کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


چه‌مچه‌ماڵ له‌ نێوان دوو هه‌ڵوێستا

Tuesday, 19/04/2022, 1:38


ساڵی 1988  ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك ته‌له‌به‌ی شه‌وانی چه‌مچه‌ماڵ بووین ،له‌ گه‌رمه‌ی ئه‌نفالی مانگی چواردا كه‌ ئه‌نفالی سێ‌ بوو بێده‌نگی پرزه‌ی له‌ هه‌مووان بڕیبوو ، به‌ڵام ئێمه‌ شه‌وان كۆده‌بوینه‌وه‌ شیعرو سیاسه‌تمان باس ده‌كرد ، بیرمان له‌ كاری نه‌كرده‌ ده‌كرده‌وه‌ ، رۆژگارێكی ره‌ش بوو پێشمه‌رگه‌ هه‌بوو هاوڕێی خۆی سه‌رده‌بڕی بۆ ئه‌وه‌ی بێته‌وه‌و لێی خۆشبن ، ئێمه‌ بیرمان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ چۆن چالاكیه‌كی گه‌وره‌ بكه‌ین ، من ئه‌و رۆژگاره‌ شیعرو چیرۆكم ده‌نووسی ، باقی عه‌بدولخالقی كۆچكردوو له‌ به‌غدا ده‌یخوێند ، وه‌ك چۆن ده‌یان هاوڕێی دیكه‌شمان له‌وێ‌ ده‌یانخوێند ، باقی  له‌و ماوه‌یه‌دا چیرۆكێكی مناڵان و سێ‌ شیعری منی بڵاو كرده‌وه‌ ، چیرۆكه‌كه‌ به‌ ناوی ئازادی بوو له‌ دوا لاپه‌ڕه‌ی هاوكاری بڵاو كرابوه‌وه‌ ، كه‌وی نێو قه‌فه‌سه‌كه‌ نه‌یده‌خوێند چونكه‌ دیل بوو ، هه‌ر كه‌ئازاد كرا كه‌وته‌ خوێندن ، به‌ دێڕه‌ شیعرێكیش كۆتایم به‌ چیرۆكه‌كه‌ هێنابوو :
ئازادی بوكی جوانی رازاوه‌ 
ئازادی هیوای به‌ره‌ی چه‌وساوه‌ 
شیعروكانیش یه‌كێكیان بۆ شێخ مه‌حمودو به‌رده‌قاره‌مان بوو ئه‌وه‌ش بۆ مناڵان بوو ، یه‌كێكی تریان بۆ ئه‌وه‌ بوو ساڵی هه‌شتاو نۆ ساڵی وه‌رچه‌رخان بێت ، ئه‌وی تریش شیعرێك بوو به‌مجۆره‌ ده‌ستی پێده‌كرد :
من بیستومه‌ كه‌ خاك په‌رست 
گه‌ردنی له‌ خه‌نجه‌ر ده‌سوێ‌ 
من بیستومه‌ پیاوی نه‌به‌ز 
له‌ بناری چیادا ده‌ڕوێ‌ 
له‌وێدا چیرۆكی كوردو عه‌ره‌بم باس كردبوو كه‌ پێویسته‌ پێكه‌وه‌ ریشاڵی دڕك ده‌ربێنن، هه‌روه‌ها باسی تێكه‌ڵ بوونی خوێنی كوردم به‌ بیابان و خاكی سوێرم به‌ داربه‌ڕوه‌وه‌ كردبوو ، له‌م دره‌نگانه‌ براده‌رێك بۆ لێدان له‌ ئێمه‌، یان بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێ‌ ئه‌و ده‌قه‌ی وه‌ك شیعری قه‌ڵه‌می به‌عس له‌ هاوڵاتی نیشاندابوو ، هه‌رچه‌ند دواتر دیار بوو خۆیشی هه‌ستی كرد سته‌می لێكردوین ، به‌ هه‌ر حاڵ مادام ئه‌ركی ئێمه‌ نووسین بێت ده‌بێت چاوه‌ڕێی زۆر شتیش بكه‌ین .
ئیتر ئه‌و سه‌رده‌مه‌ هه‌موو شتێكمان ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی ببین به‌ پاڵه‌وان و یان شه‌هید ، یان بگیرێین و شانازی به‌وه‌وه‌ بكه‌ین به‌عس گرتومانی ، رۆژی 11ی 4ی 1988 له‌ ناو چه‌مچه‌ماڵ به‌ به‌عسمان وت نا ، له‌ شۆڕشیش  خه‌ڵك رژانه‌ سه‌ر جاده‌و به‌عس هه‌تره‌شی چوو ، ته‌نانه‌ت كۆپته‌ری به‌ كار هێنا ، باسی  ئه‌م روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی بارق و پیاوه‌كانی له‌ شوێنی دیكه‌ كراوه‌ ناچمه‌وه‌ سه‌ری ، به‌ڵام ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین زه‌نگی دژ به‌ به‌عس  و دژ به‌ ئه‌نفال بوو .
رۆژی 14ی 4ی ئه‌مساڵ 2022 له‌ مۆنیمێنتی چه‌مچه‌ماڵ به‌ حكومه‌تیان وت نامانه‌وێ‌ گوێمان له‌ ئێوه‌و قسه‌كانتان بێت ، هه‌ڵبه‌ت چه‌ند ساڵێكه‌ خه‌ڵك ئه‌وه‌ ده‌ڵێن و حكومه‌ت گوێناگرێ‌ ، تا ئه‌وه‌ی كار بگاته‌ ئه‌و شوێنه‌ی دیسان وه‌ك 1988 ده‌ست بۆ به‌رد وه‌شاندن ببرێ‌ ، له‌ هه‌شتاو هه‌شت و له‌و رۆژه‌دا له‌ سه‌رمقه‌بایه‌ك شیعرێكم نووسی و یه‌كێ‌ له‌ هاوڕێكان خوێندیه‌وه‌ :
ئه‌وا به‌ردی ئه‌م وڵاته‌ش وه‌كو به‌ردی فه‌له‌ستینی 
به‌ ده‌ست مناڵی كورده‌وه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تا ده‌وری بینی هه‌تادوای 
كێشه‌ی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ ی هه‌رێم كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ كار له‌ سه‌ر شكاندنی شكۆی مرۆڤی كورد ده‌كات نایه‌وێت له‌م په‌یامه‌ بگات ، هه‌ڵبه‌ت ره‌نگه‌ هه‌ندێك بڵێن ئه‌گه‌ر وه‌زیره‌كه‌ پارتی یان یه‌كێتی بوایه‌ ئه‌وه‌ ڕوینادا ، من دڵنیام خودی سه‌رۆكی هه‌رێمیش بوایه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌بوو كه‌ رویدا ، ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت ئه‌م سه‌رۆكی هه‌رێمه‌ چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بۆ یادی ئه‌نفال هاته‌ چه‌مچه‌ماڵ و پێش خۆی سه‌گی بۆن و پاسه‌وانی ناردبوو ، من ئه‌و كات وتارێكم به‌ ناوی " نێچیرڤان بارزانی و سه‌گه‌كانی " نووسی و بڵاو كرده‌وه‌ .
پرسه‌كه‌ له‌ جام پڕبوون تێپه‌ڕیووه‌ ، ئێمه‌ی ئه‌و رۆژگاره‌ هه‌ڤده‌ ساڵ و هه‌ژده‌ ساڵ و كه‌متر ئێستا ته‌مه‌نمان هه‌ڵكشاوه‌ ، لێ‌ نه‌وه‌یه‌كی تر ده‌یانه‌وێ‌ هه‌مان نابكه‌ن ، دڵنیام ئه‌گه‌ر حكومه‌ت و ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ نه‌وتمافیاو تاڵانكاره‌ هۆشی نه‌یه‌ته‌وه‌ به‌ر ئاینده‌ خراپتر ده‌بێت و ئاگرو ئاسنیش ته‌مه‌نیان درێژناكات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە