لەگەڵ بیستنى الله اكبر دڵم ڕادەچڵەكێ
Saturday, 27/10/2012, 12:00
منداڵ بووم , بە ئەدەبەوە تۆزێكیش بە ترسەوە , لە دەمى دابەستنى نوێژى باوكم یان دایكم گوێبیستى وشەى الله اكبر بووم كە لە بن لێوانەوە بە هەزارتەلیسمەوە دەیان دركاند , ڕۆژ هات و ڕۆى لەگەڵ منداڵانى گەڕەك دەست بە جزووى عەممە و لە ئێمە هەراشتر بەتەبارەكەوە لە حەوشەى مزگەوتێ لە ژێر سێبەرى دار هەنجیرە گەورەكە , مامۆستا مەلا بە نركەیەكەوە دیسان دەیگوت الله اكبر . بەرە بەرە لە ڕاچڵەكین بووە خەونى شەوانى جەژنم دواى ئەوەى تەهلیلەى الله اكبر الله اكبر لە دەمەو عیشا خەیاڵ پڵاو خەونم بە بەیانیەوەدەدى ,بە برنج و فاسۆلیاو قەیسى و كشمش جلى تازەو جەژنانەى ئەم و ئەم خۆ هەر هیچ نەبوایە ئەگەر هارى و هاجیشمان كردبایە , بەلاى كەم لێدانى بە زەبرمان لەسەر نەبوو . تەمەن بەرەو هەوراز ملى نا ,لە كاتى مردنى موسڵمانێك دیسان مەلا بەدەنگێكى لەرزۆك و گڕ ترەوە دەینركاند الله اكبر سام و ترس و ڕۆژى لێپرسینەوە تا سێ ڕۆژان لامان نەدەڕەویەوە . هەرزەكاریم بە درەنگەوە بینى شەوان لە تەك بەرنامەى ڕۆژێ لەڕۆژانى دواى نیوە شەو گۆرانى و بەستەى كوردى تابەیانیان لە جریوەى ئەستێرە دوورەكان ڕادەمام و لەناو شیعرەكەى گۆران دەبوومە ڕاوكەركەو , الله اكبر الله اكبر مەلا بانگانە تاریك و لێڵى بەرى بەیانە
تەمەن زیاتر بەسەر چوو , بەلاى چەپ و پڕولیتاریا كەوتم , لە دواى ڕاپەڕین لە لاى هاوەڵێكى كریستیانى كچ لە یادى هەشتى مارسى جەژنى ژنان لە هۆڵى میدیاى هەولێر داوەت كرام , ئێوارەى دوا زستانێكى ساردو پڕ قات و قڕى بوو
نان قاتى بوو , سیماى جوانى نەمابوو , لە سەر شانۆى هۆڵەكە كۆمەڵێك كچ و كوڕى هەرزەكار ڕاستەو خۆ بێ بەناوى خواى گەورەو میهرەبان تەنها دواى پیرۆزكردنى یادەكە لە ژنانى دونیاو ئەوهەشبەسەرانەى لاى خۆشمان یە سروودى ئینتەر ناسیونال ڕزگارى دەبێ هەمووجیهان سووڕیان دەخواردو یەكتریان لە ئامێز دەكرد, جەماوەرەكەش وەك ئەوەى كۆترى ئورفەو قەلاجیان هەڵفڕاندبێ لە چەپڵە نەدەكەوتن , نۆرە هاتە سەر خانمێكى سەرنج ڕاكێش دەستى كرد بە ئۆف و ئاخ هەڵكێشان و گووتى چەوسانەوەى ژنى كورد هەزارو چوار سەد ساڵ و ئیتر تەواوى نەكرد.
لە ڕیزەكەى دواى من ڕیشنێك دامەنى شەڵوارەكەى زۆر كورت كردبۆوە بە هەموو تواناى هاوارى كرد , تەكبیر ئیتر لە پێشمەوەو لە دواى دواوە لە ڕیزە كورسیەكانى ئەوبەر سەداى الله اكبر بەرز دەبۆوەو لە هۆڵەكە دەنگى دەدایەوە یەكێكیان نارنجۆكێكى لەدەست گرتبوو ئەڵقەكەى لە پەنجەى چیڕ كردبۆوە ئەوى تریان یە دەم الله اكبر دوو گوللەى خێواندە شانۆكە , ئیتر من لە شوێنى خۆم وەك باقى خەڵكەكە لە ناو گریەو هاوارى ژن و منداڵ و نەعرەتەى دیسان الله اكبر نەعامە ئاسا سەرمان بردبۆوە ژێر كورسیەكان بۆ ئەوەى سەلامەت بین. .یەكەم جارم بوو لە ووشەى الله اكبر بسڵەممەوەو خشتى كەڵەكەبووى تەمەنم و خۆشیەكانى الله اكبر ى مناڵیمى لە بەر چاوان ڕەش كردم.
تەمەن هەڵكشاو زۆر گرتەى ڤدیۆیم بەرچاو كەوت و لە ژێر خامە ڕەشەكەى لە سەرى نووسرابوو الله اكبر چەندان سەر بە كێردى كۆر لە لاشە جیا كرایەوە , سەیر ڕۆژانە لە لیبیاو ئێستا لە سوریا كە لێیان دەكوژرێ هەر دەڵێن الله اكبر و كە فڕۆكەیەك دەكەنە ئامانج و شۆڕشگێڕەكان كەسانێك دەكوژن هەمیسان دەڵێن الله اكبر دەروێشێك هەبوو لەو هەولێرەى خۆمان عەیامەكە دیار نیە لە دەمى حكومەت و دواتریش بە شمشێرێكى ڕووت لە تەك بڕژاندنى بۆیە بە قاچى كچ وژنانى سفوور ئەویش هەر دیگووت الله اكبر
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست