کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نازێ عەزیزى مونافەسەى عەدنان كەریم دەكا و دەشڵێ چۆن رازى دەبم ئۆتۆمبێلێك بەناوى منەوە بكرێ، كە رۆژێ سەد كەس سوارى دەبێ

Thursday, 04/02/2010, 12:00


ئەو ئافرەتە گۆرانیبێژە كاتێك دڵخۆش دەبێ، پێی بڵێى (نازێ عەزیزى چەندە ئەزیزى)، ئەگەر بەنهێنى ئەو وشەیەش نەزانى، دەتوانى پێى بڵێى (دادە گیان). نازێ كە بە سادەترین گۆرانیبێژ دەناسرێتەوە و هەمیشە لە خەمى هاوڕێكانى سەرقاڵە، لەو دیمانەى بەئاشكرا چەند نەهێنییەكى تایبەتى خۆى دەدركێنێ، هەرچەندە ئامادە نەبوو ناوى خۆشەویستەكەى ئاشكرا بكات، بەڵام گوتى "زۆر لەخۆم گەورەترە".
نازێى گۆرانیبێژ خاوەن دوو ئەلبوومە و زۆر حەزیش دەكا ببێتە دایك و خاوەنى دوو منداڵ، بەڵام سەریشى سورماوە، كە دەبێ كەى بڕیارى هاوسەرگیر بدات و ببێتە دایك، بۆئەوەى ئەو حەزەى بەدى بهێنێ، دەبێ نازێ لەو پرۆسەیەدا بترسێ، ئەو دەڵێ "وەك ترس نا، بەڵام جارێ سەرم لە خۆشەویستییەكەم شێواوە و لێم تێكچووە، دەبێ پتر ئاگادارى ئەوە بم". نازێ لە سەرەتاى ئەو دیمانەیەیدا حەز دەكا باس لە ئاهەنگەكەى سەرى ساڵى بكا و لەوبارەیەشەوە پرسیارى لێ بكرێ، كە بەگوتەى (رێبەر) بەڕێوەبەرى رێستورانتى تارین "سەركەوتووترین ئاهەنگى ئەو سەرى ساڵەیە بووە، جێى رەزامەندى خەڵكەكەى بووە"، نازێش لەوبارەیەوە دەڵێ "دەبێ پرسیار لەو خەڵكە بكرێ و بپرسن ئایا ئەوان بۆ بینینى لەشولارى نازێ و پڕكردنەوەى كاتى خۆیان هاتبوون، یاخود بۆ گوێگرتنى دەنگى نازێ، من وام هەستدەكرد بۆ چێژ وەرگرتنى دەنگى من هاتبوون"، ناوبراو هۆكارى سەركەوتنى بۆ كەم دەركەوتنى خۆى گێڕایەوە، كە بە دەگمەن كۆنسێرت ئەنجام دەدات و ئەوەش دەبێتە باشترین شەو بۆ كۆبوونەوەى هەموو ئەو كەسانەى دەتوانن لەگەڵ دەنگى ئەودا چێژ وەربگرن، نازێ گوتیشى "حەزدەكەم لەمەودوا مانگى جارێك بێمەوە سەر شانۆ و گۆرانى بڵێمەوە بۆ ئەو خەڵكانەى حەزیان لە دەنگى منە".
ئەو ئافرەتە گۆرانیبێژە وەك خۆى دەڵێ ئەوە یەكەم دیمانەى دەبێت، كە بەو شێوەیە باس لە لایەنە تایبەتییەكانى خۆى بكا، نازێ عەزیزى ئاماژەى ئەوە دەكات، شێوازى جلوبەرگى گۆڕیەوە و ئێستا زیاتر حەزى بەجلى مۆدەیە، لە بارەى ئەو گۆڕانكاریانەی دەموچاویشیدا سوێند بە گۆڕى باوكى دەخوات، كە نەشتەرگەرى جوانكارى نەكردووە، ئەوەشى ئاشكرا كرد، لە كوردستان پارەیەكى واى نییە، بتوانێ هەموو حەز و پێداویستییەكانى خۆى دابین بكات و دەڵێت "بەخوا پارەى ئەوەم نییە جوانكارى بۆ دەموچاوم بكەم، بەڵام راستە خەڵك زۆر ئەو پرسیارەم لێدەكات و گومانیان هەیە، كە جوانكاریم كردبێ، بۆ سەرى ساڵیش ویستم جلێكى كوردى زۆر جوان بكڕم، بەڵام پارەى نرخى ئەو جلەم پێ نەبوو، هەروەها پارەى تەلەفۆنیشم نییە، تا بە ئارەزووى خۆم قسە بكەم، هەفتەى جارێك لەگەڵ دایكم و ماڵەوەمان قسە دەكەم". بەڵام ئەوەش ناشارێتەوە كوڕان تەلەفۆنى زۆرى بۆ دەكەن و زۆربەشیان داواى زەواج و لێ نزیكبوونەوەى دەكەن، ئاواش باس لە یەكێك لەو تەلەفۆنانە دەكات، گوتى "لەمنزیكانە كوڕێكى تەمەن 26 ساڵ لە سلێمانییەوە تەلەفۆنى بۆ كردم، كە گوتم ئەلو فەرموو، گوتى تەئكید تۆ نازێى؟ منیش گوتم: بەڵێ، یەكسەر گوتى قوربانت بم، من كوڕێكى كرێكارم و زۆرم حەز لێتە، دەمەوێ بتخوازم، وەڵڵا منیش هەندێ پێكەنیم و پێمگوت: براكەم تۆ لە چاو مندا منداڵى و چوار ساڵ لە تۆ گەورەترم، كە گوتم ببورە ناتوانم، دەستى كرد بە گریان و گوتى بەخوا دەتوانم بەخێوت بكەم"، هەروەها نازێى گۆرانیبێژ ئەوەش دەخاتەسەر قسەكانى خۆى، كە كوڕانى جوان و قۆزیش تەلەفۆن بۆ كچە گۆرانیبێژەكان دەكەن و ئەوەش بە ئاسایى دەزانێ "لەبەرئەوەى كچە گۆرانیبێژەكان ناسراون و وێنەیان لە رۆژنامەكان و لە هەموو جێگایەكدا دەبینرێ، لەوانەیە جوانترین كوڕ تەلەفۆنیان بۆ بكەن، بەڵام من نەخێر، رەنگە كەسێكم خۆش بووێت، تەمەنى زۆر لەخۆم گەورەترە". لێرە دەركەوێ نازێ عەزیزى پیاوێكى بە تەمەن لەخۆ گەورەترى خۆشدەوێ، بەڵام دیسانەوە نایەوێ ناو و پیشەى ئەو پیاوە ئاشكرا بكا، تەنیا گوتى "بۆ دەبێ بزانن كێیە، هەرئەوەندە بزانن لەخۆم گەورەترە و بەسە".
نازێ عەزیزى بەپێچەوانەى زۆربەى كچە رۆژهەڵاتییەكان حەزى لەجگەرە و مەشروب نییە، بە جگەرە ژانەسەر دەیگرێ و بە بۆنەكەى مەشروبیش سەرخۆش دەبێ. لە بارەى دیین و باوەڕیشەوە، كە زۆربەى كات لە ماڵەكەى خۆیدا بەقورئان خوێندن بینیوومانە و خەریكى عیبادەت بووە، ئەو گۆرانیبێژە ئامادە نییە هیچ بڵێ و جگەلەوەى گوتى "مەسەلەى دیین و باوەڕى من، حەز دەكەم شەخسی بێت و تەنیا خۆم و خودا بزانین، بەڵام بە سورەتى یاسین و فاتیعە، دڵم ئارام دەبێتەوە". نازێ ئاماژەى بۆ ئەوەشكرد، لەگەڵ بڵاوكردنەوەى ئەو وێنانەى، كە بۆ ئاهەنگەكەى سەرى ساڵ لە زۆربەى شوێنەكانى هەولێر دەبینرا، داواكارى كۆمپانیاییەكى گەورەى ئۆتۆمبێلى رەتكردووەتەوە و ناشیەوێ هیچ جۆرە ئۆتۆمبێلێكى بەناو بكرێ، چونكە ئەو پێى وایە ئەوە ماناى ئیحترام و گەروەیى هونەرمەند ناگەیەنێ، لەوبارەیەشەوە قسەى هەیە و دەڵێ "كۆمپانیاییەكى ئۆتۆمبێل تەلەفۆنى بۆ كردم و گوتیان تۆمان بینیووە و دەموچاوێكى شەرقی و سێكسیت هەیە، ئێمە حەز دەكەین ریكلامان بۆ بكەى و ئێمەش ئۆتۆمبێلێكى 2010 بە ناوى تۆوە دەكەین و بە ناوى تۆوە لە ناو خەڵك بناسرێ، منیش گوتم: چۆن رازى دەبم ئۆتۆمبێلێك بەناوى منەوە بكرێ، كە رۆژێ سەد كەس سوارى دەبێ، ئەوە بۆ كەسایەتى من زۆر خراپە و ئامادە نیم بیكەم"، نازێ دەشڵێ "ئەگەر مزگەوتێك یاخود دەزگایەكى خێرخوازى و نەخۆشخانەیەك بە ناوى منەوە بكرێ، ئەوكات پارەشم ناوێ، بەڵكو پارەش دەدەم". ناوبراو لەوەتەى لە كوردستانە زۆربەى كاتەكانى بە تەنیایى بەڕێ دەكا و بەردەوام تەلەفزیۆنەكەشى لەسەر كەناڵى pmc و نەورۆزە، دەشڵێ "بینەرى كەناڵى كۆڕەكى جاران بووم". ئەو كچە گۆرانیبێژە حەز بە مونافەسەى كارى جوان دەكا، لەوانیش هونەرمەند عەدنان كەریم بۆ مونافسەى خۆى دەستنیشان كرد، بەوەش نیگەرانە حەسادەت لەناو هونەرمەندان شوێنى مونافەسەى گرتووەتەوە، گوتى "حەز دەكەم مونافەسەى هونەرمەند عەدنان كەریم بكەم، چونكە ئەو باشترین هونەرمەندە بتوانى لەسەر كارە هونەرییەكانى ئەزموون وەربگرى و كارى باشترى لەسەر بكەى، بەڵام رقم لە حەسادەتە، كە بەداخەوە ئێستا لەنێو هونەرمەندان حەسادەت باوە، نەك مونافەسەى كارى باش و بەرهەمى زیاتر".
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە