کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دابه‌شبوون به‌ سه‌ر دوژمنا

Thursday, 13/10/2022, 22:28


چیرۆكی هه‌ره‌ ناشرین و سه‌خیفی كوردی له‌ باشور ئه‌وه‌یه‌ دابه‌شبوونیان به‌ سه‌ر دوژمندا پێباشتره‌ له‌وه‌ی پێكه‌وه‌ بن ، ئه‌م دابه‌شبوونه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كوردو كوردستان و وه‌ك به‌شێك له‌ دابه‌شكردنی رۆڵ نیه‌ ، ئه‌م دابه‌ش بوونه‌ كه‌ پارتی و یه‌كێتی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن ، بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ماڵی كوردی و ئه‌و كه‌مه‌ مافه‌یه‌ كه‌ هاوپه‌یمانان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و وڵاتانی دۆست پێمانیان ڕه‌وابینیوه‌و به‌ زۆر به‌ سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌یاندا سه‌پاندوه‌ كه‌ دژی هه‌ر هه‌ناسه‌دانێكی ئازادانه‌ی كوردن ، دابه‌شبوونێك كه‌ له‌ هه‌ر چركه‌یه‌كدا ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ شه‌ڕی خوێناوی ڕوویدات ، چونكه‌ له‌ هیچ ناپرینگێنه‌وه‌ دژی یه‌كترو هیچ گوێیان له‌وه‌ش نیه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ بمێنێت یان له‌ ناو بچێت ،ئه‌مه‌ قسه‌ی گیرفان نیه‌ ، ئه‌مه‌ له‌و هه‌قیقه‌ته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتوه‌ كه‌ هه‌ر رۆژه‌و فه‌رموو له‌ دوژمن و نه‌یارێك ده‌كه‌ن بۆ ئه‌تككردنی كوردستان ،به‌ ده‌ستی خۆیان سوپای عیراق و ئێران و توركیایان هێناوه‌ته‌ سه‌ر یه‌كتر ، كه‌چی هێشتا وه‌تانیات به‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌فرۆشن.
ئه‌م دیارده‌ی دابه‌شبوون به‌ سه‌ر دوژمنه‌دا مێژوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌دان ساڵ له‌ مه‌وبه‌رو كورد هه‌رگیز ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی نه‌بووه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ بن و هاوكاری یه‌كتر بكه‌ن ، سه‌دان ساڵ به‌ سه‌ر عوسمانی و سه‌فه‌ویدا دابه‌ش بوون ، هه‌ندێك جار رێكه‌وتوه‌ سوڵتانی عوسمانی و شای سه‌فه‌وی له‌ دوری ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌ ته‌ماشاكه‌ر بوونه‌ كه‌ له‌ هه‌ردوو لا جاشی كورد بۆ ی كردون ، سروشتێكی سه‌یرو جێی سه‌ر سوڕمانه‌ ئه‌م حه‌زی یه‌كنه‌گرتن و جاشبوونی خه‌ڵكه‌ له‌ كاتێكا ده‌كرێت پێكه‌وه‌ بن و له‌ بری جاشی خه‌ڵك گه‌وره‌ی خۆیان بن ، میرنشین و نیمچه‌ خودخاوه‌نیه‌كی كوردی نادۆزیته‌وه‌ به‌ فیتی دوژمن و به‌ ده‌ستی ناوخۆ وردو خاش نه‌كرابێت ، هیچ بنه‌ماڵه‌یه‌ك نادۆزیته‌وه‌ له‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵات یان نیمچه‌ ده‌سه‌ڵاتێكیان هه‌بووبێت، براو ئامۆزاكان له‌ ناو یه‌كتردا ته‌باو كۆك بووبن و هاوكاری یه‌كتریان كردبێت ، مێژویه‌كی ره‌ش و ناشرین ، مێژویه‌ك كه‌ته‌نها دوژمنه‌كانی كورد دڵیان پێخۆشه‌و سودمه‌ند بوونه‌ لێی .
ئه‌م مێژووه‌ تاریكه‌ی كورسی په‌رستانی كورد جێی خه‌مه‌ كه‌ بووه‌ به‌ مێژووی هه‌موو كورد ، گه‌رچی لێره‌و له‌وێ‌ كه‌سانێك ویستبێتیان ئه‌و مێژووه‌ ئاوه‌ ژوبكه‌نه‌وه‌و كورسی په‌رستان له‌ كۆی خه‌ڵك و ئازادیوستان جیابكه‌نه‌وه‌ ، به‌ڵام هه‌میشه‌ دوژمنان ئه‌م هه‌نگاوانه‌یان راگرتووه‌ ، ئه‌وه‌ بۆیه‌ حاجی قادری كۆیی به‌ حه‌سره‌تێكی قوڵه‌وه‌ ده‌ڵێت :
له‌به‌ر حیزه‌ بخۆیی و ناته‌بایی 
له‌ ژێری حیزی حیزان بوینه‌ دۆشه‌ك 
ئه‌م دابه‌شبوونه‌ی ئێستا به‌ سه‌ر دژومنه‌كاندا زۆر ئه‌سته‌م ترو مه‌ترسیدار تره‌ له‌ دابه‌شبوونی سه‌ت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، هه‌ر نا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ناكرێت به‌ هه‌مان جۆری سه‌ت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كه‌ هێشتا ته‌كنه‌لۆژیا له‌ سه‌ره‌تای سه‌ره‌تادا بوو سه‌یری ئێستا بكه‌ین كه‌ ئیدی خه‌ریكه‌ رۆبۆت جێگه‌ به‌ كاركردنی مرۆڤ لێژده‌كات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە