کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


عەشقێك لەودیو سنورەکانی تەمەن وپترۆلەوە

Tuesday, 15/09/2015, 18:12


ئاشق هەورامی کە خەڵکێکی زۆر پیان وایە لە شەفافیەت و دەستپاکیا لە موی سەری بەولاوە هیچ شوێنیکی تری سپی نییە، هەروەها تاقە شتێک کە ئەم پیاوە لە بەرپرسە گەندەڵەکانی تر جیادەکاتەوە ئەوەیە ئەم لەجیاتی بۆیاغ خۆی لە نەوەت هەڵکێشاوە. ئەمڕۆ مەعشوقەکەی هاتەدەنگ و چیتر لەتوانایدا نەما ئەو عەشقەی خۆی بۆ هەورامی لەگەڵ میللەتدا بەش نەکات. کە ئەم داستانی عەشقەی هەورامیم لە دەمی (خاتو چراخان رەفیق) خوێندەوە لە ماڵپەڕی (روداو)، بە ئەندازەی ئەو فلیمە هندییە غرامیانەی جاران کاری تێکردم!
کوردستان لە سامانی سروشتی پەترۆل بەولاوە هیچ داهاتێکی تری نییە، ئەم دەسکەوتەش ئەم عاشقە بە تاقی تەنیا  قۆرخی کردوە و خۆی بەڕێوەی دەبات، حەزناکات عەزێتی کەسی تربدات و بزانێت داهاتەکەی چەندە و چۆنە! خۆی بۆمان دەفرۆشێ و بۆشمان خەرج ئەکات. 
خاتو چراخانیش وەکو خۆی دەڵێ لە ساڵی ٢٠٠٧ بە ٥٠ ملیۆن دۆلاروە لە ئەڵمانیاوە دەگەڕێتەوە کوردستان(با نەختێک پێ بکەنین!) بەڵام دیارە لەگەڵ ئەو سەرمایە مەزنەیشیدا (چرا) یەکی بێ شەوق و نەوت بووە، عەشقی نەوت دەیباتە سەر چاڵەکانی ئاشتی و ئیتر لەو رۆژەوە بۆ یەك ئەسوتێن. ئەم رێکەوتە  پێمان دەڵێ کە عەشق نە سنورو نە تەمەن و نە پارە ناناسێ.
چراخان دەڵێ "عەشق و ئازادی بە پارە ناکڕدرێ!" ئەم قسەیەی ئەو باوەڕە باوە بە درۆدەخاتەوە کە گوایە "زۆربەی کچانی گەنج حەز لە پیاوی دەوڵەمەندە دەکەن بە چاووپۆشین لە جیاوازی تەمەن."فەرمو دیقەت بدەن ئاشتی کە بە قسەی چراخان "لە خانویەك زیاتر لە بەریتانیا هیچی تری نییە" ئەم کیژە  شۆخ وشەنگ وملیۆنێر و(نوێژکەر)ە بە ویست و ئارەزوی خۆی عاشقی دەبێ و، لە ئەنجاما بۆ یەك دەبن! لەوانەشە خەڵکێکی زۆر ناهەقی بکەن بەرامبەر بەم پیاوە کە پێیان وایە کابرایەکی رەزاقورس و جەردەیە و دەستی بە نەوتی کوردستان رەشە و چەنەها ساڵە نەوتی میللەت هەڵ ئەلووشێ. ئەمە لە دیاری سروشت ئەچێ بۆ وەزیری سامانە سروشتیەکان! هەرکەسێکیش لێکدانەوەی جیاواز بۆ ئەو راستیانە بکات، لەوانەیە خوای پەترۆڵ بیسوتێنێت!
هەرچەند بەدەستی خۆم نییە ئەم خورشید وخاوەرەی چراخان، ئەمخاتەوە بیری ئەو قسانەی هێرۆی هاوسەری مام جەلال کە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا بڵاویکردەوە، وەختێ پێش نەخۆشکەوتنی مام جەلال لە دیمانەیەکدا وتی کە خۆی و مێردەکەی هیچیان نییە و جەلال تالەبانییش وتی ئەگەر بمرین دەبێ شارەوانی بیاننێژێ! نمێکی عاتیفیش ئەو وەختە پڕبەدڵ بەزەیم پێیاندا هاتەوە. بەڵام کە جەلال تالەبانی نەخۆشکەوت، بەس تەنها تێچونی چارەسەر و مانەوەی لە نەخۆشخانە تایبەتیەکانی دەرەوەی وڵات بە دیان ملێۆن دۆلار بوو!!

ئەم خانمە دەڵێ من "عاشقی ئاشتی هەورامی بووم نەك پارەکەی!" بەراستی ئەچێتە عەقڵەوە کە ئاشتی لە خۆت بەولاوە موحتاجی ئەو سەروەت و سامەنەت نەبێت، بەڵام زۆر ئەستەمە بڕوا بکەین کە تۆ لە پارە بەولاوە موحتاجی هیچی تری ئاشتی بیت.

لینکی دیمانەکە:  http://rudaw.net/sorani/interview/31082015
- چراخان رەفیق: زۆر كەس چاوی بڕیبووە سەروەت و سامانەكەم، بەڵام دواجار من ئاشتی هەورامیم هەڵبژارد تاوەكو شووی پێ بكەم.
- ئاشتی هیچی نییە، تەنیا خاوەنی خانوویەكە لە بەریتانیا
- دەمەوێ بچم بۆ حەج، بەردەوام زیكری خودا دەكەم و نوێژیش دەكەم.
- عەشق و ئازادی بەپارە ناکڕدرێ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە