شار‌و بینین شار‌و ئاوه‌ز
Wednesday, 02/02/2022, 16:18
سه‌ره‌تا :
قسه‌كردن له شار قسه كردنه له بوون و شوناس و سیستم ، قسه كردنه له دنیایه‌كی پێشكه‌وتو تر له ڕووی په‌یوه‌ندی گشتی و یاسا‌و ئابوری و هۆشیاریه‌وه ، شار پێكه‌وه‌یی له سه‌ر بنه‌مای مرۆیی بوون دروستده‌كات ، به‌و مانایه‌ی له شاردا كه‌متر پشت رۆڵی پێكه‌وه‌یی ده‌بینێت وه‌ك ئه‌وه‌ی له دێهات و ناوخێڵهكاندا هه‌یه ، كه‌واته هه‌ر كات شار به مانا مه‌ده‌نیه‌كه‌ی دروست بوو ، كۆمه‌ڵگه‌ش ده‌چێته قۆناغێكی پێشكه‌وتو تره‌وه له‌وه‌ی شوناس هه‌ر گرێدراوی خێڵ و هۆزو بنه‌ماڵه بێت ، له شاردا هه‌ڵبه‌ت شار به مانا هه‌قیقیه‌كه‌ی نه‌ك مه‌جازیه‌كه‌ی لێبورده‌یی و پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌وه پێكه‌وه هه‌ڵكردن گه‌شه ده‌كه‌ن ، پێناسه‌ی جۆر به جۆر بۆ شار هه‌یه و به شێوه‌ی جیاواز پێناسه ده‌كرێت ، بۆ ئێمه پێناسه هێنده‌ی ئه‌وه گرنگ نیه بۆ ده‌مانه‌وێ هه‌ڵوه‌سته له سه‌ر شار بكه‌ین ، ئه‌مه ئه‌و بابه‌ته‌یه كه‌من ده‌مه‌وێت به كورتی قسه‌یه‌كی له سه‌ر بكه‌م .
لای من شار ده‌روازه‌یه‌كه بۆ چوونه ناوه‌وه‌ی مێژوو ، ئێستا ئه‌گه‌ر له‌و روانگه‌یه‌وه ته‌ماشا بكه‌ین و شیعره به ناوبانگه‌كه‌ی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی 1831-1910بێنینه به‌رچاو له بیرم دێ سوله‌یمانی
له به‌ر قاپی سه‌را سه‌فیان ده‌به‌ست شێخ و مه‌لاو زاهید
مه‌تافی كه‌عبه بۆ ئه‌ربابی حاجه‌ت گردلا سه‌یوان بوو
له به‌ر تابوری عه‌سكه‌ر ڕێ نه‌بوو بۆ مه‌جلیسی پاشا
سه‌دای مۆزیقهو نهققاڕه تا ئه‌یوانی كه‌یوان بوو
ئه‌مه یه‌كێك له دیوه‌كانی شاره ، كه‌واته شار خۆ خاوه‌نی دروست ده‌كات هه‌ر ئه‌وه‌ی شێخ ڕه‌زا ده‌ڵێت " نهمهحكومی عه‌جه‌م نهسوخره كێشی ئالی عوسمان بوو "، نمونه‌ی شیعره‌كه‌ی شێخ ره‌زامان بۆ ئه‌وه نه‌هێنایه‌وه كه شار وه‌ك سه‌ربازگه نیشانبده‌ین ، بۆ ئه‌و جیاوازیه‌مان هێنایه‌وه كه بڵێین له شاردا سیستم و ته‌ناهی و سوپا بۆ پارێزگاری و مانه‌وه دروست ده‌بێت، شار ده‌رگای گۆڕانكاری بۆ بینینی مرۆڤ ، بۆ بینینی توانی مرۆڤ ده‌كاته‌وه ، بینین له شاردا كاریگه‌ری زۆری له سه‌ر باری ده‌رونی مرۆڤه‌كان ده‌بێت ، بینین رۆڵی ده‌بێت له دروستكردنی مرۆڤی ساخڵه‌م ، یان مرۆڤی كه‌له‌لا ، كورد تا ئێستا وه‌ك پێویست ئاوڕی له‌م بابه‌ته نه‌داوه‌ته‌وه ، ئه‌وه‌ش هۆكاره‌كه‌ی هه‌ر ئه‌وه‌یه كورد تا ئێستا نه‌په‌رژاوه‌ته سه‌ر دروستكردنی شار، وه‌ك شوناس و ناسنامه .
شار‌و بینین :
دوو جۆر بینین هه‌یه ، بینینی فریو ده‌رانه ، بینینی دهرونئارامی ، له راستیدا هه‌ردوو ناوه‌كه خۆم دامنا له به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌مزانی چۆن ئاماژه‌یان پێبكه‌م ، بینینی فریوده‌رانه، فریودانی چاوه له‌ڕێی نمایشه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه بێئه‌وه‌ی بایه‌خ به گه‌شه‌ی ئاوه‌زو پێشكه‌وتنی مانابه‌خش بدات ، ئه‌م بینینه مرۆڤ ده‌خاته نێو روكه‌شێكی پێشكه‌وتوانه‌ی بێماناوه كه زیاتر یاری كردنه به چاوی مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رێگه‌یه‌وه له خشته ببرێت ، به‌ڵام به هه‌موو شێوه‌یه‌ك كار له سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی مرۆڤ ده‌كات له تاریكی‌دا ، یانی نمایشه‌كه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی به گه‌شه‌ی ئاوه‌زی مرۆڤه‌وه نیه ، له‌م بینینه‌دا چاومان به‌ریه‌ككه‌وتن له ته‌ك ته‌لارو ڤێللاو شه‌قامی گه‌وره‌و پان و پۆڕدا ده‌كات ، توشی سه‌راسیمه‌یی ده‌بین ، لێ له بنه‌ڕه‌تا شاربه جۆرێك ده‌هێڵرێته‌وه كه تێیدا گۆڕانی ئاوه‌ز، خوێندنه‌وه ، كتێب، سینه‌ماو گفت و گۆی ئاوه‌زی به هیچ شێوه‌یه‌ك گه‌شه نه‌كات ، ده‌شێت ئه‌م بینینه روكهشانهیه بۆ ساتێك مرۆڤ ناچاری هه‌ڵوه‌سته بكات ، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پرسی ئازادی و هۆشیاری و مرۆڤ خاوه‌نی هاته پێشه‌وه ئیدی چیرۆكه‌كه ده‌بێته بڵقی سه‌ر ئاو ، كه‌واته ئه‌وه‌ی ده‌یبینی شار نیه شتێكی تره ، گه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی فریوده‌ر چاوی خۆتی بۆ له خشته بردنی ئاوه‌زت به كار هێناوه .
بینینی دهرونئارامی ، یان ئه‌و بینینه‌ی چاوی تێدا فریو نادرێت و ئاوه‌ز به ڕوونی هه‌ستی پێده‌كات ، ئه‌وه‌یه كه تۆ له شاردای ، شاربه مانانوێیهكهی ، به‌و مانایه‌ی لیپه له پێكه‌وه ژیان و توله‌رانس و جیاوازی ، به‌و مانایه‌ی كه تۆ تێیدا هاوڵاتیت و به شوناس و ناسنامه‌ی تر تیورێزه نه‌كراوی ، واته تۆ وه‌ك مرۆڤ ن وه‌ك كه‌سێكی خاوه‌ن ماف و پێگه شاریت ، شارییهك كه میوزیك و هونه‌رو سینه‌ماو خوێندنه‌وه‌و كۆڕ‌و كۆبونه‌وه‌و هۆڵ و ئازادی وتن و بیر‌و ڕات هه‌یه ، تۆ له ته‌ك ئه‌وانی تردا له به‌رده‌م یاسادا جیاواز نیت و وه‌ك هه‌ر تاكێكی تر تۆش به‌شێكی گرنگی له بونی شار ، شار به‌و جۆره‌ی هه‌موومان به‌شدارین له بونیادنانیدا له پاكهوانێكی به‌یانیه‌وه تا ئه‌و به‌رپرسی یه‌كه‌مه‌ی له سه‌ر كورسی بڕیار دانیشتوه .
ئایا خاوه‌نی شارین :
ئه‌گه‌ر سه‌یری به‌رز بوونه‌وه‌ی ته‌لاره‌كان و كردنه‌وه‌ی چێشتخانه‌و مۆڵ و بازاڕه‌كان بكه‌ین ، ئه‌گه‌ر سه‌یری شهقامهنوێیهكان و ئازادیه فریودهرانهكهی گه‌شه‌ی ئابوری بكه‌ین ، یه‌كسه‌ر ده‌بێت به به‌ڵێ وه‌ڵام بده‌ینه‌وه ، گه‌شه‌ی خێرا ، ده‌وڵه‌مه‌ند بوونی خێرا ، رژان و په‌یدا بوونی پاره‌ی زۆر ئه‌مانه سیماكانی شاری فریوده‌رانه‌ن ، به‌و جۆره‌ی به قه‌باره‌ی ئه‌و گه‌شه كردنه جیاوازی نێوان چینه‌كان زه‌قده‌بێته‌وه ، به‌ڕاده‌یه‌ك كهمتۆین گرانبوونی شمه‌ك نه‌هامه‌تیه‌كی گه‌وره بڵاو ده‌كاته‌وه ، نه‌هامه‌تی لێكتر دابڕان ، شار ته‌لارو دوا مۆدێلی ئۆتۆمبیل و نمایشكردنی شاجوان نیه ، ئه‌مه شاری وێرانكردنی مرۆڤه نه‌ك بونیادنانی ، شاری وا مرۆڤه‌كان ده‌كاته مرۆڤی دۆزه‌خی و له پێناوی تێر بوونی ئاره‌زودا په‌لامار ده‌ده‌ن ، مرۆڤه‌كان له مرۆڤی ده‌كه‌ون و ده‌بنه زۆمبی ، ئه‌م جۆره شاره ئاوه‌زو رێز‌و خۆشه‌ویستی تیا نامێنێ ، به به‌ر ئه‌وه‌ی شار یانی دابینكردنی دادگه‌رانه‌ی پێویستی مرۆڤه‌كان ، له خانوو ، نان ، ئازادی و ئاسایش ، ئه‌و شاره‌ی ئێستا به ته‌لارو ڤێللاو شه‌قام و تاوه‌ر فریوی چاومان ده‌دات شار نیه چونكه تێیدا زه‌برو زه‌نگ و سته‌م زیاد ده‌كات ، تێیدا بواری ئاسایش و ئارامی نامێنێت ، ئه‌مه له مه‌یامیه‌وه بگره تا ریاز ئه‌كه‌وێته ژێر ئه‌م چواندنهوه ، ئه‌مه شار نیه شتێكی تره ، ره‌نگه سه‌نته‌ری كه‌وی كردن و له خشته بردنی مرۆڤه‌كان بێت و زه‌مینه‌ی مانه‌وه بێت بۆ "خاوه‌ن ته‌لارو عانهكان " ئه‌وه‌ی كه ئه‌حمه‌د هه‌ردی بۆ فاتیمه‌ی نووسیوه ، به كورتی و به كوردی شار گرێدراوی ئاكار نه‌بێت ناكرێت ناوی شاری لێبنرێت ، له‌كوێ ویستت شار ببینی به دوای ئاكاردا بگه‌ڕێ ، ئاكاری سیاسی ، كۆمه‌ڵایه‌تی ، دینی ، ئابوری ، ئاكاری تاك ، ئاكاری په‌روه‌رده‌یی ، شار به‌س بڵاو كردنه‌وه‌ی هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت و گه‌شه كردنی فه‌یس بووك نیه كه كۆمپانیا فریوده‌ره‌كان به جۆرێك مرۆڤ ناچار ده‌كه‌ن كه بێ وی نه‌ژێت ، شار ئاكاره ، ئایه ئێمه شارمان هه‌یه ئه‌وه هه‌مان ئه‌و پرسیاره‌یه كه چاوی هه‌قیقی و چاوی فریوده‌رانه ، بینینی هه‌قیقی و بینینی فریوده‌رانه بۆمان پێناسه ده‌كه‌ن ، كه‌واته به هه‌نده‌ی ئه‌وه‌ی ئێمه پێویستمان به بینینی هه‌قیقیه بۆ دۆزینه‌وه‌ی شار ، ئه‌وه‌نده‌ش پێویستمان به بینبنی فریوده‌رانه‌یه ، تا له رێی ئاوه‌زه‌وه چارێكی تر به دوای جیاوازیه‌كاندا بگه‌ڕێین .
شار‌و ئاوه‌ز :
بڕیاری ئاوه‌ز له باره‌ی شاره‌وه بڕیارێكی دروسته به مه‌رجێك كۆی لایه‌نه ئاكاریهكانی شاربوون فه‌رامۆش نه‌كرێت ، گرنگترین لایه‌نی ئاكاری شار به‌ته‌نگه‌وه هاتنی یهكترو ده‌ستنه‌بردنه بۆ ئازادی یه‌كتر ، له ڕووی ئاوهزیهوه ئه‌م بابه‌ته قسه‌ی زیاتر هه‌ڵده‌گرێت ، بۆنمونه شارێك بێنه به‌رچاوت هه‌موو دینه‌كانی تێدا بێت ، هه‌موو دینه‌كانی سه‌رگۆی زه‌وی ئه‌گه‌ر تێیدا كه‌س ده‌ستی بۆ ئازادی ئه‌وی تر درێژنه‌كرد ، ئه‌گه‌ر تیایدا هه‌موو به‌و جیاوازیه ئاینیهشهوه له خه‌می یه‌كتردا بوون ، ئه‌و كاته ده‌كرێت بڵێی ئه‌مه شارێكی هه‌قیقیه ، یانی وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و فره ئاینیه یه‌ك ئاین بێت ، كه مرۆڤ گه‌یشته ئه‌م ئاسته باڵایه له بینینی ئه‌وی تردا ئه‌و كاته ده‌كرێت باسی بوونی شار بكه‌ین ، بونی شار به‌و جیاوازیانه‌وه كه له كرۆكدا ده‌چنه خزمه‌تی یه‌كتره‌وه‌و یه‌كتر ته‌واو ده‌كه‌ن ، مانا‌و ناوه‌ڕۆكی هه‌یه ده‌نا هه‌رگیز ئه‌وه شار نیه كه لیپه له سته‌م و نادادی و نائاماده‌یی ئاوه‌ز .
قسه كردنی ئێمه له بوونی ئاوه‌ز له شاردا قسه كردنه له ئاماده‌بوونی ئاوه‌ز له هه‌ست و كه‌وت و جم و جۆڵ و بزاوته‌كانی شار، به‌و مانایه‌ی شار رۆڵێكی هه‌بێت له كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازیه نه‌رێنیه‌كان و نان و ته‌ناهیش بۆ هه‌مووان بێت ، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان له خه‌می نان و ته‌ناهیدا نه‌بن هه‌تاكو بیر بكه‌نه‌وه ، ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه سه‌یری شار بكه‌ین كه‌واته شارمان وه‌ك شار ، وه‌ك شوێنێك بۆ گفت و گۆو به‌رخودانی مرۆیی نیه .
ده‌كرێت رونتر بڵێین ته‌لارو تاوه‌ر جوانن ، لێ جوانتر له‌وانه گفت و گۆی چڕ‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌یه له سه‌ر چاره‌نووس و ئایندهی مرۆڤ ، له سه‌ر ژینگه‌و مه‌ترسیه‌كانی سه‌ری ، له سه‌ر ئارامی بینین له شاری ههقیقیدا ، ده‌رون ئارامی بینین ، مرۆڤی ساغڵه‌م دروست ده‌كات ، ئه‌و مرۆڤه‌ی ده‌توانێ به ئارامی و بوێری بڕیار بدات و رۆڵی هه‌بێت له گۆڕانكاری ئه‌رێنیدا ، كه قسه له شاری هه‌قیقی ده‌كرێت قسه له سه‌ر قه‌بوڵنه‌كردنی نادادی و سته‌میش ده‌كرێت ، قسه له سه‌ر به‌شداری گشتیش ده‌كرێت بۆ گۆڕینی نادادی و سته‌م، شار خه‌ونێك نیه بۆ ده‌سته‌به‌ری دوبه‌ی ، دوبه‌ی چراخان و هه‌مه‌چه‌شنه ، به‌ڵام ناتوانی ناوی شاری لێبنهی ، له‌وێدا له بری ئاوه‌ز سه‌رمایه ، پاره و كۆمپانیای پاره دار‌و سه‌رمایه‌داره بیر نهكهرهوهكان هه‌ن ، به‌ڵام بیر كه‌ره‌وه نیه ، كه‌واته له بری دوبه‌ی پاریس هه‌ڵبژێره ، پاریس شارتره له دوبه‌ی گه‌رچی هه‌ردوكیان بۆ مرۆڤی بیركه‌ره‌وه كه‌م و كوڕی خۆیان هه‌یه ، كاتێ هاشم ساڵحی بیرمه‌ندی سوری فه‌ڕه‌نسی له ته‌مه‌نی سه‌رو بیست ساڵیه‌وه له پاریس داده‌به‌زێت و دیمه‌شق به جێدێڵێت ده‌ڵێت " ئه‌مڕۆ رۆژی له دایكبونمه " راسته هاشم ساڵح زیاتر له بیست ساڵ پێشتر له سوریا له دایك بووه ، به‌ڵام ئه‌وه یه‌كه‌مجاره خۆی له دنیای ئازادا ده‌بینێ ، یه‌كه‌م جاریشه شار به مانا‌و ناوه‌ڕۆكێكی پێشكه‌وتوو تر‌و جیاواز تره‌وه ده‌بینێ ، ئه‌مه ناكاته ئه‌وه‌ی هاشم ساڵح دواتر د‌رك به كه‌م و كوڕیه‌كانی پاریس نه‌كات .
پرسیاری ئێمه له بوونی شار‌و شارخاوهنی ئه‌مه‌یه ، بۆیه ئه‌ركی ده‌سته‌بژێری گۆڕینی ئاوه‌زی شار ئه‌ركێكی قورس و به‌رده‌وامه ، ئه‌و ده‌سته بژێره برینه‌كان نیشانده‌ده‌ن ، وێنه‌كان دهبهنهبهردهم چاوی خه‌ڵك ، كاربۆ به‌شداری گشتی ده‌كه‌ن له بونیاد نانی شاردا ، ده‌سته بژێر له‌و نێوه‌نده‌دا كاریان له چوار چێوه‌ی نیشاندان و رێنمایی و جوڵاندنی هزی ئه‌وانی تردایه ، ئه‌وانی تر له مناڵێكه‌وه كه تازه ده‌چێته قوتابخانه تا به ساڵاچویهكی خانه‌نشین پێكه‌وه رۆڵ له بونیاد نانی شاردا ده‌بینن، جارێكیان له میترۆیه‌كی له‌نده‌ن پیره ژنێكی به ته‌مه‌ن ده‌ستی كره بۆڵه بۆڵ له به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كێك له ئهسانسۆرهكان شكابوون و جه‌نجاڵی دروست بووبوو ، ئه‌و به ده‌نگی به‌رز وێڕای جنێو به شاره‌وانی له‌و خه‌ڵكه‌ش توڕه بوو كه پرسیاری ئه‌وه ناكه‌ن بۆ چه‌ند رۆژه ئه‌مه چاكنه‌كراوه ، من تێگه‌یشتم ئه‌و پیرێژنه به‌رپرسیاره‌تیه‌كه‌ی به‌س له هۆشیاریه‌وه نیه ، به‌رپرسیاره‌تیه‌كه‌ی به‌شێكی په‌یوه‌سته به به‌سداری ئهوهوهله بونیاد نانی شاردا ، ئایه ئێمه ئه‌م جۆره له بگۆمان هه‌یه كه خه‌می جوانی و پێشكه‌وتن و به شار كردنی شاری هه‌بێت .
ئاوه‌ز و بینین :
بۆ ئه‌وه‌ی له بینینی فریوده‌رانه رزگار بین ، پێویسته له‌ڕێی ئاوه‌زه‌وه هه‌ڵبه‌ت به هاوكاری چاو شته‌كان ببینین ، ره‌نگه بپرسن جا شتی وا چۆن ده‌بێت ، راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كاتێك كتێبێك ده‌خوێنیته‌وه ، بۆنمونه رۆمانێك هه‌وڵبده له ڕێی ئاوه‌زه‌وه هه‌موو دیمه‌نه‌كان وێنا بكه ، ده‌كرێت هه‌وڵبده‌ی له رۆماننووسهكهش زیاتر ببینی ، به‌مه ده‌وترێ بینین له ڕێی ئاوه‌زه‌وه ، ئه‌مه بۆبینبنی شاریش هه‌ر وایه ، كاتێك تۆ له شارێكی وه‌ك رۆما ده‌سوڕێیته‌وه له پڕدا ته‌لارێكی گه‌وره ده‌بینی كه له بنه‌وه ڕا به سه‌ر شانی چه‌ند كرێكارێكه‌وه یه ، ئاوه‌زت بۆ ژیری ئه‌ندازیاره‌كه ده‌چێت و ده‌نگێك پێت ده‌ڵێت ئه‌م ته‌لارسازه ده‌یه‌وێت بڵێت له پاره و كه‌ره‌سه گه‌ڕێ ئه‌وه‌ی ئه‌م ته‌لاره‌ی چێكردوهو ئه‌و كرێكارانه‌ن كه هه‌ر زوو له بیر ده‌كرێن ، یان له ساڵێكا رۆژێك ده‌كرێت به رۆژی ئه‌وان و هیچی تر .
زۆر گرنگه مرۆڤ نه‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری بینینی روكهشانهو فریوده‌رانه‌وه ، له سیستمی سه‌رمایه‌داری و دۆلارخاوهنیدا مرۆڤ ده‌كه‌وێته نێو هه‌راو زه‌نای شارێكه‌وه كه ته‌لارو جوانكاری روكهشانهو روناكی و كه‌ره‌سه‌كانی ته‌كنه لۆژیا خودی مرۆڤ له بیر خۆی ده‌باته‌وه ، بۆ گێڕانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ دۆخی مرۆیی ده‌بێت مانا قوڵه‌كانی شار بون به شار ببه‌خشینه‌وه ، كه هه‌ره سهرهتایترینیان بریتیه له هه‌ستكردن به مرۆڤ بوونی خۆت ، له بینینی شاری ههقیقیدا لانی كه‌م مرۆڤ به دیمه‌نه ساده‌و ساكاره‌كانی ژیان مێشكی ئاسوده‌و ئارامه ، ئه‌مه له شاری درۆزنانه‌دا زۆر ئه‌سته‌مه ، بۆیه ئه‌ركی ئێمه‌یه مرۆڤ بخه‌ینه‌وه سه‌ر ڕاسته ڕێی بینینی شاری هه‌قیقی ، نه‌ك شاری چاو خه‌ڵه‌تێن ، ئه‌م نوسینه زۆر كورته ته‌نها بۆ ئه‌وه بوو بڵێین مرۆڤی شاری ئه‌و مرۆڤه‌یه كه ده‌توانێ ئه‌وه‌ی به چاو بیبینێ جارێكی تر له رێی ئاوه‌زه‌وه شرۆڤه بۆ بینینه‌كه‌ی بكات ، یانی به ئاوه‌زیش بیبینێ ، راسته شار ته‌لارو ڤێللا و شه‌قام و پردیشی ده‌وێت ، به‌ڵام ژینگه ، سه‌وزایی باخ و پارك و شوێنی پشوو ، شوێنی خوێندنه‌وه ، سینه‌ماو كتێبخانه ، میترۆ‌و گفت و گۆو به‌ریه‌ككه‌وتن ، هه‌ست و كه‌وتی مرۆییانه، به ته‌نگه‌وه هاتنی یهكترئهمانه هه‌موو شار دروست ده‌كه‌ن ،گه‌شه‌ی شار گرێدراوی گه‌شه‌ی ئاوه‌زی مرۆڤه‌كانه ، ئه‌گه‌ر شار هه‌ر هه‌ڵكشێت و مرۆڤه‌كانیش له شوێنێكدا وه‌ستابن ، كه‌واته ئێمه له بری شار شتێكی ترمان دروستكردوه، شتێك كه كه‌ره‌سه‌ی له ئاوه‌ز ترازان و كه‌وی كردنی مرۆڤه نه‌ك گه‌شه پێكردنی .
ده‌كرێت له سه‌ر كرۆكی ئه‌م بابه‌ته گفت و گۆو قسه‌و باسێكی چڕ تر بكه‌ین ، لانی كه‌م له پێناوی دۆزینه‌وه‌ی مانای مرۆیی تردا بۆ شار ، چونكه ناكرێت ئه‌وه‌مان بیر بچێت كه شار ده‌بێت ئاسوده‌یی ده‌رونی و به‌خته‌وه‌ری بۆ شارستانیه‌كانی دابین بكات نه‌ك نیگه‌رانی و جیاوازی ، ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوزه‌رێت هه‌میشه دروستكردنی مرۆڤی نیگه‌رانی نه‌رێنی و خه‌مۆكه ، ئه‌م جۆره له مرۆڤیش ناتوانێت ئه‌فراندن بكات ، ته‌نانه‌ت نانی فڕنی نانهوایهكی گه‌شبین و به‌خته‌وه‌ر له نانی فڕنی نانهوایهكی دڕدۆنگ و خه‌مۆك باشتره ، ده‌كرێت له دوو هه‌فته‌دا دوو فڕنی له‌م جۆره تاقیبكهینهوه ، ئایه كاریگه‌ریه‌كانی چین ، ئه‌ی ئێمه چیمان ده‌سكه‌وت ، ئه‌مه ئه‌و پۆسیارهیه كه ده‌كرێت دوای دوو هه‌فته هه‌ریه‌كه‌و لای خۆمانه‌وه وه‌ڵامه‌كه‌یمان ده‌ستكه‌وێ .
شار‌و شاری بوون :
شاری بوون ، ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تیه ، ئه‌رك و به‌رپرسیاره‌تی له ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌كه‌دا ، واته له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و چوار چێوه‌یه‌دا كه ناوت ناوه خانوو تێیدا ده‌ژیت ، له شاردا به ده‌ر له بوونی یاسا‌و رێسا ، به ده‌ر له بوونی لێپرسینه‌وه‌و باج و حوكمڕانی و تادوای به‌رپرسیاره‌تیه‌كی دیكه بریتیه له ئه‌ركی هه‌ر تاكێك به‌رانبه‌ر به شار ، له شاردا مرۆڤ به‌رپرسیاره له باخچه‌و شه‌قام و شۆسته‌و پرد‌و دیوار‌و هه‌موو شته‌كان ، به‌رپرسیاره به‌رانبه‌ر پاراستنیان ، پاكڕاگرتنیان ، به‌م پێوه‌ره ساده‌و ساكارانه مرۆڤی شاری و ناشاری له یه‌كتر جیا ده‌كرێته‌وه ، هه‌ڵبه‌ت قسه له مرۆڤی ناشاری قسه نیه له مرۆڤی گوند نشین ، قسه‌یه له سه‌ر به‌ر پرسیاره‌تی به‌رانبه‌ر شار، زۆر به ساده‌ی شاری بوون له ده‌ره‌وه‌ی گه‌شه‌ی بیر‌و باوه‌ڕو هه‌ستی چینایه‌تی و جیاوازی و خوێندنه‌وه‌و بوونی سینه‌ماو شانۆ‌و میوزیك و جاده‌و ته‌لارو كۆڕ‌و كۆنفراس و سیاسه‌ت و هه‌مه‌چه‌شنی ، به ماڵكردنی شاره ، به ماڵكردنی شار یانی به‌و جۆره‌ی چه‌ند به‌رانبه‌ر ئه‌و شوێنهزایهی تێیدا ده‌ژیت به‌رپرسیاریت و چه‌ند له پێناویدا دهكۆشی و ده‌یپارێزی هه‌مان شت بۆ شاریش دروسته، مرۆڤی شاری به‌رپرسیاره‌تیه‌كه‌ی گه‌وره تره له چوارچێوه‌ی خانوه بچوكه‌كه‌ی و ئه‌و كه‌ل و په‌له تایبه‌تانه‌ی له ناو ماڵه‌كه‌یدا هه‌یه‌تی و به پاره‌ی خۆی كڕیویه‌تی .
له شاردا مرۆڤه‌كان خاوه‌ندارێتیه‌كی فراوانتریان هه‌یه ، ئه‌مه بێئه‌وه‌ی كه‌سه‌كه پله‌و پۆست و داهات و سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ی چه‌نده‌و چه‌ند نیه ، بێئه‌وه‌ی پرسیاری ئه‌وه بكرێت شار به ده‌ست چه‌ند سهرمایهدارو كۆمپانیاوه‌یه ، بوونی مۆزه‌خانه ، هۆڵی شانۆ ، كتێبخانه ، په‌یكه‌ر ، پارك و باخچه ، ئه‌مانه خاوه‌ندارێتیان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گشته خه‌ڵك ،ته‌نانه‌ت چایخانه‌یه‌كی دیرۆكیش ، یان خانوه دێرینه‌كان ، جاده‌و بانه كلاسیكیه‌كان هه‌موو ئه‌مانه خاوه‌ندارێتی گشتیان هه‌یه ، شاری بوون هه‌ستكردن و هه‌ستانه به‌و خاوه‌ندارێتیه گشتیه ، ناوبانگی شار ، پاك و خاوێنی شار ، بوونی سونبل و سیمای شارستانی له شاردا بێئه‌وه‌ی بیر له‌وه بكه‌یته‌وه تۆ چیت لێ ده‌ستده‌كه‌وێت ، یان چی لێسهندوی ده‌بنه‌مایه‌ی شانازی ، ئه‌مه ته‌نانه‌ت بۆ كه‌سایه‌تیه‌كی به ناو بانگیش ، وه‌رزشوانێك ، سیاسیه‌كی ئاكاری ، رۆشنبیر یان زانا و فه‌یله‌سوفێك جا له ژیاندا بێت یان له ژیاندا نه‌بێت ، وه‌ك شانازی تارانیهكان به ئه‌حمه‌دی شامیلۆوه ، شانازی تهوێڵهییهكان به مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیسه‌وه ،شانازی كه‌ركوكیه‌كان به شێخ ڕه‌زاوه .
شاری بوون واته رۆڵ بینین له شاردا به پێی ئه‌و توانایه‌ی مرۆڤ هه‌یه‌تی ، مرۆڤه‌كانی شار هه‌ر یه‌ك به جۆرێك رۆڵ له به‌شار بوونی شار‌و شاری بووندا ده‌بینن ، له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش شار ده‌بێته شوناسی هه‌موو دانیشتوانه‌كانی ، كاتێك كه پاریسیهك شانازی به پاریسی بوونی خۆیه‌وه ده‌كات ، یان لهندهنیهك مانای ئه‌و شانازی بوونهگرێدراوی هه‌موو ئه‌و سامان و شانازیانهیه كه پاریس بان له‌نده‌ن هه‌یه‌تی ، هه‌ربۆیه به‌رانبه‌ر هه‌ر كه‌م ڕوانینێكیش به شاره‌كه‌ی دێته وه‌ڵام و بێده‌نگ نابێت .
شار‌و جیاوازی، شار‌و پێكه‌وه‌یی :
نیازێك هه‌یه له به‌شێكی زۆر له وڵاته عه‌ره‌بیه‌كان به‌گشتی و عیراق به تایبه‌تی نه‌هێڵن شار به شێوازێكی ئاسای گه‌شه بكات ، ئاوه‌زی عه‌ره‌بیانه ، بیركردنه‌وه‌ی عه‌ره‌بیانه ، هه‌ست و كه‌وتی عه‌ره‌بیانه، هه‌روه‌ها ترس و دڵه راوكێی عه‌ره‌بیانه ، له‌مپه‌رن له به‌رده‌م دروستبوونی شاردا ، له زۆرێك له وڵاته عه‌ره‌بیه‌كان ، ره‌نگه ئه‌مه بۆ وڵاتانی عه‌ره‌بی چوار چێوه‌ی كیشوه‌ری ئه‌فریقیا جیاواز تر بێت ، ده‌شێت ئه‌مه ناوبنهین ترس له‌وانی تر، ئه‌م ترس له‌وانی تره گیانی پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌و جیاوازی له نیشتمانی عه‌ره‌بدا سست و كه‌له‌لا كردوه ،ئێستا ئه‌گه‌ر زۆر له سه‌ر دنیای عه‌ره‌ب وئه‌و ئاوه‌زه له وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی نه‌وه‌ستین و راسته‌و خۆ بێینه عیراق ، ئاوه‌زی عیراقی به‌و جۆره‌یه كه ده‌یه‌وێت نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا به شیعه‌یی بهێڵێته‌وه ، تكریت و موسڵ به سونه‌یی و له‌و شوێنانه‌ش كه خاوه‌ندارێتیان ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كورد و خه‌ڵكانی دیكه‌ش هه‌ن ، سیاسه‌تی سڕینه‌وه‌و عه‌ره‌باندن پیاده بكات ، كه‌ركوك قوربانیه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌م جۆره سیاسه‌ته‌یه ، كه ئه‌وه‌ش بووه به هۆی له بیر كردن و له شار خستن ، عه‌ره‌باندن و هێنانی عه‌ره‌ب له شوێنگه‌لی دیكه‌وه بۆ كه‌ركوك هه‌ر هۆیه‌ك نیه بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی ، مه‌ترسی گه‌وره هه‌ر ئه‌و شێواندنه نیه ، مه‌ترسی گه‌وره بریتیه له په‌راوێز خستن ، په‌راوێز خستن وه‌ك كاڵكردنه‌وه‌ی شوناس و خاوه‌ندارێتی ، له‌م یاریه ترسناكه‌دا خه‌می شار‌و خه‌می گه‌شه‌ی شار به ته‌واوه‌تی فه‌رامۆش ده‌كرێت ، ئه‌وانه‌ی كه به نیازی عه‌ره‌باندن هێنراون ، پێیان وایه ئه‌ركی ئه‌وان بایه‌خدان به شار‌و به جیاوازی و پێكه‌وه‌یی شار نیه و ئه‌ركی ئه‌وان زیادكردنی ژماره‌ی خۆیان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كورد‌و ئه‌وانی تره ، مرۆڤ كه سه‌یری سه‌رژمێری و جیاوازیه‌كانی 1965، 1977، ده‌كات و به‌راوردی ده‌كات به سه‌ر ژمێری 1957، به ڕوونی د‌رك به‌و مه‌ترسیه ده‌كات ، له به‌رانبه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ی عه‌ره‌بدا كورد‌و ئه‌وانی تریش كه خۆیان له به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌و راونان و دهركردنا ده‌بینن ، ئیتر ئه‌وانیش بۆیان گرنگ نیه شار ده‌بێته شار یان ده‌بێته كوێره گوندێكی بێ ئاوه‌ز .
كه‌ركوك كاتێك شار بوو خاوه‌نی چه‌ندین كتێبخانه‌و گۆڤارورۆژنامه فرۆشی به‌رده‌وام بوو ، خه‌ڵك بۆ به‌رهه‌می تازه پێشتر ناوی ده‌نووسی و سره‌ی ده‌گرت ، خاوه‌نی چه‌ند سینه‌مایه‌كی هه‌میشه لیپ له خه‌ڵك بوو ، له كاتێكا سینه‌ماكان له شه‌و رۆژدا چه‌ندین كاتژمێر نمایشیان ده‌كرد ، خاوه‌نی ده‌یان چیخانهی جێی گفت و گۆو بیر‌و ڕا گۆڕینه‌وه بوو ، جیاوازی هۆیه‌ك بوو بۆ هه‌مه‌ڕه‌نگی و ده‌وڵمه‌ندی ، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی خۆیدا پێی ده‌وترا ، شار ، شاری سێ مه‌وج و هتد ، سه‌ره‌تای له شار خستن به لێسه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌م جیاوازیانه ده‌ستپێده‌كات ، سیاسه‌تی عه‌ره‌باندن بۆی گرنگ نیه شار هۆڵی شانۆ‌و میوزیك و سینه‌ماو كتێبخانه‌ی هه‌یه یان نا ، بۆ ئه‌و دووسه‌ت مه‌ترێك زه‌وی و دروستكردنی خانویه‌كی ناشاری و دوو له جوانی و ئیستاتیكاو هونه‌ر له هه‌موو شت گرنگتره ، له هه‌شتاكاندا دیارده‌ی له شار خستن به راده‌یه‌ك زیادی كرد كه ئیتر هیچ ئه‌ندازه سازی و هونه‌رێك له دروستكردنی گه‌ڕه‌كه‌كانی ته‌عریبدا ڕه‌چاو نه‌كرا ، ئه‌م دیارده‌یه له 2003 به دواوه دیسانه‌وه سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه ، ئێستا بۆ ئه‌وه‌ی شار له ڕووی ئه‌ندازه‌و جوانكاری و هونه‌ریه‌وه بكه‌ینه‌وه به شار ماندو بون و بودجه‌یه‌كی خه‌یاڵی ده‌وێت ، ته‌نانه‌ت گه‌ڕه‌كه مۆدێرنه‌كانیش له شار نه‌بێت له هه‌مووشتێك ده‌چن ، ئه‌مه قسه كردنه له سه‌ر تهلاو خانوو ئه‌ندازه نه‌ك له سه‌ر ئاوه‌زو بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه كه ئه‌ویش وێرانه‌یه‌كه بۆخۆی ، به‌شێك له سیاسی و كاربه‌ده‌ستان ده‌سكه‌وت و سه‌رمایه‌و سه‌روه‌تیان له رێی ئه‌م شێواندن و له شارخستنهوه كه‌ڵه‌ك كردوه.
رێگه‌كانی به شاری كردنی ئه‌م وێرانی بیركردنه‌وه‌و ئاوه‌زه زۆر ئه‌سته‌مه ، جیاوازی زمان و داب و نه‌ریت و كه‌لتور ، له ناو ئه‌و پێكهوهبوونهدا نه‌بووه‌ته سه‌رمایه‌یه‌كی گرنگ بۆ پێشكه‌وتن و گۆڕانكاری بگره جۆرێك له دابڕان و رقی له یه‌كتر له ناوناخی یه‌كدا دروستكردووه، سه‌یری بیركردنه‌وه‌ی عه‌ره‌ب و توركمان و كورد به‌رانبه‌ر به یه‌كتر، ئه‌و جۆری یه‌ك شكاندن و یه‌ك ناشرینكردنه‌ی كه هه‌یه ، هه‌ڵبه‌ت ناكرێت خۆمان له‌و راستیه نهبانبكهین ، كه ئه‌م جۆره هه‌ست و كه‌وته به‌رهه‌می سیاسه‌تی پڕههڵهو په‌ڵه‌ی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه .
به شار كردنه‌وه‌و دروستكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی :
له یه‌ك باده تاڵی نۆشین
برایی كردین به هه‌نگوین
ئهمهبهیتێكی یان دوو نیوه دێڕی شیعرێكی به ناوبانگی گۆرانی مه‌زنه كه بۆ برای عه‌ره‌بی چاو ڕه‌شی نووسیوه ، گۆرانی شاعیر وێڕای چه‌پی و مرۆدۆستیهكهی باس له‌وه ده‌كات كه سته‌م ده‌بێت هۆیه‌ك بێت بۆ یه‌كخستنه‌وه‌و لێكتر نزیككردنه‌وه‌ی پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌و زمانه‌كان ، هه‌ڵبه‌ت دروستكردنی په‌یوه‌ندی له سه‌ر بنچینه‌ی هاوخه‌می و به‌ته‌نگه‌وه هاتنی یه‌كتر یه‌كێكه له پایه‌كانی دروستكردنی دڵنیایی ، شار ئه‌گه‌ر دڵنیایی تیا نه‌بێت هه‌رگیز نابێته شار ، كه‌ركوك له دوای 1961ه‌وه هه‌رگیز دڵنیایی تیا نه‌بووه كه‌واته ناكرێت بڵێین شار بووه ، چونكه له بنه‌ڕه‌تا له شاری خراوه ،ئه‌وانه‌ی كه هێنراون ، نهبرای عه‌ره‌بی چاو ڕه‌ش بوونه‌و نه له یه‌ك باده تاڵی نۆشین برایه‌تی نێوان خۆیان و كوردی كردووه به هه‌نگوین ، رێك له‌و سات و كاته‌دا ئه‌وانه‌ی هاتون له سه‌ر سینگ و به‌رۆكی خاكی نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر‌و بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه هێنراون ، ئه‌گه‌ر عه‌ره‌به‌كان له رابردودا هه‌میشه كێشه‌یان له گه‌ڵ جوله‌كه ئه‌وه بووبێت كه ئیسرائیل له فه‌له‌ستین به زۆر نیشته جێیان ده‌كات ،ئه‌وه ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر كورد له كه‌ركوك و هه‌ندێ شوێنی تر كراوه زۆر له‌و نیشته جێكردنه مه‌ترسیدار تربووه ، ئه‌م مامه‌ڵه نادروست و مه‌ترسیداره له بری بونیاد نانی شار وێرانی دروستده‌كات ، بۆ به گژا چوونه‌وه‌ی ئه‌م نادروستیهو دروستكردنه‌وه‌ی شار پێویستمان به ده‌سته بژێری خه‌مخۆرو لێبورده‌یه له هه‌موو چین و توێژه جیاجیاكان ، بۆئه‌وه‌ی له بری رق و بوزو كینه‌و ناجۆری گیانی پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه بونیاد بنه‌نه‌وه ،ئه‌مه هه‌ر وا ئاسان نیه له به‌ر ئه‌وه‌ی تێكدانی په‌یوه‌ندیه‌كه ده‌یان ساڵی تێپه‌ڕاندوه ، لانی كه‌می هه‌نگاو نان بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌م خیانه‌ته له دیرۆك و پێكه‌وه ژیان ، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌یه كه بۆماوه‌ی ده‌یان ساڵ پیاده كراوه .
كاتێك له یه‌ك باده تاڵی نۆشین برای ده‌كات به هه‌نگوین ، كه مرۆڤه‌كان نه‌ك هه‌ر هه‌ست بكه‌ن به ئازاره‌كانی یه‌كتر ، بگره به‌شداری بكه‌ن له ڕه‌وینه‌وه‌ی ئازاره‌كه‌دا ، ئه‌وه‌ی له رابردودا به‌سه‌ر كه‌ركوك هاتوه ، به‌شێك بووه له قوڵكردن و كولانه‌وه‌ی ئازار، له به‌رانبه‌ردا كه‌سی سته‌ملێكراویش هه‌وڵی داوه كاردانه‌وه‌ی هه‌بێت ، ئاشتكردنه‌وه بریتیه له راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و چه‌وتیانه‌ی كراون ، كاتێك چه‌وتیه‌كان راستدهكرێنهوه ، كاتێك برینه‌كان ساڕ‌ێژ ده‌كرێن ، كاتێك دادوه‌ری گوێزه‌ره‌وه پیاده ده‌كرێت ، ئیدی به هێوری په‌یوه‌ندیه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه دۆخی باشی ، له‌و دۆخه‌شدا سه‌ره‌تاكانی به شاركردنهوه ده‌رده‌كه‌ونه‌وه ، ئێمه دواتر له سار دادوه‌ری گوێزه‌ره‌وه هه‌ڵوه‌سته ده‌كه‌ین ، ئه‌وه‌ی كه پێویسته لێره‌دا ئاماژه‌ی پێبده‌ین ، ئه‌وه‌یه كه تا سته‌مكاری هه‌بێت ، تا جیاكاری و په‌راوێزخستن هه‌بێت ، ناتوانرێ شار دروستبكرێته‌وه ، شار پێویستی به دادگه‌ری و یه‌كسانی و رێزگرتنه له جیاوازیه‌كان ، ئێستا ئه‌م چه‌مكانه له شاری كه‌ركوكدا زۆر جێی سه‌رنج و هه‌ڵوه‌سته نین ، گرنگ له شاری خستن و قۆرخكاری و ناشرینیه ، هه‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌بێت به هه‌موومان به گژی‌دا بچینه‌وه .
شار‌و سته‌م شار‌و دادوه‌ری گوێزه‌ره‌وه :
كاتێك شار ڕووبه‌ڕووی سته‌مكاری و گۆڕینی دیمۆگرافیا ده‌بێته‌وه ، ئیتر بواری پێكه‌وه ژیان و پێكه‌وه هه‌ڵكردن تێیدا هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه ، دۆخێكی ناجۆرو پڕ كێشه‌و ململانێی توند دروست ده‌بێت و له سه‌ر شوناسی شاره‌كه ده‌بێته كێشه ، رێگه‌ی راست بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م گرفته جگه له راگرتنی ستهمكاریهكه ، دابینكردنی دادوه‌ری گوێزه‌ره‌وه‌یه ، دادوه‌ری گوێزه‌ره‌وه بۆ دوو مه‌به‌سته، یه‌كه‌م : لادانی ستهمكاریهكهوگێڕانهوهی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی خراونه‌ته چوار چێوه‌ی پیاده‌كردنی ئه‌و سته‌مكاریه‌وه ، دووه‌م : گێڕانه‌وه‌ی سته‌ملێكراو بۆ شوێنی خۆی ، ئه‌م دوو خاڵه له دادوه‌ری گوێزه‌ره‌وه‌دا بۆ شارێكی وه‌ك كه‌ركوك زۆر گرنگه ، راسته له‌چوار چێوه‌ی ماده‌ی 140دا باسی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌و ناردنه‌وه‌ی عه‌ره‌ب و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كورد كراوه ، به‌ڵام نهچوهنهته ورده‌كاریه‌وه، بۆنمونه مێژوی ئه‌و هه‌موو ستهمكاریهو روخاندنی نزیكه‌ی هه‌زار گوند و گوازتنه‌وه ی چوار قه‌زاو ده‌یان ناحێ هیچی وه‌ك پێویست باسنه‌كراوه ، ئه‌وه‌ش ئه‌و گرته‌یه كه كاتی خۆی من ناوم نا " كه‌ركوك له به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ماده‌ی 140دا "، دادوه‌ری گوێزه‌ره‌وه باو نادات به سه‌ر ورده‌كاریه‌كاندا ، له دادوه‌ری گوێزه‌ره‌وه‌دا قه‌ره‌بوكردنه‌وه ، گێڕانه‌وه بۆ نێو ژیان و داوای لێبوردن كردن هه‌یه ، ئه‌مه هیچی وه‌ك پێویست نه‌كراوه ، یان ته‌نها بڕێكی كه‌م قه‌ره‌بوكردنه‌وه به‌ڕێوه چووه كه ئه‌ویش له ئاستی ئه‌و زیان و وێرانیه‌دا نیه كه قوربانیه‌كان به سه‌ریان هاتوه .
شار نابێت به شار تا سته‌می له سه‌ر هه‌ڵنه‌گیرێت ، تا دانیشتوانه‌كانی هه‌ست به دڵنیایی ته‌واو نه‌كه‌ن ، هه‌ركات دانیشتوانی شارێك یان ناوچه‌یه‌ك هه‌ستیان به دڵنیایی ته‌واو كرد ، له گرتن و كوشتن و راونان و ده‌ركردن نه‌ترسان ، ئه‌و ده‌م بواری داهێنان و ئه‌فراندن ده‌ڕه‌خسێت و جوانیه‌كانی شار ده‌رده‌كه‌ون ، قسه كردن له سه‌ر ده‌ركه‌وتنی جوانیه‌كانی شار ، قسه كردنه له سه‌ر گه‌شه پێدان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توله رانس و لێبورده‌یی و پێكه‌وه هه‌ڵكردن و گه‌ڕانه‌وه بۆ لای ئاوه‌زو بیركردنه‌وه‌ی دروست ، له كه‌شی ئارام‌دا ئاسته جیاجیاكانی په‌روه‌رده ، ته‌ندروستی ، وه‌رزش ، هونه‌رو ئه‌ده‌ب و سینهمابهرهو پێش ده‌چن ، له دۆخی ئاوادا ئیدی چاویش چێژ له جوانی ده‌بینێت و خواست و ویستی جوانكردنی شار ، ره‌نگكردنی ، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ، دروستكردنی پارك و باخچه زیاد ده‌كات ، لێره‌وه مرۆڤی شاری ، مرۆڤی له‌ش و ئاوه‌ز ساغ دروست ده‌بێت ، بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی شار بین پێویسته هه‌موومان به‌رده‌وام بین له گه‌یشتن به‌و خه‌ونه ، خه‌ونی شارێك كه له رێی بینینی چاوه‌كانه‌وه ئاسوده‌یی و ئارامی به مرۆڤ ده‌به‌خشێت ، بۆ ئه‌مه به‌رزكردنه‌وه ی ئاستی هۆشیاری تاكه‌كان ، سرینه‌وه‌ی برینی سهرناخ و لادانی هه‌ستكردن به كێماسی لای مرۆڤه‌كان زۆر گرنگه .
كه‌ركوك گیانی به‌رده‌وامی و شار بوونی لێسه‌نراوه‌ته‌وه ، هۆیه‌كه‌ش وه‌ك له سه‌ره‌وه باسمان كرد په‌یوه‌سته به‌و ململانێ نادروست و ناجۆره‌وه كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له له شه‌سته‌كانه‌وه پیاده‌ی ده‌كات ، له شاری پڕكێشه‌ی سیاسی ، كۆمه‌ڵایه‌تی ، نه‌ته‌وایه‌تی و مشت و مڕی توند‌و تیژدا كه‌س نایپه‌رژێته سه‌ر بیركردنه‌وه له گه‌شه كردنی شار‌و پێشكه‌وتن و خزمه‌تگوزاری ، بۆئه‌وه‌ی بزانین ئێمه له خه‌می شاردا نین ، ده‌مه‌و ئێواران بڕوانه هه‌موو ئه‌و خاوهندوكانانه چۆن پاشماوه‌ی مقه‌باو كه‌ل و په‌له توڕدراوهكان له سه‌ر شه‌قامه‌كان كه‌ڵه‌ك ده‌كه‌ن تا خه‌ڵكی تر بۆیان لابدا ، یانی بۆ ئه‌وان گرنگ ده‌سكه‌وت و فرۆشه نه‌ك جوانی شار ، ده‌روازه‌كانی شار ، باخچه وشك و بێنازه‌كانی شار ، شۆسته داگیركراوه‌كانی شار ، هه‌موو ئه‌مانه به ئێمه ده‌ڵێن كه‌س له خه‌می شاردا نیه وه‌ك شار .
ره‌نگه ئه‌م بابه‌ته پێویستی به هه‌ڵوه‌سته‌ی زیاتر بێت ، بۆیه لێره‌دا من به جێی دێڵم بۆ هه‌موو ئه‌و دۆستانه‌ی دیكه كه ده‌شێت قسه‌یه‌كی دروست و جیاوازی دیكه‌ی له باره‌وه بكه‌ن ، ئه‌گه‌ر كه‌ركوك له چله‌كان و په‌نجاكان و تا سه‌ره‌تای شهستهكانیش شار بووبێت ، ئه‌گه‌ر هه‌ندێك سیمای شاری تا ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكانیش پێوه مابێت ، ئێستا ئیتر شار نیه و ئه‌ركی خاوهنهكانێتی بیكه‌نه‌وه به شار، بیكه‌نه‌وه به‌و شاره‌ی نمونه‌ی كه‌سێتی ئاشتیخواز‌و لێبورده‌ی وه‌ك سه‌ید ئه‌حمه‌دی خانه‌قای تیا دروست بێت ، ئه‌و مرۆڤه‌ی وێڕای ئاینداریهكهی ماوه‌یه‌كی زۆر له خانه‌قاكه‌ی خۆیدا جوله‌كه‌كانی له ده‌ركردن و سته‌م پاراست .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست