ش سه‌دو چل ملیۆن دینار به‌دوو پێشینه خه‌رجكراوه بۆبهڵێندهر- فازڵ عه‌باس عه‌لی- به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای باشوور، به‌هه‌ردوو سه‌نه‌دی خه‌رجی ژماره - 409 -وژماره 110 - له‌به‌رواری 8/12/2005و 25/7/2007، به‌مه‌به‌ستی كڕینی كهلو په‌ل بۆسهردهم. پێشینه‌ی یه‌كه‌م كه‌بڕه‌كه‌ی چوارسه‌دو هه‌شتا ملیۆن دیناره پاكتاونهكراوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش پێشینه‌ی دوو هه‌میان بۆخه‌رج كردووه كه‌بڕه‌كه‌ی سه‌دو شه‌ست ملیۆن دیناره، به‌پێی سه‌نه‌د خه‌رجی ژماره 110- له‌به‌رواری 25/7/2007، له‌سه‌ر ره‌زامه‌ندی - ره‌ووف بێگه‌رد - ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ده‌زگا. هه‌رچه‌نده لێپرسراوی ژمێریاری‌و وردبینی، ئه‌نجومه‌نی ده‌زگاو- ره‌ووف بێگه‌رد- یان ئاگاداركردۆته‌وه كه كهموكورتیهكی زۆر لهپسوڵهكانی پێشینه‌ی یه‌كه‌مدا هه‌یه). ئه‌رێ به‌راست ئه‌م پیاوه وه‌ڵامی بۆئه‌مه چیه؟ خۆئه‌گه‌ر بۆخۆدزینه‌وه ده‌ڵێت (من لهئیشهكهم نه‌زانیوه) وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی، خۆئهوهتا راپۆرته‌كه ده‌ڵێت لێپرسراوی ژمێریاری‌و وردبینی ده‌زگاكه هۆشیاریان داوه‌تێ كهكهموكورتی زۆر لهپسوڵهكانی پێشینه‌ی یه‌كه‌مدا هه‌یه؟ ئه‌ی تۆبڵێی ره‌ووف بێگه‌رد ئه‌وه‌ی بۆچی كردبێت؟ ئه‌م بۆرخیسهی كورد كه به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی دیوانی چاودێری (120) هه‌زار دیناری به‌كارتی مۆبایل داوه له‌سه‌ر نه‌سریه‌ی سه‌رده‌م، وه‌ك هاو ئه‌نجومه‌نه‌كانی دیكه‌ی بۆدووجار چوونی بۆتارانو دیمهشقو بهیروتو نهرویجو هۆڵه‌ندا، پاره‌ی مۆڵی له‌شاعیری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان‌و ده‌غیله‌ی سه‌رده‌م بردووه، ئیتر ئه‌زمه دروست ده‌بێت یان نا به‌جه‌هه‌نه‌م. ئه‌م براده‌ره به‌و ته‌مه‌نه‌وه وه‌ك ئازاد به‌رزنجی براده‌ری، خه‌ریكی فێڵه لهسهردهمو بازرگانی بهوكتێبانهوه ده‌كات كه‌موڵكی سهردهمنو له‌ده‌ره‌وه به‌پاره‌ی چه‌مێك ده‌یانفرۆشێته‌وه، وه‌ك نمونه بڕوانه (زۆربای كازانتزاكیو كتێبه‌كه‌ی گابریل گارسیا ماركیز). هەر لەسایەی سەری ئەم برادەرانەشەوەیە وەک هاوڕێیەک پێیوتم سەردەم لەدەرەوە ناوەکەی گۆڕاوەو بوە بە (سەرچەم). هاوكات ئه‌م دوو ئه‌ندامه به‌ڕێزه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی شێركۆ، له‌به‌هاری 2000و 2001دا دوو جار چوونه‌ته تاران به‌مه‌به‌ستی سه‌ردانی پێشانگای تارانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ كتێب. ئه‌و چه‌ند كارتۆنه كتێبه‌ی به‌ناوی ده‌زگای سه‌رده‌مه‌وه هێناویانه، هه‌موویان بردووه‌ته‌وه بۆ ماڵی خۆیان‌و له‌كتێبخانه‌ی ماڵه‌وه‌دا هه‌ڵیانگرتوون. له‌ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا هه‌رچی جارێك پرسیاری ئه‌و كتێبانه كرا بێت، وه‌ڵامه‌كه ئه‌مه بووه: كاك رهووفو كاك ئازاد ده‌ڵێن: كه‌ی له‌خوێندنه‌وه‌یان بووینه‌وه، ده‌یانهێنینه‌وه. ئه‌وه ده ساڵی ره‌به‌قه ئه‌م دوو رۆشنبیره گه‌وره‌یه، نه له‌خوێندنه‌وه‌یان بوونه‌وه‌و نهكتێبهكانیان گه‌ڕانده‌وه كتێبخانه‌ی سه‌رده‌م. بۆ راستی ئه‌م قسانه له‌هه‌ردوو به‌رپرسی پێشووی كتێبخانه‌ی سه‌رده‌م، كاك ئاسۆ جه‌بارو كاك شیروان تۆفیق بپرسن.
ره‌ووف بێگه‌رد یه‌كێكه له‌و قه‌ڵه‌م به‌ده‌ستانه‌ی كورد كه‌مه‌ڵبه‌ندی بازرگانیكردنی به‌ته‌نها ده‌زگای سه‌رده‌م نیه، ئه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ش تۆڕی خۆی هه‌ڵده‌دا. سه‌روه‌ختێك له‌گه‌ڵ 39 رۆشنبیره‌كه‌ی شاری سلێمانی به‌یاننامه‌ی ناڕه‌زاییمان له‌دژی كاربه‌ده‌ستانی (ی.ن.ك) ئیمزاكرد لەکاتی لێدانی کۆمۆنیستەکان. سكرتێری گشتی (ی.ن.ك) داوایكرد له‌قه‌ڵاچوالان گفتوگۆبكه‌ین، له‌سه‌روه‌ختی گه‌ڕانه‌وه‌مان هێشتا نهگهیشتبوینه ئه‌زمڕ، براده‌رێك لهناوپاسهكهدا چپاندی به‌گوێمداو وتی له‌كاتی نانخواردنه‌كه‌دا ئه‌ندام مه‌كته‌ب سیاسیه‌كی (ی.ن.ك) كه‌ئێستا له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندایه پێی وتم: (ئێوه‌و مانان هه‌رچی له‌دژمان ده‌رده‌كه‌ن كه‌س گله‌ییتان لێناكات، به‌ڵام ره‌وف بێگه‌رد به‌چ روویه‌كه‌وه خۆی خستۆته ریزی ئێوه، خۆ هه‌مووی دوو ههفتهنیه بڕی په‌نجا هه‌زار دیناری له‌ئیداره‌ی مه‌كته‌ب سیاسی وه‌رگرتووە). (بهچاپه سویسریهكهی). وتم ئه‌مانه به‌هه‌زار روون، به‌ده‌ستێك پاره‌ت لێوهردهگرنو به‌ده‌ستێكی دیكه‌ش ئیمزات له‌دژ ده‌كه‌ن. واته دهنۆشینو لای خه‌ڵكانێكیش خۆمان وه‌ك كه‌سی خاوه‌ن هه‌ڵوێست نیشان ده‌ده‌ین.
ئه‌م پیاوه كه‌سه‌رده‌می قات‌و قڕی بوو له‌م وڵاته‌و (كه‌س نان نه‌بوو بیخوات)، له‌گه‌ڵ هادی مه‌هدی كۆنه زاوای كه‌وتنه راوه دینار له‌شوێنێكی تری ده‌ره‌وه‌ی سه‌رده‌م. ئه‌مجاره‌یان كوردسات‌و هێرۆی برایم ئه‌حمه‌دیان كرد به‌ئامانج. ئه‌وه‌بوو له‌ماوه‌یه‌كی كورتخایه‌ندا ره‌ووف بێگه‌رد حه‌كایه‌تێكی به‌رئاگردانی سارد‌و سڕی نوسی‌و كردیه سیناریۆی فیلمێكو هادی مه‌هدی كۆنهزاواشی، ئه‌ركی ده‌رهێنانی گرته ئه‌ستۆو له‌گوندی (گه‌ڕه‌دێ) له‌ناوچه‌ی شارباژێر، كه‌وتنه ههڵپڕوزكانیو شتێكی عه‌نتیكه‌یان به‌پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی به‌ناوی فیلمی سینه‌مایی كوردیه‌وه به‌رهه‌مهێنا.
ئه‌م دوو برایم زهبۆكه وایان له‌ئیداره‌ی كوردسات‌و خانمی یه‌كه‌می عیراق گه‌یاندبوو گهرئیمكانیهتی ماددیان به‌رده‌ست بخه‌ن، شاكارێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌همه‌نی قوبادی (ساتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌كان) دروستده‌كه‌ن. به‌ڵام دواجار سیناریۆیه‌كی بێرۆحو دهرهێنانێكی فاشیل، به‌رهه‌مێكی سینه‌مایی كۆڵه‌واری دروستكرد كه مرۆڤ ئه‌گه‌ر مێژووی فیلمسازی له‌كوردستاندا بنوسێته‌وه، شهرمهكات ناوی ئه‌وفیلمه بێنێت، به‌ڵام چونكه مه‌سه‌له‌كه راوه دنیاربوو نه‌ك هونه‌ر، ئه‌وان به‌خته‌وه‌رانه له‌كاره‌كه‌یان ده‌ڕوانی. براده‌رێكم فیلمه‌كه‌ی بینی بوو وتی: (ئه‌م كابرایه باس لهكۆندێراو بۆرخیسو دێستهڤیسكی ده‌كات، كه‌چی حه‌كایه‌تی به‌رئاگردان ده‌نوسێت. كورد له‌سه‌ده‌ی بیست‌و یهكدایهو كه‌چی ئه‌م سیناریسته حه‌كایه‌تی سه‌رده‌می نوری سه‌عید باس ده‌كات). وتم لێی گه‌ڕێ هاوڕێ مه‌سه‌له‌كه پوڵ‌و پاره‌یه نه‌ك هونه‌رو داهێنان.
ره‌ووف بێگه‌رد وه‌ك شاعیری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان‌و ئه‌ندامانی دیكه‌ی ئه‌نجومه‌ن، ته‌عین كردن‌و ده‌ركردنی كارمه‌ندانی ده‌زگا له‌ژێر ده‌ستی خۆیاندایه، خزم‌و كه‌س كێ بێئیش بێت دهیهێننو كێشیان به‌دڵ نه‌بوو به‌رێی ده‌كه‌ن، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش له شادمان ئیسماعیل ه‌وه تا شه‌یما ره‌مه‌زان به‌رده‌وامه.
ئه‌م پیاوه، بێ ئیش و بێكار كچه خوێندكارێكی ئێوارانی زانكۆی سلێمانی هێناوه به‌ناوی ژ.ع كه‌كچی خوشكی خێزانه‌كه‌یه‌تی و له‌كتێبخانه به‌بێ هیچ شارهزاییو هیچ ئیشكردنێك دانراوه. ته‌نها رۆژانه سه‌عی خۆی ده‌كات و چات و فه‌یس بوك و ناپلیۆن و جارجاره‌ش گوێ له‌گۆرانی بیانی و عه‌ره‌بی راده‌گرێت. له‌سه‌ره‌تاكانی ئهمساڵداو له‌پای ئه‌و قه‌یرانه داراییه‌ی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ده‌زگا بهههڵلوشوینی بودجه‌و سه‌رمایه‌ی سه‌رده‌م دروستیانكرد، بڕیاردرا خه‌ڵكانێكی زۆر كۆتایی بهراژهكانیان بهێنرێتو بنردرێنه ماڵه‌وه. یه‌كێك له‌وانه ئه‌م خانمه بوو، به‌ڵام ره‌ووف بێگه‌رد فێڵێكی دۆزیه‌وه، له‌دانیشتنێكی چوار قۆڵی نێوان دڵشاد عه‌بدوڵڵاو رێبین ههردیو شوان ئهحمهدو ئه‌و زاته له‌ژوره‌كه‌ی سه‌رنوسه‌ری ئاینده‌دا، وتی كاكه كارتان به‌سه‌ر ئه‌و كچه‌وه نه‌بێت، من ده‌یبه‌مه لای خۆم‌و جارجاره شته‌كانی خۆمی ده‌ده‌مێ بۆم چاپ بكات. كهنهسریهی گۆڤاره‌كان جیاكرایه‌وه موچه‌ی كارمه‌ندان دای لهكزی، به‌وه‌شه‌وه ره‌ووف بێگه‌رد بارگرانیه‌كی دیكه‌ی له‌سه‌رشانی گۆڤاری سه‌رده‌م زیادكرد‌و به‌ڵێنه‌كه‌ی خۆی نه‌برده‌سه‌ر، لهنهسریهی سه‌رده‌م كه‌وته دزی‌و (سێ سه‌دو په‌نجا هه‌زار دیناری) بۆ ژ.ع بڕیه‌وه. به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وخانمه هیچ كارێك بكات. تاڤگه فایه‌ق تایپ‌و نه‌خشه‌سازی گۆڤاره‌كه‌یه، ساكار ره‌وف ههڵهچنو نه‌رمین مسته‌فا به‌رگ. ئیدی مەوقیعی ئەو خانمە لەگۆڤاری سەردەمدا چییە؟ تا مانگی 350هەزار دیناری بدرێتێ؟ سپڵه‌یی ئه‌م پیاوه له‌وه‌دایه كه خانمێكی وه‌ك تاڤگه فایه‌ق ده‌رچووی زانكۆیه‌و ده ساڵه خزمه‌ت به‌و ده‌زگایه دهكاتو كاری تایپ‌و نه‌خشه‌سازی گۆڤاره‌كه ده‌كات، كه‌چی ره‌ووف بێگه‌رد چوار سه‌د هه‌زار موچه‌ی ده‌داتێ، به‌ڵام خزمه‌كه‌ی خۆی كه‌هیچ كارێك ناكات‌و ته‌نها ساڵێكه له‌و دهزگایهیهو خوێندكاره (سێ سه‌دو په‌نجا هه‌زار دینار) موچه‌كه‌یه‌تی. ئه‌رێ به‌راست ئه‌مه به‌چ عورف‌و یاسایه‌ك ره‌وایه؟ من ده‌زانم كه‌مم وتووه‌و زۆر زۆری ترماوه په‌رده‌ی له‌سه‌ر لادهمو باسی بكه‌م، به‌ڵام وه‌ك سه‌ره‌تا هه‌رئه‌وه‌نده دهكرێتو ئه‌وه‌ی ماوه بابمێنێ بۆكاتی تر.. ره‌نگه ئه‌و پیاوه جوامێرانه‌ی سه‌رده‌م، وه‌ختێك له‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م شتانه ده‌بنه‌وه‌و ئاره‌قه‌ی شه‌رم روخساریان ده‌گرێت بڵێن: (نه‌ده‌بوو ئه‌م شتانه باسكرایه، خۆ هیچ نه‌بێت ئێمه ساڵانێك هاوڕێ بووین‌و كارمان پێكه‌وه كردووه). من ده‌ڵێم له‌چوارچێوه‌ی ده‌زگایه‌كدا كارمان كردووه، به‌ڵام هه‌رگیز بۆچركه ساتێك چیه خۆم به‌هاوڕێی ئێوه نه‌زانیووه. ئه‌گه‌ر قسه لههاوڕێیهتیو دۆستایه‌تیه، من له‌هه‌زاران نمونه‌ی ناجوامێرانه‌ی ئێوه به‌رامبه‌ر به‌یه‌ك، سێ نمونه‌ی بچوك دێنمه‌وه، تاكو دواكه‌س بن كه‌باس لههاوڕێیهتیو په‌یوه‌ندی دۆستانه بكه‌ن.
یه‌كه‌م/ سه‌روه‌ختێك ره‌ووف بێگه‌ردو هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵڵاو به‌ڕێوه‌به‌ری ئیداره‌ی سه‌رده‌م، بۆهه‌ندێ له‌كاروباره‌كانی ده‌زگا چوونه هه‌ولێر بۆلای عومه‌ر فه‌تاحی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، عومه‌ر فه‌تاح پلارو ته‌علیقی زۆری لهههڵكهوت عه‌بدوڵڵا گرتبوو، ئەڵبەت بەقسەی ره‌ووف بێگه‌رد. هه‌فته‌یه‌ك دوای هاتنه‌وه‌یان، ره‌ووف بێگه‌رد به‌مه‌به‌ستی شكاندنی هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵڵا، له‌ژووره‌كه‌ی خۆیدا، ماجه‌رای ئه‌و دانیشتنه‌ی باسدهكردو ئه‌وه‌ی ده‌گێڕایه‌وه كه‌چۆن عومه‌ر فه‌تاح هه‌ڵكه‌وتی شكاندووه‌و شۆخی پێكردووه كه له‌ته‌له‌فزیۆن بینویه‌تی له‌گه‌ڵ تیپی وه‌رزشی یانه‌كانی سلێمانیدا به‌ره‌و ئێران چووه. ره‌ووف بێگه‌رد ده‌یوت هه‌ڵكه‌وت سورههڵگهڕابوو، تف له‌ده‌میدا وشك بووبوو، تاهاتینهدهرهوه نوتقی نه‌دا. وتی له‌ڕێگا ده‌می كرایه‌وه‌و وتی: (براده‌ران ئه‌وه هه‌قی د. به‌رهه‌م بوو لێی كردمه‌وه).
دووه‌م/ ئه‌وكاته‌ی هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵڵا تیۆریزه‌ی بۆپرۆژهی لهگهنجهوه بۆگه‌نج ده‌كرد، له‌به‌رده‌رگای ژوره‌كه‌یدا ئازاد به‌رزنجی، گاڵته‌ی به‌هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵڵاو پرۆژه‌كه‌ی ده‌كرد. ئازاد ده‌یوت خوا ره‌حمی كرد له‌م سه‌رده‌مه‌دا گه‌نج نه‌بووین، ئه‌گینا گیرۆده‌ی ده‌ستی هه‌ڵكه‌وتو پرۆژه ناقۆڵاكانی ده‌بووین‌و هه‌ر رۆژه‌ی سابونێكی له‌ژێر پێمان ده‌دا.
سێیه‌م/ كه‌ئه‌مه‌یان ئه‌وپه‌ڕی ناشرینیهو رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌و پیاوه جوامێرانه نیشان ده‌دات. كاتێك هه‌ڵكه‌وت عه‌بدوڵڵا زه‌ماوه‌ندی ژنهێنانی كرد، رۆژێك دوای ئاهه‌نگه‌كه‌ی ره‌ووف بێگه‌رد چووبوه ژوری ئه‌و كچانه‌ی ناو ده‌زگا كهبانگهێشتی ئاهه‌نگه‌كه نه‌كرابوون، پێیوتبوون: (له‌ده‌ستتان چوو، نه‌هاتن بۆئه‌و ئاهه‌نگه خۆشه، بوك‌و زاوا رێك به‌باوك‌و كچ ده‌چوون). ئێستاش ئه‌و كچانه‌ی ده‌زگا ئه‌وقسه‌یه‌ی ره‌ووف بێگه‌رد ده‌ڵێنه‌وه.
بۆدڵنیابوونی زیاتر لهقهدرگرتنی ره‌ووف بێگه‌ردو ئازاد به‌رزنجی لهبرادهرایهتیو وه‌فاو دۆستایه‌تی، بچن لهرۆشنبیرێكی هه‌ست ناسكی وه‌ك كاك ئازاد سوبحی پرسیاربكهنو پێی بڵێن كاتێك ئه‌م دوو زاته له‌بنكه‌ی ئه‌ده‌بی گه‌لاوێژ كولفی كول بوون لەلای مەلا بەختیار چیان پێكردی؟ گه‌ر ههربڕواش ناكه‌ن بڕۆن قه‌سیده‌ی (ده‌ست)ی "ئازاد سوبحی" بخوێننه‌وه له‌گۆڤاری رامان ژماره (27) 5/9/1998، لاپه‌ڕه 116-119.
دواجار.. من چاوه‌ڕێی وهڵامتانمو وهرنهدهنگ. وه‌ك له‌سه‌ره‌تادا وتم گه‌ر بێده‌نگی جارێك جوامێری بێت، هه‌زاران جار ترسنۆكیه. من قهڵهمێكو ئێوه زیاد لهقهڵهمێك، تكایه بێده‌نگ مه‌بن‌و.. چاوه‌ڕێیی وه‌ڵامتانم، بەڵام تو زاتی خوا با وەک وەڵامدانەوە هێورو ئینهیزامییەکەی کاک "ئاوات ئەحمەد" نەبێت.
له‌كۆتاییدا سوپاس بۆهه‌موو ئه‌و دۆست‌و هاوڕێیانه‌ی هاوكارییان كردم، به‌تایبه‌ت كارمه‌نده‌كانی ناو ده‌زگای سه‌رده‌م كهبوێرانه هه‌رچیم ویست به‌رده‌ستیان خستم. به‌داخه‌وه بۆههندێكیشیان كه ساڵانێكه پیرێژن ئاسا له‌په‌ناو پهسێودا خه‌ریكی بۆڵه بۆڵنو نه‌یانوێرا بچوكترین هاوكاریم بكه‌ن. سودێكی گه‌وره‌ی ئه‌م نوسینه ئه‌وه‌بوو، پیاوه ئازا‌و ترسنۆكه‌كانی ناو سه‌رده‌مم ناسی.
هاوکات هیوادارم خەڵکانی دیکەش بێنە دەنگو ئەم بتە ناشیرینانەی ناو کایەی رۆشنبیری کوردی بشکێنن. خەڵک باکی بە دێوو بتی گەورەتر نەبوو، ئێستا ئەم شێرە بەفرینانە چین؟! وەختی ئەوەیە هەمومان بێینە دەنگ.. کەواتە بابێینە دەنگ.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست