بهڵێ (17)ى شوبات مێژووى پڕ سەروەریمانە!
Wednesday, 22/02/2012, 12:00
وەڵامێك بۆ چاودێرەكەى رۆژنامەى (هەولێرى) بە خۆرایى
(مەسعود محەممەد) نوسەرى گەورەى كورد لەپێشەكى كتێبى (هموم الحیاە)دا دەڵێت:
(ئاخ شەڕەنگێزى! شەیتانە نوستووەكەى ناخى مرۆڤایەتى، هەر كاتێك بە ئاگا دێیتەوە هەڕەشە دەكەیتو شادیەكانمان دەشێوێنیت). - چاودێرەكەى رۆژنامەى هەولێر(ژمارە 1265)یش وەك ئەوەى (17)ى شوبات شەیتانە شەڕەنگێزەكەى ناخى ڕاپەڕاندبێت، بەهۆى هاتنى (17)ى شوباتو پەیامى ئەو نوسەرانەى كە لەسەنگەرى هاوڵاتیانەوە بەرگرى لەمافى مەدەنى خەڵكى كوردستان دەكەن تووشى فۆبیا هاتووە، بە زمانێكى پڕ شەڕەنگێزییەوە هەڕەشەى مەترسیدار دەكات و خۆیان و سەرانى حیزبەكەیانى لێ دەبێتە بنەماڵەكانى((بن عەلىو موبارەك و قەزافىو بن عبدالله و ئەسەد)). تەنانەت دارى سەر شەقامەنیشیان لێ دەبێتە خەڵكى ناڕازىو خۆپیشاندەر.
- چاودێرەكە شانازى بە شەرعەیەتى هەڵبژاردنەوە دەكات، لەبیرى دەچێتەوە هەڵبژاردنەكانیان لەژێر زەبرى ئیرهاب و تەزویرو فێڵكردن لەجەماوەر بە دەستیان هێناوەو شەقامى ناڕازى پێوەرى شەرعیەتى ڕاستەقینەیە نەك ئەو چاو بەستنانەى ئەوان.
- چاودێرەكە لاى وایە ئەوان خاوەنى مێژووى پڕ سەروەرین، نازانن لەپال مێژووى چەكدارییاندا خەتێكى ئەنتى نەتەوەیى هەیە، شەڕى ناوخۆو پەلكێشكردنى سوپاى ووڵاتانى ئیقلیم بۆ هەرێمى كوردستان مشتێكە لەو خەروارەیان.
- چاودێرەكە لاى وایە (17)ى شوبات پلانى دەركىو نانەوەى پشێوىو بە كوشتدانى چەند سەرگەردانێك بوو، بێ ئاگا لەوەى (17)ى شوبات ساتەوەختى خەڵكى ناڕازىو شەهید بوونى پۆلێك لەلاوانى وڵاتەكەمان بوو دژى گەندەڵىو نا دادپەروەرىو گیانى تاكڕەوانەى رژێمێكى خۆسەپێنى خاوەن بیست سالأ ئەزموونى حوكمڕانى، كە دەستى سوورە بە خوێنى ئاڵى رۆڵەكانى.
- چاودێرەكە لاى وایە سەرانى ئەوان فریشتەن و بوختانە گەندەلى نیەو دەستە چەورەكەى بە سەرى رۆشنبیران و گیانى ئاشتیخوازانەى گەلەكەمان دەسڕیت، لەبیرى دەچێتەوە كە كوردستانیان پڕ كردووە لە گەندەڵىو دزىو ڕاو ڕووتىو بە ئاشكرا سامانى كوردستان بە بەرچاوى دونیاوە دەخۆن و نیگەرانن ئێستا بیان خەنە ژێر پرسیارى (لەكوێتان بوو ئەو هەموو سامانە!!؟)
لەكۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بخەمەڕوو كە چاودێرەكە سیاسەتى ئاشكراى رژێمى نادیموكراسى فەرمانڕەوایانى كوردستان لەم (17)ى شوباتى (2012) ەدا دەخاتەڕوو، ئەویش ترسانە لەخەڵكى هوشیارو توێژى گەنجانى ناڕازى كوردستان و هێشتا پەندیان لەڕابردوو وەرنەگرتووە.
ئەوان چیتر چاكسازیان پێ ناكرێت، هەموو كردەیەكى ریفۆرم بە هەڵكەندنى قەبرى خۆیانو كۆتایى دەسەڵاتیان دەزانن.بۆیە بینیمان پەنایان بردەوە بەر چاوترساندنى جەماوەرو جارێكى تر شارەكانى كوردستانیان كردەوە بە سەربازگە وسەلماندیان لەپێناو مانەوەى خۆیان ئامادەن هەموو كوردستان بكەنە قوربانىو بێ پەروان لەبەركارهێنانى توندوتیژىو ڕشتنى بە ناهەقى خوێنى زیاترى گەنجانى ناڕازى وڵاتەكەمان.
بەڵام خۆش بەختانە باهۆزى گۆڕانكارى لەناوچەكەدا لەپەرەسەندندایەو، شەقامى كوردى بە ئاگا هاتۆتەوەو چیدى بە شانامەو بەیتو بالۆرەكانیان باوەڕ ناكاتو (17)ى شوبات بە خاڵى وەرچەرخانو سەرەتاى مێژووى نوێى خەباتى مەدەنىو پڕ سەروەرى خۆى دەزانێت نەك ڕابردووى ئەوان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست