زمان درۆ ناكات كاك مەلابەختیار
Wednesday, 06/05/2009, 12:00
ناونیشای ئەم بابەتەم بەدرۆ دەستى پێكردووە بۆیە دەمەوێت لێرەدا سەرەتاى نوسینەكەشم هەر بەدرۆدەست پێبكەم،سەرلەبەیانى ڕۆژى سێشەممە بەروارى 5/5/2009 ئەوڕۆژەى زۆرترین درۆى دەسەڵاتدارە گەندەڵەكانم گوێلێبوو ، لەو ڕۆژەدا كەدانرابوو بۆئەوەى پێداویستى وەرزشى بدرێت بەتیپە میللیەكانى شارى سلێمانى و دەوروبەرى،لەسەرەتاى كۆبوونەوەكەدا ئەندامێكى لیژنەى تیپە میللیەكان راِیگەیاند كەكۆبوونەوەكە كەمێك دوا دەكەوێت بەبیانوى ئەوەى كەهەندێ لەتیپە میللیەكان نەهاتوون ،ئەمە یەكەم درۆ بوو چونكە ڕاستیەكەى ئەوەبوو كە مەلابەختیار هێشتا تەشریفیان نەهێنابوو هەر بەگەیشتنى ئەو كۆبوونەوەكە دەستى پێكرد.
دەقەیەك هەڵسان بۆ گیانى پاكى شەهیدان كە (13بۆ15) چركەبوو، پاشان خەسرەو گروون سكرتێرى لیژنەى تیپە میللیەكان ڕاپۆرتێكى خوێندەوە، كاك خەسرەو لەو راپۆرتەدا نوسیبووى كەتا ئیستا ئەو خولانەى كراونەتەوە لەسەر بودجەى مەلابەختار بوە ، بەڵام كاك خەسرەو لەبیرتە ساڵى پار لەهۆڵى رێكخراوە دیموكراتیەكان لەكۆبوونەوەى تیپە میللیەكان بۆ كردنەوەى خولى ساڵى پار جەنابتان ڕاتان گەیاند كەبودجەكەى پارێزگاى سلێمانى دابینى دەكات ، بەڵام دواى ئەوەى كەمەلا بەختیار وتارەكەى خوێندەوە ڕاپۆرتەكەى كاك خەسرەوى بەدرۆ خستەوە كە لەیەكێ لەقسەكانیدا وتى:یەكێتى خزمەتى تیپەكانى كردوە پاشان وتى:حكومەت بودجەیان بۆ دابین دەكات ،پاشان لەكۆتایى قسەكانیا وتی:ئێمە بەسەدان دۆلارتان بۆ سەرف دەكەین بەڵام تەنها یەك دەنگمان لەئێوە دەوێت ،برادەرانى لیژنەى تیپە میللیەكان ئێوە خزمەت دەكەن لەسەر گیرفانى تیپەكان یان دەنگ كۆدەكەنەوە، ئەم ماستە مویەكى تیایە یان سێرت و تۆپ و گۆرەوى.
پاشان لەدرێژەى قسەكانى مەلا بەختیاردا بە وەرزشەوانان دەڵێت:ئەم وەزعەى ئەمڕۆیى كوردستان كەسوكارى ئێوە دروستیان كردوەو خوێنیان بۆ ڕشتوە بەڵام پاش كەمێك لەم قسانە مەلابەختیارهەرخۆى وتى:كەشەهیدەكانمان فیدڕلیان بۆ كوردستان بەرهەم نەهێناوە بەڵكو ئەوە یەكێتى و پارتین كە نورى مالیكى لێیان ترساوەو فیدرَاڵیان بەكورد داوە، پاشان مەلابەختیار بەردەوام دەبێت و دەڵێت:یەكێتى و پارتى دووكۆڵەكەن لەم كوردستانە هەروەك چۆن بینایەك دوو كۆڵەكەى هەبێت و ئەوكۆڵكانەلابەریت ئەوا بیناكە هەمووى دەروخێت، نازانم مەلابەختیار باس لەكام كۆڵكە دەكات ،كۆڵەكەكەى شەڕى ناوخۆ یان ئەوكۆڵەكەیەى ڕژێمى بەعسى هێنایە هەولێر تاجەنابتان لەهولێر پاك بكاتەوە یان ئەوكۆڵەكەیەى كە چەكى توركى و ئێرانى و پازدارانى ئێرانى هێنایە كوردستان بۆ كوشتنى براكان،كاك مەلابەختیار دەتەوێ بەم كۆڵكە خائینانە كوردستان ڕابگرى.
لێپرسراوى یەكیك لەتیپەئامادەبووەكان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست