كەمال رەئوف ئاواتەكەى رۆژنامە ئەهلییەکانی هێنایە دی!
Monday, 07/11/2011, 12:00
دواى چاوەڕوانییەكى زۆرو هەڵپەیەكى درێژخایەن، هەفتەى رابردوو ئاواتى سەرنووسەرى رۆژنامە ئەهلییەكان هاتەدىو برانە خزمەت تاڵەبانى لە هاوینەهەوارى دوكان، ئەوەى جێى سەرنج بوو، تاڵەبانىو میدیاى یەكێتى ئەم دیدارەیان ئەوەندە بەلاوە بێبایەخ بوو كە هەر باسیشیان نەكرد، كەچى سەرنووسەرى رۆژنامە ئەهلییەكان و بەتایبەتى كەمال رەئوفى سەرنووسەرى هاوڵاتى هەر لەگەڵ گەڕانەوەیاندا لەدوكان، بۆ ئەوەى كەش و فشى پێكەوە بكەن و وەك نەریتى هەمیشەیى خۆدەرخستنى خۆى كەوتە لێدوان و دیدارەكە كرا بە هەواڵى سایتەكانى هاوڵاتى و ئاوێنە و لڤین!
دیارە بۆ خەڵكێك كە كەمال رەئوف و ئەوانى تر بناسێت، بڵاوكردنەوەى ئەم هەواڵەى بەلاوە شتێكى چاوەڕوان نەكراو نییە، چونكە كەم كەس هەیە هێندەى كەمال رەئوف حەزى لەخۆدەرخستن و خۆ بەشت زانین و خۆ نمایش كردن و چوونە بەردەرگاى مەسئولەكان بێت، بەمەرجێك ئەم كەمال رەئوفەى كە خۆى كردووە بەدەمڕاستى رۆژنامەگەریى ئەهلى و خۆى بە"محەمەد حەسەنین هەیكەل"ى رۆژنامەگەرى كوردى دەزانێ، ئاستى تێگەیشتن و زانیارى لەئاستى رۆژنامەنووسێكى هاكەزایى تێناپەڕێ. ئەو كە رۆژێك دەچێت بەناوى كتێبخانەى هاوڵاتییەوە پارە لەدكتۆر بەرهەم وەردەگرێ و هەر رۆژە ناڕۆژێكیش سەرێك لەگردەكەى گۆڕان دەدا و شاگەشگەیە بەوەى كە وا بڕیارە بچنە خزمەتى مەسعود بارزانى، چۆن شانازیى و كە شوفش بەبینینى تاڵەبانییەوە ناكات؟
وا چاك بوو كەمال رەئوف و سەرنووسەرى رۆژنامە ئەهلییەكان لەبرى ئەوەى رۆژنامەگەرى ئەهلییان بكردایە بەئامڕازى خۆدەرخستن و خۆنمایش كردن و ناسینى ئەم مەسئول و ئەو مەسئول، دەبوو كراسێكیان لە پیاوێكى گەورەى وەك (عەلى شەریعەتى) دابڕیایە، كە وەختى خۆى بەشێك لە هاوڕێكانى هانیاندا لەگەڵیان بچن بۆ شا و كاربەدەستە باڵاكانى ئەو كاتى ئێران ببینن، پێیوتن:
"من دانیشتنم بەدیار فنجانێك قاوەوە لە دانیشتن و بینینى سەر و فەساڵى ئەو كاربەدەستانە پێخۆشترە".
دەبوو كەمال رەئوف و ئەوان وەك كەناڵەكانى یەكێتى (PUK میدیا و گەلى كوردستان و كوردسات) بایەخێكى ئەوتۆیان بەم دیدارە نەدابایە، هەر هیچ نەبوایە ئەمانیش دانەبەزینایە بۆ ئەم ئاستە نزم و پڕ لەشەرمەزارییە و شانازى و كەشو فشیان پێوە نەكردایە، بەڵام دیارە "لەم قوڕە هەر ئەوەندە تۆزە هەڵئەسێت".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست