سلێمانى شارە داماوەكەم
Sunday, 22/04/2012, 12:00
ساڵى1992 مامۆستا (جەمال بابان) كتێبێكى لەسەر مێژووى شارى سلێمانى بڵا وكردە وناوى لێنا (سلێمانى شارەگەشاوەكەم) تاكو لەئاستى گەورەیى و شكۆمەندى شارەكەدابێت .
منیش لە دواى راپەرینەوە ئەوەندە بێرێزیم بەرامبەر بەم شارە بینیوە لەباسكردن نایەت ,بەتایبەت لە روى كارگێرى و بەرێوەبردنەوە ئەم شارە هەرزۆر هەژار و ستمدیدە بووە , روداوەكانى ئەم دواییەى قایمقامى سلێمانیش باشترین بەڵگەى حاشا هەڵنەگرن,هەربۆیە بەلامەوە سلێمانى ئیستا لە هەمووكاتێك زیاتر داماووكەساس ترە ...
لەدواى پارێزگارى مێژوویى شارەوە(تۆفیق وەهبى) زاناوزماناسى كورد ,كەساڵى 1930حوكومەتى ئەوكاتەى عیراقى لەبەر هەڵوێستە نیشتمانیەكانى لە پارێزگاریى دورى خستەوەو نەفى بەغدادیان كرد ,لەورۆژگارەوەو هەتاوەكو دواى راپەرین شارى سلێمانى تەنهاپارێزگارێكى نمونەیى بەخۆیەوە بینیوە كەئەویش (جەمال عەبدول) داناورۆشنبیرو كەسایەتى ناسراوى شارەكەبوو , ئەفسوس لەبەرهۆكارەكانى ئەوی رۆژێى كوردستان نەیان دەهیشت كارەكانى خۆى ئەنجام بدات .بەداخەوە سلیمانى شارە كڵۆڵكە لەبرى ئەوەى كەسانى دەستپاك و داوێنپاك وراستگۆو خزمەتكار وجێگەى متمانەى خەڵك بەرێوەى بەرن , هەردەم پیاوانى حیزب و دەستكەلاكانى دەسەڵات (كول فی كول) بوون و بەئارەزوى سەرانى حیزبى فەرمانرەوا شاریان بەرێوە بردووەو نەگەراونەتەوە بۆ خەڵكى رەسەنى شارەكە .
سیستمى كارگیرى لە سلێمانیدا هەرگیز لەئاستى گەورەیى وپێگەى رۆشنبیرى و سیاسى و مێژوویى شارى هەڵمەت و قوربانى دانەبووە .
ئەوشارەى یەكەم حوكمەتى كوردیى لە 17-11-1918لەبەردەركى سەرادا تیادا راگەێنرا , بەدرێژایى دەسەڵاتى رژێمە شۆفێنیەكان سەرى دانەنەواند و بەعس بە شارە دژوارەكە ناوى دەبرد .
بەڵام بینیمان دەسەڵاتى كوردى لە ساڵى 1994دا شەرى ناوخۆى تیادا بەرپاكرد , دەستى دوژمنى دەرەكیان گرت وبەشاردا گوزەریان پێكرد !!بەردەوام سەروەت و سامانى شار بەدزى و بە گەندەڵى دەبەن !!!لە 17ى شوباتی 2011دا شاریان خەڵتانى خوێنكرد !!! لە 19ى نیسانى هەمان ساڵدا ئەنفالى زانكۆى سلێمانیان كرد!!!! روداوەكانى ئەم دواییەى 2012دەستپێكى سوكایەتیەكان بوو بە شار , باند و مافیاكانى گەندەڵى كەدەستیان لە بیناقاقاى شاردایە و خۆیان بكوژوببڕى شارن , لە سیناریۆیەكى ناوخۆیاندا بەهۆى ململانێكانى باڵەكانەوە كارەساتى قایمقامى قەزاى ناوشاریان بەرپاكردو وەكو بەرزەكى بانان بۆى دەرچوون . ئیستا لەم شارەدا هەموو برگەكانى كارگێڕى هەرلە پارێزگارەوە هەتا هەموو بەرێوبەرایەتیەكان بەتەزكیەى حیزبیى و بەكەسانى ترسنۆك و لاواز و گوێ لەمستى حیزبى پڕكراونەتەوە وهەررۆژە سەیروسەمەرەیەكى گەندەڵى و كارەساتێكیان لێدەقەومێت , بەراستى شارداماووبێ دڵسۆزە و چاوەڕێى فریادرەسێكە, بەڵام كوا؟؟
(حەمدى) دەڵێت :
رەببى موى لێبێ زمانى پەنجەكانى هەڵوەرێ
هەركەسێ گوڵشەن بەدەردى گوڵخەنى دۆزەخ بەرێ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست