شەمۆ بە پارەى سێدى خانووى كڕیوە و ئەكتەرە كۆمیدییەكانى هەولێریش مونافەسەى دەكەن
Friday, 06/03/2009, 12:00
- هەولێر
هونەرمەندى كۆمیدى ئەیام ئەكرەم ناسراو بە (شەمۆ)، كە لە چەند شانۆگەرى و سیدى بازارى بەشداری كردووە، ناوبراو لە ساڵى 1988 بەشى ئەكتەرى پەیمانگاى هونەرە جوانەكانى موسلى تەواو كردووە و لە دیمانەیەكیدا باسى لە هونەرى كۆمیدیا دەكات لە كوردستان.
ئەو هونەرمەندە هەر لە سەرەتاى گفتوگۆكەماندا داواى ئەوەى لێكردم پرسیارەكان بەبێ پێچ و پەنابن و راشكاوانە بچینە ناو باسەكانەوە "كاكە گیان فەرموو با قسە بكەین، بەڵام هەرچ حەز دەكەى و چ بپرسى راشكاوانە پرسیارەكانت بكە، چونكە من لە هیچ دیمانەیەك درۆم نەكردووە و حەز بە قسەى درۆ ناكەم"، ئەیام باسى ئەوە دەكات، بە هۆى لاوازى بارى دارایى خۆى ناچار بووە بەشدارى لە هەندێ تەمسیلە بازارییەكان بكات و هەروەك خۆى دەڵێت "بڕوانامەم لە شانۆ هەیە، ئیشى من نییە بەشدارى لە سیدیە بازارییەكان بكەم، بەڵام ئەو كات باری دارییم خراپ بوو، بۆیە ناچار بووم بۆ خۆ ژیاندن بەشدارى لەو سیدیانە بكەم، كە خۆشم باوەرم بە هەندێكیان نییە، چونكە كۆمیدیا ئەوە نییە تەنیا خەڵك بە پێكەنین بهێنى"، ئەیام ئەوە ئاشكرا دەكات ئێستا بارى دارایى باش بووە و ئامادە نییە بەشدارى لەو سیدیە بازاریانە بكات و وتى "سوپاس بۆ خودا لە چەند شوێنێك دەوام دەكەم و مووچەكەم باش بووە، هیچ ناچار نیم بۆ پارە بەشدارى لەو كارانە بكەم، چونكە ئەوەیان ئیختساسى من نییە، بەدەر لەوەش جار جارە وەك ئەكتەر بەشدارى لە شانۆگەرییەكان دەكەم و ئینشاڵڵا جارێكى دیكە بەشدارى لەو كارانە ناكەم"، لە بارەى داهاتى ئەو شانۆگەریانەى كە خۆى تێیدا بەشداریكردووە، ئەیام ئەكرەم پێیوایە بە بەراود لەگەڵ پێشتر، ئێستا پارەى باشتر دەست دەكەوێت، گووتیشى "پێشتر داهاتى شانۆگەرى بۆ ئێمە كەم بوو لە هەر شانۆگەرییەك 500 دینارم وەردەگرت، كە تەنیا بەشى رێگا و خواردنى دەكرد، بەڵام لەو یەك دوو ساڵەى ئێستا زۆر باشتر بووە و لە هەر شانۆگەرییەك بەلانى كەم پێنج دۆلار وەردەگرین".
هونەرمەند ئەیام ئەكرەم لە درێژەى قسەكانى خۆیدا گلەیى لە هەندێ ئەكتەرى كۆمیدى دەكات، كە بە ئاشكرا مونافەسەى ئەو دەكەن و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لە چەند رامایەك داوایان كردووە و ئەكتەرە كۆمیدییەكانى دیكە رێگر بووینە لە بەشداریكردنى و دەڵێ "بە راستى لە دراما مونافەسەیەكى ناشەریف لە نێوان ئەكتەرە كۆمیدییەكان هەیە و هەر یەكەیان دەڵێ من پاڵەوانى كۆمیدیام و زۆر ئەكتەرەكان لە دراما داواى منیان كردووە، بەڵام هەندێ لە ئەكتەرە كۆمیدییەكانى تر رەتیان كردۆتەوە و پێیان خۆش نەبووە من بەشدارى لە دراماكە بكەم"، ئەو هونەرمەندە هۆكارى ئەو مونافەسەیەى گێڕایەوە بۆ ترسان و راكردن، كە ناتوانن لە بەرامبەر ئەو تەمسیل بكەن "كۆمەڵە ئەكتەرێكى كۆمیدى لە هەولێر هەن و هەموویان لە یەكتر دەترسێن، لەوانەیە بترسن ئەگەر من بەشدارى لە دراماكە بكەم لەوان باشتر كۆمیدى تەمسیل بكەم، بۆ نموونە هونەرمەند سەباح عەبدولڕەحمان زۆر جار ناوى منى نووسیوە، هەواڵم بۆ هاتۆتەوە ئەكتەرێك نەیهێشووە من بەشداریم بكەن، ناوى ئەو ئەكتەرانەش دەزانم".
"كازم ساهیر هونەرمەندى سادە بوو، لە ساڵى 1987 كاتێك من قوتابى پەیمانگاى هونەرە جوانەكانى موسل بووم، زۆر جار لە چایخانە بەیەكەوە دادەنیشتین و چایمان دەخواردەوە، لە یەكێك لە رۆژنامەكان گوایە من گوتوومە كازم زاهیر بەڵێنى ئۆتۆمبێلێكى پێداوم، بە داخەوە زۆرجار رۆژنامەكان قسەكان دەگۆڕن، گلەیم لەو رۆژنامە هەیە"، ئەوەیان قسەى هونەرمەند ئەیام ئەكرەم بوو، كە لە بارەى پەیوەندى نێوان خۆى و هونەرمەند كازم ساهیر هەیەتى، دواتر لە بارەى هاوكارییەكانى حكوومەتى كوردستان بەرامبەر بە خۆى گلەیى ئەوەى هەبوو، كە تاكو ئێستا هیچ سوودمەند نەبووە لە هاوكارییەكانى حكوومەت و ئەیام ئەكرەم دەڵێت "من وەك هەموو هونەرمەندەكانى دیكەى ئەو وڵاتە تەنیا یەك پارچە زەویم لە حكوومەت وەرگرتووە و لە شوێنێكى خراپ، كە لەوانەیە تاماوەیەكى درێژ خزمەتگوزارى نەگاتە ئەو گەڕەكە، ئەگەرنا یەك دینارى دیكەم وەرنەگرتووە و خۆ ئەگەر داواش بكەم بە خوا نامدەنێ"، ئەو زیاتر لەو بارەیەوە قسەى هەبوو گوتیشى "زۆرجار خەڵك و هونەرمەندان رەخنەى ئەوەم لێدەگرن بەشدارى لە سیدییە بازارییەكانم كردووە، بەڵام راستییەك هەیە و هەروەكو باسم كرد كە حكوومەت هاوكاریم نەكات ناچارم بەشدارى لەو كارانە بكەم و بە شانازییەوە دەڵێم بە پارەى سیدییە بازارییەكان خانوو و سەیارەم كڕیووە، ئەگەر بەشداریم نەكردبوایە ئێستا نەدەبوومە خاوەنى خانوو و سەیارە"، هەرچەندە ئەو بەشدارى لە دوو فیلمى سینەمایى كوردى كردووە، بەڵام وەك خۆى ئاماژەى پێ دەكات، بە هۆى ململانێى نێو وەزارەتى رۆشنبیرى نەیتوانیوە وەك ستافى فیلمەكە بچێتە دەرەوەى وڵات و ئامادەى ڤیستیڤاڵەكان بێت و گوتى "لەو ماوەیە لە دوو فیلمى سینەمایى (شەوكەت ئەمین، توانا مەرجان)، بەشداریم كرد و زۆرم حەز دەكرد وەك ستاف بۆ ڤیستیڤاڵەكان بچمە وڵاتان و خودى دەرهێنەرەكان تەڵەڤۆنییان بۆ دەكردم و دەیانگووت دەبێ تۆ لەگەڵمان بێیت، بەڵام بە داخەوە بەهۆى عیلاقات و خزم خزمێنە و ئەو ململانێیەى ئێستاى وەزارەتى رۆشنبیرى نەیانهێشت من ببەن"، بەدەر لە خزم خزمێنە و عیلاقات، ئەیام ئەكرەم ئەوەشى روونكردەوە گوتى "ئەگەر حیزبییەكى زۆر گەورە نەبیت و كەسێكى زۆر گەورە نەناسیت هیچ كارێكت بۆ ناكرێ، ئێستا دوو ملیۆن كورد من دەناسێت چ سوودێكى بۆ من هەیە".
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست