کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خوێندنەوەیەك بۆ ڕووداوەكانى بادینان

Monday, 06/02/2012, 12:00






پانۆڕاماى ڕووداوەكانى بادینان:

سەرەتاى ڕووداوەكە بەمشێوەیە بوو، دواى ئەوەى كە بۆ ماوەى مانگێك سەنتەرێكى مەساج لەشارى زاخۆ كرایەوە، ئەمەش كارێكى نامۆ بوو بە عادەتو تەقالیدى ئەم شارە، خەڵكیش دەیانگوت كارى لەشفرۆشى لەناو ئەم مەساجە ئەنجام دەدرێت، هەر بۆیە لەلایەن زانایانو مامۆستایانو ڕیشسپیانى شارەكەوە چەندین جار لایەنى پەیوەندیداریان لەمبارەیەوە ئاگادار كردبویەوە، بەڵام هیچ كارو بارەكە هەروەكو خۆى مایەوەو توڕەبونى خەڵكیش بەردەوام لەپەرەسەندندا بوو، هەر بۆیە لەهەینى (2-12-2011) لەسەر مینبەرى مزگەوتەكان زانایان باسى ئەم حاڵەتەیان كرد.
بۆیە خەڵكێكى زۆر ڕژانە سەر شەقامەكان، لەلایەكى ترەوە ژمارەیەك لەبەرپرسانى شارەكە هاتنە ناو خۆپیشاندەرانەوە، وەك هەندێك دەڵێن ئەمە سیناریۆیەك بوەو لەنێوان چەند بەرپرسێكى پارتى بۆ یەكلاكردنەوەى كێشەكانیان بەڵام لەئەنجامدا ڕوداوەكە بەرەو ئاقارێكى تر چوو.

لەم بارەیەوە چەند چاودێرێكى سیاسى ئەوە دەخەنە ڕوو كە شارى زاخۆ پڕە لەخێروبەرەكەت لەنمونەى گومرگو نەوتى شاوكى كە بە ملیۆنەها دۆلار داهاتەكەیەتى، بەڵام خەڵكى ئەو شارە نازانێت ئەو پارەیە چى لێ بەسەر دێتو، چۆن خەرج دەكرێت؟ چونكە ڕەوشى شارەكە هەروەك خۆیەتىو خزمەتێكى ئەوتۆ نەكراوەو بە هەزاران گەنجى ئەم شارە بێكارنو كۆسپو تەگەرەى گەورە دەكەوێتە پێشیان گەر بیانەوێت ژیانى خۆیان بەباشى بەسەر بەرن، لەم ماوەیەى دواییشدا ئەم ناڕەزایەتییە بە خەڵكى شارەكەوە دیاربوو، هەر بۆیە رۆژانە خۆپیشاندان بەتایبەت لەلایەن قوتابیانو خوێندكارانەوە ئەنجام دەدرا، دروستكردنى روداوێكى لەم جۆرەش بۆ كپكردنەوەى دەنگى ناڕەزایىو خۆپیشاندانەكانى قوتابیان بوو.

لەلایەكى ترەوە هەندێك چاودێر باس لەوە دەكەن كە گەندەڵیەكى تر لەشارى زاخۆ ئاشكرابوو، دواى ئەوە بەڕێوەبەرى ئاسایشى گومرگى ئیبراهیم خەلیل ناسراو بە (سەید ئەكرەم) لەدەزگاكانى ڕاگەیاندندا چەند فایلی گەندەڵى ئەو گومرگەى ئاشكرا كرد، كە رۆژانە بە ملیۆنەها دۆلار داهاتى ئەو گومرگەیە، بەڵام ئەو پارەیە دەچێتە ناو گیرفانى چەند كەسێك یان تاكە كەسێك، دواى ئەم هەواڵە زیاتر لە (50) ئەندام پەرلەمانى كوردستان واژۆیان كۆكردەوە بۆ لێكۆڵینەوە لەداهاتى گومرگى ئیبراهیم خەلیل، هەر بۆیە ئەم روداوانەى بادینانیان دروستكرد تاكو ئەم دۆسیەیە ون بكرێ.

دواى نوێژى هەینى ژمارەیەكى زۆر لەخەڵكى شارى زاخۆ هاتنە بەردەم مەساجەكەو بە ئامادەبوونى هێزەكانى ئاسایشو پۆلیس لەكاتژمێر یەك تاكو چوار مەساجەكە بەرد باران دەكرێت، لەنزیكى كاتژمێر چوارى ئێوارە نەویسترا كۆنترۆلأ بكرێت، دەرگاى مەساجەكە دەشكێندرێتو بیناو كەلوپەلەكانیشى دەسوتێندرێت، ئەمە پاش بۆ ئەوەبوو كە ئەوانەى لەناو مەساجەكە مابوو لەلایەن ئاسایشەوە گواسترانەوە بۆ شوێنێكى تر.
دواى ئەوەى كە مەساجەكە سوتێنرا خەڵك ئەمەیان بە هەلزانى بۆیە ئاراستەى خۆیان گۆڕى بەرەو گازینۆكانو دواى سوتاندنى چەند گازینۆیەك شەپۆلەكە دوكانى مەیفرۆشەكانى گرتەوەو لەوانیش چەند دانەیەك سوتێنران، كۆتا جێگە كە خۆپیشاندەران پێى گەیشتن كۆگاى گشتى مەیفرۆشتن بوو.

لەكاتژمێر شەشى ئێوارە ئەمانە هەمویان كۆتاییان پێهات، دواى ئەم كاتەش هەندێك لەخۆپیشاندەران دەیانویست بچنە چەند جێگایەكى تر وەك بەر دەرگاى قائیمقامەیەتو گومرگى زاخۆ توڕەبوونەكەیان ئەو شوێنانەش بگرێتەوە، لەم كاتەدا هێزێكى زۆر لەدەرەوەى زاخۆ ڕەوانەى شارەكە كرانو توانیان بە رێگەى تەقەكردن بەسەر خۆپیشاندەراندا زۆرینەى خەڵك بڵاوە پێبكەن.
هەر لەهەمان شەودا لەهەواڵەكانى كەناڵى ئاسمانى (سپێدە)و (ئێن ئاڕتى) بەڕێز: (نەسرەدین سەعید) بەرپرسى مەڵبەندى (13)ى زاخۆى یەكگرتوو ڕاگەیاند كە ئاگاداركراوەتەوە كۆبوونەوە لەچەند بارەگایەكى حیزبى دەسەڵات دەكرێتو، هەندێك كەسیان دەستنیشان كردوە بۆ سوتاندنى بارەگاكانى یەكگرتووى ئیسلامیى كوردستان.
بەرپرسى مەڵبەندى زاخۆى یەكگرتو بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندى بە بەڕێوەبەرى ئاسایشى زاخۆوە كردوە، بەڵام لەناو قەرەباڵغیدا بوەو پێى وتوە خۆم دوایى پەیوەندیت پێوە دەكەمەوە، بەڵام پەیوەندى نەكردۆتەوەو دواتر بەرپرسى مەڵبەند پەیوەندى بە بەڕێوەبەرى پۆلیسى زاخۆوە كردووە، لێرەدا بەڕێوەبەرى پۆلیسى زاخۆ هەڕەشە لەبەرپرسى زاخۆى یەكگرتوو دەكاتو دەڵێت: ئێوە بوونەتە هۆكارى سەرهەڵدانى ئەو ڕوداوەو ئەمەشتان بەسەرەوە ناچێت.

دواى ئەمە مەڵبەندى زاخۆ لەو ئەندامانەى كە تێدا بوون چۆڵكرا، چونكە یەكگرتوو ئەزمونى هەیە لەسوتاندنى بارەگاكانى ئەمەش لەساڵى (2005)دا ڕویداو یەكگرتوش ڕایگەیاند: یەك دڵۆپ خوێنى كەسێك بەڕێزترە لەلاى ئێمە لەهەموو بارەگاكانى یەكگرتوو لەسەرتاسەرى كوردستان.
لەكاتژمێر (10.30) خولەكى شەولەلایەن چەندین چەكدارو ئەندامانى پارتییەوە مەڵبەندى شارى زاخۆ دەسوتێندرێتو پاشان بارەگاكانى یەكگرتوو لەسیمێلأو قەسرۆكو دهۆك دەسوتێنرێت، رۆژى دواتر چەند ئەندامێكى یەگرتوو چون بۆ مەڵبەند تاكو سەیرى كەلوپەلە سوتاوەكانى مەڵبەند بكەنو ئەوەى كە نەسوتاوە بیپارێزن، چونكە (12) دەزگا لەناو مەڵبەندى زاخۆ هەبوو، لەوانەش نوسینگەى كەناڵى ئاسمانى سپێدەو ڕادیۆى خابیر بەڵام لەوكاتەدا هێزێكى ئاسایش هێرشیان كردە سەر ئەو ئەندامانەو هەموویانیان دەستگیر كرد، هەربەمەوە نەوەستان بەڵكو هەڵمەتێكى ترى دەستگیركردنیان دەستپێكرد، لەم هەڵمەتەشدا زیاتر لە(50) ئەندامى یەكگرتوو دەستگیركران كە نزیكەى (10) كەسیان رۆژنامەنوس بوون كە هەموویان بەبێ بڕیارى دادگا دەستگیر كرابوون، هەندێك لەوانیش دواى ئازادكردنیان باسیان لەوە دەكرد كە ئەشكەنجە دراون.

ئەوى زیاتر لەگرتە ڤیدیۆییەكاندا دەردەكەوێت (مەلا ئیسماعیل عوسمان)ى ووتار خوێنى مزگەوتى (ڕەشیدە) لەشارى زاخۆ كە پێشتر بەڕێوەبەرى ئەوقافى زاخۆ بووەو كە یەكگرتوو بە تەنها دوو وتار خوێنى لەدەڤەرەكەدا هەبوو لەلایەن ئەم مەلا (ئیسماعیل)ـەوە لابران.
ئەم مەلا (ئیسماعیل)ـە كە ئەندامى پارتییە، بە ئاشكرا هانى خەڵك دەدات بۆ هێرشو سووتاندن.
هەروەك بە ئوتۆمبێلى پۆلیس و بە بڵندگۆى (نجدە) بەرپرسى یەكیەتى زانایانى زاخۆ، بە ئاشكرا هانى پەلامارو سوتاندن دەداتو جەماوەر دڵنیا دەكاتەوە كە قائیمقامیشیان لەگەڵدایەو بەم زوانە ئەم پەلامارو سوتاندنە سەرتاسەرى كوردستان دەگرێتەوە!!.
ئەمەش ئەو بەڵگەیە كە بوونى سیناریۆكە پشت ڕاست دەكاتەوەو دواتر سەرۆكى هەرێم بە پلانى هێرش كردن بۆ سەر برا مەسیحىو یەزیدییەكانو جەنگى ئایینى لەكوردستاندا ناوزەدى دەكات، خێرا سەرجەم قونسوڵیەكانى لێ ئاگادار دەكرێتەوە، سەیر لەوەدایە دوایى لەڕاپۆرتى لیژنەكەى سەرۆكى هەرێمدا باسى ئەم شەڕە تائیفىو ئاینە ون دەبێتو بنوسانى لیژنەكە بیریان دەچێت رستەیەك بۆ هۆكارە سەرەكییەى كە خۆیان كردیان بە هەڵا بنووسن!!.

بەروارى (3-12-2011) مەسعود بارزانى بەیاننامەیەكى تایبەت بە ڕووداوەكە دەركردو لیژنەیەكەى بۆ لێكۆڵینەوەى ڕوداوەكە پێكهێناو لەدوو توێى بەیاننامەكەدا پەلاماردانى دوكانى مەى فرۆشىو مەساجو شوێنە گەشتیارەكانى بە پیلانى پێشوەختو شەڕى تایفىو مەزهەبى دانا بوو بۆ سەر برایانى مەسیحىو یەزیدى. هەروەك سوتانى بارەگاكانى یەكگرتوو بە كاردانەوەى ئەو ڕووداوانە لەلایەن جەماوەرەوە دابووە قەڵەم.
بەروارى (3/12/2011) مەكتەبى سیاسى یەكگرتوو بەیاننامەیەكى لەسەر ڕووداوەكە بڵاو كردەوە تیایدا پارتى وەك هێزێكى بەرپرس لەوچەكەدا تاوانبار كردو ئەندام لایەنگرانى یەكگرتووش بێبەرى كرد لە ڕووداوەكەو هەر كارێكى توندوتیژى.
Bهەر بەروارى (3/12/2011) هەرسێ هێزەكەى ئۆپۆزسیۆن لەبەیاننامەیەكى هاوبەشداو ڕاگەیاندنى یەكیەتى نیشتمانى كوردستانو حیزبەكانى (بزوتنەوەى ئیسلامیى، حیزبى زەحمەتكێشانىى سەربەخۆ) ئیدانەى سوتاندنى بارەگاكانى یەكگرتووو ڕووداوەكانى بادینانیان كرد.

هۆكارەكانى پشت سەرهەڵدانى ڕووداوەكە:
1. خەڵكى دەڤەرى بادینان ماوەیەكى زۆرە بەدەست ستەم و زۆردارىو گەندەڵى دەسەڵاتدارانەوە دەناڵێنن و بێتاقەتن. بەڵام لەم دواییەدا كەم كەم چەند خۆپیشاندانێك لەهەولێرو دهۆك ئەنجام درا بە تایبەت لەدهۆك خۆپیشاندانى پزیشكەكان كەسەرى گرت دەسەڵات ترساو ئیتر زۆرى نەما بوو وەزعەكە بتەقێتەوە.
دەسەڵات دراسەى ئەوەى كرد بوو كە جەماوەر پڕەو بێتاقەتە، وە دەشزانێ ئۆپۆزسیۆنى بەهێزو دیار لەناوچەكە یەكگرتووە. واتە دەسەڵات لەلایەن خۆیەوە وتوویەتى ئەگەر خۆپیشاندان بكرێت دەستى موعارەزەى لەپشتە، لەناو موعارەزەش دەستى یەكگرتووە، جا ویستى پێش ئەوەى ئەمە ڕوو بدات دەستى یەكگرتوو بگرێت یا بڵێین زەبرێكى كوشندەو ترسناك بوەشێنێ لەیەكگرتوو تا نەتوانێ شتى وابكات یاخود پێش ئەوەى ئەو خۆپیشاندانە بكرێت ئەم سیناریۆیەى كرد تا بەگشتى لایەنگرانى یەكگرتوو نەتوانن شتى وابكەن.

2. چالاكیەكانى ئەمیندارى گشتى یەكگرتووى ئیسلامیى كوردستان:
ئەمیندار لەم ماوەى ڕابردووەدا چەند سەردانێكى كرد بۆ دەرەوەى وڵات، جا سەردانەكانى ئەمجارەى جیابوون لەجارانى تر، وتارو چالاكى ترى هەبوو، بەڵكو لەكۆنگرەى تاران بە بەشدارى نزیكەى (700) كەسایەتى ئیسلامیى لە (80) وڵاتدا، (30) كەسایەتى هەڵبژێران بۆ ئەنجومەنى ڕابوونەكە یەكێكیان ئەمیندار بوو.
هەروەها لەسودان كرا بە ئەندامى كۆنگرەى ئاشتى، وە لەگەلأ مورشیدى گشتى ئیخوان موسلیمنیشدا كۆبوونەوەى كردو لەڕاگەیاندنەكاندا دەریش كەوتو، كۆمەڵێ چالاكى تریش، ئەمانە بوونە هۆى بێتاقەت بوونى پارتى، ئەو هەموو چالاكیەو حیساب بۆ كردنە لەم كاتى بەهارى ئیسلامیەدا خوێندنەوەى بۆ كراوە لەلاى پارتى.

3. سەركەوتنى بەهارى عەرەبى ئیسلامى ئیخوانى:
گومانى تیا نیە سەركەوتنى بەهارى عەرەبى ئیسلامى ئیخوانى، ترسو لەرزى خستبووە دڵى دەسەڵاتداران، لەناویشاندا دەسەڵاتى هەرێمى كوردستان. پارتى لاى وایە لەناو ئۆپۆزسیۆندا زیاتر یەكگرتوو بە باهۆزى گۆڕانكارى دڵیخۆشە بەڵكو مەغرور بووەو خەریكە لەسنورى خۆى دەردەچێت.

لە كوردستانیش ئۆپۆزسیۆن لەم ماوەى ڕابردوەدا رۆڵێان بینیوە لەهوشیاركردنەوەى جەماوەر، بەتایبەت لەهەڵبژاردنەكانى (2005) یەكگرتوو رۆڵێكى گرنگى بینىو توانى بۆ یەكەمجار لەبەرامبەر دەسەڵاتى كوردستاندا بڵێ من بە جیا دادەبەزمو شوێنكەوتەى كەس نیمو لیستى سەربەخۆم هەیە، بەڵكو دروشمى دژ بە گەندەڵى بەرز كردەوە، ئەمە بۆ یەكەمجار لەبەرامبەر دەسەڵاتى كوردى بەم شێوە وەستانە قورس بوو، چونكە لەوەو پێش هەموو حزبەكان بە یەكگرتووشەوە هەر لەیەك لیستدا بوون، پاشان لەهەڵبژاردنەكانى (25/7/2009)و (7/3/2010) ئۆپۆزسیۆن بەشێوەیەكى چالاك ترو ئەكتیڤ تر، رۆڵى بینى بەهۆى پەیدا بوونى لایەنى ترى وەك گۆڕانو كۆمەڵى ئیسلامیەوە دەتوانین بڵێین ئالێرەوە ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەماندا دەستى بە چالاكى كردو كارا بوو.
لە (17/ شوباتى 2011)شەوە ناڕەزایىو جموجوڵى دژ بە گەندەڵى لەناو پەرلەمان گوازرایەوە بۆ سەرشەقام. ئەوە بوو ماوەى (62) رۆژ لەسلێمانىو دەوروبەرى بەگشتى بە پشتیوانىو بەشدارى هەرسێ لایەنى ئۆپۆزسیۆن جەماوەر خرۆشا، بەڵام بەهۆى سەركوتكردنو بەكار هێنانى هێزەوە پارتىو یەكیەتى توانیان تا ئەندازەیەك زالأ بن بەسەر ئەم خۆپیشاندانەداو كپیان كردەوە، هەرچەندە كۆمەڵێك بڕیارى باشى لێكەوتەوە بەڵام جێبەجێ كردنیان:

یەكەم: زۆر هێواشو لەسەرخۆن.
دووەم: شتى لاوەكى ترى زۆرى پێوەدەپێچرێ تاوەكو خاڵەكانى جێبەجى نەكرێن.
جا بۆ ئەوەى جارێكى تر ئەمە ڕوو نەداتەوە، پارتى دەیەوێ هیچ نەبێ یەكێ لەحزبە ئۆپۆزسیۆنەكان دەستێكى لێبوەشێنێ، لەبارترینیشیان یەكگرتوە، لەبەرم ئەم هۆیانە:
أ‌. چونكە لەبادینان یەكگرتوو هەیە ئەم لەبارترە بۆ لێدانى.
ب‌. ئەگەر ئەم بترسێنێ، كۆمەڵى ئیسلامیو گۆڕانیش دەترسنو ناوێرن جموجولأ بكەن.
ج‌. ئەم زیاتر حزبێكى مەدەنیەو گرنگى بە خۆپیشاندانو مانگرتن دەدات.
د‌. رۆڵى لەخۆپیشاندانەكاندا بووەو سەركردەكانیشى بەشدارییان كردووە.

4. یەكگرتوو بەگشتى لەهەرێمى كوردستاندا رۆژ بە ڕوژ لەگەشە كردندایە بەتایبەت لەهەڵبژاردنەكانى پێشتردا لەبادینان:
لەسەرەتاوە (19) هەزار دەنگى هێنا، پاشان كردى بە(32) هەزار دەنگ، دواتر كردى بە (44) هەزار دەنگ، دواجاریش كردى بە (63) هەزار دەنگ. جا هیچ لایەنێكى تر لەبادینان نەیتوانیوە بەو شێوەیە گەشە بكات تەنانەت حزبێكى وەك یەكیەتى كە هاوپەیمانى پارتیە نەیتوانیوە ئاوا گەشە بكات. ئەمەش بۆ پارتى قورسەو نەیتوانى تەحەمولى ئەمە بكات ئەوەتا بارزانى دەڵێ: زاخۆ رۆحى منە.

5. ئۆپۆزسیۆنى سوریا:
لەم ماوەی ڕابوردووەدا یەكگرتوو تا ئەندازەیەكى باش پشتیوانى لەئۆپۆزسیۆنى سوریاى كرد، بۆ نموونە: ئەمیندار لەكۆنگرەى تاراندا لەناو ئەو هەموو نوێنەرانەى پێش ئەو قسەیان كرد، كەس نەیتوانى باسى ئۆپۆزسیۆنى سوریا بكات، تەنها یەكێك نەبێت ئەویش بە سلبى، ئەمیندار ڕەخنەى لەویش گرت.
ئەمیندار وتى: پێویست دەكات لەم كۆنگرەیەدا باس لەگەلى سوریا بكرێت، هەروەها لەڕاگەیاندنەكانى یەكگرتوودا زیاتر باس لە موعارەزەى سوریا كراوەو ئەمانەو هەندێ شتى تریش لەوانەیە كاریگەریان بووبێت.

6. ململانێى نێوان باڵەكانى ناو پارتى:
وەك لەمیدیاكاندا دەوترێ لەوانەیە یەكێكیان بەمە ویستبێتى بە تیرێ دوو نیشانە بپێكێت، هەم هەوا دارانى ئەویتر زەبرێكی لێ بدرێت، جگە لەوەش پێكهێنانى حكومەتى بنكە فراوان نەتوانێ پێكبهێنێتو هەم لەولاشەوە زەبرێكیش بێت بۆ لێدانى یەكگرتوو، تێكەڵاو كردنیشى بۆ خۆى شتێكى ترە.

7. دەسەڵاتى دەڤەر ویستویەتى جارێكى تر بەم چالاكیە، بە حیساب بەرگرى لەمافى كەمە ئاینییەكانى وەك مەسیحىو یەزیدییەكان بكاتو مەدالیایەكى تر وەربگیررێ، ئەمە خۆى بۆ خۆى چەند شتێكى لێ دەخوێنرێتەوە:
- ئەگەر بەو نیازەوە ئەمە كرا بێت هەڵەیە، چونكە كەمە ئاینییەكان عەیبدار كراون وا دەركەوتوون كە تەنها ئەوانن مەى دەفرۆشنو مەساج دەكەن... كەوا نییە!
- ویستراوە بەمە كێشەیەك بخوڵقێنرێو خەڵكى پێى مەشغولأ بكرێتو بڕیارەكانى (17)ى شوباتیان لەبیر بچێتەوە.
لەڕاستیدا لەناو هەرێمى كوردستاندا كێشەیەك نییە لەناو موسڵمانو كەمە ئاینییەكاندا، بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەوەندە مافیان هەیەو گرنگى بە بۆنەكانیان دەدرێتو خۆشیان دانیان بەمەدا ناوە.

ئامانجى پارتى لەسیناریۆكەدا:
پەلاماردانى بارەگاكانى یەكگرتوو لەدەڤەرى بادینان بەروارى (6/12/2005)و پاش شەش سالأ دوبارەكردنەوەى (2/12/2011) لەلایەن پارتى دیموكراتى كوردستانەوە، ئەو راستیە دەسەلمێنێت كە یەكگرتوو لەدەڤەرى بادینان ئامادەییەكى بەرچاوى هەیەو بەردەوام لەگەشەكردندایەو تاكە حیزبى سیاسییە لەدەڤەرەكەدا ململانێى پارتى دەكات.
لەبەر ئەوەیە پارتیش لەسەروبەندى هەر گۆڕانكارىو پرۆسەیەكى هەڵبژاردندا، بەپێى بەرنامەیەكى پێش وەخت ڕوبەڕووى یەكگرتوو دەبێتەوەو سیناریۆى بۆ دادەڕێژێت.
ئاشكرا سیناریۆى ئەمجارەش شوێنى مەى فرۆشىو سەنتەرى مەساجەكان بوو، كە دەتوانین بڵێین كەمترین پشكى ئەو شوێنانە لەهەرێمى كوردستاندا لەزاخۆدایە.
پارتى كاتێك بۆى دەركەوت كارتى دزە كردنى ناو رێزەكانىو كڕینى ئەندامەكانىو ناو زڕاندنى كەسایەتى-یەكانى یەكگرتوو كاریگەر نیە، ئەمجارە بە سیناریۆیەكى مەترسیدار كە دواتر بە شەڕى ئاینو تائیفى ناوزەدى كرد، پەلامارى یەكگرتوو دا.
ئامانجى دیارو ئاشكراى پارتى لەسەرجەم ڕووداوەكانى بادیناندا دەتوانین لەدوخاڵدا كورتیان بكەینەوە:

1. لێدانى ئاشكراو ڕاستەوخۆى گەشەكردنو پێشكەوتنى رێكخستنەكانى یەكگرتووى ئیسلامیى كوردستان لەدەڤەرەكەدا.

2. دروستكردنى كەشى نا ئارامىو ترسو تۆقاندنو نیشاندانى باڵادەستى بەردەوامى پارتى لەدەڤەرى بادیناندا كە بە تاپۆو پاوانى خۆى دەزانێت.

ئەم دوو ئامانجەش هەموو ئەو گومانانە ڕەتدەكەنەوە كە میدیاى ئاشكراو سێبەرى پارتى دەیخەنەڕوو، گوایە كەى ڕەوایە دەڤەرێك تۆ زۆرینەى ڕەهابى تیادا بەدەستى خۆت نا ئارامى تیادا دروست بكەیت؟ چونكە پارتى بنەماى كاركردنى (پارەو پاراستنە) كە ئەوانەش هەردەم لەكەشى نا ئارامو ئاوى ڵێلدا ئامانجى خۆیان دەپێكن.
یەكگرتوو چۆنیەتى بەڕێوەبردنى ململانێكە؟
لەزانستى سیاسیدا ململانێى نێوان هێزەكان بۆ چۆنیەتى بەڕێوەبردنى ووڵات كارێكى ئاسایى، كاتێك لەچوارچێوەى یاساو پەیڕەوى مەدەنیەكاندا ئەنجامدەدرێت.
لەئیدارەكردنى ململانێى سیاسیدا هەمیشە دوو فاكتەر كاریگەرى لەسەركەوتنى یاخود دۆڕاندنى ململانێكەدا دەبێت:

یەكەم: بوونى زانیارى ڕاستو دروست لەسەر بابەتى كێشەو قەیرانەكە.
دووەم: ئاراستە كردنى قەیرانەكە بۆ ئەو ئامانجەى مەبەستەو سەرئەنجامى ململانێكە بەرەو كوێ؟
یەكگرتووى ئیسلامى كوردستان لەئیدارەكردنى ئەم قەیرانەدا دەتوانین بڵێن سەركەوتووانە قەیرانەكەى خستەڕوو لەڕێگەى بەیاننامەى مەكتەبى سیاسىو چاوپێكەوتنەكانى ئەمیندارو گرد بوونەوەى مەڵبەندەكانو ڕوماڵكردنى رووداوەكە لەلایەن كەناڵى سپێدەوە.
لەلایەكى ترەوە بە دوور بینى سەیرى ڕووداوەكەى كردو بە تەنها خۆى نەكردە ئامانج لەپەلامارەكەى پارتیدا بەڵكو پرسى دیموكراسىو لێدان لەبنەماكانى ئازادى لەكوردستان خستەڕوو، كە تاكڕەوى باڵا دەستى پارتى، مەترسییە بۆ سەرجەم جەماەرو لایەنە سیاسییەكانى ترى كوردستان.
هەروەك چارەسەرى كێشەكەشى بەستەوە بە شەرعەیەتى پەرلەمانو سەروەرى یاساو چاكسازى ریشەیى لەهەرێمى كوردستان.
كە دواجار قەیرانەكە بەرەو نەمانى كلتورى پەلامارو سوتاندنو توندوتیژى لەململانێى سیاسییەكاندا بەرێت، كە ئەوەش پرۆسەیەكى گرنگو درێژخایەنەو ئارامگرتنى شۆڕشگێڕانەى دەوێت.

پەندو وانەكانى ڕووداوەكە:
لەمێژووى هەر بزاڤێكى كاراو ریفۆرمخوازدا(مێلح)، نوسینەوەى مێژووى ڕووداوەكانى بزاڤەكەو بە دیكۆمێنت كردنى بەڵگەكانى پاشان دیارى كردنى وانەو پەندو عیبرەتەكانى ئەو ڕوداوانە كاریگەرى دەبێت لەسەر ڕەسەنایەتىو ڕەووتى گەشەكردنو چوونە پێشى ئەو بزاڤەدا.
ڕووداوەكانى بادینان سەڕەڕاى گرنگىو بە دیكۆمێنت كردنى نووسینەوەى سەرتاسەرى ڕووداوەكەو خستنەڕووى بەڵگەكانى، دەتوانین ئەم وانەو پەندانەى لێ بخوێنینەوە:

1- ڕووداوەكەى یەكگرتوو یەكگرتووى لەسەرئاستى كوردستان نیشانداو نێو ماڵى رێكخستنەوەو زیاتر تۆكمەى كرد.

2- ڕووداوەكە دەریخست ئەمیندارى گشتىو سەركردایەتىو مەكتەبى سیاسىو سەرجەم ئۆرگانەكانى یەكگرتوو، لەئاست گەورەیى ڕووداوەكەدا بوونو بەهێزو جورئەتەوە ئیدارەى قەیرانەكەیان كرد.

3- تۆكمەىو پتەوى رێكخستنەكانى یەكگرتووى لەدەڤەرى بادینانو سەرجەم هەرێمى كوردستان دەرخست، كە هوشیارو چاوەكراوەو هەردەم ئامادەیى قوربانى دانن بۆ پرسە گشتىو ڕووداوە چارەنووس سازەكانى گەلەكەمان.

4- سەرجەم میدیاى یەكگرتوو بەتایبەت كەناڵى ئاسمانى سپێدەو سایتى كوردیو، لەخستنەڕووى ڕووداوەكاندا بوێرو ڕاستگۆو كاریگەنو دەتوانن ڕاى گشتى خەڵكى كوردستان لەدەورى ڕاستییەكان كۆبكەنەوە.

5- كاتێك یەكگرتوو گیانى ئاشتیخوازانەو دوور لەتوندوتیژى خۆى نیشان دەداتو لەئاستى هاڵاتیانى كوردستانى بەبێ جیاوازى بیر دەكاتەوە، جەماوەرى كوردستانو رۆشنبیرانو ئەكادیمىو میدیاكرانو رێكخراوە مەدەنىو حیزبە سیاسیەكان بەبێ سڵمینەوە پشتگیرى لێدەكەن، نەیارەكەشى دەخەنە ژێر پرسیارو وروشمى ڕەخنەو سەرئەنجام تاكو گۆشەگیر دەمێنێتەوە.

6- سەرجەم دەزگاو ئۆرگانەكان لەقەیرانەكە رۆڵى بەرچاوى خۆیان بینى بەتایبەت مەڵبەندەكانو پەرلەمانتارانى یەكگرتووو رێكخستنەكانى لەهەندەران بەتایبەت (بەریتانیاو هۆڵەندا) رۆڵى كاریگەرو دیاریان هەبوو.

7- كاریگەرى پرسو ڕاوێژ بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانو كەسایەتییە سەربەخۆكانو كۆكردنەوەى رۆشنبیرانو گوێگرتن لەڕاى جەماوەرو رێكخستنەكان، رۆڵیان بینى لەسازنەكردنىو گرتنەبەرى هەڵوێستى ڕاستو دروست.

8- دەركەوتنى یەك هەڵوێستىو یەك گوتارى لەلایەن قیادەو قەواعیدى یەكگرتووە، بە جۆرێك بەهێزى گوتارى قیادە لەئاستو چاوەڕوانى قەواعیدو رێكخستنەكاندا بوو، هەروەك قیادەش بیڕوڕاى ئەندامانو رێكخستنەكانى بە هەند وەردەگرتو بۆى دەگەڕایەوە.

9- هەمووكات ئاگادارى ئەوە بین كە ڕوداوى نەخوازراوو لەوانەیە ڕوبداتو، نابێت بە تەواوى دڵنیابین لەدەسەڵات، دەبێت حساب بۆ هەموو ئەگەرەكان بكەینو چارەسەرى گونجاو دابنێین پێش ڕودانى، ئەمەش واتایى ترسو دڵەڕاوكێ ناگەیەنێت، بەڵكو واتایى وریایىو سوودمەند بوون لەهەموو ڕوداوەكان.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە