هەولێر زنجیرە برسی بوونەکانی بن دەسەڵات و هەژموونی فەرمانڕەوایەتی پارتی لەپەنجا ساڵی ڕابردوو

Thursday, 07/09/2023, 22:41

2356 بینراوە


لەڕێپۆرتاجێکی ساڵی١٩٧١ی هەفتەنامەی بیری نوێ قیڕتاو کردنی جادەی کەسنەزان هەولێر، دەڵی ژمارەی موراقیبەکانی سەرپەرشتیاری لەژمارەی کرێکارەکانیان زیاتر بوو. کەهەمووی خزم و کەس و کاری مەسئولەکانی ئەودەم بوون. پارتی، لەبوونی دا لەناو شارەکان لەتەجروبەی یەکەمی حوکمڕانیان لەدوای بەیانی یازدەی ئازاری ساڵی١٩٧٠و نەمانی دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقی لەناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستان بەهەرسێ شارەکانی هەولێرو سولەیمانی و دهۆک. بەتایبەت لەزساتانی پڕ باران و سەرماو سۆڵەو شەختەی ساڵی١٩٧٢ ئاردی فڕنیەکان نەماو سڕەی بەردەم نانەواخانەکان زۆر قەڵەباڵغ بوو، نەفت نەما هەموو دەمێ لەمستەودەعی نەفتی ڕێی کەرکوکێ لەجێی داون تاونی ئێستا شەڕ بوو لەسەر نەفتی بەتایبەت کەنەفتی ڕەشیان دابەشی سەر فڕنیەکانی نانی دەکرد. ئەودەم حکوومەتی عێراق لەبەرسەختی سەرماو دۆڵە بڕێکی زۆری قەسپی کوردکوژی لەبۆ مەڕوماڵاتی گوندەکان نارد وەک ئالیک بەکاری بێنن. هەرچەندە لەساڵی١٩٧٢دەستکرا بەدروستکردنی خانیەکانی شەهیدانی سێتاقان و کورانی ڕێی مەخموری بڕینی ڕەسیفی جادەکان لەوانە هی جادەی جمهوری و ئیسکانیش، بەڵام سوودمەندی یەکەم مقاولەکانیان هەر لەبن دەسەڵاتی فارس باوەو سابیر شێخ جامی و دزەییەکان و ئاغەواتەکان بوون هەموو بوونە لۆرد، خەڵکی فەقیرو پێشمەرگە لێی بێ بەری بوون. پێشمەرگە هەر یارمەتیە وەخت و ناوەختە پێنج دیناریەکەی بوو، پێشمەرگە وەک ئێستا بەها مەعنەویەکەی لەدەست دا کەسیمبولی بەرخودان و بەرەنگارەی نەتەوەیی و نیشتیمانی بوو دژ بەداگیرکاری، زیاتر کەمینەیەکی ماستاوچی بەشان و باڵی سەرکردەو کوڕو عەشیرەتەکانیان هەڵدەداو درۆی شاخداریان لۆدروست دەکردن لەپێناو مەنسەب و بڕێ پارە. خەڵکی بەتایبەت گەنج لەگەڕەک و گوندەکان بە(مارە کەونە نەعل و فافۆن)خڕکردنەوە دەژیان. بەشی زۆری دابین کردنی پێداویستیەکانی خەڵک هی لەنگەی دەرارخانەی ناو قەیسەری و بن دیواری باغی شار بوو لەشێخەڵای بەتایبەت لۆکڕینی ساقۆ. لەساڵی١٩٧٤و بەدواوە هەموو شتەک گران بوو لەدەست پێکردنەوەی شەڕی کوردو عارەب لەساڵی١٩٧٥ بەتەواوی ئاردو شەکرو چا نەما. خەڵکی فەقیر لەبۆچای پەنای دەبردە بەر شەکرۆکەی ترش و شیرین. لەساڵی١٩٩٢ی دوای هەڵبژاردن و سەرەتای دەستپێکی شەڕی ناوەخۆو پاش سەحب کردنەوەی ئیدارەی حکومەتی و پاشاگەردانی و نەبوونی مووچە لەبن دەسەڵاتی بەرەی کوردستانی تاگەیشتە ساڵی١٩٩٤ کۆنترۆڵکردنی ڕێگای مەسیف و ڕێی کەڵەکێی بن دەسەڵاتی پارتی و سەیتەرەی پشت خەتی سی و شەشی ڕێی قوشتەپەو پردێ و ئابڵووقەی هەمەلایەنەی UNو حکومەتی عێراقی و هی پارتیش کە لەهەموویان ترسناکتر بوو، کیسەی عەلاگەی گچکە بەبەتاڵی بەدینارەکی ئاسن بوو، شەکرو ڕوون کیلۆی گەیشتە سەد دیناری و مامۆستا ئەودەم بوو گۆتی سەری بەرز لۆ مووچەی نەوی ناکەین. چونکە هەموو هاوردەی ڕوون و شەکرو برنج و خواردنی قووتوو هی تورکیای بوو لەڕێگای گومرگی ئیبراهیم خەلیل لەمەسیفی ڕا نەدەگەیشتە هەولێرێ و سووتەمەنی بەنزین و نەفت و غاز و گازو پێداویستی وەک گۆشتی هەرزان لەڕێی کەڵەکێی بن دەسەڵاتی پارتی و خازری بن دەسەڵاتی سەیتەرەکانی حکوومەتی دیسان نەدەگەیشتنە هەولێرێ. لەوەشیان، پارەی گومرگی ئیبراهیم خەلیل هەندە زۆربوو لەژمار نەدەهات بەکێشان تەلیسە پڕ پێنجی و دەییەکانیان حسێب دەکرد. جگەو لەو کەلوپەلە زۆر دەگمەن و کەمانەی بەقاچاغ لەسنوورەکانی ئێران وەک گۆشتی گیایی کەبووە خۆراکی سەرەکی خەڵک بەقاچاغ دەگەیشتە بازاڕی شێخەڵا. ئەویتریان، ئەو نەبوونیەو برسی بوونەی پاش ٣١ی ئابی ساڵی١٩٩٦ بوو، وەک سزایەکی سەرخەڵکی قات و قڕی بوو. ئەوەی دوای ئەوان، هی ساڵی دوای٢٠١٤و چارێگە مووچەو پێنەدانی مووچە وەک نموونەی مانگی شەشی ساڵی٢٠١٥ کە لەمانگی نۆ نەتوانرا بوو مووچەی مانگی شەش بدرێت. لەدوای هەموو ئەوانەو مەترسیدارترینیان هی ئەوساڵی٢٠٢٣ و ئێستایە کەخەڵک لەوپەڕی بێپارەیی دادەژی بەشێوەیەک پێمان ناوەتە مانگی نۆی سەرەتای پاییزی بەڵام دیار نیە مووچەی مانگی حەفتی هاوینێ بدەن. ئەوەی سەیرە لەپەنجا ساڵی ڕابردوو هەتا ئێستا، ئەو حیزبە هەرخۆی پێ سەرکەوتووە و خۆی بەنموونەی حوکمڕانی دەزانێ و خەڵکێکی هەبوو هەتا ئێستا درۆی لەبۆ دەکاو بەسەری دا هەڵدەڵێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە