کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


راگەیاندنەکانی پارتی و پاراستن لە سەر رووداوەکەی شەرناخ هەر وەک بزووتنەوەی گۆڕانە

Friday, 30/12/2011, 12:00


هه‌ڵوێستی ئۆپۆزیسیۆن هه‌روه‌ک ده‌سته‌ڵات هه‌ڵوێستێکی ترسنۆکانە و پێچ و پەنایە ، خۆدزینەوەیە لە هەڵویستوەرگرتنی جیدیی لە سەر سروشتی فاشیزمانه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد.
هەڵوێستی گۆڕان وەکو ئۆپۆزیسیۆن له‌بری ئەوەی هه‌ڵوێستێکی ڕادیکاڵانه‌ و ئیدانه‌کردنێکی ڕاسته‌وخۆی تورکه‌کان بوایە، ئەمە لە هەر وڵاتێکی تردا روو بدات و دەسەلات کەمتەرخەم بێت، ئیدی ئۆپۆزیسیۆن لێی دەکات بە هەڵا و قسەی زۆری لەسەر دەکات. گۆران دەبوو بۆ نمونە:
 
-  داوای لە حکومەتی عێراق و هەرێم بکردایە، کە بە پەلە سەفیر و نوێنەرەکانیان لە تورکیا بگەڕێنێتەوە، وەک ناڕەزایی دەربرینێک بەرامبەر بەو کارەساتە.
- لە هەرێمی کوردستانیشدا داوای دەرکردنی سەفارەت و نوێنەرەکانی حکومەتی تورکیای بکردایە.
- هەروەها داوای لە دانیشتوانی کوردستان بکردایە شتومەکی تورکی بایکۆت بکەن.
- کۆمپانیا تورکەکان لە کوردستاندا چالاکیان رابگیرێت.
- داوای خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە هەموو کوردستاندا رابگەیاندایە.
-  یاداشتێکی ناڕەزایی بدایە بە نەتەوە یەکگرتووەکان و داوای لیژنەیەکی بکردایە بۆ لێکۆڵینەوە و بە بەدواداچوونی ئەم کارەساتە لەلایەن یوئێنەوە.

ئەمە هەڵوێست و کاری هەر ئۆپۆزیسیۆنێکە لە وڵاتان، ئەگەر بیانەوێت بوونیان هەبێت و لەگەڵ سیاسەتی دەسەڵاتدا خۆیان جیابکەنەوە، نەک بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی لاواز لە چەشنی بەیاننامەکەی مەسرور و نێچیر.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا گۆڕان ئیدی بۆی هەیە وەکو ئۆپۆزیسیۆن خۆی پێناسە بکات، لە کاتێکدا وەکو بەشێک لە دەسەڵات رەفتار و سیاسیەت دەکات؟

شایانی باسە تا ئێستا یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش هیچ هه‌ڵوێستێکی ڕه‌سمی نه‌بووه‌، هه‌روه‌ک هەواڵێک و رووداوێکی نامۆ بە کوردستان له‌ کوردستانی نوێ دا باسی ده‌کات، وەک  ئه‌م ڕووداوه‌ له‌ ئه‌ فه‌ریقا یان ووڵاتێکی دوور له‌ کوردستان ڕووی دابێت.
http://www.knwe.org/DirejeHewal

تەماشای بایەننامەی هەر سێ لایەنەکە بکە:

***************************

راگه‌یه‌ندراوی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان سه‌باره‌ت به‌ كوشتنی‌ هاوڵاتیانی كورد له‌ شیرناخ

(سبه‌ی‌):
بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كوشتنی‌ نزیكه‌ی‌ 40 هاوڵاتی كورد له‌ هه‌رێمی‌ (شیرناخ)ی‌ كوردستانی باكور ئیدانه‌ ده‌كات و ته‌ئكید له‌وه‌شده‌كاته‌وه،‌ كه‌ هیچ بیانویه‌ك نیه‌ بۆ پاساودانی‌ ئه‌و تاوانه‌.
له‌ راگه‌یاندنێكدا شاهۆ سه‌عید، وته‌بێژی‌ ره‌سمی بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رایگه‌یاندوه‌: وەک سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان رۆژی 29/12/2011 رۆژێکی خەمناک بو بۆ ئێمە، بە ئەسەف و نیگەرانیەکی زۆرەوە هەواڵی ئەو رووداوەمان پێگەیشت، کە لە ناخەوە هەموومانی هەژاند، داواکارین هاوخەمی و نیگەرانی و ئیدانەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەفەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە بگەیەنرێتە حکومەتی تورکیا، چونکە هیچ بیانویەک پاساوی ئەو تاوانە نادات کە بەهەمو پێوەرێک مایەی ئیدانەکردن و نیگەرانیەکی قوڵە.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا وته‌بێژی‌ گۆڕان ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شداوه‌: ئەو روداوە جارێکی تر ئەو راستییەی سەلماندەوە، کە زەبروزەنگ و رێگەچارەی عەسکەری چارەسەری کێشەی کورد ناکات لە تورکیا، بەڵکو تەنها ماڵوێرانی و کۆستی مرۆیی لێدەکەوێتەوە، ئێستا دوای دەیان ساڵ لە کوشتارو ئۆپەراسیۆنی سەربازی کاتی ئەوە هاتوە دەسەڵاتدارانی حکومەتی ئانکەرە و هەموو حیزبە سیاسیەکانی ئەو وڵاتە کۆتایی بەو وەرزە درێژەی زەبروزەنگ بێنن و بیر لە رێگەچارەیەکی شارستانی و ئاشتیانە بکەنەوە بۆ کێشەی رەوای گەلی کورد لە تورکیا.

http://kurdish.sbeiy.com/Detail.aspx?id=2286&LinkID=4

*****************************

مه‌سرور بارزانی: ئه‌م هێڕشه‌ ریسوا ده‌كه‌م و هیچ پاساوێك بۆ هێڕش كردنه‌ سه‌ر خه‌ڵكی سیڤیل قبول ناكرێت


[19:16] 11/Dec/30
هه‌ولێر 30 كانونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ر (PNA) - سه‌رۆكی ئاژانسی پاراستنی هه‌رێمی كوردستان مه‌سروور بارزانی له‌ په‌یامێكدا ئيدانه‌ی هێرشی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی سڤیلی پارێزگای شرناخ كرد.

ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:-
به‌ داخه‌وه‌ له‌م دوا ساتانه‌ی ساڵی زایینی، خه‌لكی سیڤیل و بێ ده‌سه‌ڵاتی ده‌ڤه‌ری شه‌رناخ، دووچاری هێرشێكی ناڕه‌وا بوونه‌وه‌ و سه‌رله‌به‌یانی رۆژی بیست و نۆی دوازده‌ی دوو هه‌زار و یازده‌ ، له‌ هێرشێكی فرۆكه‌كانی سوپای توركیا بۆ سه‌ر هاولاتیانی هه‌ردوو گوندی رۆبوسكێ و بێژه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه‌ ، زیاتر له‌ سیی و حه‌وت هاوڵاتیی سڤیلی كورد شه‌هید كران و نزیكه‌ی پازده‌ كه‌سیش تا ئێستا بێسه‌روشوێنن. ئه‌م هێڕشه‌ ریسوا و مه‌حكوم ده‌كه‌م و هیچ پاساوێك بۆ هێڕش كردنه‌ سه‌ر خه‌لكی سیڤیل قبول ناكرێت.
هاوخه‌می خۆم بۆ كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌م كاره‌ساته‌ ده‌رده‌بڕم و هیوادارم دوا خه‌میان بێت.
پێویسته‌ ده‌نگی چه‌ك و توندوتیژی كپ بكرێت و ده‌نگی ئاشتی و پێكه‌وه‌ ژیان و یه‌كتر قبول كردن به‌رز بكرێته‌وه‌، هه‌ر به‌وجۆره‌ش تێكرای گه‌لانی ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و پێشكه‌وتن و ئاسووده‌یی زیاتر هه‌نگاو ده‌نێن.

هیوادارین هه‌رچی زووتر و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا شایه‌دی زاڵبوونی زمانی ئاشتی و گفتوگۆ به‌سه‌ر زمانی چه‌ك و هه‌ڕه‌شه‌دا بین.
س . س

http://www.peyamner.com/PNAnews.aspx?nID=261274

***************************************


نێچیرڤان بارزانی سه‌بارت به رووداوه‌که‌ی شرناخ: رژانی ئه‌م هه‌موو خوێنه ده‌ره‌نجامی شه‌ڕێكی بێ‌هووده‌يه‌


[11:09] 11/Dec/30

هه‌ولێر 30کانوونی یه‌که‌م/دیسه‌مبه‌ر (PNA)- "نێچیرڤان بارزانی" جێگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوخه‌میی خۆی سه‌باره‌ت به رووداوه‌کی شرناخ ده‌ربڕی و جه‌ختی کرده‌وه که‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو قوربانییه، سه‌لماندی که پێویسته ئاشتی و ئارامی له ناوچه‌که به‌رقه‌رار بێت.

ئه‌مه‌ش دقی به‌یاننامه‌که‌یه نێچیرڤان بارزانییه:

"له‌ دڵه‌وه‌ هاوخه‌می و پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشيم بۆ خانه‌واده‌ و كه‌سوكار و دۆست و هاوڕێيانی قوربانيانی بۆمبارانه‌كه‌ی ناوچه‌ی شرنه‌خ ده‌رده‌بڕم و هيوای سه‌بووری و دڵنه‌واييان بۆ ده‌خوازم. هيوادارم ئه‌مه‌ دوايين كۆست و ناخۆشيیان بێت و گيانی ئه‌وانه‌ش به‌ به‌هه‌شت شاد بێت كه‌ له‌پێناو دابينكردنی بژێويی ژيانی سه‌ختيان؛ بوونه‌ قوربانی.

كه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو قوربانيه‌ و رژانی ئه‌م هه‌موو خوێنه‌، كه‌ ده‌ره‌نجامی شه‌ڕێكی بێ هووده‌يه‌، جارێكی تر ئه‌وه‌ی سه‌لمانده‌وه‌ كه‌ پێويسته‌ ئاشتی و ئارامی له‌ ناوچه‌كه‌ به‌رقه‌رار ‌بێت و هه‌موو كێشه‌كان به‌ ڕێگه‌چاره‌ی سياسی و ئاشتيانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن؛ بۆ ئه‌وه‌ی كۆتايی به‌م هه‌موو مه‌ينه‌تيه‌ بێت و رژانی ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ بوه‌ستێت."

له هێرشی پێرێ شه‌وی فڕۆکه جه‌نگییه‌کانی تورکیا 35که‌س به‌پێی ئاماری فه‌رمیی حکومه‌تی تورکیا کورژان و چه‌ندین که‌سیش بریندار بوونه که هه‌موویان هاوڵاتیی سڤیلن و کوژراوه‌کان ته‌مه‌نیان له‌نێوان 12 20ساڵه.

خ.ع

http://www.peyamner.com/PNAnews.aspx?nID=261243

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە